Pages

Ads 468x60px

2 Apr 2014

ئایا ئاکەپە دەتوانێ توورکییەی دیموکرات بێنێتەدی؟


ئایا ئاکەپە دەتوانێ توورکییەی دیموکرات بێنێتەدی؟
لەنووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی
چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە توورکییە پێویستی بە هەنگاوی تێکڕای لایەنەکانی توورک، بە ئۆپۆزیسیۆن، دەسەڵات، ڕووناکبیران، ڕەخنەگران و تەنانەت میدیاکارانی ئەو وڵاتەوە هەیە، ئاریتما 
موحەممەدی


هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی توورکییە کۆتایی پێهات و کورد سرنجی نیوەی دەنگدەرانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بەو چەشنە پارتی دادوگەشەپێدان بۆ جارێکی دیکە سەرکەوت، ئەوەی کە لە قازانجی کوردە ئەوەیە کە پارتی دادوگەشەپێدان پارتێکی میانەڕەوە و لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەو پارتەدا گوشارەکانی سەر کورد کپبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە، هەر چەند تاکوو ئیستاش سەدان چالاکوانی سیاسیی و مەدەنی کورد لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتەدا دەستبەسەرن و کورد مافەکانی بەدەست نەهێناوە.

بەڵام لە سێبەری ئەو پارتەدا کرانەوەیەکی سیاسیی ناڕوون و شەفاف دەستی پێکردووە، هەر چەند ڕوون نییە کە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام ئەوەش لەخۆیدا باشە کە "ئیستا گۆشتی کورد دەخۆن، بەڵام ئێسکی ناشکێنن"، کەواتا دەرفەتی خەبات و ژیان و تێکۆشان لەئارا دایە و کورد دەتوانێ دەستکەوتەکانی پتر و زێتر بەدەست بێنێت.

هەروەک دیارە بەدەپە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕێژەی دەنگەکانی بەرز بووەتەوە و تین، گڕ و بڵێسەی خەبات و تێکۆشانی کورد لە باکووری کوردستان لە پەرەسەندن دایە و پێگەی لایەنە کوردییەکان تاکوو دێت لەجاران بەهێزتر دەبێت. ئەوەش ئاسۆی کورد ڕوونتر دەکات و گەل بەدواڕۆژی هیوادار دەبێت. پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئەو خەباتە مەدەنییە کە هەنووکە لە باکوور هاتووەتە ئاراوە، لەژێر کاریگەری خەبات و تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە ئەمڕۆ خەباتی لە چیا بەرەو پێش دەبات و ڕاگەیاندنەکانی سەربەم پارتە کاریگەری ئەرێنیان لەسەر گەل داناوە و بوونەتە پردی پێوەندی نێوان گەل و چیا و ڕێکخستنی جڤاک و کۆمەڵگا.

ئیستا بەدەپە ڕۆڵی ئەو هێزە دەگێڕێت کە ئەمڕۆ لە ئاڵووگۆڕەکانی ناوچەکە و جیهان پتر کاریگەرە و بۆچوونەکانی جێی مشتوومڕن، توورکییە و ڕەگەزپەرەستەکانی توورک ئیتر ناتوانن ڕێ لە تێکۆشانی ئەو پارتە بگرن، چوونکوو هەنووکە ئەو پارتە لەناو گەمە سیاسییەکانی توورکییە و ناوچەکە دایە و ڕوانگەکانی لە پێوەندی بە ئازادی و دیموکراسی ڕوون و شەفافن و لەگەڵ بنەما دیموکراتییەکانی مافی مرۆڤ دژایەتی ناکەن، بەڵکوو هێزێکن کە لە پێشخستن و بەرەو پێشەوەچوونی ئازادی و دیموکراسی و جێگیربوونی مافەکانی مرۆڤ کاریگەرن.

لە ماوەی یەک و دوو ساڵی ڕابردوودا دژبەرانی پارتی دادوگەشەپێدان ڕووی لە زیادبوونە و تاکوو دێت بەرەی دژبەرانی ئەو پارتە لەناو ئۆپۆزیسیۆنی توورکییە و تەنانەت لەناو ڕۆشەنبیران و ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی ئەو وڵاتە پەرە دەستێنێت، هۆکاری ئەوەش بۆ ئیسلامیبوونی ئاکەپە و چارەسەرە دیموکراتییەکانی کێشەی کورد لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە ڕەگەزپەرەستەکان پێیان وایە کە ئەو هەنگاوانەی ئاکپارتی دەبێتە هۆی دابەشبوونی توورکییە و درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە.

بەڵام هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمجارە کە لە دوای کۆمەڵێک گەندەڵکاری هندێک لە دەست و پێوەندەکانی ئاکەپە کە بە ڕوواڵەت بەشێک لەو پارتە بوون یان خود لە چەشنی تۆمەت دەدرانە پاڵ بەڕێوەبەران و بەرپرسانی سیاسیی ئەو پارتە، هیوای ئەوەی لەناو دڵی دژبەرانی پارتی دادوگەشەپێدان چاند کە ئیتر دەور و پێگەی سیاسیی ئەو پارتە لەناو خەڵکدا لەکەدار کراوە و شوێن بۆ ڕووخساری نوێ چۆڵ دەکات و ناتوانن ڕۆڵی پێشووی خۆیان بگێڕن.

بەڵام ئاکامی هەڵبژاردن بە چەشنێکی دیکە دەرچوو و ئەو پارتە جارێکی دیکە ئەوەی بە ئۆپۆزیسیۆن سەلماند کە بە ئاسانی گۆڕەپانەکەی پێچۆڵ ناکرێت و ڕەگ و ڕیشەی لەناو کۆمەڵگای ئەو وڵاتە داکوتاوە.

هاوکات وا دەرکەوت کە دژکردەوەی بەرپرسانی ئاکەپە لەسەری هەمووانەوە ئۆردۆغان لەدژی ئەو تۆمەتانە کە ئارەستەی کرابوون، کاریگەریی لەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگای توورکییە داناوە و توانیوێتی کە قەناعەت بە خەڵکی ئەو وڵاتە بهێنێت کە هەمووی ئەو تۆمەتانە هەڵبەستراون و لێیان بێبەرییە و هەمیشە لە دژی گەندەڵی بووە نەک بەشێک لە سیستمی گەندەڵی لەو وڵاتە، بۆ ئەوەش سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ئەو پارتە لە پێوەندی بە پێشخستنی ئابووری و پیشەسازی و چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری، شاهیدی ئەو ڕاستییەن.

ڕۆڵی ئاکپارتی لە توورکییە و کێشەی کورد؛
لەو کاتەوە کە پارتی دادوگەشەپێدان لە توورکییە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، ئاڵووگۆڕی قوڵ و بنچینەیی لە بەشێک لە بەند و یاساکانی ئەو وڵاتە هاتووەتە گۆڕێ و ڕێ بۆ گۆڕانکاری دیکەش خۆش کراوە، دیارە کە هیچکام لەو یاسانە تاییبەت بە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری کورد نەبووە، بەڵام بە گشتی کاریگەری لەسەر دۆخ و پێگەی کورد لەو وڵاتە داناوە و کرانەوەی دیموکراتی بەشێک لە پلانەکانی ئەو پارتە پێک دەهێنێت کە ئەمڕۆ بووەتە جێی مشتوومڕی دژبەران و ڕێکخەرانی ئەو پڕۆژەیە.

هەروەها ئەو پارتە هەولی داوە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی سپا بهێنێت و لە زۆر بواردا دەسەڵاتی لە دەستیانی دەرهێناوە و تەنانەت بەشێک لە بەڕێوەبەران و ژێنێڕاڵەکانی سپای ڕەوانەی بەندیخانە کردووە، ئەو کۆمەڵە ئەفسەر و ژێنێڕاڵە کە تەنانەت ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسیشیان لەخۆ گرتبوو، ڕێکخراوێکی تیرۆریستیان لەژێر ناوی ئەرگەنەکۆندا ساز کردبوو کە دەیان کردەوەی تیرۆریستیان لە دژی کوردیش ئەنجام دابووە، لە هەوڵی ئەوەشدا بوون کە کودەتا لە ئاکپارتی بکەن. بۆیە هەر چەشنە ئاڵووگۆڕ و هەوڵدانێک کە ببێتە هۆی ئەوەکە توورکە فاشیستە "تنئاژۆ" و کەمالیستەکان لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە لە قازانجی نەتەوەی کورد نەک تەنیا لە باکوور، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانە.

لەو ساتەوە کە ئاکەپە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، دۆخی ئابووری توورکییەی بووژاندووەتەوە و ئابووری ئەو وڵاتە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک ئاڵووگۆڕی قوڵی بەسەردا هاتووە و هەروەها کۆتایی بە دەسەڵاتی کەمالیستەکان هێناوە، هەر چەند لە پێوەندی بەدۆخی سیاسیی باکووری کوردستان هەوڵەکانی سەرەتایی بوونە، بەڵام هندێک مافی کولتووری بۆ کورد دەستبەر کراون کە تا ئاستێک دۆخی کولتووری باکووری کوردستانی بووژاندووەتەوە و گەلی کوردی لەو وڵاتە بە دواڕۆژی هیوادار کردووە و دەرفەتی خەباتی مەدەنیش کراوەتەوە، ئەوەش بۆخۆی بە هەنگاوێکی مەزن پێناسە دەکرێت.

بێگومان سەرکەوتنی پارتی دادوگەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بە واتای پشتیوانی کردنی گەلانی ئەو وڵاتە لە پڕۆسەی ئاشتییە کە لەو وڵاتە لە گۆڕێ دایە و هەروەها برەو بە کرانەوەی سیاسیی و دیموکراتی بەڕووی کورددا دەدات و کێشە و کۆسپ لەسەر ڕێی دیالۆگ لە نێوان ئیمڕاڵی و چیا و کۆمەڵگای باکوور و دەسەڵاتی توورکییە کەمتر دەبێت و ئاسانتر و کراوەتر گفتوگۆکان بەرەو پێش دەچن و بەئەنجام دەگەن.

چوونکوو لایەنە دژبەرەکانی دیالۆگی نێوان کورد و حوکوومەتی ئەو وڵاتە لە دەسەڵات دوورن و کاریگەری نەرێنی ئەوتۆیان لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی گفتوگۆکان نابێت، تاکوو ئاکەپە دەسەڵاتدار بێت هیوای دەستبەرکردن و هێنانەدی مافەکانی گەلی کورد تا ئاستێک لەو وڵاتە ئاسانتر دەبێت و هەر ئەوەکە گفتوگۆ لە گۆڕێدا هەیە بۆ خۆی دەرفەتێکی باشە بۆ لێکتێگەییشتنی هاوبەش لە پێوەندی بە بنیادنانی داهاتووی ئەو وڵاتە، بێگومان تاکوو مافەکانی کورد لە توورکییە دەستبەر نەکرێت، ئەو وڵاتە ناتوانێ کە خۆی بە هێزێکی کاریگەری ناوچەکە پێناسە بکات و ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی ناوخۆشدا بەدەست ناهێنێت.

شەڕی چەکداری لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان حوکوومەتی توورکییە و پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە کێشەی کورد بە ڕێگەچارەی چەک و سەرکوت چارەسەر ناکرێت و پێویستە کە لایەنە بەرپرس و کاریگەرەکانی ئەو وڵاتە هەنگاوی گرینگ هەڵگرن و لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندی بە چارەسەریی کێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری کورد هەڵبگرن و ئاشتی نەتەوەیی ڕابگەیەنن. سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراتی و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە توورکییە پێویستی بە هەنگاوی تێکڕای لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەسەڵات، ڕووناکبیران، ڕەخنەگران و تەنانەت میدیاکارانی وڵات هەیە. بەڵام تاکوو ئیستا ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە کە لە پارتەکانی جەهەپە و مەهەپە پێک دێن لە دژی مافەکانی نەتەوەی کوردن و دەسەڵاتی کوردی لە هەر شوێنێکی دوونیا بێت بە مەترسی بۆ سەر خۆیان و ناسنامەی توورک پێناسە دەکەن، هەر بۆیە بەبەردەوام لە دژی کورد دەوەستنەوە و هەوڵ بۆ لەباربردنی پڕۆسەی ئاشتی دەدەن.

هاوکات ئەو چارەسەرییە کە هەنووکە لەو وڵاتە لەگۆڕێ دایە، پێویستی بە بەرفەراوانیی سیاسیی و کولتووری هەیە، چوونکوو کێشەی کورد و ناسنامەی کورد وەک بەشێک لە پڕۆژەی ڕۆخانی توورکییە سەیر کراوە و سەیر دەکرێت، لەبەر ئەوە لە ماوەی پتر لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا لایەنە "تنئاژۆ" و ڕەگەزپەرەستەکانی توورک لەدژی کورد و نەتەوەی کورد و مافی ئەو گەلە کولتوورسازییان کردووە، پێویستە کە ئەو سیاسەتە هەڵانە بۆ گەلانی ئەو وڵاتە ڕوونبکرێتەوە، ئەوەش پێویستی بە هەنگاوی هەموو ئەو لایەنانە هەیە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد.

هەرێمی کوردستان؛
هەروەها سیاسەتی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندی بە توورکییە تاکوو ئیستا بە سیاسەتێکی درووست پێناسە دەکرێت، چوونکوو بناغەی ئەو پێوەندییانەی نێوان هەرێم و توورکییە لەسەر کۆمەڵێک پێوەری سیاسیی و ئیستراتیژیی و ئابووریی دامەزراوە کە دەستبەرداربوونی توورکییە لێیان ئەستەمە، بەتاییبەت بۆ ئاکەپە کە سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردن قەرزداری بووژانەوەی کەرتی ئابووری ئەو وڵاتەیە کە پارتی دادوگەشەپێدان ڕۆڵی مەزنی تێدا گێڕاوە. هاوکات زۆربوونی کۆمپانیاکانی توورکییە لە هەرێمی کوردستان بەدەستکەوت بۆ هەرێم پێناسە دەکرێت، چوونکوو ئیتر کۆڵەکەیەکی بووژانەوەی ئابووری توورکییە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە ناتوانێت کە دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی لە هەرێم بێت، بۆیە تاکوو دێت پێوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێم و توورکییە پەرە دەگرێت و بەرپرسیارێتی توورکییە لەئاست هەرێمی کوردستان پتر دەبێت.

هەوەها پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتی دەسەڵاتداری توورکییە گەلێک قوڵن و ئەو پارتەش لە پێوەندی بە پرسی کوردەوە هەنگاوی گرینگی هاوێشتووە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتێکدا پێوەندی قوڵ و ئیستراتیژی بەستووە کە بە ئاسانی لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتە وەدەرنانرێت و بەهێزبوونی پێوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و توورکییەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، چوونکوو توورکییە بە تاکە دەروازەی کوردستان بەڕووی ئەورووپا و دوونیای دەرەوەدا پێناسە دەکرێت، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر هێز و پێگە و داهاتووی کوردەوە هەیە.

توورکییەی نوێ؛

توورکییەی نوێ دەبێت لەسەر پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەیی گەلان دابمەزرێت و هەنگاوەکانی ئاکپارتیش بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو باییخە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی و سرووشتیی و مرۆڤایەتییانە سەرکەوتوو نابێت و پێوسیتە کە وڵاتی نوێ یان خود گۆڕانکاری نوێ لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا، توورکییە بەرەو کرانەوەی سیاسیی و کولتووریی و سرووشتیی مرۆڤەوە ببات و دەبێ هێڵە سوورەکانی وڵات لەسەر بنەمای نەتەوەی ئازاد پێک بێت. واتا هەموو نەتەوەکانی توورکییە مافەکانیان دەستبەر بکرێت و ژیان و داهاتووێکی دڵخواز هەڵبژێرن و چارەنووسی سیاسیی و نەتەوەیی و کولتووری بەدەستی خۆیان دیاری بکەن.

پارتی دادوگەشەپێدان تاکوو ئیستا بە باشی سەرەتای ئەو ڕێ دوورودرێژەی دەستپێکردووە و سەرکەوتنی ئەو هەوڵەش بەستراوەتەوە بە لەبەرچاو گرتنی بنەما دیموکراتییەکانی مافی مرۆڤ و مافی گەلان کە لە جارنامەکانی مافی مرۆڤ دانی پێدانراوە و پێداگری لەسەر کراوە. هاوکات پێویستە کە لایەنەکانی باکووری کوردستانیش وەک ئیستا بەگرینگییەوە لەو پرسە بڕوانن و بە ئەسپاییەوە هەنگاو هەڵنێنەوە و دژکردەوەی قوڵ لەخۆ نەنوێنن.

کۆی وتار؛
توورکەکان چ لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی عووسمانییەکان و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی توورکە نوێکان بۆ ماوەی سەدان ساڵە نەتەوەی کورد بەتووندترین چەشن دەچەوسێننەوە و مافەکانی پێشێل دەکەن و هەوڵ بۆ لەناوبردنی کورد دەدەن، ئیستا کاتی ئەوە گەییشتووە کە دەوڵەتی توورک دان بە هەڵە مێژووییەکانی خۆیدا بنێت و ئیتر دووژمنایەتی ئەم نەتەوە بندەستە نەکات و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و هەڵەکانی خۆیان نۆژەن بکەنەوە.

دەبێ دەوڵەتی توورک و ڕەگەزپەرەستەکانی توورک دەوڵەتی کوردی بە پرسێکی ئاسایی و هاوکات بە مافی ڕەوای گەلی کورد بزانن و دژکردەوەی ڕەگەزپەرەستانە لەخۆ نەنوێنن، چوونکوو ئەوە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە سەدەی بیستویەک سەدەی ئاڵووگۆڕە قوڵەکانە و بەسەدەی لێکتێگەییشتن ناسراوە و ڕێز گرتن لە ڕوانگە و بیروڕای جیاواز و زمان و نەتەوەی جیاواز، کولتووری ئەمڕۆی جیهانیی پێشکەوتووە و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان هەوڵ بۆ زیندوو کردنەوەی ئەو زمان و ناسنامە نەتەوەیی و زمانەوانییانە دەدەن کە لەژێر مەترسی لەناوچوون دان، لەبەر ئەوەکە زمان و ناسنامەی جیاواز بەسامانی مرۆڤایەتیی پێناسە دەکرێت و خزمەت بە فرە کولتووری، پلۆرالیسم، فرەڕەنگی و فرە گەریی کۆمەڵگا دەکات.

نەتەوەی کوردیش لە ڕەوتی مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکدا تاکوو هەنووکە تاکە نەتەوەیەکە کە هەمیشە و هەردەم دەستی دۆستایەتی بۆ دراوسێکانی ڕاکێشاوە و هیوای ئاشتیی و ئازادیی و پێکەوە ژیانی بۆ هەموولایەک خوازیوە. ئاشتی و ئازادی کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک پێک دێت و دەستبەر دەکرێت کە تێکڕای نەتەوە جیاوازەکانی ناوچەکە لەگەڵ بوونی دەوڵەتی کوردی کێشەیان نەبێت و ئەو دەوڵەتە بە مافی ڕەوای نەتەوەی کورد بزانن و ڕێز لە بوونی کورد لە ناوچەکە بگرن. پێچەوانەی ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوەیە، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشتی و ئارامی مسۆگەر نابێت و دۆخەکە هەر بەشڵەژاوەیی دەمێنێتەوە تاکوو کورد مافەکانی بەدەست دێنێت.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates