هێشتا بە گومانن پ د ک و تورکیا و داعش هاوپەیمانن؟
شوان بورهان
خۆری داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لەسەردەستی شەڕڤانان و گەریلا و پێشمەرگەکانی ی ن ک دا لە ئاوابوندایە.
لەڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لە کۆبانی بە دانپیادانانی بەرەی نوسرە ٥ هەزار چەتە و دەیان فەرمانداری گەورە چەتەی داعش کوژران. هەمان ڕەوشی کە داعش لە شەنگال تێیکەوت هیچی لەوەی کۆبانی کەمتر نەبوو. پاش ئازاد کردنی خۆرهەڵاتی حەسەکە و ئازاد کردنی ڕێگەی نێودەوڵەتی ٤٧ و پاشان شەنگال. هەروەها هاتنە ناوەوەی ڕوسیا بۆ ناو سوریا تادیت سنوری دەسەڵاتەکەی خەلیفە بەغدادی هاوپەیمانی سوڵتان ئەردۆغان و چەتە نەوتفرۆشەکانی سعودیە و قەتەر و هاوپەیمانە کوردە سونیەکەیان پ د ک هێدی هێدی بەرەو تەسک بونەوە دەچێت. ئێستا ئیتر بەرەی سعودیە قەتەر تورک پ د ک لەسوریا بێکاریگەر بون. دەیانەویت هەرچی زوە بەکەڵک وەرگرتن لە مردار بونەوەی دەوڵەتە گاڵتەجاڕییەکەی داعش دەستوەردان لەناوچە سونیەکانی عێراقدا بکەن. سەردانەکەی بارزانی بۆ قەتەر و سعودیە و پاش ئەو ئەردۆغان ئیتر پێویستی بە کاهینیەت نی یە کە نیاز و مەرامی ئەوبەرەیە لە پەنهانی دا بهێڵێتەوە یاخودکەلەداهاتودا نەخشەسازیەک دەکەن بۆ ئاواکردنی هەریمیک یان هێڵێکی نوی بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆیان لەسەر گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەلە ئەگەری لەناوچونی بەهێزترین هاوپەیمانیان دا کە داعشە. پێشتر بارزانی ئاواکردنی هەریمێکیتری دراوسێی قبوڵ کردبو. پاش داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە بارزانی لە پەرلەمانی کوردستاندا دانی بە دەوڵەتەکەی بەغدادی دا ناو وتی (ئیستا دەوڵەتێکیتر دراوسیمانە!) بۆیە لە پێناوی دەستەبەرد کردنی ئەو ئامانجانەدا بو کە بارزانی پێداگری کرد لەسەر دریژەدان بە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بەشێوازێکی نایاسایی و دەستوری، هەروەها بۆ هەمان ئامانج بارزانی و حیزبەکەی بەتەواوی حکومەتیان پەکخست و پەرلەمانیان فەلەج کرد، بەتەواوەتی باشوریان خستە بن هەژمونی حیزبەکەیان و بەنماڵەکەیانەوە. پ د ک هەربەوەندە نەوەستا بەڵکو تەواوی ڕاگەیاندنەکانی خستە گەڕ و دەهۆڵی ئەوەی دەکوتا دەبێت پ ک ک لەشەنگال دەرکەوێت! کەچی لەبەرامبەردا فەرشی سور بۆ سوپای دەوڵەتێکی داگیر کەر ڕادەخات و وەک پیشەی هەمیشەی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە شەرعیەت بە هاتنی ئەو سوپایە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دا دەدات! ئەو هاوپەیمانیەی دەوڵەتی تورک لەسەرەتاوە دژی وەستا و ئامادە نەبوو تێیدا بەشدار بێت!.
هاتنی سوپای تورک چ شەرمەزاریەکی گەورەیە و ٣١ی ئاب ی لەچاودا شەرمەزارە بابەتێکیترە و لە فەرهەنگی خیانەتی حیزبی سیاسی کلاسیکی کورد دا لەسەر خیانەتەکانی ڕابوردو کەڵەکە دەبێت، بەڵام ئەم خیانەتە لەسەردەمی نوێی هەڵکشانی تێکۆشانی نەتەوەیی دیموکراتیانەی گەلی کورد دا وەک خیانەتەکانیتر بەسەر پ د ک دا تێپەڕ نابێت. لە هەمان کاتدا هاتنی سوپای تورک بۆ باشور پێش هەرکەس ڕێگرتنە لە پێشکەوتن و هەڵکشانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژئاوا. لەئەگەری لەدەستدانی ئەو ٨٩ کم سنورەی نێوان جەرابلوس عەزاز دا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لەژێر فشاری ڕوسیا و تەنانەت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جارێکیتر بە ئاواکردنی هەرێمێک لەژیر باندۆری تورک پ د ک دا لەناوچە سونیەکانی عێراق دەوڵەتی تورک هەوڵی هاتنەوە سەرشانۆی سیاسەتی ناوچەکە دەدات، بەبڕوای من ئەم هەوڵدانە لەهەمان سیاسەتی ئەوسەردەمەی تورک دەچێت کە دەیویست لە قامیشلۆ وە تا عەفرین بکاتە هەرێمێکی تامپۆن(قەدەغەکراو) بە بیانوی گوایە داڵدەدانی پەنابەرانی سوریا لەوناوچانە و ئەو ناوچە کوردیانە بەو بیانوە نەزۆکە بخاتە ژێر باندۆری سیاسەتە داگریکاریەکانی خۆیەوە و رێگری لە هەردەستکەوتێک بۆ گەلی کورد لەوناوچانە بکات. هەرچی شانسی سەرگرتن و سەرکەوتنی ئەو پلانەی تورکە لەخەونی حوشتر نزیکترە لە فاکت چونکە دەوڵەتی تورک لەخاکی خۆی و سنورەکانی خۆیەوە نەیتوانی ئەوئامانجانە بپێکێت ئیستا چۆن لە قوڵای خاکی وڵاتێکیترەوە دەتوانێت بەو ئامانجە بگات؟ لەکاتێک دا حکومەتی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەو سوپایە ڕاگەیاند. لەهەمان کات دا هێزە هەژمونگەرا جیهانی و هەرێمی یەکان چۆن ڕێگە بە سەرکەوتن و بەئامانج گەیشتنی ئاوها نەخشەیەک دەدەن بەتایبەتی ڕوسیا و ئیران وەک دو هێزی هاوپەیمانی حکومەتی ناوەندی عێراقی شیعە!.
پێویستە لەبەرامبەردا تەواوی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان هەرچی زوە بکەونە جوڵە و ئەم سیاسەتەی گەمەکردن بەچارەنوس و ئایندەی گەلی کوردەوە لەلایەن پ د ک بە هاوپەیمانیتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک پەسەند نەکەن. ئەم هەوڵدانە لەئەگەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی دا دەرگا لەسەر کارەسات بۆ باشوری کوردستان واڵا دەکات. بۆیە دەبیت فشاری جدی بخریتە سەر پ د ک و هەرچی زوە پەرلەمانی باشوری کوردستان ئاکتیڤ بکریتەوە لەلایەن ئەوهێزانە کە لە تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراتی دا جێدەگرن. پێش هەرشتێک ئەم سیاسەتەی پەلکێشکردنی سوپای تورک بۆ باشوری کوردستان وەک خیانەتێکی نەتەوەیی هەژمار بکەن و پ د ک و بارزانی لەمەترسیەکانی ئەو سیاسەتانە ئاگادار بکەنەوە و سیاسەتە تاکڕەویەکانی پ د ک و بارزانی و ڕیسک کردن بە دەستەکەوتەکانی گەلی کوردەوە لە لایەن ئەو هێزە و سەرۆکی ئەو حیزبەوە مەحکوم بکەن، وەکتر هەرکەمتەرخەمیەک لە بەرامبەر ئەم مەترسیانە و ئەوڕیسکەی بارزانی و پ د ک بە چارەنوس و ئایندەی گەلی کوردەوە دەیکەن ئەوانیش تێیدا جێگیر دەبن و لەبەرامبەر گەلی کورد و مێژوودا بەرپرسیار دەبن.
No comments:
Post a Comment