Pages

Ads 468x60px

8 Mar 2014

٨ی مارس نیۆڕۆکێکی پوچ لە توێی ڕۆژێکی مەزن لە کۆمەڵگای کوردستان دا! لە نووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی



٨ی مارس نیۆڕۆکێکی پوچ لە توێی ڕۆژێکی مەزن لە کۆمەڵگای کوردستان دا!
لە نووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی
ژنی کورد ئەو بەشە لە ژنانی جیهان پێک دەهێنێت کە لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەش کراون» (ئاریتما موحەممەدی(

لەم کورتە وتارەدا باس لەسەر مێژووی ٨ی مارس و خەبات و تێکۆشانی ژنان لە ئاستی جیهان ناکەم، چوونکوو  لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە توێی چەند وتاردا هۆکارەکانی ژێرپێنانی مافی ژنان و هەروەها چۆنێتی ناونانی ٨ی مارس بە وردی شی کردووەتەوە و بە قوڵی ڕۆڵی ژنی کورد و کۆمەڵگای کوردستان و سیاسەت و ئیستراتیژی داگیرکەرانی کوردستانم خستووەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. پێم باشە لەم کورتە وتارەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک ڕووداو بکەم کە ڕۆژانە دەیبینین و دەبیسین، بەڵام گرینگی و باییخی پێنادەین تاکوو دەگاتە ڕۆژی ٨ی مارس ئیتر هەر هەموو دەبین بە ژنپەروەر و پارێزەری مافی ژن. ئەوەش یەکێ لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە و چووەتە ناو ناخی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تاییبەت نەتەوەی کورد، پێشێل کردنی مافی ژنان لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا ڕێژەیەکی بەرچاوی هەیە، پێچەوانە کوشتنی ژنان لەناو نەتەوەکانی دیکەی هاوسێدا ئاستی مەترسیدار تێناپەڕێنێت، ئەوەش چەند هۆکاری هەیە کە لەم وتارەدا بەکورتی ئاماژەی پێدەدەم.

ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژێکی گرینگ و پڕ باییخە و لە لایەن بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهانەوە رێزی لێ دەنرێت و لەو ڕۆژەدا رێز لە ڕۆڵی ژنانی چالاک و مافویست و تێکۆشەر و خەباتگێڕ لە دژی چەوسانەوەی ژنان و ژێرپێنانی مافەکانیان دەنرێت. ئەگەر چاو لە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری لە ئاستی جیهانی و نێونەتەوەیی بکەین، بێگومان جیهانی پێشکەوتوو و ئازاد هەلوومەرجێکی لەباری خوڵقاندووە کە بەشێک لە ژنانی جیهان بە مافەکانیان شاد بن و چەوسانەوەی ڕەگەزی تا ئاستێکی بەرچاو لەسەریان بڕەوێتەوە و دیموکراسی و کرانەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری و پێکهاتنی دەرفەتێکی یەکسان بۆ ژنان کاریگەری مەزنی لەو پێوەندییەدا بەجێ هێشتووە.
هەنووکە ژنانی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان تا ئاستێکی باش و جێگیر کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە و ڕۆڵی گرینگ و پڕ باییخ لەناو کۆمەڵدا دەگێڕن. بەڵام ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێوەم ئیستاشی لەگەڵ بێت بەدەست نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی و کولتوورییەوە دەناڵێنێت و تەنانەت ڕژیمە کۆنەپەرستەکان کۆمەڵگایان ملەکەچی ویستەکانی خۆیان کردووە و گوشارە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان ژیانی خەڵکی داگیر کردووە و دۆخێکی ئاڵۆز و شێواو سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە و بنەمای ئیستراتیژی گشتیی و نەتەوەیی و نشتیمانی لە لایەن تاقمێکی دەسەڵات بەدەستەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و بەرژەوەندی چینەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو ناگرن و هەژموونی خۆیان سەپاندووەتە سەر کۆمەڵ.
بەتاییبەت کوردستان وەک بەشێک لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوکات نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەیەکی بندەست لە لایەن داگیرکەرانییەوە دەچەوسێنرێتەوە و ژنانی کوردستانیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان بە چەندین شێوازی جیاواز تووشی هەڵەواردن و چەوساندنەوە دەبن، بە واتا جارێک لە لایەن ڕژیمە دواکەوتووەکانەوە، جارێکیش لە لایەن پیاوان و جارێکیش بە دەست کۆنەپەرەستی و دابونەریتی دژە ژنەوە دەناڵێنن. ساڵی ٢٧١٣ی کوردی ساڵێکی کێشەزا و ئاڵۆز بۆ ژنی کورد لە بەشێک لە پارچەکانی کوردستان بووە، ژنانی کورد بەتاییبەت لە ڕۆژهەڵات و باشوور بە شێوازێکی دواکەوتووانە کەوتوونەتە بەر پەلاماری پیاوان و بە تووندترین چەشن چەوسێنراونەتەوە. بەداخەوە چەوساندنەوەی ژنانی کورد کۆمەڵگای کوردانی هەندەرانیشی گرتووەتەوە و هەنووکە کۆمەڵگای کوردستان بە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار و دژە ژن لە ئاستی مەترسیدار دەناسرێت.
کوشتنی ژنان بە شێوازە جیاوازەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان داناوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو سەدان ژن لە ڕۆژهەڵات و بەتاییبەت باشووری کوردستان کوژراون و هەوڵی خۆ کوشتنیان داوە و بەدەر لەوانەی کە تووندووتیژیان بەرامبەر کراوە. دەبێت چالاکانی بوارەکانی مافی ژنان بەباییخەوە لە دۆخی ئەمڕژی ژنی کورد بڕوانن و بکۆڵنەوە و پێویستە کە بەربەستەکانی سەر ڕێی ژنی کورد بشکێنرێن و ژنان بە چەشنێکی ئازاد و سەربەست چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ژنانی کورد دەبێت مافی یەکسانیان لەناو کۆمەڵدا هەبێت و لەو پێناوەشدا پێویست بە هەوڵی هەموو لایەک و خەبات و تێکۆشانی تێکڕای لایەنە خەمخۆرەکانی مافی مرۆڤ دەکات.
پێویستە کە هەموو لایەک بە چاوێکی کراوە و ڕەخنەئامێز لە چەوساندنەوەی ژنانی کورد بڕوانێت و ئەرکە لەسەر لایەنە پێوەندیدارەکانیش کە هەنگاوی پێویست هەڵبگرن، پارت و ڕێکخراوەکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تاکوو هەنووکە لەو پێناوەدا خەمخۆر نەبوونە و بە گوێرەی پێویست گرینگی و باییخیان بە کێشە و پرسەکانی ژنان نەداوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە مەقەڕەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تووندووتیژی دژ بە ژنان کراوە و تەنانەت کچ هەبووە لەبەر هۆی سەرەڕۆیی و ئارەزووەکانی پیاوان گیان لەدەست بدات و ببێتە قوربانی. ئەوەش ئەو پەیانە دەگەیەنێت کە ئەو لایەنە سیاسییانە بڕوایان بە چارەسەریی کێشەکانی ژنان نەبووە، چوونکوو لانیکەم دەبوو کە لەژێر دەسەڵات و لەناو مەقەڕەکانی خۆیاندا لە چەوسانەوەی ژنان ڕێگری بکەن و بنەمای کولتووری یەکسان و هاوبەش لە نێوان پیاوان و ژنان دابڕێژن.
هەر چەند کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئاستێک کرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و میدیا ڕۆڵی پڕ باییخی گێڕاوە، بەڵام هاوکات پێم وایە کە تووندووتیژی دژ بە ژنان پەرەی سەندووە و پێویست بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و لەبار دەکات. ژنانی کورد زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگای کوردستان پێک دێنن، ئەوش بەو واتایە دێت کە ئەگەر بێتوو چەوسانەوەی ژنانی کورد بەو شێوازە دڕندانەیە بەردەوام بێت، قەیرانی کۆمەڵایەتیی مەزن بەدوای خۆیدا دێنێت و کاریگەری لەسەر کەسایەتیی و تاکی کۆمەڵگای کوردستان دادەنێت. وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتیی و هاوکات نەتەوەیی و نشتیمانی پێویستە کە هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان بۆ ساڕێژکردنی برینی ژنانی کورد بخەنەگەڕ. چەوساندنەوە تەنیا کوشتن و تووندووتیژی یان خود خەتەنەکردنی ژنان لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو زۆر بواری دەروونی و ئابووری و جیاواز لەبەر دەگرێت کە پێویست بە لێکۆڵینەوەی زانستنی ورد دەکات بۆ ئەوە کە بناسرێن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستنیشان بکرێت.
ژنی کورد ئەو بەشە لە ژنانی جیهان پێک دەهێنێت کە لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەش کراون، تەنانەت دەکرێ ئاماژە بەوەش بکەم کە ژنی کورد تاکە ژنێکە کە لە ئاستی جیهان بەو ڕێژە مەترسیدارە دەچەوسێنرێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت و تووشی هەڵەواردنی ڕەگەزی دەبێتەوە، ژنانی کورد هەم لە بواری نەتەوەیی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووری، دابونەریت، ئایین و پیاو سالارییەوە تووشی هەڵەواردن دەبن و گرنگی و باییخ بە مافەکانیان نادرێت، کێشەکە لەوەدا زەق دەبێتەوە کە هزری دژبە ژن لەناو دەسەڵات و سیستمی سیاسیی پارتەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە و تەنانەت کاریگەری نەرێنی بەسەر ڕاگەیاندنەکانیشدا هەیە و بووەتە کولتوور و ڕیشەکێش کردن و لە بێخ و بن هەڵکێشانی پەیوەستە بە تێکۆشانی قوڵ و هەوڵی بێپسانەوە کە دەسپێکی ئەو قۆناغە لە بەخۆداچوونەوەی قوڵ سەرچاوە دەگرێت.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates