Pages

Ads 468x60px

28 Feb 2020

کۆماری ئیسلامی لە مهاباد لە ڕێگەی شەڕی سابڵاغی بوون و کرمانج بوون دەیهەوێ خەڵک پەلکێشی سندوقەکانی دەنگدان بکات



کۆماری ئیسلامی لە مهاباد لە ڕێگەی شەڕی سابڵاغی بوون و کرمانج بوون دەیهەوێ خەڵک پەلکێشی سندوقەکانی دەنگدان بکات

سوپای پاسداران لە ڕێگەی دوو مۆرەی خۆی کە بریتین لە ڕەحیم نوربەخش و جەلال مەحمودزادە کە هەردوکیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕژیم پاڵاوتووە هەوڵی ئەوە دەدات بە بەردێک دوو کێل بشکێنێت و لە لایەک بازاڕی هەڵبژاردنیان پێ گەرم دەکات و لە لایەکی دیکە لە مهاباد کێشە و ناکۆکی لە نێو وردە فەرهەنگ و هەرێمە جیاوازەکان درووست دەکات.


لە کاتێکدا بە گشتی لە هەموو کوردستان ستادی بانگەشەی بەربژێرەکان چۆڵن، خەڵک بە تەواوی لە ڕژیم بێهیوا بووە و لاوان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات دەچن و ستادی بەربژێرەکان دەسوتێنن کەچی جەلال مەحمودزادە نوێنەری ئێستای مهاباد لە مەجلیس و بەربژێر بۆ خوولی نوێی هەڵبژاردنەکان و و ڕەحیم نوربەخش بەربژێری ئەم خوولە خەریکن لە ڕێگەی سازکردنی ناکۆکی بە بیانووی سابڵاغیگەری و کورمانجیگەری خەڵک هان دەدەن بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

رەحیم نوربەخش خۆی وەک نوێنەری بەشی شارستانی و ئەوەی کە ڕژیم بە ناوی (ئەسڵە سابڵاغی) بوون پەرەی پێداوە دەناسێنێ و  لە لایەکی و جەلال مەحمودزادە بە ناوی (نوێنەری کرمانجەکان)خەڵکی گووند و ناوچە پەراوێزەکانی شاری وەک پشت تەپ، باغی شایگان و .... خەریکی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی مهابادن.

خەڵکی مهاباد وەک زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران بڕیاریان داوە هەڵبژاردنەکانی ڕژیم بایکۆت بکەن و لاوانی ئەو شارە دەڵین ئیدی خەڵک فریوی درۆ و دەلەسەی مۆرەکانی سەر بە ڕژیم ناخۆن.

لاوانی مهاباد بەردەوام باس لەوە دەکەن پێترۆشیمی مهاباد کەمتر لە ٥ لەسەدی ئەوانەی کاری تێ دا دەکەن کوردن و ئەوانەی دیکە هەموو فارس  و تورکن . ئەوە لە کاتێکدایە جەلالی مەحمودزاە قەت نەیتوانی بە کردەوە هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی بێکاری لە مهاباد و دامەزرانی لاوەکانی لە تەنیا ناوەندی پیشەسازی ئەو شارە واتە پێترۆشیمی بڕەخسێنێت.

٢٠ ساڵە نوێنەرانی مهاباد باس لە تەواوکردنی زانستگای پیراپزشکی ئەو شارە دەکەن بەڵام هەر هاتن و بودجەیان بۆ وەرگرت و لەگەڵ پەیمانکار خواردیان و هیچیان نەکرد.

هەزاران لاوی مهابادی لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان خەریکی کۆڵبەرین و دەرفەتە کاریەکانی مهاباد بە کەسانی تورک و غەیرە کورد پڕ کراوەتەوە.



شایانی بە ساڵانە کۆماری ئیسلامی لە مهاباد لە ڕێگەی مۆرەکانی خۆیەوە هەوڵی درووست کردنی کەلێن لە نێو ڕیزەکانی خەڵکی ئەو شارە دەدات . دوو دەستەواژەی سابڵاغی بوون و کرمانج بوون کەم کەس هەیە لەسەر شاری مهاباد و دانیشتووانی ئەو شارە نەیبیستبێت.

بە داخەوە ئەو پلانەی سوپای پاسداران بەرابەر خەڵکی مهاباد وەک پیلانی لێک دژکردنی بۆکان و مهاباد، سەقز و بۆکان، سنە و کرماشان کاری کردووەتەوە سەر بەشێک لە خەڵکی ئەو شارە و تەنانەت لە ئاستی نوخبە و بژاردەکانیشدا هێندێک جار ئەوە بەدی دەکرێت و تەنانەت لە نێو حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە.

بە تێکدانی پیلانی دووژمنانی کوردستان تەنیا ناسنامەیەک کە هەموومان دەبێ لە هەموو ناسنامەیەکی دیکە لەلامان گرینگتر بێت کورد بوون  وکوردستانی بوونە.

با نەهێڵێن بە بیانووی شار و گووند کۆماری ئیسلامی لێکمان بکات بە دووژمن و لە پێناو درێژکردنەوەی تەمەنی ڕوو لە تەواو بوونی خۆی بەکارمان بێنێت.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates