Pages

Ads 468x60px

23 Aug 2014

پێنج ئەندامی پایەبەرزی سوپای قودس لە لیستی تیرۆردان


پێنج ئەندامی پایەبەرزی سوپای قودس لە لیستی تیرۆردان
NNSROJپێنج ئەندامی پایەبەرزی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەناویاندا پاسدار قاسم سولەیمانیی فەرماندی گشتیی ئەو سوپایە، لە ڕیزی ئەو کەسانەدان کە یەکیەتیی ئەورووپا بە تیرۆریستیان دەزانێ.

لە لیستی تیرۆری ئەمساڵی یەکیەتیی ئەورووپادا، کە کاترین ئەشتۆن لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا و لەسەر ناوی ئەنجومەنی بەرزی یەکیەتییەکە واژۆی کردووە، ناوی ژمارەیەک لە گەورەبەرپرسانی سوپای قودسی ئێرانی هاتووە کە لە ناویاندا فەرماندی گشتیی ئەو سوپایە "قاسم سولەیمانی"یش دەبینرێ.

حامید عەبدوڵاهی، لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٠، عەبدولڕەزا شەهلایی لە دایک بووی ١٩٥٧ لە کرماشان، مەنسوور ئەربابسیار لە دایک بووی ١٩٥٧، عەلی غوڵام شەکوری لە دایک بووی ١٩٦٥ لە تاران و سەرئەنجام قاسم سولەیمانی، لەدایک بووی یازدەی مارسی ١٩٥٧ و هەڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسیی ئێران ناوی ئەو فەرماندانەی سوپای قودسە کە لە ژمارەکانی ١، ٤، ٨، ٩ و ١٠ی لیستەکەی یەکیەتیی ئەورووپادا ڕیزبەند کراون.

عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵاهی، دوو کەس لە فەرماندەکانی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانن کە بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، دەستیان هەبووە لە ڕێکخستنی هەوڵدان بۆ تیرۆری باڵوێزی عەرەبستانی سعوودی لە ئەمریکا. هەروەها دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، پێشتر شەهلایی وەک "قائیمەقامی فەرماندەی گشتیی سوپای قودس" بە ڕای گشتی ناساندبوو.

ئەمە لە کاتێکدایە کە "شوورای میللیی موقاوەمەت"ی سەر بە موجاهیدینی خەڵق، بڵاوی کردبۆوە کە "سەرتیپ پاسدار عەبدولڕەزا شەهلایی، بەرپرسی هێرشی مووشەکی بۆسەر کەمپی لیبێرتی"ی ئەو ڕێکخراوە بووە و یەکێکیشە لە "فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس، کە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێکخەری یەکەمی هێرشە تیرۆریستییەکان بووە لە ناو عێراقدا".

بەگوێرەی زانیارییەکانی "شوورای میللیی موقاوەمەت" پاسدار شەهلایی، یەکێک لە دۆستانی نزیکی بکوژەکەی د. قاسملوو، پاسدار جعفری صحراروودی و ڕێکخەری پەیوەندییەکانی ناوبراویش بووە دەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و باشووری کوردستان.

پاسدار قاسم سولەیمانی، لەلایەن مێدیاکانی ڕۆژئاواوە بە یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی ڕێکخستنی عێراقی دوای سەدام، "مەترسیدارترین پیاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و "کاریگەرترین فەرماندەی نیزامیی شەڕی ناوخۆیی سوریا" بەناو کراوە.

ناوبراو تا ئێستا چەندین جار سەردانی باشووری کوردستانی کردووە و دەگەڵ گەورەبەرپرسانی هەرێم کۆبۆتەوە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates