Pages

Ads 468x60px

15 Sept 2014

فیدراڵیخوازیی کورد و ئەزموونی شکستخواردووی فیدراڵی لە ئەورووپا!


فیدراڵیخوازیی کورد و ئەزموونی شکستخواردووی فیدراڵی لە ئەورووپا!
لەنووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی
ڕۆژی ١٨ی ٩ی ٢٠١٤ نەتەوەی سکۆتلاند لە بریتانیا لە گشتپرسییەکی ئازاددا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و هاوکات ڕۆژی ٩ی مانگی ١١ی ٢٠١٤ نەتەوەی کەتالۆن بەهەمان چەشن لە ئەسپانیا پرسی مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا یەکلایی دەکاتەوە. ئەمەش بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە درووستبوونی دەوڵەت نەتەوە لەسەر بنەمای نەتەوەی ئازاد ئەژمار دەکرێت.


ئەرکی سەرەکیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان؛
لە کاتێکدا کە ئەزموونی فیدراڵی لە ئەورووپا شکستی خواردووە و نەتەوەکانی بندەستی ئەو وڵاتانە کە دەیان ساڵە بە چەشنی فیدراڵی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییان کردووە، ئەمڕۆ فیدراڵی بە ئەزموونێکی بێ کەڵک پێناسە دەکەن، کەچی بەشێکی زۆر لە پارتەکانی سیاسیی کوردستان لە هەوڵی جێگیرکردنی پڕۆسەی فیداڵیی دان. ئێمە دەبێت لە شکستی ئەزموونی فیدراڵی و ئەتەنۆمی لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان کەڵک وەرگرین و ئەزموونی شکستخواردووی فیدراڵی کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی کێشەی سیاسیی و نەتەوایەتیی کورد دووپات نەکەینەوە. ئەو وزەیە کە نەتەوەی کورد بۆ جێگیر کردنی پڕۆسەی فیدراڵی بەفیڕۆی دەدات، دەتوانێت چەندین هەنگاو ئەم نەتەوەیە لە سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجارەکیی نزیک بکاتەوە. ئێمە ئاسانتر دەتوانین نەتەوەکانی دەورووبەر لەوە تێبگەیەنین کە سەربەخۆیی و درووست کردنی دەوڵەتی کوردستان مافی سرووشتیی و ڕەوای نەتەوەی کوردە، بەڵام بۆ دیموکراتیزە کردنی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و جێگیرکردنی پڕۆسەی فیدراڵی کە هەنگاوێکی مەزنتر لەپاش جێگیرکردنی کولتووری دیموکراتی دێت، نە وزەی پێویستمان هەیە و نە هێزی پێویست. هاوکات ئەو چەمکانەی جیاوازیش ڕێگری تاییبەت بەخۆیان هەیە، ئایین و کولتووری فاشیسم و دابونەریتی کۆن بە بەربەستی سەرەکیی جێگیرکردنی ئەو پڕۆسانە بە ئەژمار دێن، بەڵام سەربەخۆیی کوردستان تەنیا یەک بەربەستی سەرەکیی لەسەر ڕێیە، ئەوەش باڵادەست بوونی نەتەوەی باڵادەست و داگیرکەرە، بۆیە خەبات کردن لە دژی فاشیسم ئاسانترە لە خەبات و تێکۆشان لە دژی کولتوور و دابونەریت و تەنانەت ئایینیش. کێشەی نەتەوایەتیی کوردیش پێوەندی بە ئایین و کولتوور و دابونەریتەوە نییە، بەڵکوو ئایین و دابونەریت و کولتوور بەبەشێکی سەرەکیی ناسنامە پێناسە دەکرێن کە دەکرێت لە ڕێگای جیاوازەوە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی و بنەمایی لە کۆڵەکەکانی ئەو کولتوورەدا پێک بێت و لە ئەنجامی دەیان گۆرانکاری قووڵ هێدی هێدی کولتوورێکی نەرمتر و کراوەتر ساز بێت، ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری بەردەوام لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دایە، ئەگەر گۆڕانکارییەکان بە هێڵێکی درووستدا ئارەستە بکرێن، بێگومان ئامانجی بنەڕەتیی خۆی دەپێکێت، بەڵام ئەرکی نەتەوەی کورد لە ئەمڕۆدا گۆڕانکاری لە کولتوور و دابونەریت و ئاییندا نییە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ڕزگاربوونە لە بندەستی. ئەمە دەسپێکی خەباتی سیاسیی نەتەوەی کوردە. نابێ لەسەر ئەو هێڵە لابدەین، چونکە لە ئامانجی خۆمان دوور دەکەوینەوە. دوور کەوتنەوەش لە ئامانجی بنەڕەتیی نەتەوەی کورد لە خزمەت و بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان دایە. ئەوەش ویستی مێژوویی داگیرکەر بووە کە کورد لە ئامانجە مەزنەکەی دوور بخاتەوە و بە پرسێکی لاوەکیی و بێ باییخەوە سەرقاڵی بکات.
ناسیۆنالیسمی ڕەوا لە ئەورووپا؛
لە پاش شۆڕشی پیشەسازی لە ئەورووپا و پێشهاتەکانی سەدەی نۆزدە لەو کیشوەرەدا، سەرهەڵدانەوەی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی و هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی سەربەخۆیی سیاسیی ئەو نەتەوانە کە خاکەکەیان بەسەر هندێک لەو نەتەوانە کە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیین دابەش کراوە، بە سەرەتایەکی نوێ و قۆناغ و دەسپێکێکی نوێ لەو کیشوەرەدا سەیر دەکرێت، بەڵام بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسیی ئەمە بە مەترسی بۆ سەر ئەورووپا دەبینن و هاوکات بەشێکی دیکەش بە سەرەتایەکی نوێ لە ژیانی سیاسیی وڵاتانی ئەورووپایی پێناسەی دەکەن، کە بۆ جێگیر بوونی کولتووری دیموکراتی بە پێویستی دەزانن و بە پرسێکی چاوەڕوانکراو ئەژماری دەکەن. هەنووکە لە وڵاتانی ئەورووپادا دەیان نەتەوە هەن کە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی نین و بەشێک لەو نەتەوانەش دەیان قۆناغی گرینگ و چارەنووسسازیان بڕیوە و وەک نەتەوەی کورد دەیان ساڵە بۆ بەدەستەوە گرتنی سەربەخۆیی سیاسیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خەبات و تێکۆشان دەکەن. هەنووکە کاتالۆنییەکان لە ئەسپانیا ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەنجام دانی ڕێفراندۆم بە مەبەستی وەرگرتنی سەربەخۆیی سیاسیی و جیابوونەوە لە وڵاتی ئەسپانیا. ئەو هەوڵەش ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێناوە و وەک مەترسی بۆ سەر ئابووری ئەسپانیا پێناسە دەکرێت. نەتەوەکانی وەک سکۆتلەند لە بریتانیا، کاتالۆن و باسک لە ئیسپانیا، تیرولی باشوور لە ئیتالیا و فلاندرەکان لە بلژیک و سامییەکان لە وڵاتانی ئیسکاندیناڤی بەشێک لەو نەتەوانەن کە خاکەکەیان بەسەر وڵاتانی ئەورووپیدا دابەش کراوە و بەشێک لەو نەتەوەانەش دەیان ساڵە بە دەیان شێوازی جیاواز خەبات و تێکۆشان دەکەن و تەنانەت بەشێکیان وەک باسکەکان و کاتالۆنەکان خەباتی چەکداریشیان بە مەبەستی دەستبەر کردنی ئازادی و سەربەخۆیی سیاسیی بۆ نەتەوەکەیان کردووە. سەربەخۆیی سیاسیی پرسێکە کە لەنێو جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا پێداگری لەسەر کراوە، بەڵام دەسەڵاتخوازی و زێدەخوازی دیکتاتۆران و نەتەوەکانی باڵادەستی جیهان، ئەو پرسە بەمەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان و نەتەوەکانیان پێناسەی دەکەن و بەهەموو شێوەیەک لەدژی ڕادەوەستن و ڕێگری لە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسیی نەتەوەکانی بندەستیان دەکەن و ئەوەش بەپاساوی بچووک بوونەوەی جوگرافیای وڵات و لاواز بوونی ئابووری وڵاتەکەیان پێناسەی دەکەن، لە ڕاستیدا ئەوانە لە گۆشەنیگای نەتەوەی باڵادەستەوە چاو لە کێشەکە دەکەن، نەک لە چاوی نەتەوەی بندەستەوە کە سەدان هەزار قوربانیان داوە و بوونەتە قوربانی زێدەخوازی نەتەوەی دەسەڵاتدار و فاشیستان و ڕەگەز پەرەستانی نەتەوەی باڵادەست. دەیان ساڵە زمانی زگماکی خۆیان لەبیر کردووە و باییخی پێ نادرێت و ڕێگری لێ دەکرێت، جیاوازی نێوان زمانی نەتەوەی باڵادەست و زمانی نەتەوەی بندەست تەنیا لە دەوڵەت و سەربەخۆیی سیاسیدا کورت دەبێتەوە.
بۆ نموونە زمانی کوردی لە زمانی تورکی و فارسی و پەشتوون و دەری دەوڵەمەندتر و مەزنترە، کەچی زمانی کوردی فەرمی نییە و ئەوانی دیکە فەرمین و لە جیهاندا ناسراون. ئەگەر وشەی کوردی و عەرەبی لە زمانی فارسی جیا بکەنەوە، تەنیا دەتوانێ ڕۆڵی زاراوەیەکی لاواز و بێ هێز و بێ نێۆڕۆک بگێڕێت. کەچی تەنیا یەکێ لە زاراوەکانی زمانی کوردی بە قەد زمانی فارسی دەوڵەمەند و خاوەن وشە و ئەدەب و شیعر و چیرۆکە. ئەوە تەنیا سەربەخۆیی سیاسییە کە زمانێکی مەزنی لەو چەشنە بچووک دەکاتەوە و لە بەرامبەر زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی و دەڕیدا لاوازی دەکات. ئەوە تەنیا نەبوونی مافی سەربەخۆیی سیاسیی و کیانێکی سەربەستە کە زمان و جلوبەرگی کوردی وەک زمان و جلوبەرگێکی ناوچەیی پێناسە دەکات.
هەنووکە کە جیهان بە قۆناغێکی دژواری ئابووری و دەسەڵاتخوازیی تێپەڕ دەبێت و ئاستی گەشەی سیاسیی و کولتووری و دیموکراتی و جێگیربوونی مافەکانی مرۆڤ بەرز بووەتەوە و پەرە بە فرەگەری و پلۆرالیسمی سیاسیی و کولتووری و زمانەوانیی دەدەن و ڕێگری لە توانەوە و ئاسیمیلە بوونی زمانەکانی جیاواز و ڕەسەن و کەون و دیرۆکیی دەکرێت و بە سەرمایەی کەونی هەزاران ساڵەی مرۆڤ پێناسە دەکرێت و هەوڵ بۆ پاراستنیان دەدرێت، ئەمەش بە یەکێ لەو خاڵانە ئەژمار دەکرێ کە بووەتە هۆی ئەوەکە بەشێک لەو نەتەوانە بەخۆیاندا بچنەوە و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی سیاسیی بدەن و ئاڵای نەتەوەکەیان لەنێو ئاڵای کۆمەڵگای جیهانی ببینن و ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لە پێوەندی بە نەتەوە و کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان بگێڕن. خاڵێکی دیکە کە بووەتە هۆی ئەوەکە ئەو نەتەوانە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی سیاسیی بدەن، ئەوەیە کە خاکەکەیان بە خاکێکی بە پیت و بەرەکەت پێناسە دەکرێت و ڕێژەی بەرهەم هێنانی سەرمایەی سرووشتیی و ژێر زەوی زۆرە و نایانهەوێت کە ئەو سەرمایە لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست دابەش بکەن و ئاستی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی ئابوورییان دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و سەرمایەکەشیان لە خزمەت دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستدا بێت. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە بەشێک لەو نەتەوانە تینووی بەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسیین و ئەو مافە بە مافێکی ڕەوا و هاوکات سرووشتیی خۆیان دەزانن و دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکەن و نایانهەوێت کە ببنە پاشکۆی نەتەوەیەکی دیکە و مافەکانیان پێشێل بکرێت و لەمەڕ چارەنووسی خۆیان بێدەسەڵات بن.
تاکوو نەتەوەکانی بندەست دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان ساز نەکەن و چارەنووسی سیاسیی خۆیان بەدەستەوە نەگرن کێشەی سیاسیی و کولتووریی و ئابووریی نەتەوەکانی بندەست کۆتایی پێنایەت، چونکە تینووی ئەو مافەن و ئەو کێشەیەش ئەو کاتە کۆتایی پێدێت کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان پێک بهێنن و دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەیان بەدەستەوە بگرن و لە بندەستیی و ژێر دەستیی ڕزگاریان بێت و خۆیان لەمەڕ چارەنووسی کۆمەڵگاکەیان بڕیاردەری سەرەکیی بن. بەشێک لە نوێنەرانی نەتەوەکانی بندەست لەسەر ئەو ڕایەن کە دەتوانن کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی بە شێوەی فیدراڵی چارەسەر بکەن، بەڵام سیستەمی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی و شێوازەکانی دیکەی چارەسەری لە ئەورووپا پێشانیدا کە ڕێگای چارەسەریی و بنەڕەتیی نین و کێشەی نەتەوەکانی بندەستی ئەو وڵاتانە بەو شێوازانە چارەسەر ناکرێت و مافەکانیان بەدەست ناهێنن و دەبێت هەنگاوی مەزنتر بنێن و خەبات بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی بخەنەگەڕ. کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی کوردیش لە چوارچێوەی وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریە و تورکیەدا بە شێوازی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی و بە بەدەست هێنانی کۆمەڵێک مافی کولتووری چارەسەر ناکرێت و پێویستە کە خەباتەکەمان بەربڵاوتر و بەرفەراوانتر بکەین و هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی بدەین و دەوڵەتی نەتەوەیی پێک بهێنین. نابێ نەتەوەی کورد ئەزموونی نەتەوەکانی بندەستی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئەورووپا دووپات بکاتەوە، ئەزموونێک کە پێشانی داوە چارەسەری بنەڕەتیی نییە و لەوانەیە سەدان ساڵی دیکەش نەتوانین ئەو مافانەی کە نەتەوەکانی بندەست لە ئەورووپا لە چوارچێوەی وڵاتانی پێشکەوتوودا و بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی فیدراڵی بەدەستیان هێناوە، بەدەستی بهێنین. چونکە نەتەوەی کورد بەسەر کۆمەڵێک وڵاتی دواکەوتوو و ڕەگەزپەرەست دابەشکراوە و هاوکات لە ناوچەیەکیی ئاڵۆز و پڕ کێشەدا هەڵکەوتووە. ئەمانەش هەرهەموو بەربەستی مەزنن و پێویستیان بە خەباتی لێبڕاو و دەرهەست هەیە.
بۆیە کاتی ئەوە گەییشتووە کە ئیتر لایەنەکانی فیدراڵیخواز و ئەتۆنۆمیخوازی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە هەمیشە ئەورووپا و سیستەمی سیاسیی ئەو کیشوەرە بە نموونە دەهێننەوە و باس لە شێوەی چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئەورووپا دەکەنەوە، بەخۆیاندا بچنەوە و ئەوەش لەبەر چاو بگرن کە هەنووکە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سیاسیی ئەو وڵاتانە کە بە شێوازی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی لەو کیشوەرەدا بەڕێوە دەچن، نەیانتوانیوە کێشەی نەتەوایەتی ئەو نەتەوانە چارەسەر بکەن و هەنووکە ئەو نەتەوانە خەبات بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن، نەتەوەی کوردیش کە جوگرافیاکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵکەوتووە و ئەو ناوچەیەش ئەزموونی دیموکراسی و ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤییان نییە و ئەو دەستکەوتانەی کە نەتەوەکانی بندەستی ئەورووپا بەدەستیان هێناوە، نەتەوەی کورد قەد لە چوارچێوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەشێوازی دیکتاتۆری و فاشیستی و ڕەگەزپەرەستی بەڕێوە دەچن، بەدەستی ناهێنێت، بۆیە دەبێت ئیستراتیژی سیاسیی خۆمان بگۆڕین و بەکردەوە خەبات بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە کوردستان دەست پێبکەین. کاتێک کە کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی نەتەوەی کورد کۆتایی پێ دێت کە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان پێکهاتبێت و نەتەوەکەمان ڕزگاری بووبێت و خۆی لەمەڕ چارەنووسی سیاسیی خۆی بڕیاری بەدەستەوە گرتبێت.
کەتالۆن؛                         
به‌و شێوه‌یە كه نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن باس له‌ مێژووی سیاسیی خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن له‌ ساڵی ١٧١٤ و له‌پاش شكستی یه‌كێتی نێوان ئه‌وان و ئیمپراتووری هابسورگ له‌شه‌ڕ لە بەرامبەر بوربوونه‌كان، سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركاری پاشاكانی بوربوونی كه‌ ئه‌و كات له‌ ئه‌سپانیا حوکوومەتیان دەکرد. نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن له‌ پاش نه‌ته‌وه‌ی باسك زۆرترین ده‌ستكه‌وتی ئابووری و سیاسییان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئەسپانیا به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام هه‌نووكه‌ نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن مافی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی په‌نجا له‌ سه‌دی سامانی سرووشتیی ناوچه‌كه‌ی خۆیانیان هه‌یه‌ و له‌ هندێك بواری تاییبه‌تیشدا ئه‌و ڕێژه‌ بۆ په‌نجاوهه‌شت له‌سه‌د به‌رز ده‌بێته‌وه‌. لەگەڵ ئەوەشدا پارله‌مانی كه‌تالۆن بڕیاری داوه‌ كه‌ ڕۆژی ٩ی مانگی ١١ی ٢٠١٤ ڕێفراندۆمێك بۆ جیابوونه‌وه‌ی كه‌تالۆن له‌ ئه‌سپانیا به‌ڕێوه‌ ببات. حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌سپانیا تاكوو هه‌نووكه‌ له‌ دژی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ڕێفراندۆمه‌یه‌، به‌ڵام هاوكات هه‌وڵی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌كه‌ خه‌ڵكی كه‌تالۆن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌و بڕیاره‌ پاشگه‌ز بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ دانی مافی ئابووری پتر‌ به‌و هه‌رێمه‌ و به‌و گه‌ڵه‌. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كه‌تالۆن بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌سپانیا به‌رده‌وام دژایه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كه‌تالۆن بكات، ئه‌وا یه‌ك لایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نن و له‌و وڵاته‌ جیا ده‌بنه‌وه‌. لە سەدەی بیستەمدا نەتەوەی کاتالۆن خەبات و تێکۆشانی بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی کۆماری لە ئەسپانیا دەست پێکرد و دواتر کە ئەو سیستەمە جێگیربوو بەبەشێک لە مافەکانی کولتووریی خۆیان گەییشتن، بەڵام کاتێک کۆماری ئەسپانیا ڕووبەڕووی ڕۆخان بووەوە و دیکتاتۆری باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشا، نەتەوەی کاتالۆن هەموو مافێکی لە دەستدا و بووبە نەتەوەیەکی بەتەواو بندەست کە دەبوایە بەزمانێکی دیکە واتا زمانی فەرمی وڵات و بە زمانی نەتەوەی باڵادەست کاروباریان ڕاپەڕێنن و زمانەکەیان یاساغ کرا. ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر سبەی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کوردەکان بتوانن مافێکی کولتووری بۆ خۆیان دەستبەر بکەن، ئەو مافە بۆ هەمیشە بۆ کورد مسۆگەر نییە و لەهەر ئانوساتێکدا و لە ئەگەری هاتنەگۆڕی هەر ئاڵوگۆڕێکی چاوەڕواننەکراودا لەوانەیە کە ئەو مافە ڕووبەڕووی مەترسی و کێشە بێتەوە و لەدەستی بدات. ئیتر خەبات و تێکۆشان و قوربانی دانەکەشی بەفیڕۆ دەچێت، تاکە ڕێگەی گەرەنتی هەمیشەیی مافەکانمان خەباتکردنە بۆ دەوڵەتی کوردی و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ. بەڵام ساڵی ١٩٧٥ کاتێک کە دیکتاتۆری ئەو وڵاتە واتا فرانکۆ کۆچی دوایی کرد، جارێکی دیکە دیموکراسی باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشا و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ڕێزی لێنرا و لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا جێگیر کرا، نەتەوەی کاتالۆن و باسک زۆرترین قازانجیان لەو هەلە مێژووییە کرد و دەسەڵاتی ئەتۆنۆمیان بەدەست هێنا و زمانی نەتەوایەتییان بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و بەفەرمی کرا. لە ساڵی ١٩٧٩ یاسای بنەڕەتی ئەسپانیا نووسرا و تێدا ئاماژەی بە زمانەکانی جیاوازی ئەو وڵاتە کرد و ڕۆڵی نەتەوەکانی دیکەی وەک باسک و کاتالۆن بەرز نرخێنرا و بەسەرمایەی مەزنی ئەسپانیا پێناسە کران و لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا خزمەت بە کولتوور و زمان و ئەدەبیاتی ئەو نەتەوانە کرا.

بەڵام لە پاش ئەوەکە پارتی چەپی سۆسیالیست لە کاتالۆن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ حوکوومەتی سۆسیالیستی کاتالۆن یاسای بنەڕەتیی ئەو هەرێمەی پەسەند کرد و تێیدا تەنیا زمانی کاتالۆنی لەو هەرێمە بە فەرمیی پێناسە کرد و لە قوتابخانەکانیشدا تەنیا ئەو زمانە بەفەرمی ئەژمار کرد و بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە هەر کەس بەسەر ئەو زمانەدا زاڵ نەبێت، لە ناوەندەکانی حوکوومی ئەو هەریمەدا دانامەزرێت و تێکڕای تابلۆ و دووکان و هێماکانی هاتووچۆ و لە هەموو ئاست و بوارەکانی دیکەی وەک نەخۆشخانە، تەنیا بەزمانی کاتالۆنی دەبێت و تەنانەت بەشی زۆرتریان لە بووجەی گشتیی داوا کرد و سیستەمی سیاسیی و حوکوومڕانییان بەتەواوەتی لە ئەسپانیا جیا کردەوە. بەپێی یاسای بنەڕەتیی کاتالۆن، ئەو هەرێمە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی تاییبەت بە خۆی هەیە و تەنانەت دادگای باڵای ئەو هەرێمە توانای ڕەدکردنەوەی بڕیاری دادگای گشتیی ئەسپانیای دەبێت و خاوەن ڕۆژانی پشووی فەرمی تاییبەت بە خۆیە. کەچی پاش نزیک بە ٤٠ ساڵ لە بەدەست هێنانی ئەتۆنۆمی و مافی کولتووری و دەیان مافی دیکە لە بوارەکانی دیکەشدا و بەفەرمی ناسینی نەتەوەکانی باسک و کاتالۆن، هەنووکە چالاکان و سیاسەتمەدارانی ئەو نەتەوانە و تەنانەت زۆربەی خەڵک و دانیشتووانی کاتالۆن و باسک بەو دەرئەنجامە گەییشتوون کەبە بەدەست هێنانی ئەو مافانە کێشە سیاسیی و زمانەوانیی و کولتووریی و ئابوورییەکانیان چارەسەر نەکراون و ئیستاش کۆمەڵگاکەیان بەو کێشانەوە دەناڵێنێت. ئەمە پەیامێکی زۆر ڕوون و شەفافی بۆ نەتەوەی کورد پێیە کە خەباتی خۆیان بۆ پرسە لاوەکیی و چارەسەرەکانی کورتخایەن بەفیڕۆ نەدەن، هەر چەند ئەو مافانەی کە کاتالۆن و باسک بەدەستیان هێناوە نەتەوەی کورد بە لەبەرچاو گرتنی جوگرافیا و دۆخی سیاسیی وڵات و فاشیست بوونی نەتەوەی باڵادەست، ئەستەم و دژوارە کە بەدەستی بهێنێت، بۆیە با خەباتی سیاسیی خۆمان بۆ درووست کردنی دەوڵەتی کوردی بخەینەگەڕ.
سکۆتلاند؛
ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩ی ٢٠١٤ واته‌ نزیك به‌ یه‌ك حه‌وتووی دیكه‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌ ڕێفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراتیكدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی سیاسیی و داهاتووی خۆیان ده‌ده‌ن. دیاری كردنی ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاندا ڕۆژێكی پڕ باییخ و گرینگه‌، چونكه‌ حه‌وت سه‌ده‌ پێش ئه‌مڕۆ و له‌ ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩دا سپای سكۆتلاند له‌ شه‌ڕی بناكبه‌ڕن به‌سه‌ر سپای بریتانیادا سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی تۆمار كرد. هەنووکە نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند ده‌یهه‌وێت له‌ ڕفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراتیكدا یه‌كێتی ٣٠٧ ساڵه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌ل كۆتایی پێ بهێنێت. هاوكات ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بریتانیا داوای له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ یه‌كێتی بریتانیا و سكۆتلاند بده‌ن، ئه‌وا ئاڵوگۆڕی قووڵ و ڕیشه‌یی له‌ سیسته‌می سیاسیی و ئابووری سكۆتلاندا پێك ده‌هێنێت و له‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند هه‌نگاوی مه‌زن ده‌هاوێژێت. بریتانیا ده‌ڵێت كه‌ جیابوونه‌وه‌ی سكۆتلاند له‌ بریتانیا، هه‌ردوولا لاواز ده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌ قازانجی هیچكاممان نییه‌، به‌ڵام هاوكات بریتانیا ڕێز له‌ ئیراده‌ی سیاسیی خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌گرێت. كێشه‌ی مه‌زنی نێوان سكۆتلاند و بریتانیا له پێوه‌ندی به‌ كێشه‌ی دادپه‌روه‌ری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییه‌، چونكه‌ سكۆتلاند له‌ زریای باكووردا سامانی سرووشتیی نه‌وت و گازی هه‌یه‌ و ده‌یهه‌وێت ئیتر ئه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا دابه‌ش نه‌كات، هه‌رچه‌ند خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌چاو خه‌ڵكی بریتانیا له‌ دۆخێكی ئابووری باشتر و پێشكه‌وتووتردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و بریتانیا تاییبه‌تمه‌ندی سكۆتلاندی له‌به‌رچاو گرتووه و پاراستووه‌‌. سیسته‌می سیاسیی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سكۆتلاند، سیسته‌مێكی سۆسیالیستیی پێشکەوتووە، به‌مه‌ش تێكڕای پێداویستییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ و خوێندن و پێداویستییه‌كانی گشتیی له‌لایه‌ن بریتانیاوه‌ بۆ خه‌ڵكی سكۆتلاند به‌بێ به‌رامبه‌ر دابین ده‌كرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی سكۆتلاند دەیانهەوێت هه‌نگاوێكی دیكه‌ی مه‌زنی سیاسیی بنێن و مافی دابه‌ش كردنی سامانی سرووشتی و چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان بۆ خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه‌. بریتانیا تاكوو دواین خووله‌كی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ڕێفراندۆمه‌ هیواداره‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند ده‌نگ به‌ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا بدات، مانه‌وه‌یه‌ك كه مافی پتر و ده‌ستكه‌وتی زیاتری ئابووری له‌گه‌ڵدا ده‌بێت. به‌پێی ئه‌و ڕاپرسییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هندێك ناوه‌ندی تاییبه‌ت به‌ ڕێفراندۆمه‌وه‌ كراوه‌، به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی ئەو نەتەوە له‌ بریتانیان و هاوكات به‌شێكیش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بریتانیا دان، به‌ڵام پارتی نه‌ته‌وه‌یی سكۆتلاند ده‌ڵێت كه‌ بریتانیا له‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ داگیركاری سكۆتلانددا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند داناوه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بریتانیا دان. هاوكات سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆی گشتییدا خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌نگ به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ بریتانیا ده‌ده‌ن.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates