Pages

Ads 468x60px

7 Jun 2013

تەها كەریمی كوژرا یان گیانی لە دەستدا؟، هاوار بازیان


تەها كەریمی كوژرا یان گیانی لە دەستدا؟،

 هاوار بازیان

مەرگی سینەماكاری ناودار و كاریگەری كورد لە باشووری كوردستان و رووداوەكانی دەوروبەری ئەو پێشهاتە، ژمارەیەك پرسیاری دروست كردوون
كە وەڵامەكانی ناچارمان دەكا گومان بكەین لەوەی ئەم كەسایەتییە سینەمایییەی كوردی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان بەڕووداوێكی ئاساییی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی گیانی لە دەست دا یان نەخێر، "پیلانێك بۆ كوشتنەكەی هەبوو" كە لەژێر رووداوێكی هاتوچۆدا حەشار درا و تیرۆرێكی سپی بوو؟ وەڵامەكەی بۆ پاش ئەو چەند پرسیارە هەڵدەگرین.


1.كارەكانی تەها كەریمی روویان لەكێ بوو؟
سەرجەم بەرهەمەكانی كەریمی زیاتر لە دەوری 4 پرسی گرینگدا دەسووڕانەوە. نیشاندانی مەینەتەكانی ئەمڕۆی كورد، گەڕانەوە بۆ مێژووی پڕ لە كێشە و كارەساتی كورد، سرووشت و جوانییەكانی كوردستان و ئاشكراكردنی روخساری راستەقینەی دوژمنانی كورد.
ئەو پەیامانەی كەریمی بەزمانی سینەما لای زۆربەمان ناسراون. بەحوكمی ئەوەی ئەو سینەماكارەی كورد خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، كار و بەرهەمەكانی هەمیشە زیاتر وەك زمانحاڵی كوردی ئەو پارچە لە كوردستان دەهاتە ئەژمار. ئەو پارچەی كە تێیدا تەها كەریمی لەژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا گەورە بوو و هەستی بە خەمی خۆی و نەتەوە ژێردەستەكەی كرد و لە ئەنجامدا توانی لەرێگەی سینەماوە هەستەكانی پێشان بدا. واتە دەسەڵاتی ئێران دەكەوێتە یەكەم خانەی نەیارانی ئەو سینەماكارەی كورد كە فیلم و بەرهەمەكانی هەموویان روویان لە داگیركەرانی كوردستان بوون و لە ئاستی ناودەوڵەتیشدا پێشوازی باشی لێدەكرا.
لێكەوتەی چالاكییەكانی كەریمی و ناوبانگەكەی لای نەیارانی ئەو دەرهێنەرە نیگەرانییەكی زۆری دروست كردبوو، بۆ نموونە بەرهەمەكانی:
"كوێستانی قەندیل" كه یەكەم بەرهەمی بڵندی سینەمایی تەها كەریمییە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە كۆمەڵێك فیستیڤاڵ لە ئاستی جیهاندا نمایش كرا، لەوانە: چل و یەكەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گوا” لە هێندستان / نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “چاوی سێیەم” لە شاری بەمبای لە هێندستان / حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “دوبەی” لە ئیماڕات / نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “تیرانا” لە ئاڵبانی / دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئیستانبوول” لە توركیا / فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم گەلی عەرەبی لە شاری ئامستردام لە هۆڵەندا / حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن لە بریتانیا و چەندین فیستیڤاڵی دیكە. ئەو فیلمە دوو خەڵاتی گرنگیشی بەدەستهێناوە:
خەڵاتی باشترین سیناریۆی 15مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئۆرێنس” لە ئیسپانیا لە ساڵی 2010 / خەڵاتی سەرەكی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دیجیتاڵی هێندستان لە ساڵی 2012.
هەروەها فیلمی دیكۆمێنتی “بەكرێگیراوی سپی” لە دەرهێنانی تەها كەریمی لە چەندین فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا نمایشكراوە، لەوانە: لە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “كوریتیبا”ی Curitiba لە بڕازیل لە 2012 / لە بەشی پێشبڕكێی پانۆڕاما: رەنگدانەوەی وێنەكان” لە میانەی 25مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دیكۆمێنتی ئامستێردام “ئیدفا” IDFA لە وڵاتی هۆڵەندا لە ساڵی 2012.
ئەم فیلمە 60 خولەكییە چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی سەرەكی باشترین فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە ئیماڕات لە ساڵی 2012 / خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سینەما حەقیقەت” لە وڵاتی ئێران لە ساڵی 2012.
2.تەها كەریمی لە باشوور چی دەكرد؟
وەك زۆربەی كوردانی پارچەكانی تر كە هیوایان بە باشووری كوردستانە و هەمیشە ئومێدێكیان بەو بەشە لە وڵات هەیە و وەك پەناهێنان، بازرگانی، خوێندن و سەردان رووی تێدەكەن، تەها كەریمی-ش رووی لەو پارچەیە كرد. كەریمی خەڵكی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان كه دەرچووی بەكالۆریۆسی دەرهێنەری سینەمایە لە كۆلێژی سینەما ـ تیئاتر لە زانكۆی هونەری تاران و هەروەها قوتابی بەشی توێژینەوەی هونەر بووە لە زانكۆی پەیامی نووری شاری تاران چەند ساڵێك بوو بۆ كاری هونەری لە باشوور بوو.
چالاكبوونی دواتری كەریمی لە باشووری كوردستان كە لە بەرنامەیدا بوو مێژووی ئەو بەشە لە كورد بخاتە سەر زمانی سینەما، لەلای نەیارانی ئەو كوردەوە مەترسییەكی زۆری دروست كردبوو كە وەك دەردەكەوێ وەك دوا بەرهەمەكانی دادەنرێن، بەشێك لەو چالاكییە گرینگانە:
فیلمی دیكۆمێنتی سینەمایی بڵندی “هەزار و یەك سێو” لە بەشی ئەنفال لە فیستیڤاڵی فیلمی دیكۆمێنتاری ئامێد كه چەند رۆژ پێش ئێستا بە لە شاری ئامێد لە باكوری كوردستان بەشداری كرد. هەروەها لە یەكەمین دیداری جینۆسایدی كورد بۆ كورتە فیلمی دیكۆمێنتاری بەشداری كرد و لە رێوڕەسمی كۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی نمایش كرا.
ئەم فیلمە دیكۆمێنتارییە ناوەرۆكەكەی بابەتێكی گرینگ دەخاتەڕوو و چیرۆكی ڕزگاربوونی 5 دەربازبووی پێكراو و برینداری ناو گۆڕەبەكۆمەڵەكانی ئەنفال بۆ بینەر دەگێڕێتەوە. لە تەواوی كۆمەڵكوژی ئەنفال كە 182000 مرۆڤی كورد لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی بیابانەكانی عێراقدا خرانە ژێرخاكەوە، تەنیا 13 كەس توانیان بە برینداری لە كاتێكدا شاهیدی ئەو تاوانە گەورەیە بوون، خۆیان ڕزگار بكەن. سێ كەس لەم 13 شاهیدە ئێستا لە ژیاندا نەماون و تەنیا 10 شاهید زیندوون. كە ئەم شاهیدانە كەسایەتییەكانی دوایین فیلمی تەها كەریمی پێكدێنن.
هەر لە باشوور، تەها كەریمی ئەندامی لیژنەی دادوەرانی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ڕانیە لە بوو. هەروەها چه‌ندین فیلمی دۆكیۆمێنتاری بۆ تۆڕی میدیایی (رووداو) ئاماده‌كردبوو.
جگە لە دەیان دەستەكەوتی تری وەك بەشداری لە ـ شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 2009 بە كورتە فیلمی “نەوت شێرپەنجەی شارەكەم” /  17مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی “ئێسجاردی” Sguardi لە وڵاتی ئیتالیا لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”. / 25مین خولی فیستیڤاڵی كورتە فیلمی “بلاك” واتە “ڕەش” لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”. /  فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە ئیماڕات لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”. /  فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سین” لە ئیتاڵیا لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”.
هەروەها بە ئامادەبوون لەم فیستیڤاڵانە چەندین خەڵاتی گرنگشی بەدەستهێناوە، لەوانە: / خەڵاتی یەكەمی بەشی دەرهێنەری كورتە فیلمە چیرۆكییەكان لە 23مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران لە ساڵی 2006 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”. / كاندیدی سیمورغی بلوورین لە بەشی “چاوی واقعییەت” لە 24مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر لە تاران لە ساڵی 2005 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”. / خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “ئاڵتێرناتیو” لە رۆمانیا لە ساڵی 2009 بە كورتە فیلمی “نەوت شێرپەنجەی شارەكەم”.    /  خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی دووەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “جیپوور” لە وڵاتی هێندستان لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “كوێستانی سپی”.  / خەڵاتی دووەمی بەشی نێونەتەوەیی فیستیڤاڵی فیلمی “یونیسپار” UNCIPAR لە وڵاتی ئەرژەنتین لە ساڵی 2010 بە كورتە فیلمی “نەوت شێرپەنجەی شارەكەم”.
... تاد.
3. گومانی سەرەكی چییە؟
بینین و بێدەنگبوونی نەیارانی كورد بەرامبەر ئەو سەركەوتنە گرینگانە بۆ سینەماكارێكی لاوی كوردی رۆژهەڵات زۆر ئاسان نەبوو، بەتایبەت كە كۆماری ئیسلامی ترسێكی زۆری لە سینەما و كاری هونەری سینەما هەیە و لەوبارەیەوە بەدەست بەرهەمەكانی چەندان كەسی وەك بەهمەن قوبادی /كورد/ و محسن مەخمەلباف /فارس/ دەناڵێنێ كە بەرهەمەكانیان زۆر زیاتر لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتی تارانیان لەڕووی كۆمەڵایەتی و سیاسی ریسوا كردووە.
بۆیە لای ئەو دەسەڵاتە ئاسایی بوو كە بەهەموو شێوەیەك رێگە نەدا گەنجێكی تری بەهرەمەندی كورد بگاتە ئاستێك كە نەتوانێ كۆنترۆڵی بكا و هەر لە سەرەتاكانی پێشچوونیدا رێگەی لێ بگرێ.
بەپێی زانیارییەكان، لە ماوەی رابردوودا لە سلێمانی كێشەی جۆراوجۆر بۆ كار و چالاكییەكانی تەها كەریمی دروست دەكرا و لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی بە ئەنقەست و مەبەستدار گرفتی بۆ دروست دەكرا و تەنانەت هەوڵی راگرتنی كارەكانی دەدرا.
تا رادەیەك كە ئاگاداری سەرجەم شوێنە هونەری و رۆشنبیرییەكانی سلێمانی كراوەتەوە تا ئەو جێگەی دەكرێ خۆیان تێكەڵ بە كار و پرۆژەكانی تەها كەریمی نەكەن. بەشێوەیەك كە ماوەیەك بەر لە رووداوی مەرگی، تەها كەریمی لە سەنتەری گەنجان/ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانی/ كارەكەی لێ وەرگیراوەتەوە و دەركراوە.
دواجاریش، سەر لە ئێوارەی چوارشەمە 2013.5.29 لەناو شاری سلێمانی، لە تاكسییەكدا گیانی لە دەست دا پاش ئەوەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكدا تووشی پێكدادان هاتن كە شوفێرەكەی خزمی نێزیكی بەرپرسێكی باڵای ئیداری شاری سلێمانییە!
دەرەنجام
بێ بایەخدان بە روواداوەكەی هاتوچۆ كە تێیدا لایەنی بەرامبەر ئۆتۆمۆبێلێكی بەهێز و شوفێرەكەی خزمی نێزیكی بەرپرسێكی باڵای سلێمانییە، هێشتا مەرگی تەها كەریمی لای من تەنیا رووداوێكی ئاسایی هاتوچۆ نییە. بەلایەنی كەمەوە دەبێ بەدواداچوون بكرێ تا هیچ گومانێك لە رووداوەكە نەمێنێ و پێچەوانەكەی روون بكرێتەوە و هەروا سووك و ئاسان بەسەر نەچێ.
ئەگینا ئەو رووداوەش دەچێتە پاڵ هەموو ئەو زنجیرە تاوانانەی لەلایەن كۆماری ئیسلامی و دەست و پەیوەندەكانی لە باشووری كوردستان/بەتایبەت ناوچەی سلێمانی/ دژی كوردی رۆژهەڵات و نوخبەكانی بەڕێوە دەچێ. بێدەنگیكردنی بەرپرسانی هەرێم لە ساخكردنەوەی ئەو گومانە و هەروەها خۆ سڕكردنی كەس و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی راستیی رووداوەكە بەهەر بیانوویەك، دوورە لە ویژدانی مرۆیی و ئەخلاقی سیاسی كە فەرامۆش ناكرێ.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates