Pages

Ads 468x60px

27 Jan 2013

ئەمرۆ سالۆگەری کومەلکۆژی جوولەکەکانە بە دەستی نازیستەکانی ئەلمانیا تێێدا ٦ مێلێۆن مرۆڤی جوولەکە کومەلکۆژی کران



http://www.youtube.com/user/chronoshistory?feature=watch
ئەمرۆ سالۆگەری  کومەلکۆژی  جوولەکەکانە بە دەستی نازیستەکانی ئەلمانیا  تێێدا ٦ مێلێۆن مرۆڤی جوولەکە کومەلکۆژی کران 
http://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%87%D9%88%D9%84%D9%88%DA%A9%D8%A7%D8%B3%D8%AA?match=sv

ویلی بڕانت" چۆن "داوای لێبوردن"ی لە جوولەکەکان کرد؟



پەروەر یاش/ فرات
لە تورکیەوە: مەسعوود مەناف 
 
وێنەی "ویلی بڕانت" لە کاتی کڕنۆش بردنی بۆ "گێتتۆی وەرشۆڤا"، لە یادەکان دا ماوە. بڕانت خۆی یەکێک لە قوربانیانی نازیسم بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون، سەرەتا وایان زانی بەربۆتەوە یا بێهۆش بووە. کڕنۆش بردنەکەی، تەنیا سی چرکەی پێ چووبوو، بەڵام وەکو دەرسێکی مەزن بۆ ئەو ڕێبەرانە دێتە ئەژمار کە شەرم لە مێژویان دەکەن و یاخود دەیانەوێ داوای لێبوردن بکەن.
تازە ساڵێک لە هەڵبژێرانی بە سەرۆکایەتی وەزیرانی ئاڵمان تێپەڕ ببوو. "ویلی بڕانت"، یەکەم سەفەرەی دەرەوەی وڵاتی، لە ساڵی 1979 دا بۆ وەرشۆڤای پۆڵەند کرد. ڕۆژی 7ی دێسەمبەر، بڕانت، هەنگاوێکی مێژوویی هەڵێنایەوە. دەستە گوڵەکەی دانا و لە بەرانبەر بە "بینای بیرەوەری کۆمەڵکوژی جوولەکەکان" چۆکی دادا. هەموو کەس و تەنانەت وەفدەکەی ئاڵمانیش، سەریان سووڕ مابوو.
"گەتتۆی وەرشۆڤا" چەند گەڕەکی جوولەکە نشینی دۆرپێچکراو بە تێلدڕووی ئەو شارەیە کە لە شوێنی چوونە ناوی تابلۆی "ئەو شوێنە نەخۆشی تێدایە، چوون بۆ ئەو شوێنە مەترسیدارە"ی ئێس ئێسی نازی پێهەڵواسرابوو. گەتتۆ، دوایین قەڵای خۆڕاگری جوولەکەکانی ئەورووپا بوو. "هێنڕیش هیملەر"، سەرۆکی ئێس ئێس، بە شانازی ڕۆژی لەدایکبوونی هیتلەر، ڕۆژی 20ی ئەپریلی 1943، ئۆپێراسیۆنێکی مەزنی دژ بە نیو میلیۆن جوولەکەی گەتتۆی وەرشۆڤا، دەستپێکرد و ناوی "ئۆپێراسیۆنی خاوێنکردنەوە"ی لێنا.
جیاوازی لەگەڵ جەهەننەم نەبوو. ئۆپێراسیۆنەکە تا 13ی مەی درێژەی هەبوو و لەو ماوەیە دا زیاتر لە 60 هەزار جوولەکە کۆمەڵکوژ کران. تا کۆتایی شەڕ لە ساڵی 1945، هەژماری کوژراوان و ئەو جوولەکانەی لە گەتتۆی وەرشۆڤا لە برسان مردن، 100 هەزار کەسی تێپەڕاند. پاش کۆتایی هاتنی شەڕ، لە ناوەڕاستی شوێنەکە، بینایی وەبیرهێنانەوەی جوولەکەکان سازکرا. ویلی بڕانت بەم سەردانەی مێژووییەی بۆ پۆلەندی سەر بە بلۆکی ڕۆژهەڵات و ئەویش لەوپەڕی گەرم و گووڕی "شەڕی سارد" دا، بە گوێرەی زۆر لە مێژوونووسان، یەکەم هەنگاو بوو لە پێناو ڕووخاندنی دیواری بەرلین.
نەک بۆ خۆی بەڵکو بۆ ئاڵمانی چۆک دادا
چاوەڕوان نەدەکرا کە لە بەرانبەر بینایی بیرەوەری یەهوود چۆک دابدات! ئەو ڕۆژە، "هەرمان شرێیبەر"، هەواڵنێری گۆڤاری "دێر شپیگێڵ" لە ناو وەفدەکەی ویلی بڕانت دابوو. ناوبراو دەگێڕێتەوە" سەرەتا فکرمان بۆ ئەوە چوو کە مومکینە بێهۆش کەوتبێ، دواتر تێگەیشتین کە چۆکی داداوە. لە بنەڕەت دا ئەو بێ تاوان بوو. نەک بە ناوی خۆی، بەڵکو بە ناوی "ئاڵمان" چۆکی دادا.
بڕانت، ڕێبەری سۆسیال دێمۆکرات، بەر لەوەی کە بچێتە گەتتۆی وەرشۆڤا، شەوی لە کۆشکی بۆمبارانکراوی "ویلانۆڤ" تێپەڕکردبوو. کەس نازانێ چ قەوما بەڵام، هەرچی کەبوو، هەمان شەو ڕوویدابوو. بڕانت، تاکوو بەیانی نەیتوانیبوو لەو کۆشکە، کە ئێستاش ئاسەواری شەڕی لێ بەدی دەکرا، بخەوێ. ناوبراو لە کتێبێک دا بە ناوی "بیرەوەریەکانم" کە لە ساڵی 1989 نووسیویەتی بەم شێوە باس لەو شەوە دەکات:
"ئێستاش باسی ئەو کردەوەم لێ دەپرسن، گەلۆ پێشتر پلانت بۆ داڕشتبوو؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر! نە تەنیا ڕۆژنامەوان و وێنەگرەکانی دەورووبەرم، بەڵکو هەڤاڵانی خۆشم حەبەسابوون. پلانم بۆ ئەو کردەوەم دانەڕشتبوو. تەنیا کاتێک کە چوومە بەردەم بیناکە، وەبیر شەوی ڕابردووم و کۆشکی "ویلانۆڤ" کەوتمەوە. تووشی زەحمەت بووم بۆ دۆزینەوەی وشەیەک تا سەبارەت بە مێژووی ئاڵمان و قوربانیەکانی شەڕ بیهێنمە سەر زمان. ماسوولکەکانی چۆکم بێهێز بوون! خۆم بۆ ڕانەگیرا.
هەڵبەت "ویلی بڕانت" چوارەمین سەرۆک وەزیری کۆماری فێدراڵی ئاڵمانی دوای نازیەکان بوو و هیچ بەرپرسیارێتیەکی لەهەمبەر تاوانەکانی نازی و ئێس ئێس نەبوو. نەک بۆ خۆی، بەڵکو بە ناوی وڵاتەکەی داوای لێبوردنی کرد. لەوە گرینگتر خۆی یەکێک لە قوربانیانی ستەمی نازیەکان بوو. لە ساڵی 1933 و لە کاتێک دا کە هیتلەر و حیزبی نازی دەسەڵاتی ئاڵمانیان گرتە دەست، بڕانت، ئەندامی پارتی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەو وڵاتە بوو کە قەدەخە کرا و خەباتێکی ژێرزەمینی دەستپێکرد. ساڵێک دواتر بە قاچاخی ئاڵمانی بەجێهێشت و لە نۆڕوێژ گیرسایەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، شۆڕشگێڕانی ئاڵمانی دژ بە نازیسم بەڕێکخستن کرد.
بڕانت لە تەمەنی هەرزەکاری دا، بە ورە، نەترس و شۆڕشگێر بوو. لە ساڵی 1936 و بە ناسنامەی ساختە، بۆ سێ مانگ گەڕایەوە بەرلین. لە ساڵی 1939، حکومەتی نۆڕوێژ کە هاوکاری نازیەکان بوو، مافی هاوڵاتیبوونی لێ ئەستاندەوە. ئەو بەشەی تری ژیانی، تا کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتدارێتی نازیەکان، لە سوید تێپەڕکرد.
لە مەنفا دوو هەڤاڵی نیزێکی هەبوو. "برۆنۆ کرێیسکی" کە دواتر بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئوتریش و "ئۆلۆف پاڵمێ" کە ئەویش دواتر بوو بە سەرۆک وەزیری سوید. هەر سێ لەمانە، بە یەکەوە، پێشەنگایەتی سۆسیال دێمۆکراسی ئەورووپایان کرد.
هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ وڵات، وەکو ڕۆژنامەوان، بەدواداچوونی دادگای تاوانبارانی شەڕی لە نۆڕێنبێرگ کرد. پاشان بوو بە سەرۆکی شارەوانی "لوبێک"، شوێنی لەدایکبوونی. بەڵام بە وتەی خۆی، ئەو شارە و ئەو پۆستە، بۆ ئەو زۆر بچووکتر لەوە بوو کە بتوانێ قەناعەتی پێبکات. ڕووی لە بەرلین کرد. بڕانت، بوو بە شارەداری ڕۆژئاوای بەرلینی دابەشکراو. لە ساڵی 1974، پاش ئەوەی کە یەکێک لە شەویرمەندانی نیزێکی بە ناوی "گونتەر گویلاومێ" بە سیخوڕی ئاڵمانی ڕۆژهەڵات دەرچوو، وازی لە سەرۆکایەتی وەزیران هێنا.
لە ساڵی 1971، ئەو چۆک دادانەی "ویلی بڕانت" بۆ قوربانیانی جوولەکەی شەڕی دووهەمی جیهانی، نۆبێلی ئاشتی بۆ بە خەڵات هێنا و لە هەمان کات دا پەنجەرەیەکی بەرەو ئاڵمان کردەوە کە هەڵگری پەیامی "لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ مێژووتان مەترسن" بوو. ئەو مەیدانەی "گەتتۆی وەرشۆڤا"ش کە بینای بیرەوەری کۆمەڵکوژی جوولەکەکانی لێهەڵکەوتووە، ناوی "مەیدانی ویلی بڕانت"ی لێنرا. بیانیەکی بیرەوەری، بە بیرەوەریەکی تر خەڵات کرا.

"داوای لێبوردنێکی ئەردۆغانی"!
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش، لە دەمەقاڵەیەک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دا، وەکو یەکەم سەرۆک وەزیرانی مێژووی تورکیا، دانی بەوە نا کە دەوڵەتەکەی، چەندین ساڵ بەر لە کۆمەڵکوژیەکەی "گەتتۆی وەرشۆڤا" و بگرە لەویش دڕندانەتر، خەڵکی کوردی لە دەرسیم کۆمەڵکوژ کردووە، بەڵام بە خەتابارکردنی جەهەپە بە ئەنجامی کۆمەڵکوژی. داوای لێبوردنه‌که‌شی بە مێتۆدی تایبەتی خۆی کرد! "ئەگەر بە ناوی دەوڵەت پێویست بە داوای لێبوردن هەبێت و ئەدەبیاتێکی ئەوتۆ هەبێ، من داوای لێبوردن دەکەم".
ئەردۆغان بە ئاشکراکردنی چەند بەڵگە، [لە کاتێک دا کە لە هیچ لێکۆڵینەوە مێژوویەکان و نووسراوەکانی پێشووتر دا باس لەو هەژمارە نەکراوە]، ئیدعا دەکات کە تەنیا 13806 کەس لە دەرسیم کوژراوە، کە ئەوەش بە نۆبەی خۆی جێ سەرسوڕمانە.
1
ئەردۆغان، لە کاتێک دا کە بۆ بەرپرسانی ئاکەپە لە شارەکانی تورکیا قسەی دەکرد و ڕەخنەی لە جەهەپە دەگرت، بە شێوەیەک، باسەکەی هێنایە سەر مەسەلەی دەرسیم، کە ماوەیەکە لە ڕۆژەڤی تورکیا دایە. دواتر، داوای لێبوردنێکیشی دە ناو قسەکانی هاویشت! جگە لەمەش ناوبراو، بە وتنی ئەوە کە "ئەگەر ئەدەبیاتی داوای لێبوردن هەبێ" ناوی خۆی لە مێژوو دا تۆمار کرد. لەوە سەیرتر، بێ ئەوەی هیچ پێوەندیەکی هەبێ، ڕۆژێک بەر لەم قسانەی، دەرسی "ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی شاراوە"ی بە ئاڵمان دەدا.
لە کاتێک دا هیچ پێوەندیەکیشیان بە یەکەوە نیە بەڵام، ئەردۆغان، گرووپە نێئۆنازیەکانی ئاڵمانی وە ئەرگەنەکۆنی وڵاتەکەی خۆی چواند و وتی: ئەگەر نازانن کە چۆن چەتەکانی ناو خۆتان لەناو بەرەن، وەرن لە ئێمە فێر بن".!
1
لە ڕاستیدا، نەک تەنیا تورکیا، بەڵکو جیهان دەبێ لە ئاڵمان دەرس وەربگرێ. لە سەرەوەی هەمووی ئەو دەرسانەش، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مێژووی خۆی دێت. ئاڵمان، زیاتر لە 10 میلیارد مارکی وەک قەرەبوو بە بنەماڵەی قوربانیانی نازی دا. هەر ئێستاش درێژەی دەدات. لە هەر شار، نەک تەنیا شار، بەڵکو ل؛ە هەر گۆشە و کەنارێک، بینای بیرەوەری ئەو کۆمەڵکوژیە دانرا. چەند ڕۆژ لە ساڵی بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی هۆلۆکاست داناوە. تەنانەت ناوی جوولەکە کوژراوەکانی لە سەر کووچە و کۆڵان و شەقامەکان ناوە. ئەردۆغان لە کاتێک دا کە هەوڵ دەدات دەرس بداتە ئاڵمان، ئەگەر نازانێ چۆن دەبێ یادی قوربانیانی دەرسیم بکاتەوە، چاوێک بە وینەی چۆک دادانی ویلی بڕاند لە بەردەم بینای بیرەوەرەی قوربانیانی جوولەکە دا بخشێنێتەوە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates