Pages

Ads 468x60px

16 Jul 2022

وێنەی مانگە دەستکردەکان ئاشکرایان کرد.. لانیکەم دووجار شاندی رووسیا سەردانی ئێرانیان کردووە بۆ پشکنینی درۆنەکان

 


وێنەی مانگە دەستکردەکان ئاشکرایان کرد.. لانیکەم دووجار شاندی رووسیا سەردانی ئێرانیان کردووە بۆ پشکنینی درۆنەکان


بە گوێرەی چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان کە تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی هەواڵی دەستی کەوتووە، شاندێکی رووسی لانیکەم دووجار سەردانی فڕۆکەخانەیەکیان کردووە لە ناوەندی ئێران بە مەبەستی پشکنینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەتوانایدایە مووشەک هەڵبگرن.


بەرپرسانی ئەمریکا بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن"یان روون کردەوە، لە میانی بوونی شاندەکە لە فڕۆکەخانەی کاشان لە باشووری تاران لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، ئێران درۆنەکانی لە جۆری "شاهید ـ 191" و "شاهید ـ 129" بۆ شاندەکە نمایش کرد، ئاماژەشیان پێدا، هەردوو درۆنەکە دەتوانن مووشەکی ئاراستەکراوی ورد هەڵبگرن.


لای خۆشیەوە، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "زانیاریمان لایە کە حکوومەتی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ پێدانی سەدان درۆن بە رووسیا. ئێمە پێشبینی دەکەین شاندێکی فەرمی رووسی ئامادەی نمایشێکی درۆنەکانی ئێران بووە. وێنەی مانگە دەستکردەکان ئەوە دەردەخەن کە شاندە رووسییەکە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو ئەو درۆنانەیان بینیوە".


سۆلیڤان، ئاماژەشی پێدا، ئەوە یەکەم سەردانی رووسیایە بۆ فڕۆکەخانەی کاشان، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردەوە، رووسەکان جارێکی دیکە لە 5ی ئەم مانگە سەردانی ئێرانیان کردووەتەوە بۆ هەمان مەبەست.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates