Pages

Ads 468x60px

3 Jun 2012

ورووژاندنی بوونی پێوەندیی ئیسڕائیل - هەرێمی کوردستان بۆچی؟


ورووژاندنی بوونی پێوەندیی ئیسڕائیل - هەرێمی کوردستان بۆچی؟ 


کارێکی ئەستەمە کە باوەڕ بەوە بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بیەوێ تۆمەتی ناڕەوا بداتە پاڵ هەرێمی کوردستان، ئەم تۆمەتانەیش زیاتر فاکتەر و ڕەهەندی جەنگی دەروونی پاڵنەریەتی. 

هەرێمی کوردستان وەک نیشتیمان و کۆمەڵگە، بەشێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خوازیاری باشترین پێوەندییە لەو میانەدا، ئەمە حەقیقەتە، بەڵام دەبێ لەبیرمان بێ بۆ گەلەکەمان بەردەوام ئەم پێوەندیانە هەڵبژێردراون کە زیاتر هاوکاری و هەماهەنگیی بەرژەوەندیی دوولایەنە پێک دەهێنن. 

سەبارەت بە بوونی پێوەندی لەگەڵ ئیسڕائیلدا و زەروورەتی بوونی ئەو پێوەندییە لە ئێستادا، بە هیچ شێوەیەک ئەولەوییەتی پێ نەدراوە، ئەوەیش هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە، کە بەشێکیان پێوەستن بە جیهانی ئیسلامییەوە.


لە لایەکی دیکەوە، کورد پێویستی بەوە نییە لە ڕێگەی لوبی جوولەکەوە بە ئەمەریکا بگات. تورکیای دراوسێمان دووەم دەوڵەتە لەسەر ئاستی جیهان لە دوای ئەمەریکا، یەکەم دەوڵەتی موسڵمانیش بوو کە تەنیا چەند ڕۆژێک لە دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەوتی ئیسڕائیل ددانی پێدا ناوە و ئەمڕۆیش پێوەندییە سەربازییەکانیان بەردەوامن و رۆڵی تورکیایش لەسیاسەتی عەرەبیدا بە چالاکی ماوەتەوە.

دەشێت دەستەڵاتی میسر لە دوای (موبارەک) لە ئەگەری هەڵپەساردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا یاخود کۆتاییهێنان بە پێوەندییەکان سەختترین بڕیارێک بێت کە ئەم دەستەڵاتە وەری دەگرێت، چونکە ئەو کاتە شیمانەی ئەوە نزیکە هاوکاریی دارایی ئەمەریکا بۆ میسر کۆتای پێ بێت.

ئوردن و تەواوی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە پێوەندییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە، بنکەی ستراتیژیی ئەمەریکا لە ڕووی سەربازییەوە لە وڵاتانی عەرەبیدا هەن، ئەمانە نابنە جێگەی ڕەخنە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هیچ چەشنە پێوەندییەکی لەگەڵ ئیسڕائیلدا نییە، تۆمەتی بۆ دەبەخشرێتەوە، من ئەمە بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێناگەم، لەوانەیە گرووپێک هەبن ئەمە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ئەم پێوەندییە دۆستایەتییەی لە نێوان ئێران و هەرێمدا هەیە تێکی بدەن، یاخود ئەمە سیاسەتێکی تایبەتە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی هەرێم بە بابەتی لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن و نەپرژێنە سەر سنووردانان بۆ تاكڕۆیی دیکتاتۆرێکی نوێ لە بەغدا.

کەم نین ئەوانەی خوازیارن عێراق جێگیری بەخۆیەوە نەبینێ و گەلانی عێراق پارچە دەکەن، دەیانەوێت پێوەندییە هەرێمایەتییەکان بشێوێنن، لەوانەیە تاوەکوو “نەوە”ـی سەردەمی خەباتی چەکداری واتە سەرکردەکانی شۆڕش لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی لە ژیاندان، پێوەندیی باش لەگەڵ ئێران باشترین بژاردەیان بێت، هۆکاری ئەوەیش روونە، چونکە بە درێژایی چەندین ساڵی پڕ لە نەهامەتی، ئێران باوەشی بۆ کردبوونەوە، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەرێ چۆن ئەمە بە سیاسەتی ئێران تێ بگەین لە کاتێکدا سەرجەم دۆستەکانی ئێران لە عێراق، لوبنان و فەلەستین دووچاری کێشەن کە خۆیان لە گرووپەکاندا دەدۆزنەوە، هەروەها سووریایش وەک تاکە دەوڵەتی دۆست بە ئێران چارەنووسێکی نادیاری هەیە. 

پرسیارەکە ئەوەیە: هەرێمی کوردستان ئەگەر وابەستەی ئێرانیش نەبێت، بەڵام هیچ کات مایەی سەرئێشە نەبووە بۆ ئێران. ئەی دەبێ قازانجی ئەم کۆمەڵە کاربەدەستەی ئێران لە چیدا بێ، بە زۆری پێوەندیی نێوان کورد و ئیسڕائیل دروست بکەن. ئاخۆ ئەمە جوڵاندنی هەرێمە بۆ پێوەندییەک لەگەڵ ئیسڕائیل، کە بیری لێ نەکراوەتەوە، دەبێت قازانجی ئێران بێت ڕۆژێک ئەو پێوەندییە دروست بێت؟ کە ئەوە پرسیارە هەستیارەکە بوو و وەڵامەکەیشی زەحمەت و پڕ لە ئارگیومێنتی دژوارە، کە لەو باوەڕەدا نیم لایەنە پێوەندیدارەکانی ئێران هێندە کەم شارەزا بن لە چەند پارێزگایەکی هەرێم ئەم شتانەیان لێ بزر بێت، دوریش نییە، چەند کەسێک تەنیا بۆ ئەوەی نانێک پەیدا بکەن، ئەم وەهمەیان دروست کردبێت. 

ئەمەیان بێت یان ئەویان ئیتر کە کورد ئەو پێوەندییەی نییە با ئەوانەی هەر سوورن لەسەر هەبوونی، با لای ئەوان هەر هەبێ ئاخۆ چی لە دۆخەکە دەگۆڕێت!

حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د مسته‌فا
سەرچاوە: رۆژنامەی هەولێر

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates