Pages

Ads 468x60px

10 Oct 2015

كاتێ كورد مێژوو له‌بیر ده‌كات مێژووش له‌ناخیدا ونی ده‌كات!


كاتێ كورد مێژوو له‌بیر ده‌كات مێژووش له‌ناخیدا ونی ده‌كات!

به‌شی پێنج‪: له‌نووسینی؛ ئاریتما موحه‌ممه‌دی  :
مانه‌وه‌ی ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د پێگه‌یه‌كی بته‌و بۆ فاشیسمی فارس له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێ و ئێران له‌و ڕێگایه‌وه‌ بشێویشی خستووه‌ته‌نێو كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی! ئاریتما موحه‌ممه‌دی


فاشیسمی فارس و كه‌له‌مانگی شیعه‌؛
هه‌نووكه‌ هه‌ژموونی سیاسیی فارس له‌ هی سه‌رده‌میی سه‌فه‌وییه‌كان ده‌چێ و كه‌له‌مانگی شیعه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ڕژیمی ئێرانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت ڕیشكی له‌نێو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتانی ئێراق، سووریه‌، لووبنان و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بیی داكووتاوه‌ كه له‌و پێوه‌ندییه‌دا وڵاتی‌ یه‌مه‌ن ئاماژه‌یه‌كی ڕوون و بته‌وه‌. هاوكات ڕژیمی ئێران كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی فاشیسمی فارس ده‌كات توانیوێتی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌دا كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ وڵاتانی زلهێزی جیهانه‌وه‌ تێی ئاژناوه‌، خۆی ڕزگار بكات و قه‌یران و گوشاره‌كانی نێوخۆ كه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌كه‌یه‌وه‌‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌كرێته‌وه‌ سه‌ركووت بكات و كێشه‌كان هه‌نارده‌ی وڵاتانی ژێر هه‌ژموونی خۆی بكات و سرنجی وڵاتانی زلهێز په‌لكێشی كێشه‌كانی نێو وڵاتانی ئاماژه‌پێكراو بكات. هه‌رچه‌ند فاشیسمی فارس له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان نه‌یتوانی بره‌و به‌ هێز و هه‌ژموونخوازیی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ بدا و پاشه‌كشه‌ به‌ ئووسمانییه‌كان بكات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه‌ فاشیسمی فارس توانیوێتی كه‌له‌مانگی شیعه‌ پێك بهێنێت و به‌شێكی زۆر له‌ خاكی ژێر ده‌سه‌ڵاستی ئه‌و كاتی ئووسمانیی به‌كرده‌وه‌ داگیر بكات. تاكوو ئێره‌ ئه‌مه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێك بۆ فاشیسمی فارس كه‌ له‌ژێر چه‌تری كه‌له‌مانگی شیعییدا خۆی مات داوه‌ هه‌ژمار بكرێت. ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای مه‌ترسییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فاشیسمی فارس سنووری بۆ داگیركاریی و ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی خۆی دانه‌ناوه‌ و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی هێرش بۆسه‌ر گه‌لانی ده‌ورووبه‌ره‌. ئه‌م هێرشانه‌ش كۆی گشتیی جوگرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌به‌ر ده‌گرێت. به‌ڵام له‌م كێشمه‌كێشانه‌دا لایه‌نه‌كانی سیاسیی باشووری كوردستان دابه‌شبوونه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو كه‌له‌مانگی شیعیی و سوونیی. ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ناكرێت. چونكه‌ له‌ ئاكامدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م كورد ده‌بێ. ئه‌م دابه‌شبوونه‌ زیان به‌ ئاشتیی و یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌مان دابه‌شبوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتووریی ئووسمانیی و سه‌فه‌وه‌ییدا له‌تبوونی خاكی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌. كه‌واتا نابێ ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵانه‌ دووپات بكه‌ینه‌وه‌.

ئێران و بوومبی ئه‌تۆم؛
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پێكهاتنی ئه‌تۆمیی ڕژیمی ئێران له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، هه‌رچه‌ند ڕێ له‌ ڕژیم ده‌گرێت كه‌ بوومبی ئه‌تۆم درووست بكات، به‌ڵام له‌ملاشه‌وه‌ ده‌ستی ڕژیمی پتر كراوه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌كه‌ زۆرتر په‌له‌فڕته‌ بكات و هێزه‌كانی له‌ وڵاتی دیكه‌ و به‌تاییبه‌ت له‌ سووریه‌، ئێراق و لووبنان سه‌رله‌نوێ ڕێكبخاته‌وه‌. له‌پاش ئه‌وه‌كه‌ فاشیسمی فارس به‌ ته‌واوه‌تیی له‌وه‌ دڵنیا بوو كه‌ ئیتر ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ناڕۆخێت، ئه‌و كات ده‌توانێ سازانه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا تێك بدات و دیسان هه‌وڵ بۆ درووست كردنی بوومبی ئه‌توومیی بدات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێ كه‌ كه‌وته‌به‌ر گمارۆ و ئابڵۆقه‌كانی ئابووریی ڕۆژئاوا، هه‌ستی به‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م سازكردنی بوومبی ئه‌تۆمیی كرد و هه‌نووكه‌ ده‌زانێ كه‌ پێداویستییه‌كانی درووستكردنی بوومبی ئه‌تۆم چین‌. بۆیه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و پێداویستییانه‌ دابین بكات، ئه‌وكات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕێبازی پێشووی خۆی. ئێران ده‌ستخستنی بوومبی ئه‌تۆم وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ داگیركردنی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێناسه‌ ده‌كات، بۆیه‌ كشانه‌وه‌ له‌م ویسته‌ گه‌لێك ئه‌سته‌مه‌. هه‌رچه‌ند باش له‌وه‌ش‌ ئاگاداره‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا دژایه‌تیی ئه‌و هه‌وڵه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكوو دژبه‌رانی ئه‌و بیرۆكه‌ی ڕژیمی ئێران گه‌لێك زۆرن و ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیی و هندێكی دیكه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌م ویسته‌ی ڕژیم ‌ئه‌ژمار ده‌كرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئێران گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تی پێشووی خۆی ئه‌وا ئه‌وكات وڵاتانی عه‌ره‌بیش هه‌وڵی سازكردنی بوومبی ئه‌تۆمیی ده‌ده‌ن. دیاره‌ ئیسرائیل هیچكات ئیزن به‌وه‌ نادات كه‌ ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌ ببنه‌ خاوه‌ن بوومبی ئه‌توومیی. بۆیه‌ ڕێگرتن له‌ ئێران به‌ واتای ڕێگرتن له‌و وڵاتانه‌ش دێت.

فارس و مێژووی كورد؛
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تاكه‌ هۆكاری مه‌به‌ستدار كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌كه فارسه‌كان‌ كورد به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ساده‌ و بێخه‌ش پێناسه بكه‌ن‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاسایی نییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمانه‌كه‌ت داگیر بكات، كولتووره‌كه‌ت چه‌واشه‌ بكات، مێژووی سیاسیت بشێوێنێ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییت له‌نێو ببات و به‌رده‌وام بتچه‌وسێنێته‌وه‌ و لاوان و ڕۆڵه‌كانت له‌دار بدات و كانیاوه‌كانی نه‌وت و ئاوی كوردستان وشك بكات و تۆش به‌ نزیكترین نه‌ته‌وه‌ی دۆست له‌خۆت تۆماری بكه‌یت، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه‌ وتی فارس ئامۆزای كورده‪!‬ نابێ ئه‌م هه‌ڵه‌ ستراتیژییانه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌. له‌ كتێبی شاهنامه‌دا كه‌ كتێبێكی نه‌ته‌وه‌یی فارسه‌ و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كتێبێكی مێژووییشه‌ و مه‌زنایه‌تیی فارس له‌و كتێبه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌نده‌ چه‌واشه‌كار و خۆبه‌زلزانن‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و كتێبه‌ مێژوویی نییه‌ و له‌ سه‌رده‌مێكی نزیكدا نووسراوه‌‌، كه‌چی كورد به‌ هۆزێكی شاخاوی پێناسه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ سه‌رۆك هۆزێكیان هه‌بووه‌ و هه‌موو ڕۆژێ دوو لاوی كوشتووه‌ و ده‌رخواردی ئه‌و دوو ماره‌ی سه‌رشانه‌كانی داوه‌ و …. هتد. هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند به‌شی دیكه‌دا به‌زۆر شێوه‌ی ناشرین هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر كورد و نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌بێ بنه‌چه‌ نێو ده‌بات و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر فارس ده‌یان كه‌سی له‌ده‌ست ئه‌و پاشا چه‌وسێنه‌ره‌ ڕزگار نه‌كردایه‌ و بۆ سه‌ر شاخه‌كان به‌ڕێی نه‌كردان ئه‌وا ئیستا كورده‌كان بوونیان نه‌ده‌بوو! ڕاستی ئه‌م چیرۆكانه‌ هه‌موو پێچه‌وانه‌ن!

وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و كتێبه‌ مێژوویی بێ و هه‌موو نووسینه‌كان هی فیرده‌وسی نۆكه‌ری ده‌ر‌بار بێ، كه‌واتا زۆر به‌ ئاسانی هه‌ست به‌و ترسه‌یان ده‌كه‌یت كه‌ له‌ كورد هه‌یانبووه‌ و كورد وه‌ك نه‌یاری سه‌ره‌كیی خۆیان پێناسه‌ كردووه‌. چونكه‌ له‌و كتێبه‌دا سه‌دان بێڕێزی به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد كراوه و تۆمه‌تیان بۆ هه‌ڵواستووه‌. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ فارس نه‌یاری سه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌‌ و له‌ شێواندنی مێژوو كوردیش ڕۆڵی سه‌ره‌كیی گێراوه‌. فارسه‌كان ئه‌و كتێبه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووریی و كۆبه‌ندی وشه‌گه‌لی فارسی هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌و كتێبه‌دا  كه‌ڵك له‌ چه‌ندین هه‌زار وشه‌ی كوردی وه‌رگیراوه‌. د. عه‌لی ڕه‌زا ده‌روێشیان كه‌ نووسه‌رێكی كرماشانییه‌ و خزمه‌تێكی زۆری به‌ زمانی فارسی كردووه،‌ هه‌رچه‌ند كوردیشه‌، به‌ڵام هاوكات پتر له‌ چه‌ند هه‌زار وشه‌ی كوردی له‌كتێبی شاهنامه‌ی فارسیدا جیاكردووه‌ته‌وه‌ و كۆكاریی دۆكتۆراكه‌شی له‌سه‌ر هه‌مان پرس بووه‌. ئیتر باس له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ چه‌ند وشه‌ی تر‌ بۆ به‌ڕێزیان نه‌ناسراو‌ بووه‌ كه‌ ده‌كرێ به‌ كۆڵینه‌وه‌ی چڕوپڕ له‌و كتێبه‌ جیا بكرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ ترسی فارسه‌ بووه‌ له‌ كورد و ئه‌م ترسه‌ش تاكوو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بوونی هه‌یه‌ و نه‌ڕواوه‌ته‌وه‌. شه‌هیدكردنی سمكۆی شكاك، ڕۆخاندنی كۆماری كوردستان و له‌ سێداره‌دانی پێشه‌وای كورد قازی، تیرۆری ڕێبه‌رانی نوێخوازی كورد، ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ڕژیمی ئێڕاق و توركییه‌ بۆ له‌نێو بردنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و هێنانی نسكۆ به‌سه‌ر شۆڕشی باشووری كوردستان له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك له‌و هه‌وڵانه‌ی فاشیسمی فارسه‌ كه‌ به‌ پێی پیلانی درێژخایه‌ن و داڕشتنی ستراتیژیی تووكمه‌ به‌ كرده‌وه‌ هه‌وڵی بۆ تێكدانی شۆناس و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد داوه‌.
دره‌ژه‌ی هه‌یه‌…

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates