Pages

Ads 468x60px

3 Oct 2022

ژن ژیان ئازادی .ژن، ژیان، ئازادیی” ئەو ئەندێشەیەی لە ئیمراڵییەوە ئێران و جیهانی تەنیوە

 




ژن ژیان ئازادی 

ژن ژیان ئازادی .ژن، ژیان، ئازادیی” ئەو ئەندێشەیەی لە ئیمراڵییەوە ئێران و جیهانی تەنیوە

هەر لە یەكەم ساتی بەخاكسپاردنی ژینا ئەمینیی وتنەوەی دروشمێك بووە ناسنامەی خۆپیشاندانەكانی نەك ڕۆژهەڵا‌تی كوردستان، بەڵكو سەرتاسەری ئێران، ئەو دروشمە سنوورە ڕەگەزیی و نەتەوەیی و ئایینییەكانی تێپەڕاندووە و لە ئێستادا هێمای یەكێتیی گەلانی ئەو وڵاتەیە، ئەویش دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـە.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە بزووتنەوەی ئازادیی گەلی كوردەوە سەرچاوەی گرتەوە، كە تیایدا بەپێشەنگایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی كورد گرنگییەكی زۆر بە پرسی ئازادیی ژن و چەسپاندنی یەكسانیی ڕەگەزیی دراوە، مێژوویەكی دەیان ساڵەی هەیە.

كەمال چۆمانیی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس نووسیویەتی:”ژن، ژیان، ئازادیی دروشمی سەرەكیی خۆپیشاندانەكانی كۆی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانە، ئەو دروشمە هەڵقوڵاوی ٤٠ ساڵ خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باكووری كوردستانە و لە تێڕوانینە فەلسەفییەكانی ئۆجەلانەوە سەریهەڵداوە”.

چۆمانی دەڵێت:”ئۆجەلان ئازادیی كۆمەڵگا بە ئازادی ژن دەبەستێتەوە، ئۆجەلان دەڵێت ‘بۆ من ئازادیی ژن تەنانەت لە ئازادیی نیشتیمانیش بەنرخترە’، هەر بۆیە لە ڕۆژئاڤا بینیمان چۆن دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی تەنانەت لیبراڵێكی وەك هیلاری كڵینتۆنیش لە باوەشی گرت، لە فێستیڤاڵی كانەوە بۆ تاران دەنگدەداتەوە”.

ئەو بیركردنەوە و ئەندێشەیەی ئەو دروشمەی خوڵقاندووە، جارێك لە ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان و قارەمانێتیی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بە جیهان ناسێنرا و ئەمجارەیان لە ڕۆژهەڵات و ئێران هێندەی تر ڕۆچووە ناو خەڵكی ئازادیخوازەوە و بووەتە وێردی سەر زمانیان.


هادی محەمەدی، نووسەر و وەرگێڕی كورد لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك باسی لەوەكردووە:”كەسێك لە تارانەوە نووسیویەتی ‘زۆر گەشەمان كردووە، جاری پێشوو دروشمەكانمان اللە اكبر‌ و یا حسین، میر حسین‌ بوو، بەڵام ئێستا دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی‌ی’ ئەوەش كەم نییە”.


هەر بۆیە ئەو نووسەرە لە بارەی دروشمی‌ ژن، ژیان، ئازادیی ڕوونیكردووەتەوە، كە “دروشمی پرۆمتەئوسی كوردستانە، ئاخۆ ئەنگۆ پرۆمتە دەناسن؟ هەمان قارەمانی یاخی كە لە میتۆلۆژی یۆنان دا ئاگری لە خودایان دزی، ڕازی ئەوانی دركاند و شەوەزەنگی مرۆڤی ڕەخشاند، هەر بۆیە خودایانی چیای ئولیمپ لێی كەوتنە قینەوە، لەسەر چیاكانی قەفقاز زنجیریان كرد، هەموو ڕۆژێ داڵێ دەهات و جەرگی دەخوارد، كەچی دیسان دەڕسكایەوە و ئێستاش پرۆمتەی كوردستان، چونكە ڕازی خودایانی دركاندووە و … لە زیندانی زاڵمان و سەهندەكان بەند كراوە، بەڵام بیر و ئەندێشەی، ئیدەی ‘ژن، ژیان، ئازادیی”‌ سنوورەكانی زیندان دەبەزێنێ و تا دڵی تاران، قوم و تا ئەفغانستان دەڕوا و سەرنجی خەڵكی ئەوروپاش بەرەو لای خۆی ڕادەكێشێت”.


ئەو دروشمە كە بە هەمان شێوە كراوەتە فارسی و زمانەكانی تر، دروشمی خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئێرانە و لەو گردبوونەوانەشی لە دەرەوەی ئێران ئەنجام دەدرێن، دەوترێتەوە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا لە پاڵ چەندین هاشتاگی تر بووەتە ناسنامەیەكی سەرەکیی شۆڕشی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان.


كۆرنێل ڕۆناڵد وێست، فەیلەسوف و ڕۆشنبیری ئەمریكا بە هاشتاگی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـەوە پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەكانی ژن و پیاوانی ئێرانی لە دژی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.


هەر سەبارەت بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك و كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كۆدار لە پەیامێكدا بە بۆنەی خۆپیشاندانەكانەوە ڕایانگەیاندووە، “ئەو پێكەوەبوون و یەكێتییە كە لە دەوری وشەكانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ و بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان پێكهاتووە، سەرجەم سنوورە ناسنامەیی، ڕەگەزیی، نەتەوەیی، دینی و باوەڕییەكانی تێپەڕاندووە و هەبوونێكی گشتی هێناوەتە كایەوە، كە لەودا هەموو توێژەكانی گەلان هەم لە بەرەنگاربوونەوەدا بەشداربوون و هەم یەكێتی گەلانی نواندووە”.


هاوکات پارتی ئازادیی ژنانی كوردستان-پاژك لە ڕاگەیەنراوێكدا وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆیان بۆ شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ڕایگەیاندووە، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” كە لە تێگەیشتنی كوشتنی ژن، كوشتنی كۆمەڵگا و ژیانە، سەرچاوە دەگرێت، مانیفیستۆی دامەزراندنی سیتسمێكی نوێی دیموكراتیكە.


ڕۆزەرین كەمانگەر، بەرپرسی دیپلۆماسیی كۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كەژار لە چاوپێكەوتنێكدا سەبارەت بەو دروشمە ڕایگەیاندووە، “دروشـمی ‘ژن، ژیان ، ئازادی’ سێ وشەن، بەڵام سێ واتای گرنگیان هەیە، ئەو سێ وشەیە كە ئێستا لە وەك دروشم بەكاردێت، مێژوویەكی خۆی هەیە لە مێژووی تێكۆشانی ژنانی كورد، هاوكات ئەوە ڕاستینەی ژیانە كە ژن هاوكات ژیانە، ئێستا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوڵاتییان هەم بە فارسی هەم بە كوردی ئەو دروشمە دەڵێنەوە، گەیشتوونتە ئەو شوێنەی كە دەڵێن چی دەبێت با ببێت، ئێمە مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە، كە ئەویش مێژووی بەرخۆدانی ژنانە، هەتا ژن ئازاد نەبێت كۆمەڵگاش ئازاد نابێت”.


سەرهەڵدانی ئەمجارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كە دوای كوژرانی ژنێك، بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی ژنان دەستیپێكرد و بەردەوامە، جیاوازە لە هەموو خۆپیشاندانەكانی پێشوو، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی جیاوازی لێدەكرێت، بەو ئاراستەی ئێرانی دوای ئەم سەرهەڵدان و شۆڕشە جیاوازتر بێت لەوەی پێش سەرهەڵدانەكە.

سەرچاوە

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates