Pages

Ads 468x60px

28 Dec 2015

پارتی و تورکیا خەریکی چین لە کاتێکدا تورکیا خەریکی قەرکردنی کوردەکانە بارزانی بە هوویی دەزیەکی زۆرەوە پەنای بردوە بوو تورکەکان؟


پارتی و تورکیا خەریکی چین لە کاتێکدا تورکیا خەریکی قەرکردنی کوردەکانە بارزانی بە هوویی دەزیەکی زۆرەوە پەنای بردوە بوو تورکەکان؟
کەمال چۆمانی ..پاسەوان 

دو هەفتە لەمەوبەر (١٠/١٢/٢٠١٥) مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لە لایەن سەرۆکی تورکیا و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی تورکیا پێشوازیی لێ کرا. ئەمڕۆش (٢٦/١٢/٢٠١٥) نێچیرڤان بارزانی لە تورکیایە. هاوبەشەکانی لە حکومەتدا، ئاگاداری سەردانەکە نین، بۆیە پێدەچێت دیسان رێککەوتنی ژێر-بە-ژێر هەبن کە نایەوێت کەس ئاگادار بێت. عەلی سندی و سەفین دزەیی، وەک تودەیسزەمانی تورکیی بڵاویکردۆتەوە، هاوسەفەری بارزانیین. سەردانەکە لە کاتێک دایە کە دەوڵەتەکەی ئەردۆغان قەتڵوعامی کوردانی باکوری کوردستان دەکات.
ئەوەی لە میدیاکان باسدەکرێت لەمەڕ پێکهێنانی هەرێمێکی سونە و کورد و تورکمان وازلێدەهێنم و هەندێک مەسەلەی دی باسدەکەم.
ئەو سەفەرە لەبەر چەند هۆکارێک دەتواندرێت گرنگ بێت، بەڵام مەترسیدارە.
دەتواندرێت گرنگ بێت؛ چونکە لە دۆخێک دایە کە دەکرێت بقۆزرێتەوە بۆئەوەی باشوری کوردستانی لێڤرجی سیاسیی خۆی بەکاربێنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی باکوری کوردستان چونکە ئەگەر دۆخی باکوری کوردستان ئاسایینەکرێتەوە و گفتوگۆکانی ئاشتیی دەستپێنەکەنەوە، ئەوا هەرچی رێککەوتنی نێوان هەرێم و ئەنقەرە هەیە هەمیشە لە کەناری روخان دەبن. نە تورکیا متمانەی بە رێککەوتنەکان دەبێت و نە بۆڕیی نەوت و غازیش سەلامەت دەبن. تا پرسی کورد لە تورکیا بونی هەبێت، هەرگیز تورکیا نابێتە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی باشوری کوردستان.
بەداخەوە هەرێمی کوردستان نازانێت چۆن هێزی سیاسیی خۆی لە بەرانبەر تورکیا بەکاربهێنێت، هەر بەکاردەهێندرێت.
نە پەکەکە، نە هەدەپە و نە هیچ لایەنێکی دیکەی کوردیی، شەڕی سەرتاسەریی و راپەڕینی سەرتاسەرییان لە باکور رانەگەیاندوە و دەستیان بە شەڕ نەکردوە. تەنها داوای بەرگریکردن و خۆپاراستنی رەوایان کردوە لەناو خودی شار و شارۆچکەکاندا. هێشتا گەریلاکانی پەکەکە لە چیاکان دانەبەزیونەتە ناو شارەکان و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بکەن، گەل بەتەنها توانیویەتی هەم خاوەندارێتیی لە خۆی بکات، هەمیش بتوانێت روبەڕوی دەوڵەتی تورکیا و سوڵتان ئەردۆغان ببێتەوە. لە سێ دەیەی رابردودا، خەباتی پەکەکە، بۆ گەیشتن بوە بە رۆژێکی وا کە گەل خۆی بەرگریی لە خۆی بکات و خۆی بتوانێت خاوەندارێتیی شۆڕش بکات. هەر بۆیە ئەوەی ئێستا رودەدات، سەرەتای قۆناغێکی نوێی زۆر کاریگەرتر و گەورەتر و فراوانترە لە خەباتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان.
ئێستا بۆ پەکەکە رونبۆتەوە کە ئەمجارە ئەگەر شەڕ بباتە ناو کۆڵانەکان و گەریلا دابەزێتە ناو شار، راپەڕینی رزگاریی و ئازادیی رودەدات و گەریلا بەتەنها نابێت.
ئەگەر تورکیا مامەڵەیەکی دیموکراسییانە لەگەڵ پرسی کورد و پڕۆسەی ئاشتیی نەکات، دۆخی باکوری کوردستان ئاسایی نەکاتەوە، ئاوا تورکیا بەدڵنیایی بەرەو سوریابون دەچێت.
ئەو سەردانە دیسان لە کاتێک دایە کە دۆخی ناوچەکە لە کوڵان دایە. ئەنجومەنی ئاساییش پڕۆژەیەکی ئامادەکردوە بۆ گواستنەوەی دۆخی سوریا لە قۆناغی شەڕەوە بۆ قۆناغی ئاشتیی و گواستنەوەی دەستەڵاتدارێتیی و کۆتاییهێنان بە تێرۆر و شەڕ لە سوریادا.
روسیا لە ناوچەکەدا هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا خەریکی پێشخستنی هەژمونی خۆیەتی.
لە ٢٤ی نۆڤەمبەرەوە پەیوەندییەکانی روسیا و تورکیا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسییەوە کە بۆمبارانی گروپە تێرۆریستییەکانی سوریای دەکرد.
تورکیا دەزانێت لەمەودوا ناتوانێت لەڕێی هێزە پڕۆکسییە [دەسکەلا] تێرۆریستییەکانی ناو سوریا لە وێنەی بەرەی نوسڕەدا هیچ دەستکەوتێکی هەبێت. هاوکارییەکانی بۆ داعش هیچیان ئەنجامێکیان نەبو. ویستی تورکیا بۆ دروستکردنی هەرێمی دژە-فڕین یان هەرێمێکی پاراستن لەناو خاکی سوریا بۆ رێگرتن لە کشانی کوردان نەک هەر بو بە سەڕاب، بەڵکو ئێستا کوردانی رۆژئاڤای کوردستان لە پێشڕەویی دان بۆ گرێدانەوەی عەفرین و کۆبانێ کە ئەمە جیۆپۆلەتیکی تورکیا و سیاسەتی ناوچەیی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە.
سیاسەتی تورکیای سوریا بەتەواوی شکستیخواردوە. تورکیا ترسی هەیە لە داهاتوی سوریادا پەراوێزبخرێت چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە تورکیا نیگەرانە بە هۆی پشتیوانییەکانی بۆ داعش. هەروەها روسیا و ئێران لە سوریادا بەتەواوی دژ بە تورکیان.
تورکیا دەیەوێت لەڕێی بەکارهێنانی باشوری کوردستان و سونەی عێڕاقەوە بێتەوە ناو ململانێکان تا لە داهاتوی سوریادا، لای کەم هێزە پڕۆکسییەکانی تورکیا حیسابێکیان بۆ بکرێت.
تورکیا لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری بە باشوری کوردستان هەیە کە باشور دەتوانێت ئەو سیاسەتە بخاتە خزمەتی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و باکوری کوردستانیش. بەڵام چونکە نیەتی تورکیا پاک نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی سیاسەتێکی تەندروست و نیشتیمانیی و نەتەوەیی و دیموکراتیک نییە، بۆیە تەنها پارتیی دیموکراتیی کوردستان سەرپەرشتی ئەو پەیوەندییانە دەکات. پارتییش، وەک دەردەکەوێت، پەیوەندییەکان دەخاتە خزمەتی خۆیەوە و دژی نەیارانی خۆی بەکاردێنێت،، لە باکور و لە باشور.
ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی نابێت وەک سەردانێکی حکومەتی هەرێم تەماشابکرێت هەر بۆیە سەردانەکە مەترسیدارە.
مەترسیدارە چونکە؛
تورکیا تا ئێستا نەیتوانیوە بەرانبەر بزوتنەوەی راگەیاندنی خۆسەریی دیموکراتیک هەنگاوێک بچێتە پێش. باکور لەسەر پێیە و ئامادەی شۆڕشێکی جەماوەریی سەرتاسەرییە، بە روبەڕونەوەی چەکدارییش،
ئەردۆغان و ئاکپارتیی باش دەزانن ئەگەر ئەو بزوتنەوەیە سەرکەوتو بێت، ئەوا خۆسەری دیموکراتیک دەبێتە ئەمری واقیع.
ئەوەش دەزانن رێگرتن لەو بزوتنەوەیە زەحمەتە چونکە هەم داوایەکی سەرتاسەرییە، هەمیشە نەوەی نوێی کوردان لە باکور ئەوەندە رێکخراون توانای بەرگریکردنیان هەبێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر ئۆجەلان رایگەیاند کە نەوەی نوێی کوردان لە تورکیا بە رادەیەک رادیکاڵن کە ئەگەر لە زودا پرسی کورد چارەسەرنەکرێت بە ئەویش کۆنترۆڵناکرێت. ساڵی رابردو توندوتیژییەکان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی گرتەوە. ئەوکات بە هۆی پەیمانی دوبارەی ئەردۆغان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلان تەداخولی کرد و داوایکرد گەنجان بوەستن. بەڵام ئەمساڵ پێناچێت ئۆجەلان داوایەکی وا بکات بێ دڵنیا بون لەوەی کە پرسی کورد بە ویستی ئەو دەبێت.
کاتێک لە دۆخێکی وادا نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیا دەکات و کۆبونەوەی نهێنیی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دەبەستێت، دەبێت بەوردتر لە دۆخەکە بڕوانین.
دوژمنە سەرسەختەکەی ئەکەپە، پەکەکەیە کە ئێستا لەگەڵ پارتییدا جیاوازیی زۆریان هەن. پارتی لە ناوخۆی هەرێمدا لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان کێشەی هەیە. پارتی دەیەوێت هاتنی تورکیا بۆ باشور و عێڕاق بەکاربێنێت دژ بە نەیارەکانی لە قەندیل و شنگال، هەروەها وەک خۆنیشاندانێکی بەهێزیش بەرانبەر یەکێتیی و گۆڕان.
لەو دۆخە ناهەموارەدا، تورکیا سود لە لاوازیی پارتیی وەردەگرێت. لە لایەکەوە دژ بە پەکەکەی بەکاردەهێنێت، لە لایەکی تریشەوە گرێبەستی ناهاوسەنگ لە بەرژەوەندیی تورکیای پێ ئیمزا دەکات چونکە ئیستا تورکیا بە دوای سەرچاوەی دیکەی وزەدا دەگەڕێتەوە.
روسیا و ئێران، هاوکات لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی یەکترن، ئامادەکارانی زۆربەی زۆری غازی سروشتیی و وزەن بۆ تورکیا. ئێستا تورکیا لەگەڵ هەردو وڵاتدا جیاوازیی قوڵی لەسەر داهاتوی سوریا هەیە و لە عێڕاقیش دژ بە تەداخولی تورکیان. هەر بۆیە تورکیا بە دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەیە کە هەرێمی کوردستان باشترین سەرچاوەیە.حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی لە هەمو روێکەوە شکستیهێناوە. وا بەرەو ٢٠١٦ دەڕۆین و موچەی چوار مانگ نەدراوە. پێدەچێت بارزانی داوای قەرزێکی گەورە لە تورکیا بکات و نەوت و غازی کوردستان بخاتە مامەڵەکەوە کە ئەمە زەنگی هەرە مەترسیدارە بۆ ئەوەی باشور بەناڕاستەوخۆیی ببێتە کۆڵۆنیاڵێکی نوێی تورکیا.
ئەرکی یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی دیکەیە کە رێنەدەن نێچیرڤان بارزانیی و پارتیی بەتەنها و بێئاگاداریی هیچ دەزگایەکی باشوری کوردستان رێککەوتن بکات و بچێتە ناو ململانێ ئیقلیمیی و ناوخۆییەکانەوە چونکە؛
باشوری کوردستان نایەوێت ببیتە هۆکارێک بۆ لاوازکردن و لێدان لە پەکەکە و بزوتنەوەی ئازادیخوازیی باکوری کوردستان.
(هەرچەندە گومانم هەیە یەکێتی بەو هەمو باڵە شکاوەیەوە بتوانێت شتێک بکات بەتایبەت کە نوێنەری یەکێتیی لەناو حکومەت و ئەنجومەنی باڵای نەوت و گازی کوردستان، قوباد تاڵەبانییە کە هەم لە بەرانبەر نێچیرڤان بارزانییدا زۆر لاوازە و هەمیش لە کولێرەکە پارچەیەکی بەرکەوتوە).
هەروەها هەرێم ئەو توانایەی نییە لە ململانێ ئیقلیمییەکاندا ببێتە هاوپەیمانی بەرەی تورکیا لەناو عێڕاقێکدا کە شیعەی هاوپەیمانی تێیدا باڵادەستن.
جگە لەوانەش، باشوری کوردستان پێویستی بە چارەسەرکردنی پرسی بودجە، پێشمەرگە، نەوت و ناوچە جێناکۆکەکانە لەگەڵ بەغداد کە نزیکتربونەوە لە تورکیا وا دەکات نە پرسەکان لەگەڵ بەغداد چارەسەر ببن، نە تورکیاش لە داهاتودا وەک هێزێکی پاڵپشت بۆ هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە. تورکیا گەر لە شەڕی داعش پشتیوانیی هەرێمی نەکرد، کە هەمو دونیا دژی داعش بو، هەرگیز لە قوڵتربونەوەی ململانێکان لەگەڵ بەغداد وەک هاوپەیمانی هەرێم نامێنێتەوە.
یەک خاڵ جێگەی دڵخۆشییە؛ گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان زۆربەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نەیارەکانی پارتیی دیموکراتییە لە باشوری کوردستان کە دەبێت ئەوە بقۆزرێتەوە تا هەر رێککەوتنێک هەبێت لەسەر گازی سروشتیی کوردستان، لەڕێی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پارلەمانی هەرێمی کوردستان بێت بە ئاگاداریی سەرجەم هێزەکان و میدیا و خەڵکی باشوری کوردستان
.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates