Pages

Ads 468x60px

15 Jun 2012

جووله‌که‌کانی کرماشان:لەسەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە تا کۆتاییەکانی جەنگی دووهەمی جیهانی



جووله‌که‌کانی کرماشان:لەسەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە تا کۆتاییەکانی جەنگی دووهەمی جیهانی








گەڕەکی جووله‌که‌کانی کرماشان لەناوچەی (فەیزئاوا) هەڵکەوتبو 

جووله‌که‌کانی کرماشان:یەکێک لەو کتێبە گرینگانەی لەو ساڵانەی دواییدا سەبارەت بە ئێران و جووله‌که‌ کوردەکان لە ئیسرائیل بڵاو کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکە کە لەلایەن دکتۆر ئۆراهام (خەلیل) کۆهەن، لە زانکۆی عیبری ئۆرشەلیم چاپ و بڵاو کراوەتەوە.کتێبی ئاماژەپێکراو کۆمەڵێک توێژینەوە دەگرێتە خۆ کە سەبارەت بەکەلتورو پەروەردەی جووله‌که‌کان لەئێران ئەنجام دراوە و سەنتەری لێکۆڵینەوەی “ئیبنی سەوا” لەئۆرشەلیم، کەناوی دوهەم سەرۆک کۆماری ئیسرائیلی لێنراوە، پشتگیری لێکردووه‌.
ئۆراهام، نوسەری کتێبەکە، خۆی لەشاری کرماشان لەدایک بوە و ساڵانێکی دورو درێژ لەئیسرائیل بەڕێوەبەر بوە و تێزی دۆکتۆراکەی لەسەر ئەو قوتابخانانەیەی ئێرانە کە ئالیانس بون و نرخێکی زانستی تایبەتی هەیە.
کتێبی جووله‌که‌کانی کرماشان، بەزمانی عیبری نوسراوە و هێشتا بۆ سەر زمانەکانی دیکە وەرنەگێڕدراوە. لە سێ پشکی یەکەمدا باس لەچارەنوسی جووله‌که‌کانی کرماشان دەکات کە روبەڕوی راوەدونان و ئازار بونەتەوە لەلایەن ئاژاوەگێڕەکان و توندڕەوەکانەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم (تا هاتنی رەزا شا) بەچاوێکی سوک لەجووله‌که‌کانیان دەڕوانی.

نوسەر لەم کتێبەدا ئەوە شیدەکاتەوە کە چۆن کەسانی بەڕواڵەت ئیسلامی، هەمو جۆرە گوشارێکیان لەسەر جووله‌که‌کان پەیڕەو کردووه‌ و ناچاریان کردون رو لەئاینی ئیسلام بکەن. ئەو هۆکارانەیشی لەسەدەی نۆزدەهەم بونە فاکتەرێ بۆ سەر لەنوێ ژیانەوەی جووله‌که‌کانی کرماشان، لەو مژارانەیە کە لەم کتێبەدا لێکۆڵینەوەیان دەربارە کراوە.
نوسەر لەسەرەتادا، وێڕای ئاماژەکردن بەتایبەتمەندیە جوگرافیەکانی پارێزگای کرماشان و دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و روداوە مێژوییەکان ــ‌ لەوانە دەسەڵاتدارێتی بەهرام، چوارەم شای ساسانی بەسەر ناوچەکەدا ــ دێتە سەر سەربوردەی کرماشان و سەرجەم ئەو جولەکانەی بەدرێژایی مێژو لەو ناوچەیە ژیاون.

کتێبەکە لەهەمان سەرەتادا ئەوەمان دەخاتەوە بیر کە کرماشان ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ناوچەیەکی پیشەیی و پێشکەوتو نیە و حکومەتەکانی ناوەند، ئەو بەشەی کوردنشینی ئێرانیان وەک سەرجەم بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان چەوساندۆتەوە. ئەوە لەکاتێکدا کە پاڵاوگەی کرماشان ساڵی 1935ی زاینی دامەزراوە و ساڵانی 1940یش فڕۆکەخانەی کرماشان دروست کراوە، بەڵام مۆدێرنیزاسیۆن بەخێرایی نەگەیشتە ئەم بەشەی ئێران و کرماشان نەگەیەنرایە ئاستی ناوچە پیشەییەکانی دیکەی ئێران وەک ئیسفەهان و تەورێز.
گەڕەکی جووله‌که‌کانی کرماشان لەناوچەی (فەیزئاوا) هەڵکەوتبو و چۆمی (ئابشوران) کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ ئاوی هەبو، لەو شوێنە تێدەپەڕی، بەڵام لەڕاستیدا شتێک نەبو جگە لە عەمبارێک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و زاڵ و پیسایی و بۆگەنی زەلکاو هاوینان ئەو گەڕەکەی وە ئامان دێنا. گەڕەکی جووله‌که‌کان لەنزیک یەکێک لە پێنج دەروازەکەی شاری کرماشان بو و بۆیەش خەڵک بەو دەروازەیەیان دەگوت “دەروازەی جووله‌که‌کان”.
سەرەتای سەدەی نۆزدەی زایینی، ژمارەی خێزانە جووله‌که‌کان دەگەیشتە 136 خێزان، کە لە چوار کۆڵانی باریک و تەنگەبەر و چەپەر لەناو دو شەقامدا دەژیان. موسڵمانە توندڕەوەکان، خانوەکانی خۆیان بەجووله‌که‌کان نەدەفرۆشت، بۆیە جووله‌که‌کان نەیاندەتوانی خانو بکڕن و لە ناو ماڵانەی هەیانبو، ژیانێکی ئەستەمیان دەبردە سەر چونکە ژمارەیان زۆر بو و لەو ماڵە بچوکانەدا نەدەگونجان. ماڵەکان بەیەکترەوە نوسابون و دەکرا تا ئەو سەری کۆڵان لە سەربانی ماڵێکەوە بچیتە سەر بانی ماڵێکی دیکە. تەنیا لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشاکانی بنەماڵەی پەهلەویدا یەهودییەکانی کرماشان هەندێک ئارامیان بۆ گەڕایەوە و توانیان لەو چوارچێوەیەی بەزۆر بەسەریاندا سەپابو، خۆیان رزگار بکەن و لەشوێنەکانی دیکەی شار بژین.
کۆنترین نوسین سەبارەت بە جووله‌که‌کانی کرماشان دەستخەتی خاخامێکی جووله‌که‌یە بەناوی داوید داویت هیلێل کە ساڵی 1825ی زایینی کرماشانی بینیوە و نوسیویەتی: “ژمارەی خێزانە جووله‌که‌کان لەو شارەدا، 300 سەر خێزانە.” بەڵام دکتۆر ئاوراهام کۆهەن دەڵی لەتوێژینەوەکانیدا، بەڵگەیەکی باوەڕپێکراوی دەست نەکەوتوە کە ئەم راستیە بسەلمێنێ.
نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەهەمی زاینی، کرماشان دەستەویەخەی پێکدادان و شەڕ بوو. نیوەی دوهەمی هەمان سەدە، کەریم خانی زەند دو جار لەسەر یەک هێرشی کردە سەر کرماشان. ئەم هێرش و تاڵانکردنانە، وایکرد زۆربەی جووله‌که‌کان لەو شارە رابکەن. کەواتە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمی زاینی، سەرجەم ژمارەی دانیشتوانی کرماشان بە پانزە هەزار کەس بەراورد دەکرێ.
هەندێک نوسینی تریش دەربارەی ژیانی خەڵکی کرماشان و جووله‌که‌کانی، بەقەڵەمی گەشتیارێک بەناوی دکتۆر ۆلف و هەروەها کەسێکی تر بەناوی دوساسی، لەبەر دەست دایە. دکتۆر ۆلف لەمیانەی ساڵانی 1824 و 1830 دو جار سەردانی ئێرانی کردووه‌. دوساسیش مانگی ئۆکتۆبەری 1807 کرماشانی بینیوە. ئەو لەکتێبێکدا دەنوسێ:‌ “ژمارەی دانیشتوانی کرماشان 16 بۆ 18 هەزار کەس دەبێ کە لەژێر چەتری حکومەتی شازادە محەمەد عەلی میرزا، ژیانێکی هێمنیان هەیە.” دوساسی بەردەوام دەبێ “بەڵام جووله‌که‌کانی کرماشان نەگبەت ترین و زوڵملێکراوترین خەڵکی شارن. ئەوان ئازار دەدرێن و خەڵک هاموشۆیان لەگەڵدا ناکات، هەر کارێکی بیکەن، دژایەتیان لەگەڵدا دەکرێ.” دوساسی خۆی لەو کەسانەیە بەبیروبۆچونی دژە جووله‌که‌ ناسراوە.
بەریتانییەکیش بەناوی باکینگهام، کە پێش نۆڤەمبەری 1821 سەردانی کرماشانی کردبو، نوسیویەتی: پێموانیە ژمارەی جووله‌که‌کان لەو شارەدا لەسەد کەس زیاتر بێ.
ساڵانی دواتر، ژمارەی جووله‌که‌کانی شارەکە هەندێک زێدەی کرد. ساڵی 1838 نزیکەی شەست خێزان و بەگشتی 300 جووله‌که‌ لەکرماشان دەژیان و ساڵی 1873 ئەم ژمارەیە، گەیشتە 600 کەس.

ئەو ساڵانەی، نەخۆشی قورس و قات و قڕی، هۆکاری سەرەکیی مردنی خەڵک بو، ژمارەیەکی بەرچاو لەجووله‌که‌کانی کرماشانیش توشی نەخۆشی بون. پیسبونی ئاوی شارو نەبونی دەرمان و خزمەتگوزاری، ژیانی هێندەی دیکە بۆ ئەوان ئەستەم کردبو. لە دەیەی حەوتەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، دەزگایەکی خێرخوازی کە هی جووله‌که‌یەکی چاکەکاری بەریتانی بو بەناوی لۆرد موشە مۆنتیفیۆری، بڕی 275 لیرەی ئیسترلینگی پێشکەش بە جووله‌که‌کانی کرماشان کرد بۆ ئەوەی یارمەتی پزیشکیان پێ بگات و لەبەلەنگازی رزگاریان بێ. بەڵام ئەم ئالیکارییانە بە تەنها بەس نەبون.
زیلبێرشتاین ژمارەی جووله‌که‌کانی کرماشان لەساڵی 1932دا بەنزیکەی دو هەزار کەس لەقەڵەم دەدا، ئەوە لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە لەو ساڵەدا، ژمارەی راستەقینەی جووله‌که‌کان 2300 کەس بوە.

لێکۆڵەران پێیان وایە دەورەبەری جەنگی جیهانی دوهەم، ژمارەی جووله‌که‌کانی کرماشان بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو کات نزیکەی 2500 کەس بوە. ماوەیەک پاش جەنگی جیهانی دوهەم، لە ساڵی 1948ی زایینیدا (ئەو ساڵەی ئیسرائیل سەربەخۆیی وەرگرت) ژمارەی جووله‌که‌کانی ئیسرائیل پەرەی سەندبو و گەیشتبوە 2864 کەس.
هەژاری و پیسبونی ئاوی خواردنەوە و ئازارو راوەدونان وایانکرد زۆربەی ئەو جولەکانەی مابونەوە، ناوچەکە جێ بهێڵن و کۆچ بکەنە تاران یاخود ئەو شارانەی هەڵاواردن تیایدا کەمتر بو. هەندێکیشیان کۆچیان کردە وڵاتی ئیسرائیل، هەرچەند لەو ساڵانەدا کۆچکردن زۆر ئەستەم بو.

هەندێک لەجووله‌که‌کانی کرماشانیش ئەو جووله‌که‌ بەرەسەن عێراقیانە بون کە لەبەر ئازارو زەخت و زۆری ئیسلامیە توندڕەوەکان، عێراقیان بەجێهێشتبو و ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیان بۆ مانەوە هەڵبژاردبو. ئەوان لەچاو جووله‌که‌کانی کرماشان بارودۆخێکی باشتریان هەبو. “هوخبرگ” کە کاتی خۆی چاوی بەناوچەکە کەوتوە، دەڵێ هەندێک لەو جولەکانە لەژێر سەرپەرشتی گروپی ئالیانس و گروپی (جووله‌که‌کان جەستەیەکی یەکگرتون) دابون.
نمونەیەکی سەرنج راکێش لەسەر ئاماری جووله‌که‌کانی کرما‌شان کە لەم کتێبەدا بەرچاومان دەکەوێ، ئەو رێژەیەیە کە سەبارەت بە پیشەی 289 کەس لەسەرپەرشتیارانی خێزانەکان لەساڵی 1903 دەست کەوتوە. باسان کە خۆی لە ناوچەکە بوە، دەڵێ 129 پیاوی جووله‌که‌ فرۆشیاری بەهارات، گیای دەرمان، فرۆشیاری فەڕش و بەڕماڵ یاخود وردەواڵە فرۆش بون. 85 پیاویش سەرقاڵی فرۆشتن بەتاک و کۆ و کاروباری دوکانداری بون. 68 پیاوی جووله‌که‌ رەنگڕێژ، زێرنگەر، فەڕشچن، ئارایشگەر یاخود مامۆستا بون. حەوت جووله‌که‌ش کرێکاری سادە بون و دوکەڵ کێش و ئاوی حەوزەکانیان خاوێن کردۆتەوە یان کاری دیکەیان کردووه‌، لەناو ئەو کرێکارانەدا یەکێکیان لەهەمویان هەژارتر بوه و لە رێگەی باربردنی نانەواخانەیەکەوە بژیوی رۆژانەی دابین کردووه‌.
سەرکوتی بزوتنەوەی مەشروتە و روداوەکانی دوای ئەو بزوتنەوەیە، بارودۆخی جووله‌که‌کانی لەناوچە کوردنشینەکان ئەستەم کرد. شێخ محەمەد مەهدی یەکێک لەکاندیدەکانی هەڵبژاردنی مەجلیس لەساڵی 1907 بۆ راکێشانی خەڵکی کرما‌شان بۆ لای خۆی، هێرشی بردە سەر جووله‌که‌کان و لەهەڵمەتەکانی پڕوپاگەندەدا ئەو نوسینانەی بڵاو کردەوە؛
جووله‌که‌کان نابێ لەکاتی باران باریندا لەماڵەکانیان بێنە دەر ــ بۆ ئەوەی نەکا دڵۆپە بارانی جل و پێڵاوەکانیان، زەوی موسڵمانەکان گڵاو نەکا.

جووله‌که‌کان نابێ سواری ئەسپ بن، بۆ ئەوەی هەست بە سەربڵیندی نەکەن.
جووله‌که‌کان نابێ ریشیان بتاشن، بۆ ئەوەی بەردەوام ناحەز بێنە بەر چاو.
جووله‌که‌کان نابێ ماڵێک دروست بکەن کە لەسەروی ماڵی جیرانە موسڵمانەکەیانەوە بێ.

ساڵی 1909 ماڵ و دوکانی جووله‌که‌کانی کرماشان تاڵان کرا، بەڵام جووله‌که‌کان وەها لەبێدادی دەوڵەت و پادشا ناهومێد ببون، کەتەنانەت سکاڵایشیان نەکرد و دەیانزانی حکومەتی ناوەندی سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی و چارەنوسی جووله‌که‌کانی کرماشانی بەلاوە گرینگ نییه. لەگەڵ ئەمانەشدا جووله‌که‌کانی کرماشان توانیان دیسانەوە لە سەر پێی خۆیان بوەستن و کۆمەڵگای خۆیان بژێننەوە. بەهوی ئەوەی کرماشان دەروازەی رۆیشتنی شیعەکان بو بۆ سەردانی شوێنە پێرۆزەکانی عێراق، هەناسەیەکی هاتەوە بەر جەستەی بازرگانی جووله‌که‌کان.
لەناو کەسایەتیە جووله‌که‌کانی کرماشان دەتوانین ئاماژە بە شەمۆئیل یحزقل حەییم بکەین کە لەو شارە لەدایک ببو و دواتر وەه نوێنەری جووله‌که‌کان گەیشتە مەجلیسی شۆڕای میللی. بەڵام ساڵی 1931 لەلایەن دەوڵەتی ئەو کاتەوە بەتاوانی هەوڵدان بۆ روخانی حکومەت حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچو و حوکمەکەش جێبەجێ کرا. دواتر رون بویەوە کە ئەم تۆمەتە لە جێ دا نەبوە و هۆکارەکەی بەربەستە سیاسیەکان بون لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی رەزا شادا.
شیاوی گوتنە کۆمەڵێک وێنەو بەڵگەی باڵکێش و مێژویی بۆ یەکەمجار لەو کتێبەدا بڵاو کراونەتەوە کە ئەمەش ناوەڕەۆکی کتێبەکەیان گرینگ کردووه‌.
 گۆڤاری ئیسرائیل-كورد

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates