Pages

Ads 468x60px

5 Jun 2012

پانۆڕامای سەردانەكەی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد بۆ ئیسرائیل


پانۆڕامای سەردانەكەی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد بۆ ئیسرائیل




ئیسرائیل-كورد دەزگەیەكە سەرەتاكانی ساڵی 2009 لەلایەن بەڕێز داوود باغستانی هاتە دامەزراندن، ئیسرائیل-كورد پەیامێكی دیار و بەرچاوی هەڵگرتووە و كار لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی ناڤبەر ئیسرائیل و كوردستان دەكات و چەند پرسگەلێكی تری نێوان ئەو دوو لایەنە بەگرینگ وەردەگرێ.


قۆناغێكی مێژوویی بۆ پەیوەندی نێوان كورد و ئیسرائیل:
كرانەوەی دەرگایەك بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پرسی پەیوەندی كورد و ئیسرائیل كە ساڵانێكی زۆرە بۆتە خەونی هەموو كوردان لە هەموو پارچەكانی كوردستان، بە دروستبوونی دەزگاری ئیسرائیل-كورد لە كوردستان كە ماوەی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو دەزگایەدا دەرباز دەبی و لەو ماوەیەشدا سەرەرای هەموو كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم كار و چاڵاكیەكانی ئەو دەزگایە لە كوردستان بەڵام توانیویەتی هەنگاوی زۆر گرنگ لە چوارچێوەیەی دروستبوونی پەیوەندی كورد و ئیسرائیل دا هەڵبگری و خەونی نزیكی 300 هەزار لە برا كورد جوویەكان كە سەردەمانێك لەسەر ئەو نیشتمانە ژیاون و ئێستا ئەو خاكە بە نیشتمانی دووهەمی خۆیان دەزان، پەیوەندی كورد و ئیسرائیل كە لەزۆر لایەنەوە هەمیشە پەردە پۆش كراوە و دەسەڵاتی سیاسی كوردیش هەمیشە خۆی لەو پرس بەدوور گرتوە، بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانەش تا ئێستا كورد و كوردستان بە ئیسرائیلی دووهەم لە لایەن فارس و عەرەب و توركەكانەوە پێناسەكراوە و كورد بەوەی محكووم كراوە كە پەیوەندی هەیە لەگەل دەوڵەتی ئیسرائیل.قۆناغی كرانەوەی نێوان دوو نەتەوەی بێ دۆستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (كورد و جوو) لە ماوەی ئەو دووساڵەی چالاكیەكانی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە كوردستان لە زۆر لایەنەوە گۆرانی بەسەردا هاتووە.
سەردانی داوود باغستانی (سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد) بۆ ئیسرائیل:
یەكەمەین سەردانی فەرمی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد (داود باغستانی) لەو چەند رۆژی دواییدا بە كۆتایی هات و ئەو سەردانە لە كاتێكدا دابوو كە دەزگای ئیسرائیل-كورد توانی هەنگاوییەكی مێژوویی تۆمار بكات، ئەو پێشوازییەی كە لە لایەن كەسایەتیی سیاسی و بەرپرس و رۆشنبیر و مامۆستایانی ناوەندە جیاجیاكانی ئیسرائیل كرا لە پرۆژەی دەزگای ئیسرائیل و كورد و داوود باغستانی خۆی، پشتیوانی و دڵسۆزیی ئیسرائیل بۆ گەلی كورد لە هەموو روویەكەوە جێگای تێڕامان و گفتوگۆ بووە، لەو سەردانەیدا سەرۆكی (دەزگای ئیسرائیل– كورد) كە چاوپێكەوتنی هەبووە لەگەل كۆمەڵێك لە كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ نموونە (یۆسی بیلێ) كە سەرۆكی (رێكخراوی ئاژانسی جوویەكانی جیهان) بوو، یۆسی بیلێ لە هەموو روویەكەوە پشتیوانیی دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ سەربەخۆییی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كورد دووبارە كردووەتەوە، ئەو دەستپێشخەرییەی دەزگای ئیسرائیل و كوردی بە هەنگاویكی گرینگ وەسف كردووە لە مێژووی پێوەندیی نێوان گەلی كورد و ئیسرائیلدا، هەروەها رەخنەشی لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل گرتووە كە دەبێ سیاسەتەكانی لەبەرامبەر گەلی كورد لە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی داگیركەری كوردستان بگۆڕی، چونكە نەتەوەی كورد گەلێكی ئاشتیخۆازە و لەسەر خاكی خۆی داوای ئاشتی دەكات، دیارە لەو دانیشتنەدا باس لە گرینگیی كوردستان بۆ ئیسرائیل كراوە، وەك دۆستێكی ستراتێژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەرگرتنی زەماڵەی خوێندنی باڵا بۆ خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئیسرائیل:
هەر لە دەرێژی سەردانەكی سەرۆكی (دەزگای ئیسرائیل-كورد) بۆ ئیسرائیل، چاوپێكەوتنی هەبووە لەگەل پارێزگاری شاری رەمەتگانی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی وەرگرتنی زەماڵەی خوێندن بۆ خوێندكاری كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان كە بتوانن ساڵانە ئاسانكاری بكەن بۆ 20 خوێندكار بۆ خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی ئیسرائیل درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن و لە هەموو بوارەكانی زانستییەوە بتوانن سوودمەند بن بۆ خزمەتكردن بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان. دیارە ئەو زماڵەی خوێندن هەروەك سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە كۆبوونەوەی لەگەڵ (چڤی بار) پارێزگاری شاری رەمەتگان ئاماژەی پێدراوە لەسەر ناوی دەزگای ئیسرائیل-كورد دەبێ، كردنەوەی خولی تایبەتی راهێنان لە بواری تەكنۆلۆژی و فیزیا و زانستەكانی تر وەك بەشێكی تری ئەو چاوپێكەوتنە بووە بۆ هاووڵاتییانی كورد كە بتوانن لە نێزیكەوە سەردانی ئیسرائیل بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگاری شاری رەمەتگانی ئیسرائیل چڤی بار لە هەموو روویەكەوە پشتگیریی خۆی دووبارە كردوەتەوە بۆ بەردەوامی پێوەندیی نێوان گەلی كورد و ئیسرائیل و مەسەلەی دروستبوونی ئەو پردە پێوەندییەی نێوان ئیسرائیل و كوردستانی بە هەنگاوێكی مێژوویی داناوە بۆ خزمەت بە ئاشتی و پێكەوەژیانی هەموو گەل و ئاینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها پارێزگاری شاری رەمەتگانی ئیسرائیل (چڤی بار) لەو كۆبوونەوەیدا باسی ئەوەشی كردووە و رەخنەشی گرتووە كە دەبووایە ئەو سەردانە زۆر زووتر ئەنجامداربا و پێوەندیی لە نێزیكەوە هەبوایە و لەو روویەشەوە پشتیوانی خۆی نیشانداوە بۆ هەموو هاوكارییەكی كە بتوانێ خزمەت بكات بە دروستبوونی پێوەندیی نێوان گەلی كورد و جوو.

سازدانی كۆڕێك لەسەر رەوەشی كورد و ئامانجەكانی (دەزگای ئیسرائیل-كورد) لە سەنتەری موشی دایان بۆ تۆژێنەوە لەسەر رۆژهەلاتی ناوەڕاست
سەنتەری مۆشی دایان كە یەكێكە لە گەورەترین ناوەندەكانی تۆژێنەوەی زانستی لەسەر رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفەریقیا بە گشتی لە تەلەئبیب، لەساڵی 1966-67 بۆ لێكۆلینەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراست دامەزاروە، كۆڕێكیان بۆ سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد ریكخستووە، لەو كۆرەدا كە كۆمەلێكی زۆر لە پسپۆڕانی باری سیاسی و دیپلۆماسی و پێوەندەییەكانی ئیسرائیل بەشداریان كردووە، داوود باغستانی لە سەر داوای ئۆفرا بینگۆ سەرۆكی سەنتەری مۆشی دایان لەسەر رەوەشی ئێستای كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و سیاسەتی وڵاتانی داگیركەری كوردستان و زووڵم و كووشتن و زیندانیكردنی هاووڵاتییانی كورد لە سووریا، ئێران و توركیە و حكوومەتی پێشووی عێراق گوتاری پێشكێش كردووە، دیارە سەنتەری تۆژێنەوەی موشی دایان لە بواری پێوەندیی نێوان كورد و ئیسرائیل كۆمەڵێك پرۆژەی تایبەت بە خۆی هەیە، كە ساڵانە لەلایەن ئەو خوێندكارانەی كە لەو سەنتەرە خەرێكی خوێندن و لێكۆڵینەوە لەسەر ستراتێژییەكانی داهاتووی دەوڵەتی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەسەر مەسەلەی دەزگای ئیسرائیل-كورد خاوەن هەڵویست و بیرو بۆچوونێكی باشن و بە هەنگاوێكی گرینگ لە پێوەندیی نێوان گەلی كورد و جووی دەزانن.
وەزارەتی دەرەوی ئیسرائیل بە فەرمی پێشوازی لەسەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد كرد:
هەر لە درێژەی سەردانی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد بۆ ئیسرائیل لەلایەن وەزارەتی دەروەی ئەو وڵاتەوە بە فەرمی پێشوازی كراوە و لەگەڵ جێگری وەزێری دەرەوەی ئیسرائیل دانی ئایڵۆن لەسەر مژاری پێوەندیی كورد و ئیسرائیل و چالاكییەكانی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە كوردستان و ئامانج لە دامەزراندنی ئەو دەزگایە گفتوگۆ كراوە، ئایڵۆن كە ئێستا لە ناو كوردەكان بە گشتی كەسایەتێكی ناسراوە بە تایبەت لە باكوری كوردستان لەسەر ئەو تەنگژەیەی كە لە نێوان توركیا و ئیسرائیل دروست بوو، ئەو هەڵوێستەی كە لە بەرامبەر توركیا و دیپلۆماتی توركیا لە ئیسرائیل هەیبوو، لەو دانیشتنەدا بە گشتی دانی ئایڵۆن جێگری وەزیری دەرەوی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی پێوەندیی كورد و ئیسرائیل، هەروەها كردنەوەی ئۆفیسی ئیسرائیل-كورد لە شاری ئۆرشەلایمی بە هەنگاوییكی زۆر گرینگ وەسف كردووە، هەر لەو دانیشتنەدا دانی ئایڵۆن سەردانی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كوردی بە یەكەمین سەردانی فەرمی و مێژوویی لە نێوان كورد و ئیسرائیلدا وەسف كردووە.
لەبەشێكی تری ئەو گفتوگۆیەدا باسی ئەوەی كردووە كە نەتەوەی كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبی و وەك هەموو نەتەوەكانی تر لە جیهان، هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە كە فەلەستین بە پشتگیری ریكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك حەماس و حزبوولڵا و ئێران دەیەوی ببێتە خاوەنی دەوڵەت و هەموو جیهانیش پشتگیری لێدەكات، بەڵام كورد لەسەر خاكی خۆی داوای دەوڵەت دەكات بەڵام پشتگیری ناكرێت.
كۆڕێك لە رێكخراوی زایۆنیستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئۆریودا):
هەر لەو سەردانەی سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد لەلایەن سەرۆكی رێكخراوی زایۆنیستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆردخای بن فۆرات پێشوازی لێكرا و كۆڕێك لە ناوەندی جووەكانی عێراق لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و كوردستان و كار و چالاكییەكانی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە كوردستان و هەروەها زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ رەوەندی جووەكانی عێراق لە ئیسرائیل بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە جووەكانی عێراق و كوردستان رێكخرابوو، هەروەها چەند تەوەری تر كە تایبەت بوو بە ناساندنی خەباتی رەوای گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و زووڵم و داگیركەری عەرەب و تورك و فارس لەسەر گەلی كورد و كۆرتەیەك لە كار و چالاكییەكانی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە كوردستان و ئەورۆپا و ئیسرائیل.
كردنەوەی ئۆفیسی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە ئۆرشەلایم:
یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەو سەردانە تایبەت بوو بە كردنەوەی نووسینگەی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە ئۆرشەلایم بە شێوەیەكی فەرمی، كردنەوەی ئەو ئۆفیسە لەلایەن رێكخراوی نیشتیمانیی كوردە جووەكانی ئیسرائیل پێشوازییەكی زۆری لێكرا و لە كاتی كردنەوەی نووسینگەكەدا سەرۆكی روحانی هەموو جووە كوردەكان و سەرۆكی ئەو رێكخراوەیە یوودا بن یووسف ئامادە بوونە لەگەل ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكانی ئیسرائیل.
یەكێك لە پڕۆژەكانی نووسینگەی دەزگای ئیسرائیل-كورد لە داهاتوودا لە ئیسرائیل، چاپ و بڵاوكردنەوەی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد بە زمانی عیبرییە لە هەموو ئیسرائیلدا، پرۆژەی هاوبەشی كولتووری لەگەڵ كوردە جووەكان و كردنەوی پێشانگایەكی تایبەت بە كەلوپەلی مێژوویی و رەسەنی كوردی، ئاسانكاری بۆ هونەرمەندانی كوردە جووەكان بۆ سەردانی كوردستان و سازدانی كۆنسرت لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پڕۆژەی تری هاوبەش لەگەڵ كوردە جووەكانی كوردستان لە ئۆرشەلایم لە بواری كولتوور و زمانی كوردی و كردنەوەی خوولی تایبەت بۆ فێربوونی زمانی كوردی.

لە دەرێژی ئەو سەردانەدا سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل-كورد چاوی كەوتووە بە كچی موشی دایان، كە ناوی دایانە و لە زۆر بوارەوە خزمەتی بە نەتەوەی كورد كردووە و ئێستاش بەرپرسی رێكخراوی خێرخۆازی بۆ چارەسەركردنی ئەو زارۆكانەیە كە لە كوردستان و لە شوێنەكانی تری عێراق و وڵاتانی ترەوە رەوانەی ئیسرائیل دەكرێن بۆ چارەسەریی نەخۆشییەكانیان، بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەی تایبەت بووە بە ناساندنی دەزگای ئیسرائیل-كورد و چالاكییەكانی ئەو دەزگایە بۆ دروستكردنی پردی پێوەندیی نێوان گەلی كورد و ئیسرائیل.


سەرچاوە: گۆڤاری ئیسرائیل-کورد

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates