ئامینە کاکە باوە ژنێکی ئازاو سیمبولێکی نەتەوەیی
دانا مەنمی
ئامینە کاکە باوە ژنێک خاوەنی کاریگەرییەکی گەورەوە لەسەر بیرکردنەوە و لەسەر داڕشتنی سیاسەت لەوڵاتی سوید، ئامینە کاکە باوە ساڵانێکی لەجەنگدایە بۆ بەرگریکردن لەدۆزی کوردو لەپێناو یەکسانییو ئازادیی ژنانو بونیادنانی دونیایەکی دادپەروەترو دیموکراسیتر کە ڕێز لەجیاوازییەکانی یەکتر بگرین تێدەکۆشێت، ئامینە لەخێزانێکی گەورەدا لەدایکدەبێت، خێزانێک بەهەشت مناڵەوە، کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد، خاتوو ئامینە ببێت بەو ناوە گەورەو گرنگەی ناو مێژووی سیاسیی لەوڵاتی سویدو ناوچەکە دەنگبداتەوە.
چیرۆکی ژیانی ئامینە کاکە باوە چیرۆکی کچێکی گوندە بەناوی تورجان لەسەقز کە فەرماندەی بنکەی سوپای پاسداران لەگوندەکەیان فشاردەخاتەسەر ماڵی باوکیو دەیەوێت هاوسەرگیریی لەگەڵ ئامینەی 13 ساڵاندا بکات، بەڵام خاتوو ئامینە بەو منداڵیە تەسلیمی ئەم بڕیارە نابێتو هەڵدێتو پەیوەندیی دەکات بەکۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە حزبێکی سیاسی چەپی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو دەبێتە پێشمەرگە، دوای شەش ساڵو لەساڵی 1992، ئامینە لەتەمەنی 19 ساڵاندا، کۆمەڵە بەجێدەھێڵێتو لەسوید دەبێتە پەنابەر، دەستپێکی ژیانی ئامینە لەتاراوگە قورسو گران دەبێت، شەوانە دەخوێنێتو ڕۆژانە کاردەکاتو ھاوکارییش بۆ خێزانە ھەشت کەسییەکەیان لەئێران دەنێرێتەوە.
ئامینە کاکە باوە بەردەوامدەبێت لەخوێندنو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەبواری ڕاوێژیی کۆمەڵایەتیو بڕوانامەی ماستەر لەفەلسەفە لەزانکۆی ستۆکھۆڵم بەدەستدەهێنێتو ساڵی 2005، لقی سویدی ڕێکخراوی فیمینستی فرەنسی بەناوی "نە لەشفرۆشو نە ستەمدیدە" دادەمەزرێنێت بۆ داکۆکی لەمافی کچانی کۆچبەر، لێرەوە ئامینە کاکە باوە دەبێتە یەکێک لەناسراوترین ژنە ئازادیخوازەکانی وڵاتی سویدو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستو جیھان، دەبێتە بەرگریکارێکی بزوتنەوەی فێمینستیو داوای یەکسانی ژنانو ئازادیان لەجیھاندا دەکات، ئامینە کاکە باوە ساڵانێکی درێژە لەسەر پێشێلکارییو لەشکرکێشی وڵاتی تورکیا دژ بەکوردانو پرسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانو ئازادی ڕادەربڕینو مافەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتیی، لەڕیزی پێشەوەی داکۆکیکاران بووە.
دیوێکی تری ئامینە کاکە باوە هەڵوێستو بوێرییەکەیەتی لەکایەی سیاسیدا کە لەپاڵ ھەڵوێستی ئازایانەو خەباتێکی دورودرێژو سەختی بۆ یەکسانییو ئازادیی ژنان، لەپاڵ ڕووبەڕووبونەوەی چەندەھا فشارو هەڕەشەی جیاوازی سیاسیو هەواڵگری کە زیاد لەلایەنێکو زیاد لەوڵاتێک ویستویانە بێدەنگی بکەن، کەس ھێندەی تۆرانیزمو تورکەکان بەگژ بیرکردنەوەو هەڵوێستەکانی ئامینە کاکە باوەدا نەچوونەتەوەو تائێستاش دەچنەوە، هەڵبەت تائێستا ئەردۆغانو ئاکەپەو کەمالیزمییەکان یەکسانییو ئازادییو دیموکراسیو سەربەخۆبوونی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاوازو مافێکی سروشتیو ئینسانی بەڕەوا نابینن، پێکدادانی ئامینە کاکە باوە لەگەڵ تورکیا بەپلەی یەکەم پێکدادان بوو لەگەڵ ئەم دیدو ڕوانییە کەمالیستیەی ئەردۆغان کە نایانەوێت هیچ شتێک لەسەر ئازادییو یەکسانیو سەربەخۆی کورد، ببیستن.
بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئامینە کاکە باوە بەردەوامە لەخەباتو تێکۆشان قسە لەبابەتگەلێک دەکات کە کەسانیتر ناوێرن باسیبکەن، ئەوەش نیشانەی ھۆشیارییو ھەستکردنێکی گەورە بەبەرپرسیارێتیی بەرامبەر بەخۆییو بەرامبەر بەپرسی ژنانو بەرامبەر بەمیللەتەکەی، چالاکییەکانی ئامینە کاکە باوە یەکێکە لەڕوخسارە جوانەکانو ئازادیخوازەکانی ناو پەڕلەمانی سوید، کە ئازایانە بۆ بەرگریکردن لەئازادییو کەرامەتی کورد بەتەمەنی 52 ساڵییەوە دەجەنگێت.
No comments:
Post a Comment