Pages

Ads 468x60px

17 Aug 2012

ئیسرائیل: بەمانگێكێك بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران وێران دەكەین


ئیسرائیل: بەمانگێكێك بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران وێران دەكەین



وه‌زیری‌ پێشووی‌ به‌ره‌ی‌ ناوخۆیی‌‌ ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، جه‌نگ له‌دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران نزیكه‌ی‌ مانگێك درێژه‌ی‌ ده‌بێت، ته‌نها (500) هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ له‌و جه‌نگه‌دا ده‌كوژرێن.



لەو بارەیەوە ڕادیۆی‌ سه‌وا بڵاویكرده‌وه‌، ماتان فیلنائی‌ وه‌زیری‌ پێشووی‌ به‌ره‌ی‌ ناوخۆیی‌ ئیسرائیل جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل جه‌نگ دژی‌ ئێران به‌رپابكات، ئه‌وا ئه‌و جه‌نگه‌ ته‌نها (30) ڕۆژ ده‌خایه‌نێت ‌و له‌و جه‌نگه‌شدا (500) هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ ده‌كوژرێن.
ماتان فیلنائی‌‌ گوتیشسی‌: ‌چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئێران له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵگیرسانی‌ جه‌نگ به‌مووشه‌ك هێرش بكاته‌ سه‌ر ئیسرائیل، كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ی‌ ئێراندا (500) هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ بكوژێن.
وه‌زیری‌ پێشووی‌ به‌ره‌ی‌ ناوخۆیی‌ ئیسرائیل ته‌ئكیدی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، هه‌ر هێرشێكی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئێران، به‌ئاگاداری ‌‌و هاوكاریی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت.
--------------------------

داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چەك و كەرەستەی سەربازی لەگەڵ ئەمەریكا دەكرێت



په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراق له‌لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت گرێبه‌سته‌كانی‌ كڕینی‌ چه‌ك له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نی‌ ئه‌مەریكیدا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، گرێبه‌ستی‌ نوێ‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند وڵاتێكی‌ دیكه‌دا ببه‌ستێت.

كازم سه‌یادی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ فورات نیوز بڵاویكرده‌وه‌، داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ به‌غدا كرد، به‌گرێبه‌سته‌كانی‌ كڕینی‌ چه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مەریكادا بچێته‌وه‌‌و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نی‌ ئه‌مەریكی‌ پابه‌ندی‌ گرێبه‌سته‌كان نه‌بووه‌‌و چه‌ك ‌و فرۆكه‌ی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا نه‌داوه‌ته‌ عێراق.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیستی‌ سه‌ربه‌خۆ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت گرێبه‌ستی‌ نوێ له‌گه‌ڵ‌ ڕوسیا‌و چه‌ند وڵاتێكی‌ دیكه‌ی‌ جیهاندا ببه‌ستێت.
وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق پێشتر ڕایگه‌یاند، به‌گوێره‌ی‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ عێراق ‌و ئه‌مەریكا، عێراق به‌به‌های‌ (13) ملیار دۆلار فڕۆكه‌، تانك، زرێپۆش، هه‌لیكۆپته‌ر‌و كه‌شتی‌ ده‌ریایی ‌‌و مووشه‌ك ‌و چه‌ك‌ و كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازی‌ دیكه‌ له ‌ئه‌مەریكا ده‌كرێت.
malpress
--------------------------

كورد و پرسی دەوڵەتی فەلەستین

مەولوود ئافەند
لە كۆبوونەوەی گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئەم جارە پرسی بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە لایەن مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینەوە بوو بە مژاری سەرەكی و لە گوتاریكی ئاژیتاسیۆنانەدا لە كۆبوونەوەی گشتی داوای لە نوێنەری 193 وڵات كرد كە فەڵەستین وەك ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان قەبوولبكەن،هەرچەندە بەهاری عەرەبی مەسەلەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی خستۆتە پەراوێزەوە، پرۆسەی دانوستانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل زیاتر لە یەك ساڵە گەیشتۆتە بنبەست و ئیسرائیل ئامادە نییە بێ دوركەوتنەوەی رێكخراوی حەماس لە شەڕ و توندوتیژی و وەرگرتنی پالپشتی مادی و لۆجستیكی لە ئێران ئامادەی گفتوگۆكان بێ،ئیسرائیل هەست بە مەترسیەكانی حەماس دەكات كە ڕێكخراویكی تیرۆریستی ئیسلامیە ونوینەرایەتی بەشیك لە خەڵكی فەلەستینە و پشتیوانی درەكی زۆریشی هەیە بۆ نابوودی ئیسرائیل،بۆیە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەنیامین نەتەنیاهۆ راگەیاند" كە دەبێ پێش هەموو شتێك ئاشتی بكری و دواتر دەوڵەتی فەلەستینی پێكبی"،بەڵام سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین دەلێ نا پێش هەموو شتێك دەبێ دەوڵەتی فەلەستین پێكبی و لە هەنگاوی دووهەمدا پرۆسەی دانوستانەكان دەست پێدەكەینەوە.
هەرچەندە سەرۆكی فەلەستین ئاگادار بوو،پرۆژەی سەربەخۆی فەلەستین لە كۆبوونەوەی ریكخراوی نەتەوەیەكگرتووكاندا قەبوڵ ناكری و بێ پاڵپشتی ئەمریكا و ئیسرائیل مەحاڵە بتوانن سەربكەون،بەڵام دوو ئامانجی سەرەكی هەبوو لە گەڵاڵە كردنی پرسی سەربەخۆی فەلەستین كە دەتوانی لە دوو حاڵەتدا دەستكەوتی هەبێ،یەكەم،بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆرانكارییدایە و دەبێ كۆتایی بە دەسەڵاتی مارژێناڵانەی وڵاتانی عەرەبی بێ،لەو قۆناغەدا زیندوكردنەوەی ئەو پرسە دەتوانی كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین كۆتایی پی بێنی و دەولەتی فەلەستینش لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دروستبكری.
دووهەم،ئەو پرۆژەیە كۆتایی بە هەژموونی رێكخراوی تیرۆریستی حەماس دێنی لە ناوخۆی فەلەستیندا،چۆن محمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین باش دەزانی ئەگەر حەماس ئامادە نەبی چەك دابنی،ئەوە هیچ كات نەتەوەیكگرتووەكان و ئەمریكا و ئیسرائیلیش ئامادە نینە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن.
ئەوەی كە زیاتر لای من پرسیاری دروستكرد لە گەرمی (66)مین كۆبوونەوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووكاندا،گوتارەكەی مەحمود عەباس بوو كە لە بەشی كۆتاییدا گوتی"فەلەستین دواهەمین وڵاتی داگیركراوی جیهان و ناوچەكەیە"،بێ ئەوەی باسی پرسی كورد بكات چۆن پرسی داگیركردنی خاكی كوردستان و پارچەكردنی بەسەر چوار وڵاتی داگیركەر و هاوپەیمانی مەحمود عەباس مێژووییەكی دەرێژی هەیە،بەڵام ئەگەر لاپەرەكانی مێژووی هاوچەرخی سیاسی كورد و پارتەكانی كورد بە راست و چەپ و ئیسلامیەكانەوە هەڵبدینەوە دەبینین كە بەنیسبەت مەسەلەی پاڵپشتیكردن لە گەلی فەلەستین موبالغەیەكی زۆری تیدایە.
لە هەنگاوێكی نوێدا فەلەستین بڕیاریدا نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە،ئەمەش پرۆژەیەكی بەرفراوانە و بڕیار دراوە كە لە دەڤەری مەخموریش كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەكانی فەڵەستین دروست بكری،ئەم هەنگاوی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە فەلەستینەكان هەوڵدەدن بە زۆر كێشەی خۆیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان زەق بكەنەوە و دەوڵەتی فەلەستین رابگەیەنن و سەرۆككۆماری عێراق كە كوردیشە پشتیوانیان لێدەكات، لەكاتێكدا بۆ خۆی دەوڵەتی كوردی بە خەونی شاعیران پێناسە دەكات.
بە ڕای من باشتر بوو كە حكومەتی هەرێم لە بەری ئەو بریارە لە هەوڵی ئەوە دابا بۆ گرنگیدان و ئاسانكاری بۆ برا كوردە جوویەكانی دانیشتووی وڵاتی ئیسرائیل كە ئەمرۆ ژمارەیان زیاتر لە 250 هەزار كەس دەبێ و لە كۆمەڵگەی ئیسرائیلدا نیشتەجێن و سەردەمانێكیش هەموویان لەسەر ئەو خاكە بە زۆر و گوشار و داگیركردنی ماڵ و موڵكەكانیان كۆچیان كردوە و ئێستا هەموو خۆازیاری گەرانەوەن بۆ سەر زێدی و نیشتیمانی خۆیان كوردستان.
پرسی دەوڵەتی كوردی زۆر ئالۆزترە لە مەسەلەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین،بەڵام مەسەلەی دروستبونی دەوڵەتی كوردی پێش ئەوەی مەسەلەیەكی یاسایی و ئینسانی بێ سیاسیە و هیچ یەك لە وڵاتانی جیهان جگە لە ئیسرائیل پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ناكەن.لە هەمان كاتدا بیركردنەوەی فەلەستینیەكان لەسەر پرسی كورد و خەباتی رەوای كورد زۆر جیاواز نیە لە تورك و فارس و عەرەبێك كە ئینكاری ئەو پرسە دەكەن.
---------------

دۆستایەتی شەرم و ترس ی ناوێت!!! مەولوود ئافەند‏

مه‌ولود ئافه‌ند..
سه‌رنوسه‌ری: گۆڤاری ئیسڕائیل-کورد
دۆستایەتی خەسڵەتێکی دێرینی و رەسەنی نەتەوەیی ئێمەیە،لە دێر زەمانەوە کورد بە دۆستایەتی ناسراوە و ناوبانگی دەرکردوە، هەمیشە کورد دەستی دۆستایەتی درێژ کردووە، بۆ بەرامبەرو چوار دەورەکەی تا ئەو ئاستەی کورد زۆربەی جاران زەرەرمەند بووە، چونکە نەیتوانیوە بەرژەوەندی خۆی مسۆگەر یان دابین بکات لە ڕێگەی ئەو دۆستایەتیەوە هەمیشە لایەنی یەکەم کە بەرژەوەندییەکانی لەدەست دابێت یان کەوتبێتە بەرمەترسی و هەرەشەوی جدییەوە ئێمەی کورد بووین، چونکە فەلسەفەی دۆستایەتی نازانین لە رووی زانستیەوە و لە هونەری دۆستایەتی و پەیوەندییەکاندا کۆڵەوارین، ئەوە لە سیاسەتی نێودەولەتی و هاوکێشە ئالۆزەکانیدا ئێستا دارە دارەمانە و تازە خەرێکە دەکەوێنە سەرپێ و لێرەو لەوێیەوە دەستمان دەگیرێت، ئێمەی کورد بەو پەڕی دڵسۆزییەکی نەشارەزاوە دۆستایەتی بنیاد دەنێن. بۆیە هەمیشە لایەنی بەرامبەر یان زەرەری لێ داوین.یان بە جێ هێشتووین  بەتەنیا، چونکە ئێمە نەمانزانیوە مامەڵە لە تەک ئەو دۆستایەتیەدا بکەین، یان تا گەیشتین بە ئامانجە گرنگ و ستراتێژەییەکانمان بیپارێزین، چونکە هەمیشە بە ترس و شەرمەوە رووبەڕووی ئەو دۆستایەتیە دەبێنەوە یان بە دڵەڕاوکی گومانەوە رۆژگاری لەگەڵدا بەسەر دەبەین،زۆربەی جار بەهۆی هەڵەی کوشەندەی خۆمانەوە خەرێک بووە نەک ئەو دۆستایەتیە، بەڵکو نەتەوەکەشمان دووچاری نوشوستیو و بەرەو فەنا بوون بەرین، وەک پەیوەندی کورد و ئاتاتورک، پەیوەندی شۆرشی کورد و ئەمریکا، پەیوەندی کورد و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و گەڵیک پەیوەندی و هاوکێشەی تری لەم شێوانە.
وڵاتانی دراوسێ کورد بە(عەرەب، تورک، فارسەوە) هەموویان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن،بەڵام هەمووشییان بۆ دژایەتیکردنی گەلی کورد و ئەزموونی ئێستای هەرێمی کوردستان دەستیان لە دەستی یەکتردایە،هەمیشە هەوڵدراوە کە لە رێگەی ئابوری و بەرهەمهێنانەوە لە کوردستان ئالێانسی پەیوەندییەکانی کورد تەسکتر بکەنەوە،نموونەی هەرە بەچاویش ئێرانە،لە کوردستان کە دیەوەی هەژموونی خۆی بەسەر کوردستان و عێراقدا بسەپێنی و کوردستانیش بخانە ناو بازنەی تەنگەژەکانی خۆیەوە.
ئەگەر ئەمرۆ ئیسرائیل بە ڕاستەوخۆش پشتگیری لە ئەزموونی ئێستای کورد نەکات، بەناڕاستەوخۆی پشتیوانی لێ دەکا،هەروەک چۆن "تسیپی لیڤنی" وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی (کادیما)یە کە لە چاوپێکەوتنی گۆڤاری (ئیسرائیل-کورد)دا،گوتی:"(دۆستی داهاتووی ئێمە گەلی کوردە)"،ئاشکراشە کە زۆربەی ڕۆشنبیران و شارەزایان لە بواری سیاسەتی ناوچەکە درک بەم ڕاستیە دەکەن کە گەلی کورد بۆ پارێزگاری کردن لە مافە ڕەواکانی دەبێت تەنیا پشت بە دەوڵەتی ئسرائیل ببەستێت.
لەبەر ئەوەی ئەو پەیوەندییانە هەمیشە هاوسەنگ نەبوون و ئێمەش لایەنی شەرمن و لاواز و ترسەنۆک بووین تێدا، بۆیە نەماتوانیوە ئەو پەیوەندییە بۆ خۆمان و بەرژەوەندی خۆمان بەکار بهێنین، بۆ نموونە ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بدەینەوە لە شۆرشی ئەیلول دەبینین کە سەرکردایەتی شۆرشی کورد بە گشتی پەیوەندی توندوتۆلیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دروستکردبوو،لە هەموو روویەکی سیاسی و سەربازی و داراییەوە،ئەگەر چێ هەندێک لەو پەیوەندییانە سنووردار بوون، بەڵام پەیوەندیە سەربازی و سیخۆرییەکان وەک ئاستی پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەت وابوون،بەڵام هەمیشەش  لە ژێر ناوی هەڕەشەو شەرم و ترسدا سەرکردایەتی شۆرشی کورد لە ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییانە دەترساو دەیشاردەوە، کەچی لە هەمان کاتدا دەیان وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندی چالاک و هەمە لایەنەو هەمە بواریان هەبووە لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و نەشیان شاردۆتەوە و بگرە رۆژ بەرۆژیش گەشەیان بەو پەیوەندییانە دەدا. کەچێ ئێمەی کورد هەمیشە هەروەک خۆمان بیر دەکەینەوە و ناگۆڕدرێن،لەبەر ئەوەی ناوێرین بە ئاشکرا بلێین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا ئەگەر تاکە گەڵ و دەوڵەتێک هەبێت بەرژەوەندی لەگەڵ ئێمەی کوردا یەک بگرێتەوە، تەنیا دەوڵەت و گەڵی ئیسرائیلە،کەچی مەخابن تا ئێستا نەک ئێمە لەو راستێە نەگەیشتوین بەڵکو لە ڕێگای هەندێک خەڵکی نەزانەوە کە لە سیاسەت تێ ناگەن و دەیانەوێت ئێمە هەر کۆێلەو ژێر دەستەی گەلان تورک و فارس و عەرەب و ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بین، کەواتە نەوەی نۆی کورد دەبێت ستراتێژی نۆی بۆ خۆی رەنگرێژ بکات و سەر لە نۆی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی کورد دا بچێتەوە و پلان و نەخشەی نۆی دابڕێژێت و خۆی لە هزری پاشڤەڕۆ و تەقلیدی سیاسەتڤانانی کورد رزگار بکات!!!!.
ئەگەر ئەمرۆ سیاسەت لە پەیوەندییە دیپلۆماسێەکاندا شەفافیەت و کارا نەبێت و ریالێزمی ئەمنی ناوچەکە لەبەر چاو نەگێری و تایبەتمەندی دەراوسێەتی و دین و زمان و کولتور رێگەمان پێندات دوور برۆانیین ئەوە دەبی لە دەرەوەی ئەو کایانەدا،راگەیاندن و دەزگاکانی تۆژێنەوە و ئەکادیمی رۆانێکی نوێیان هەبێ بۆ ئەو پرسانەی کە پەیوەندی هەیە بە هەموو ژیانی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردیەوە،هەروەکی ئێمەش لە سەرەتای دەستپێکردنمان بە پرۆژەی پەیوەندی دۆستایەتی گەلێ کورد و جوو بەو بیرکردنەوەیەوە هاتینە ناو مەیدانەکەی و لەو بۆشاییە فیکری و سیاسیەدا کە بەگشتی لە لایەن میدیای کوردی فەراموشکرابوو دەستمان بە چاپ و بلاوکردنەوەی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد کرد لە کوردستان و ئیسرائیل.
لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا(دەزگای ئیسرائیل-کورد)لە هەرێمی کوردستان کە وەک بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،کە گەمارۆ دراوە لەلایەن ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی وڵاتانی دراوسێ،بەتایبەت لە عێراقدا کە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێ و ئێمەش لەو ناوچەیە هەڵکەوتووین کاری کردوە لەسەر پرسێکی گرنگ و میًَژوویی لە پێناو دروستبوونی پەیوەندییەکی دۆستانە لە هەموو بوارەکانەوە لە گەل ئیسرائیل و گەلی جوو بە گشتی،بەتایبەت کوردە جوویەکان کە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتی ئیسرائیل دەژێن و سەردەمانێک لەو نیشتیمانەدا ژیاوەن و تێکەلبوونێکی باشێان هەبوو لەگەل کۆمەڵگای کورد بە گشتی بەدەر لە مەسەلەی فاکتەری ئاینی لە ناوچەکەدا، ئەوەش خۆی ئەو راستیەمان بۆ رووندەکاتەوە کە کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوە ژیانی کەمینە ئاینیەکان بووە و دەبی ئەو موزائیکە شکاوی کە ئێستا پارچەیەکی کەمە،سەر لەنۆی دروستبکرێتەوە بۆ قەبووڵکردنی پێکەوەژیان و تۆلیرانسی کەمینە ئاینیەکان بە گشتی.
بەر لە دامەزراندنی دەزگای ئیسرائیل-کورد لە هەرێمی کوردستان،نووسینی وشەی ئیسرائیل لەسەر رۆژنامە یان گۆڤارێک لە هەرێمی کوردستان کە بەشێکە لەعێراقی ئیسلامی زۆر مەترسیدار و بە فوبیا دەهاتە دانان و ئەو پرسە لە زۆر لایەنەوە لە لایەن میدیاکانەوە بەگشتی لە پراوێز دابوو و زۆر بە کمی باس لەو پەیوەندییە دەکرا و لە زۆر لایەنەوەش بە هێلی سوور هەژمار دەکرا.
بەلام ئێستە ئەو رەوەشە گۆرانێکی زۆری بەسەرداهاتووە و دۆخی ئیسرائیل-کورد لە هەرێم باشترە و ئەوەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ رۆڵی دەزگاکەمان و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان لە پرسەکە کە چەندین ساڵە ئیسرائیل و گەلی جوو بە تێروانین و ئایدۆلۆژیا و لۆژیکی دەوڵەتانی عەرەبی ئیسلامی وەک لە پێناسەی خۆیاندا دەوڵەتی ئیسرائیل بە داگیرکەر و قەوارەیەکی زاێۆنی کە هەولدەدات جیهانی ئیسلامی بەرەو توونا کردن ببات لێکدەدرێتەوە.
بەڵام ناسینی ئیسرائیل وەک خۆی کە گەلی جوولەکەش وەک هەموو نەتەوەکانی تر مافی ژیانی هەیە و مافی خۆیەتی لەبەرامبەر هەموو هێرش و هەرەشەیەک لە لایەن رێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک حەماس و حیزبوولڵا،کە بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە پرچەک دەکرین،بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل مافی خۆ پاراستنی هەیە.
هەروەک ئاشکرایە لەو قۆناغەدا لە کوردستان مەسەلەی پەیوەندی کورد و ئیسرائیل رەزامەندیی زیاتر لەسەرە و پەسندکردنی پێوەندیی دوو نەتەوەی کورد و جوو ئێستە لە کوردستان زیاترە.بۆیە ئێمەش هەوڵمدانداوە بە گشتی دووبارە بێنەوە مەیدانەکە و وەک هەمیشە لەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد لە ناوخۆی ئیسرائیل وکوردستان بەردەوام بین و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری و لە چوارچێوەی سیستەم و ئامانج و پرۆژەکانی دەزگای ئیسرائیل-کورد بۆ زیاتر خزمەتکردن لە بواری گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییەدا بەردەوام بین،چۆنکە لە ماوەی رابردوودا ئەو راستیەمان بۆ ئاشکرا بوو ئەگەر ترسێک هەبێ لە دەرچوونی "گۆڤاری ئیسرائیل-کورد"ئەوە لە ناوخۆی هەرێم نییە،هەروەک چۆن لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆمەلێک بەڵگەنامەی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تاران و کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی هەر دوو لایەن بە روونی باسی راگرتنی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد و مەترسیەکانی ئەو دەزگایە کرابوو لە لایەن"خزمانەوە" کە لە دوو کۆبوونەوەدا بە توندی ئێران هێرشی کردۆتە سەر بەرپرسانی ئێستای حکومەتی هەرێم و نوێنەری ئێستای حکومەت لە تاران کە لە دوو فایلی تایبەتدا بڵاوکراوەتەوە.
دەزگای ئیسرائیل-کورد لەو ماوەیەدا لە پێناو نزیکبوونەوە و دروستبوونی ئەو پەیوەندیە چەندین هەڕەشە،سووکایەتی و ناوزڕاندنی قبووڵ کردووە و پێی وابووە گەیشتن بەئامانجەکانی زۆر لەو سەختییانە گەورەترە کە رۆژانە لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێ لە هەرێم و کۆمەڵیک لایەنی بە ناو ئیسلامیەوە ئاستەنگ دەکرێ.بۆیە ئەم جارە بە هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆمان لەسەر چاپکردن و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئیسرائیل-کورد بەردەوام 
تێبینی: ووشەی خزمان" شیفرەیەکی تایبەتی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە تاران کە بۆ ئێرانیەکان بکاری دەهێنن.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates