Pages

Ads 468x60px

15 Jan 2013

دانوستان و تیرۆر



دانوستان و تیرۆر
جه‌لیل ئازادیخواز
رۆژی دەی مانگ بڵاوبوونەوەی هەوالی تێرۆری سی ژنە چالاکوانی سیاسیی کورد، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز، تێکدان و شلەقانی ئەو پرۆسە بوو کە ماوەیەکە بە دزی و ئاشکرا لەنێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە و ئۆجەلاندا بەردەوامە ولە گۆرێ دایە .

 پرۆسەی دانوستانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە دا لە ڕاستیدا دەکرێت لە دوو قۆناخدا پۆلێن بکرێت. قۆناخی یەکەمی ئەم دانوستانە ئەو بەشەیە کە لە ئۆسلۆ ئەنجام دراو پەکەکە وەک هێزێكی سیاسی و حیزب ئامادەی ئەم گفتوگۆیانە بوو . دەستکەوت و داهات و بەرئەنجام بۆ کۆتایی هاتنی ئەم قۆناخه‌ چیە لێرەدا مەبەست نییە و دەکرێت لە ساتەوەختێکی دیکەدا باس بکرێت. ئەوەی شیاوی سەرنجە بێ ئاکام هێشتنەوەی ئەم گفتوگۆیانە و گوێزانەوەیان بوو لە ئوسلۆوە بۆ ئیمراڵی و لە پەکەکەوە بۆ ئۆجەلان. وەک ئەگەرێک و تەنیا ئەگەرێک گاریگەریی ئەم گوێزانەوە لە سەر تیرۆری ژنە جالاکوانە کوردەکان بە تایبەتی ساکینە جانسز، چ لە رووی کات و سات و کەسایەتی و شوێنی رووداوەکەوە شیاوی لە سەر وەستانە.

سەرەتا و پێش هەر ئەگەر و گریمانەیه‌ک، بەرئەنجامی ئەم کوشتارە کوێرە سیاسییە وا دانراوە، کە لە بەرژەوەندیی کۆی ئەو هێز و لایە ن و کەسانە بشکێتەوە کە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی ناو پێکهاتە و دەستەلاتی تورکیا دژایەتی دەکەن و قایل بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی دۆزی کورد نین. 

دوەلەتی ئەردۆغان و ئاک پارتی، داخوازی ونیازی بێ ئەم لاو ئەولای هەیە کە لە بنەما سیاسی و یاساییەکانی پێکهاتەی ئێستای تورکیادا گۆران دروست بکات. سەرەتای ئەم گۆرانە دەست بردنە بۆ یاسای بنەرەتی تورکیا و رووبە رووبوونەوەی کەمالیزمی رەگ داکوتاو بە کلتوری سیاسیی ئه‌و وڵاته‌دا بوو. هەموو هێز و دواکەوتوانی ئەم ئایدیایه‌ و حیزبەکانی مەهەپە و جەهەپە و زۆرێکی بەرینی دەزگاکانی سوپا و سیخوری و پاریزگاریی تورکیا، دەچنە ئەو بەرەیەوە کە دەتوانن دژی ئەم پرۆسەی گۆرانە بن. ناکامکردنی ئاک پارتی و سەرقاڵکردنی بە کێشەی تری گرنگ و چارەسەر نەکراو، وەک دۆزی کورد، دەتوانی یەک لەو ئەگەرانە بێت کە ئەنجامی ئەم تیرۆرە لە کرداری ئەم دەزگایانە بزانین، هەر ئەم ئەگەرەیە.

روونە بۆ گۆرانی بنەماکانی یاسایی و سیاسیی تورکیا، کورد نەک هەر بەرگر نابێت، بێگومان دەتوانێ هێزیکی گرنگی یامەتیدەری ئەم پرۆسەی گۆرانەش بێت، لە دۆخیکدا کە له‌ بواری سیاسی و یاسایی کێشەکەی بناسرێت و چارەسەر بکرێت. کرداری دانوستان لە گەڵ پەکەکە و ئۆجەلان کە دەستکەوت و شانازییەکەی بۆ ئاک پارتی دەگەرێتەوە، دەکرێ وەک میکانیزمێکی بە‌ هێز بۆ ئەم چاکسازییە سەیر بکرێت و هەر ئەمەش وا دەکات نەیارانی دۆزی کورد و خوازیارانی مانەوەی بنەما سیاسی و یاساییەکانی تورکیا، لە ئەگەری گونجان و توانیندا کاری وا بکەن.

هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ئاک پارتی لە ئاست گۆرانکارییەکانی سووریا و رووبەروو بوونەوەی لەگەل رژێمی ئێران لە هەردوو ئاستی سوریا و جێگیر کردنی سپەری دژە مووشەکی ناتۆ لە خاکی تورکیادا، رووداو و ئەگەرێکی دیکەن کە دەتوانن سەرچاوەی روودانی ئەم کارەساتە بن و دەسەلاتەکانی سووریا و ئێران لەم تاوانە گلابن. روونە کە هەلوێستەکانی تورکیا لەمەر سووریا و جێگیربوونی سپەری مووشەکی چەندە ئیران و سووریای لە دەولەتی تورک وئاک پارتی دوور خستەوە و چەندەش لە پەکەکەی نزیک کردنەوە. رژێمی ئیران لە میژووی خۆیدا، وە بە پیشە و پێشینەش، سەلماندوویەتی کە رژێمیکی تیرۆریست ودژەکوردە. تیرۆرەکانی نەیاران و سەرکردەکانی کوردی رۆژهەلات هیچ گومانێکیان لە تیرۆریست بوونی ئەم رژێمەدا نەهێشتووەتەوە .

رژێمی ئێران و دەستەلاتی روو لە رووخانی سووریا، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ سازدانی تەنگژە و گرفتارکردنی دەوڵەتی ئێستای تورکیا تا لە سووریای دوور یخەنەوە و قەیرانە ناوخۆییەکانی هەراو و بەرجەستە بکەنەوە. سەرەرای ئەمەش رژێمی ئیران ترس لە گەشەی دۆزی کورد و پێشەوەچوونی کێشەکەی دایگرتووە و هەر جۆرە پێشکەوتن و گەشەیەک بە زیانی خۆی دەزانی و هەوڵی بەرگری و لە باربردنی دەدات .

چارەسەری دوزی کورد لە باکوور و رۆژئاوا، بە تایبەت لە باکوور، پەیوەندیی راستەوخۆی بە کێشەی کوردی رۆژهەلات و دەسەلاتە سەراپا قەیراناوییەکەی ئێرانەوە هەیە. بۆیه‌ بە هەموو فاکتەرەکان و بە زۆربەی بۆچوونەکان و بە پیی شوێن و جۆری رووداوەکە، ئێران دەتوانی گومان لیکراوی یەکەمی ئەنجامی ئەم تیرۆرە نامرۆییانە بێت .

شوینێ رووداوەکە، واتە وڵاتی فەرانسە، لە دێرزەمانەوە مەکۆی تیرۆر و تیرۆریستەکانی رژێمی ئیسلامی ئیرانە. ئەزموونی تیرۆر و جینایەتەکانی رژێم ئەم راستییە دەردەخەن کە رژێم لەم ولاتەدا لە دێرزەمانەوە گەرای سیخوری و کوشتنی داکوتاوە. سەرەرای ئەمەش جۆری کوشتنەکە لە رەوشی کوشتنی قوربانییەکانی دیکەی رژێمی ئێران دەچێت.

گویزانەوەی دانوستان لە ئۆسلۆ و پەکەکەوە بۆ ئیمرالی و کەسی ئۆجەلان خۆی، بە پێی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەش کە لەم پەیوەندییەدا درزیان کردووە، دەوڵەتی تورک گوایا خوازیاری دانووستان لەگەل ئۆجەلان خۆیەتی و پێی وایە کە بە پیێ ئەو هەلومەرجە کە ئیستا ئەوی تیادایە، دەکریت بێ پەکەکە بێتە ناو بابەتەکە و دانوستان بکریت و ئۆجەلانی بێ پەکەکە ببیتە ناوەندی جارەسەریی کێشەی کورد. بە واتایەک ئۆجەلان بە ئەجەندا و بەریان و رێکخستنێکی دیکەوە لەم کایەدا بەشدار بێت. ئەم گوشارە دوولایەنە دەتوانن پەکەکە ناچاری ملدان بەم رەوتە بکەن. یەکەم دابڕان لە ئۆجەلان بۆ پەکەکە کە کاریزمای حیزبی و جەماوەریی ئەم رێکجراوەیە، تا ئاستی نەگونجان ئەستەمە، چوونکە هه‌زینەی هێندە زۆرە. دووهەم پەکەکە رەنگە ئامادەیی و توانای دانی ئەم باجە گرانەی نه‌بێت ناچار مل بۆ ڕێکەوتنەکانی ئۆجەلان دەدات. هەر بەم هۆیەش ئەگەریکی دیکە ئەوەیە کە پەکەکە بۆ بەرگریکردن لە ئەنجامی ئەم سناریویە خۆی دەستی دابیتە ئەم کارە .

ئەم تیرۆر و رەشەکوژییە لە لایەن هەر کەس و هێز و ولاتێکەوە ئەنجام درابێت، لە بەرژەوەندیی کۆنەپارێزانی تورکیا و دەسەڵاتەکانی ئێران و سووریا ئەنجام دراوە و نابێت کورد و هێزە پێشڕەوەکانی باکووری کوردستان لە دانوستان و بەدواداچوونی گفتوگۆ، تا دوا ئاکامەکانی خۆی سارد ببنه‌وه‌. ئەم دۆخەی ئێستا دەخوازێ دوور لە قەڵسی و هەڵچوون، بە لۆژیکی سیاسی و ئارامی و هۆشیاری تە واوەوە، سەرای بە دواداچوونی رووداوەکە، رێگا نەدرێت پرۆسەی دانووستان راگیرێت و نەیاران هەلەکە بۆ تاودانی شەڕ و بەربەرەکانی و لە باربردنی هەوڵەکان بقۆزنەوە
.
nnsroj

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates