Pages

Ads 468x60px

11 Jun 2022

هیوا گوڵ محەمەدی: قسەکانی ڕەزا پەهلەوی زۆر نابەجێ و نادیموکراتیک و دوور لە ڕاستیە

 


هیوا گوڵ محەمەدی: قسەکانی ڕەزا پەهلەوی زۆر نابەجێ و نادیموکراتیک و دوور لە ڕاستیە


🔻 هیوا گوڵ محەمەدی ده‌ڵێت: "ئەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە شتێکی باشە، بەڵام بەرەیەکی نادیموکراتیک و بەرچاوتەنگە، لە کاتێک دا ئەوان بستێ خاکی ئازادیان بەدەستەوە نیە حاشا لە حیزبەکانی دیکە دەکەن، پژاک قەبوڵ ناکەن، ڕێگە بە بەشداری پارتی ئازادی نادەن، کۆمەڵە ڕێکخراوی حیزبی کومونیستی ئێران دەخەنە لاوە و تا دوایی. ئەمە چۆن دەبێ؟ باشە مەگەر باسی دیموکراسی و بڕیاری گەل ناکەن؟ ئەی کەواتە کێ ئەوانی کردوەتە نوێنەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگەی پێداون حیزبەکانی دیکە نەدیتو حیساب کەن."


🔷 قەندیل پرێس:  سڵاو و ڕێز کاک هیوا، سپاستان دەکەین کە ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن دۆخی نێوخۆیی ئێران شڵەژاوەو هەر ڕۆژ لە شوێنێکی ئەو وڵاتە خۆپیشاندان دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دەکرێت، بەڕێزتان ئەم دۆخە لە ڕوویی نیوخۆیی و دەرەوە چۆن شرۆڤە دەکەن؟ ئایا کاتی ڕۆخانی کۆماری ئیسلامی نزیکە؟


🔻 هیوا گوڵ محەمەدی: سەرەتا سپاس بۆ ئەم گوت و بێژە

ناڕەزایەتی گەلانی ئێران لەمساڵەوە دەستی پێنەکردوە بەڵکو ئەوە چەندین جارە ئەم جۆرە نارەزایەتیانە لە لایەن گەلانی ئێرانەوە پێکهاتوە، نارەزایەتی خۆێندکاران، نارەزایەتی کرێکاران، ناڕەزایەتی مامۆستایان و تا دوایی. هەموو جارێ نارەزایەتی گەلان لە لایەن حاکمیەتەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کراوە. ساڵی ١٣٧٨ ی هەتاوی یان ١٩٩٩ ی میلادی هێزە تایبەتەکانی ڕژیم هێرشیان کردە سەر خۆێندکارانی ناڕازی لە زانکۆی تاران و توند وتیژی لە ڕادەبەدریان نواند و تەنانەت چەند خۆێندکاریان لە سەربانی زانکۆوە فڕێ دایە خۆارێ و کوشتنیان. 

هەروەها ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ٢٠١٩ ی میلادی کاتێک خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەرزبونەوەی نرخی بنزین کە هەر لیترەی لە سێسەد تمەنەوە بو بە سێ هەزار تمەن ڕژانە سەر شەقامەکان.

لەو کاتەدا چاوەڕوان دەکرا گۆڕانکاری بێتە ئاراوە بەڵام لە بێدەنگی جیهان و نەبونی ڕێبەری پێویست خەڵک بە تەنیا مانەوە و  لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە سەرکوت کران و ژمارەیەکی زۆر کۆژرا و بریندار و هەزاران کەس دەستگیرکران.

دەکرێ بڵێم جیاوازی ئەمجارە دوو لایەنە، لایەنی یەکەم ئەوەیە ناڕەزایەتیەکان دەمدرێژتر بوون و خەڵک توڕەتر و نەترسترن، لایەنێکیتری ئەوەیە ڕژیم هەتا ئێستە  وەک ڕابوردوو توند و تیژی بەکار نەبردوە، ڕاستە لێرە و لەوێ کەسانی ناڕزای دەستگیر دەکرێن بەڵام ڕژیم بە تاکتیکی نوێوە بەرەنگاری  نارەزایەتیەکان بوەتەوە.

هەل ومەرجی ژیان وگوزرانی خەڵک زور خراپترە لە جاران، گرانی، بێکاری و برسیەتی پەرەی گرتوە. هاوکات گەندەڵی دام ودەزگای حکومەتی زیادی کردوە، خەڵک هیچ هیوایەکیان بە داهاتوی باشتر نەماوە.

ئەمانە لە لایەک و لە لایەکیترەوە دەسەڵاتدارانی حاکم وەک جاران دەرفەتیان لە بەردەستا نیە و ناتوانن پارەی پێویست بۆ پرۆژەکانیان پەیدا بکەن

 دوای شەڕی ئۆکراین ئامریکایەکان پێوندیان لەگەل ڤنێزویلا یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ڕژیمی ئێران دەست پێکردوەتەوە و نەفتیان لێدەکڕن. هەروەها ڕوسیە ئەو فرت و فێڵەی ڕژیمی ئێران بۆ فرۆشتنی نەفتەکەی بەکار دێنی کە لە ڕێگەی نەفتکێشەکانی روسیەوە بۆ دەور دانەوەی گەمارۆکان وفروشتنی نەفت بەکار دێنا.

ئێستەکانی چین  نەفتی روسیە هەرزانترلە هی ئێڕان دەکڕێ ونەفتی ئێران بێ مشتەری ماوەتەوە. یانێ ئەمانە وایان کردوە ئابوری داڕماوی ڕژیمی ئێران بەروە هەڵوەشانەوە بچێ و ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک داناەوە.  لەوە ناچێ بەو ئاسانیە ئەو ناڕەزایەتیانە دامرکێن. 

دۆخی ناوخۆ بەوجۆرەیە کە تا ئەندازەیەک ئاماژەم پێدا، خەڵکێکی ناڕێکخراو ناڕازین و بەردەوامن لە ناڕەزایەتیدەربڕین، دوخی دەرەوەش ئەوەیە کە ئامریکا و وڵاتانی ئەوروپایی نایانەوێ وەک ٢٠١٥ مل بۆ داواکاری حکومەتی ئێران نەوی بکەن و دەیانەوێ لە ڕێگەی ئاژانسی وزەی ناوکی جیهانیەوە سنووریان بۆ دانێن، بەڵام وەک پێویست پشتێوانی لەو ناڕەزایەتیانە دەرنابڕن.

هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەو یەکە دەچن کە کاتی ڕوخانی ڕژیمی  ئێران هاتوە، بەڵام ئایا ئاڵترناتیڤی هەیە؟ ئەگەر ئاڵترناتیڤ هەیە چۆن ئەتوانێ پێشێنگایەتی ناڕەزایەتیەکان بکات؟ 

هەموو دەسەڵاتەکان لە دوو حاڵەتا دەرۆخن یان پێگەی خەڵکیان لەدەست بدەن یان لە بواری ئابوریەوە لاواز بن. ڕژیمی ئێران هەردووی ئەوانەی نەماوە. لە  هەڵبژاردنی سەۆرک کۆماری دا کە ئیبراهیم ڕەئیسی جێگەی حەسەن ڕۆحانی گرتەوە خودی ڕژیم ئاماژەی بە کەمی ڕێژەی بەشداری خەڵک کردبوو بەڵام شارەزایان و خەڵکی ئاگادار لە ناوخۆی وڵاتەوە پێیان وا بوو ڕێژەی بەشداری خەڵک لە خۆارەوەی سی لە سەدا بووە. بە زمانێکیتر حەفتا لەسەدی گەلانی ئێران لەو ڕژیمە ناڕازین.

قەندیل پرێس:  چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ڕەزای پەهلەوی وتارێکی بە ڕووی گەلانی ئێران پێشکەش کرد و لە ڕاگەیاندنەکانی وەک بی‌بی‌سی، ئێران ئینترنەشناڵ، من و تو و... بڵاو کراوەو زۆریان مانۆڕ لەسەردا، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەمە هەوڵێکە کە ڕەزای پەهلەوی وەک ڕێبەری ئۆپۆزسیۆن تەحمیل کەنە مل گەلانی ئێران، بۆچوونی ئێوە لەم بارەوە چییە؟


🔻 هیوا گوڵ محەمەدی: کێشەی سەرەکی گەلانی ئێران ئەویە کە ئۆپوزسیونێکی یەکگرتوی دژبەری ڕژیم لە گوڕەپانەکەدا نیە. ماوەیەک ئامریکا هەوڵی دا موجاهدینی خەڵک زەق کاتەوە بەڵام بەو ڕابوردوەی هەیانە ناتوانن ببنە پێشەنگ. هەروەها هەوڵێک بۆ لێکنێزیک بونەوەی لایەنە کوردیەکان هەبوو بەداخەوە تا ئێستە ئەنجامی نەبووە.

بڕیارە لە داهاتویەکی نێزیک دا جەو بایدن سەردانی سعودیە بکات و ئەوەش بۆ ئاساییکردنەوەی پێوندی ئەو دوو وڵاتەیە.  سعودیەکان زیاتر مەیلیان بەلای کوڕی حەمەڕزا( پادشای هەڵهاتووی ئێران) ەوەیە.

ئەوەی لە پڕێکا هەموو میدیا فارسی زمانەکانی دەروەی وڵاتی ئێران ڕەزا پەهلەویان وەک شازادەی ئێران گەورە کردەوە، پەیامەکانیان بڵاو کردوە و دەیان بەرنامەیان بۆ شیکردنەوەی قسەکانی بەڕێوە برد شتێکی هەروا لە خۆڕا نیە و ئامریکا و ئینگلستانی لە پشتە. ئامانجیان ئەوەیە لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەویەوە ئاڵترناتیڤێک بۆ ڕژیمی ئێستە بێنە ئاراوه، وەک چۆن لە ئەفغانستان کردیان. 

بەڵام گەلانی ئێران هەر چەندە لەم ڕژیمەش توڕە بن ئەوندە مەیلیان بەلای حکەومەتی توتالیترەیەوە نیە جا چ شا بێ یان مەڵا.

ڕاستە خەڵک لە هێندێ شۆێنا دروشمی پەشیمانی و پشتیوانیان لە حکومەتی پاشایەتی دەاوە بەڵام ئەوە بەشێکی توڕە بوون و بەشێکی بێ ئاڵترناتیڤیە.

قسەکانی ڕەزا پەهلەوی کە میدیا فارسی زمانە بەناو دیموکراتەکان بە شازادەی ناودەبەن زۆر نابەجێ و نادیموکراتیک و دوور لە ڕاستیە. ئەو وەک ئەردوغان و خامنەیی و ئەوانیتر باسی یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک زمان دەکات. ئاخر ئەگەر بڵێن کورد، لۆڕ، گیلەک و ئەوانە نێزیکایەتیەکی کولتوری و زمانیان هەبێ بەڵام عەرەب، بەلوچ، ئازەری و تورکمان بە مسقاڵ شتی هاوبەشیان لەگەل فارسان دا نیە، چۆن دەکرێ بڵێن: ئێمە هەموو یەک میلەتین و یەک زمانمان هەیە لە کاتێک دا پێناسەی زانستی بۆ نەتەوە بوون، زمانی هاوبەش، کولتور، مێژوو و جوگرافیای هاوبەشە. 

قسەکانی ڕەزا پەهلەوی لە لایەن لایەنە کوردیەکانیشەوە ڕوبەوڕی ڕەخنە بویەوە، کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار لە بانگەوازیەکدا خۆازیاری ئەوەیە گەلان خۆیان ڕێبەری ناڕەزایەتی و شورشەکەیان بکەن و کەسانی خۆفەرزکەر مافیان نیە دەست بەسەر ناڕەزایەتیەکان دا بگرن. هەروەها حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایەتیان نیشان داوە، تەنیا عەبدوڵای موهتەدی بە دەور ئەو کابرایەدا سەما دەکات و دەیەوێ پۆستێک بۆ داهاتوی خوی مسەوەگەر بکات.

بە سەرەنج دانە ڕەوشی گەلانی ئێران، داسەپاندنی ئۆپۆزسیون هەروا ئاسان نیە، ئەویش کەسێکی مفتەخۆر کە باوکی سەدان ملیون دولاری لە سەروەتی گەلانی ئێران بردوە و هەتا ئێستە ئەوان لەسەر ئەوە دەژین و هیچ ئێش و ئازارێکی لە پێناو ئازادی دا نەچێشوە. باوکی ئەم ڕەزا پەهلەویە قاتڵی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەمەد و هەڤاڵەکانیەتی، ئایا تا ئێستە داوای لێبوردنی لە گەلی کورد کردوە؟

بەڵام بە دوری نازانم لە مانگەکانی داهاتوو دا گۆڕانی دیکە بێنە ئاراوە و رەوتەکە بەجورێکیتر بگۆڕدرێ و ئەو کونفرانسەی ساڵی ٢٠٠٠ لە لەندەن بۆ دژبەرانی سەدام حوسەین بە بەشداری کورد و عەرەب بەڕەوەچوو بۆ ئۆپۆزسیونی ئێرانیش بگیردرێ و لەوێدا ئاڵترناتیڤ یان جێگرەوەی کاتی بۆ ڕژیم دەست نیشان بکرێ، ئەوەش لە پێوەندی بە جوڵەی ڕژیمەوە  دیار دەبێ. ئەگەر چی  لەو ئەگەرەی باسم کرد هەموو لایەنەکان بەشدار نەبن دیسان  دەرفەتی جێگرەوە ی ڕژیم لاواز دەبێ.


🔷 قەندیل پرێس:  ئەرکی سەرشانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی چییە؟ (دەزانیین کە بەشێکیان لەگەڵ ڕێکخراوەگەڵێکی ناوەندگەرا وەک شەورای مۆدیریەتی گۆزار پەیوەندییان هەیە یان لەو ڕێکخراوە ئەندامن)


🔻 هیوا گوڵ محەمەدی: بە بڕوای من و بە تەجروبە وەرگرتن لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناتوانن هیچ ئەنجامێ وەرگرن ئەگەر بە ئەقڵی سالم و یەکتر قەبوڵ کردنەوە لە کونفرانسێکی گشتگر دا کۆنەبنەوە و بەرەیەکی هاوبەش پێک نەهێنن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن چەند حیزبی جیاوازە و چەندین هیزی سەربازیان هەیە. ئەو لێکدابڕانانە پێگەی کورد لاواز دەکات و دەرفەت بۆ بەکارهێنانی لایەنە کوردیەکان لە لایەن ئەوانیترەوە خۆش دەکات.

دەرفەتێکی زۆر باشە کە کونفرانسێکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیردرێ، ئەو کونفرانسە لە لایەن ڕۆشنبیر و کەسایەتە ناحیزبیەکان و بە چاوەێری کونگرەی نەتەوەیی کوردستان بێت. لەوێدا هێڵە سوورەکان بۆ هاوکاری حیزب و لایەنە ئێرانیەکان دیاری بکرێ، هێڵی سوری دژبەرایەتی یەکتر دیاری بکرێ و بڕێار بدەن کە کومیتەیەکی هاوبەشی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ رۆژهەڵات دامەزرێ و  هەموو ئەرکەکان پێک بێنی و هەموو لایەنەکان ملکەچی بڕیاری ئەو کومیتەیە بن، هەروەها هەموو حیزبەکان پێکەوە ناەوندێکی هاوبەشی سەربازی دامەزرێنن و هێزی چەکداری حیزبەکان لە بن کونترەوڵی ئەو ناوەندە دا بێت.

شۆێن کەوتنی ئەم و ئەو، خۆ هەڵۆاسین بەم و بەودا لە ژێڕ هەر ناوێک و بە هەر بیانویەک بێواتا و ناڕاستە.

ئێرانی داهاتو دەبێ فیدراڵ یان کونفیدراڵ بێ، دەنا دوای ماوەیەک یان لە پروسەیەکی پێنج بۆ دە ساڵی  دا دیکتاتوری حاکم دەبێت و شەڕی خۆێناوی دێتە ئاراوە.


🔷 قەندیل پرێس:  هەرکات خۆپیشاندان لە چەند شارێکی ئێران دەستپێدەکات، لە نێوان کەسایەتییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات باس لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئایا ڕۆژهەڵاتیش بەشداری ئەو خۆپیشاندانانە بێت یان نا؟ یانی بەشێک پێیان وایە دەتوانین لە تەجرۆبەی ڕۆژئاوای کوردستان کەڵک وەربگرین و بە تەمای پاشەکشە یان ڕۆخاندنی کۆماری ئیسلامی بین و دواجار بینە ناو گۆڕەپانەکە، بەشێکیش پێیان وایە هەر لە ئێستاوە دەبێت بەشدار بین تا دواجار بتوانین لە تارانی دوای ڕۆخانی کۆماری ئیسلامی بەشدار بین، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟ 


 🔻 هیوا گوڵ محەمەدی: من پێموایە باشترین شت بۆ ڕۆژهەڵات وەک باسم کرد یەکگرتنی حیزبەکانە لە بەرەیەکی هاوبەشدا، ئەگەر ئێمە یەک نەگرین بێگومان قورسایمان نابێ، خەڵکیش وەک پێویست هیوادار نابن. کەواتە هیچ پێویست نیە گەلی کورد جارێ خۆی تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بکات. ئەگەر گەلی کورد بێنە شەقامەکان و هێزی پاراستنیان نەبێ بە ئاسانی سەرکوت دەکرێن و ڕژیم بە کوشت وکوشتار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانا ناڕەزایەتی گەلانی دیکەی ئێران دادەمرکێنێتەوە، بێگومان ئەگەر کورد دەست بە شۆڕش و سەرهەڵدان بکەن ئەوا بە بیانوی جیاوازیخۆازی هێرشیان دەکرێتە سەر و وەک  ساڵەکانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨ لە تاران، ئیسفەهان، شیراز، قوم و شوێنەکانی دیکەوە دەست دەدەنە دەستی یەک و ڕوو لە سەرکوتی کوردان دەکەن.

گومانیش لەوەدا نیە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێڕان پەیوەستە بە گەلی کوردەوە و لە کۆتاییدا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دەبێ

بە تەجروبەی من ڕەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان نە وەک باشور و نە وەک رۆژئاوای کوردستانە. بەڵام دەتۆانن لە تەجروبەی هەردوو لا کەڵک وەرگرن و پێویست ناکا لە سەرەتاوە دەست پێبکەن.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆیانا کێشەیان هەیە، هەر کامەیان بونەتە دوو یان چەند لەتەوە، تەنیا پژاک و پاک وەک خۆیان ماونەتەوە. 

کێشەیەکیتر ئەوەیە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێجگە  لەکۆمەڵە ڕێکخراوی حیزبی کومونیستی ئێران پژاکیان قەبوڵ نیە و هەر لە ئێستەوە دژایەتی دەکەن. ئەوە مەترسیە بۆ داهاتوی کوردان، پژاک خاوەن هێزی سەربازی و ڕێکخستنی فراوانە لە ڕۆژهه‌ڵات و حاشا لێکردنی لەگەل ڕاستی ئەو بەشەی کوردستانا ناێەتەوە، بۆیە بە بڕوای من گرینگە حیزبەکانی دیموکرات سەرەتا یەک بگرنەوە، کۆمەڵەکان یەک بگرنەوە و  دواتر لەگەل ئەوانیترا ئاشت بنەوە و ئەوجا لەگەل پژاکا بە هەمویانەوە بەرەیەک پێک بێنن.

لەوانەیە زۆر کەس ئەم قسانەی منیان قەبوڵ نەبێ ، مەبەستم بێڕێزی بە کەس نیە و من وەک تاکێکی نەتەوەیی کە بڕوام بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک هەیە بڕوام وایە بە دژایەتیکردنی پژاک و بە دژایەتیکردنی یەکتر و لێکدابرانی حیزبەکان قورساییان نابێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵترناتیڤێکی دیکە دروست دەکات. 

کەوا بوو دەکرێ بەمجۆرە ئەنجام وەرگرین کە بەو ڕەوشەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە بەشداری خەڵکی کورد لە ناڕەزایەتیەکانی سەرتاسەری ئێرانا هەڵەیە و قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە.


🔷 قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، هەروا کە دەزانین لەم کاتەدا پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەیەک پێک بێنن و پێکەوە هاوئاهەنگییان هەبێت بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە، بۆ نموونە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئامادە نییە پەژاک وەک حیزبێکی ڕۆژهەڵات قەبووڵ بکات یان کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران، سازمانی خەبات، پارتی ئازادی کوردستان و... لەم ناوەندە بەشدار نین، هۆکاری ئەم یەکتر قەبووڵ نکردنەو پێکەوە هاوکاری نەکردن لەم دۆخە هەستیارەدا چییە؟


🔻 هیوا گوڵ محەمەدی: لە پرسیاری پێشوودا بەشێک لەم پرسیارەم وەڵام دایەوە.

ئەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە شتێکی باشە، بەڵام بەرەیەکی نادیموکراتیک و بەرچاوتەنگە، لە کاتێک دا ئەوان بستێ خاکی ئازادیان بەدەستەوە نیە حاشا لە حیزبەکانی دیکە دەکەن ، پژاک قەبوڵ ناکەن، ڕێگە بە بەشداری پارتی ئازادی نادەن، کۆمەڵە ڕێکخراوی حیزبی کومونیستی ئێران دەخەنە لاوە و تا دوایی. ئەمە چۆن دەبێ؟ باشە مەگەر باسی دیموکراسی و بڕیاری گەل ناکەن؟ ئەی کەواتە کێ ئەوانی کردوەتە نوێنەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگەی پێداون حیزبەکانی دیکە نەدیتو حیساب کەن.

رۆژهەڵاتی کوردستان تەجروبەی تاڵی شەڕی ناوخۆیی هەیە، سەدان کەس لە شەڕی دیموکرات  و کۆمەڵە  لە ساڵەکانی ١٣٦٤ تا ١٣٧٠ کوژراون. ئەوە خاڵێکی گرینگە و دەبێ ئاوڕی  لێبدەنەوە.

سەیر لەوەدایە کۆمەڵەکانی سەر بە کاک عەبدوڵا و کاک عومەر و ... کە سەردەمانێک لە لایەن دیموکراتەوە حاشا لە بونیان دەکرا ئەمرۆکە خویان هەمان کار دەکەن. هەروەها حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ح د ک خۆیان بە نوێنگەی دیموکراسی دەزانن، چۆن دەبێ حاشا لەوانیتر بکەن؟ ئایا سەرکردەکانی دیموکرات و کۆمەڵە داوای لێبوردنیان لە گەلی کورد  کردوە سەبارەت بەو شەڕە خۆێناویەی نێوانیان؟ ئەی باشە چۆنە ئەوانەی لە ڕابوردوویەکی نە زۆر دوورا یەکتریان ڕەد دەکردەوە و تەنانەت بۆ توانەوەی یەکتر چەکیشیان بەکار هێناوە ئێستە یەکیان گرتوە و حاشا بوونی ئەوانیتر دەکەن؟ 

نەبوونی رۆحی یەکتر قەبوڵکردن، نە پاراستنی بەرژەوەندی گەل، پەیڕەو نەکردنی دیموکراسی کردەیی مەترسین، کۆسپن و کێشە دروست دەکەن، لە قورسایی جوڵانەوەی ئازادی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانا کەم دەکەنەوە.

پێویست ناکا هەموو حیزبەکان ببنە یەک و وەک یەک بیر بکەنەوە بەڵام پێویست دەکات هێڵێکی نەتەوەی دیموکراتی  هاوبەشیان هەبێ و بۆ داهاتو و بۆ بەدەست خستنی ماف وئازادی  کوردا ن دەست لە خۆبەزلزانی هەڵگرن و دەستی یەک بگرن.

بەیانی ئەوەی بە هانای پێشمەرگەی دیموکرات و کۆمەڵەوە دەچێ گریلاکانی پژاک و پێشمەرگەکانی پارتی ئازی کوردستانە نەک ئەوانەی تەنانەت کورد وەک نەتەوە حیساب ناکەن و هێشتا دەسەڵاتیان نیە باسی یەک نەتەوە ، یەک ئاڵا و یەک وڵات دەکەن.

هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ناو کۆمەڵگەدا جێگە وپێگەی خۆیان هەیە، هەرکامە هەزاران ئەندام، شەهید و لایەنگریان هەیە. ئەوەش پێیان دەڵێ یەکگرتن دەتانپەڕێنێتەوە و لێکدابڕان دەتانگەڕێنێتەوە.


No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates