Pages

Ads 468x60px

9 Sept 2014

یەکەم جارە شەرم دەکەم بە کوردبوونی خۆم. . .


یەکەم جارە شەرم دەکەم بە کوردبوونی خۆم. . .
دوێنێ ئێوارە بوو کە هەر لە کاژێر ٤ی ئێوارەوە هەتا ١١ی شەو کەناڵە ڕاگەیاندنەکانم دەگۆڕی و بە شوێن هەواڵێکی خۆشەوە بووم لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە!!!.

بەڵام مخابن، مخابن کە وا دەرکەوت ئەمانە سەرکردایەتیی کورسییەکانی خۆیانن، نەک کوردستان.
چرکە بە چرکە و خولەک بە خولەک هێز و توانای ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکە بوون و لە سەر داهاتووی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان و بگرە هەر چوار پارچەی کوردستانیش دانووستانیان دەکرد ، دادەبەزی و هەتا دەهات داخوازییەکانی خۆیان کەم دەکردەوە و بە ناوی خەلکی کوردستانیش تەواویان دەکرد، هەتا دوایین چرکەکان کە سەلیم جبووری دەستی کرد بە کۆبوون ەوەی ڕەسمی و فەرمیی پەرلەمان. ئەو کات بوو کە ئیتر بەشداربوانی کۆبوونەوەکەی گردی زەڕگەتە بینییان کە خەریکە کورسیی وەزارەتەکانیان لە دەس دەچێ و هەم جبووری و هەمیش عەبادی هیچ منەتێکیان بە کوردەوە نیە و ئەگەر بەشدار نەبن ئەوا ئەو کورسیانە دەدەن بە کەسی تر.
بەڵام ئەمانەی نوێنەری ئێمە دەبێ ئەوە بزانن کە هەر ئەو ڕۆژانەی سەرەتای دانووستانەکان کە وا سەقفی داواکارییەکانیان دیاری کرد، دەبوایە یا نەختێک داواکارییەکان کەم بوایە (هەرچەندە کە بە بڕوای من زۆر نەبوە و بگرە کەمیش بوە) یان ئەوەی کە مادامێک کە دیاریت کرد، ئیتر پێویست ناکا ئەو هەتا کۆتایی لە شوێنەکەی خۆی بمێنێت و جووڵە بە خۆی نەکات و تۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و کاژێر لە دوای کاژێر پاشەکشە بکەیت و مافەکانی نەتەوەکەت ببەخشی، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەوان لە سەرەتاوە پێویستییان بە ئێمە بوو.
کە سەیری ئەو پارچە کاقەزەی "داخوازییەکانی کورد" لە ساڵی ١٩٣٣ دەکەم و لەگەڵ ئەو داخوازییانەی کورد!!! لە 08/09/2014 ی هەیئەی دانووستانکاری سەرکردایەتیی کورد لە زەڕگەتە دەکەم و لەگەڵ یەک بەراوردیان دەکەم، شەرم دەکەم و پێم عەیبە بە خۆم بڵێم کورد.

دوێنێ هەر لە پەرلەمانی عێراقدا کە هەم سەلیم جبووری و هەم حەیدەر عەبادییشدا تەنانەت بۆ یەک جاریش وشەی فیدراڵییان نەچەسپاند بە وشەی عێراقەوە. جا هەر کوردە و دەڵێ ئێمە دەبێ متمانە بدەین بە عێراقیەکان و ئەمریکیەکان کە ئێمە ڕەچاوی دەستووری عێراق دەکەین و یەکپارچەیی عێراق دەپارێزین و بڕگەکانی دەستوورەکەی دانە بە دانە لە بەر چاو دەگرین . ئەی ئەوان بۆ پێشێلی دەستوور دەکەن و عێراق وەکوو ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا هاتوە ناو نابەن؟. ئەوە بۆ تەنیا کوردە دەبێ دەستووری عێراقی لە بەر جاو بگرێ؟! ئەوە بۆ تەنیا کورد دەبێ ئاگای لەم وڵاتە نامۆ و نایومنە ببێ و بیپارێزێ؟! ئاخۆ ئەو هەیئەی دانووستانکاری کوردی سەرکردایەتیە کە دوێنێ لە سلێمانی کۆبوونەوە، بۆ یەک جاریش زەحمەتیان نەدا بە خۆیان و بیریان لەوە نەکردەوە کە ئەوان نوێنەری خەڵکێکن کە چرکە بە چرکە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەهاتنە قسە و دەیانگوت کە ئێمە نابێ بەشداری حکوومەتی عێراق بین؟.
باشە بۆ و لە بەر چ بەرژەوەندییەک ئەوەندە تەنازول؟!. ئەوان کە پابەند بە فیدراڵی بوونی عێراقیش نین، ئەی ئیتر من بۆ ئەوەندە سوور بم لە درێژەدان بەم ویلایەتە؟!. بێ شەرمیەکەی دوێنێ لەو کاتەوە گەیشتە لووتکەی خۆی کە هووشیار زیباری لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وتی: خەڵکی کورد دڵنیا دەکەمەوە و متمانەیان پێ دەدەم کە تەنازول لە هیچ مافێکیان ناکەین!!!. باشە ئەگەر تەنازول ناکەن، ئەی ئەو هەموو پاشەکشەیە بە چی ناو دەنێی کاک هووشیار گیان؟. فریاد ڕواندزی دەڵێ مۆڵەتی ٣ مانگە دەدەین بە حکوومەتی عەبادی!!!. ئەی باشە بۆ چی مۆڵەت؟ مەگەر لە سەر چ دەستوورێک و بە چ هۆکارێک ئەم ٨ مانگەتان داوە بە مالیکی کە ئێستاش ٣ مانگی دیکە دەدەن بە عەبادی؟!.
کاک فریاد گیان ئێوە وەکوو دەستەی دانووستانکار دڵنیام کە لە بیرتانە، یەکەم جار بە بەغداتان وت کێشەی ناوچە گەڕێندراوەکانی کوردستان حەل بوە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین لە سەری دانووستان بکەن. بەڵام ئیستا دەڵێن دەبێ لە ماوەی یەک ساڵدا یەکلایی بکرێتەوە. وتتان دەبێ پێس هەموو شتێک و پێش دانووستانەکان مووچەی ئەو ٨ مانگە بگەڕێندرێتەوە، بەڵام ئیستا ٣ مانگی دیکەتان داوە بە عەبادی. وتتان دەبێ پێشمەرگە وەکوو ئەرتەشی عێراقی سەیر بکرێ، ئەوا وەزیری پێشنیارکراوی عەبادی بۆ وەزارەتی بەرگری – عامری- دەڵێ پێشمەرگە کارتۆنییە و فاشیلە!.
بڕوا بکەن نەک هەر من، بگرە بە تەواوی کوردستانیان تێ ناگەن لێتان. نازانین ئێوە خەریکی چین؟!. لێمان مەگرن کە گومانتان لێ بکەین، هەر دوێنێ کە جوبووری دەستی کرد بە کۆبوونەوەکە و عەبادی لە پاش ئەوەی کە زانی ئامادەبوانی پەرلەمان قانوونییە و خەریک بوو ناوی وەزیرەکانی ڕابگەینێ، و پاسان ئێوەش بە پەلە مەسێجتان بۆ نوێنەرە کوردەکان نردەوە کە بچنە نیو کۆبوونەوەکە، ئەوکات بینیمان ناوی دەستەی دانووستانکار لە لیستی عەبادیدایە وەکوو وەزیر. باشە ئەگەر ئێوە بن لە باتی ئێمە، چۆن بیر دەکەنەوە؟ ئایا خەمی کورسیتان بوو یان خەمی قووتی هەشت مانگەی خەڵکە هەژار و داماوەکە؟ تکایە لێمان زیز مەبن. بەڵام هەر ئەوەندەی کە هەوڵ دەدەن عەرەبەکان تێبگەیەنن و دڵنیایان بکەنەوە کە خەمی عێراقتان هەیە و هەموو هەوڵتان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی کە ئەو دەستوورە جوانەیان پێشێل نەکرێ و تووڕە نەبن لێتان، ئەوەندەش ، نە نە، ئەوەندەی ئەوان زۆرە ، نیوەی ئەوان، ئێمەی دانیشتوانی کوردستانیش و قسەکانمان تەحەمول بکەن و وەڵاممان بدەنەوە.
ڕاستی یەک شتی تر : باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەو ناز و عیشوەیەتان نەکردبا و بەشداریتان ڕاگەیاندبا؟!.
پیرۆز بێ لە ئێمەی کورد، دوایین خەڵەتانمان.
من کە بەش بە حاڵی خۆم شەرم دەکەم.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates