Pages

Ads 468x60px

27 Dec 2018

کرماشان بۆ کوردستان "دڵ"ە



کرماشان بۆ کوردستان "دڵ"ە
سمایل شەرەفی
هەرچەند دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرا لە ئێران تا ئێستایشی لە گەڵ بێت بە چاوی ئەمنیەتییەوە سەیری پرسی کورد دەکات و پرسی کوردستان وەک جوغرافیاییەکی سیاسی بە مەترسییەک بۆ سەر "ئەمنیەتی میللی"ی "ئێران" دەزانن، بەڵام لەم نێوەدا "کرماشان" حەساسییەتێکی تایبەتی لە سەرە. لەم پێوەندییەدا رێژیمەکانی تاران هەمیشە هەوڵیان داوە ئەم شوێنە(کرماشان) بە دوور لە کوردبوون و کوردستانیبوون ڕابگرن. بۆ ئەم کارەش لە کۆمەڵێک بواری مەزهەبی، عەشیرەیی و زاراوەیی‌دا، سیاسەتی ناکۆکینانەوە و کەلێنتێخستن لە نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ڕەچاو کراوە. بەردەوام هەوڵ دراوە لە جۆراوجۆرییەکانی ئەم بەشە لە کوردستان کە لە چاو ناوچەکانی دیکە تەنەوعات و فرەجۆری زیاتر هەیە، بەمەبەستی لێکدابڕان کەڵک وەربگیردرێ.

بێرێزیکردنی پێشکەشکار کاناڵێکی وەک "من و تو" کە لە دەرەوەی وڵات بەرنامە بڵاو دەکاتەوە، لە گەڵ ئەوەیکە خۆی بە مخالف و ئۆپۆزیسیۆنی ریژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێ، گۆشەیەکی چووکە و "ڕاگەیاندراو"ی ئەم روانینەی ئەقڵییەتی ناوەندگەرای ئێرانییە کە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە لە سەر کرماشان دەدەات و لە گەڵ روانینی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی – هەرچەند لە تەزادیش دا بن – یەک دەگرێتەوە.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆ کرماشان؟!
وڵامی ئەم پرسیارە کە دەکرێ ناوەرۆکی کۆمەڵێک باسی سیاسی، ئابووری، حەشیمەتی و ژێئۆپلۆتیکیی کەسانی شارەزای ئەم بوارانە بێت، لە قسەیەکی کورت و سادە، لە هەمانکاتدا پڕمانای ئەو کەسانە دایە کەم ئەم ڕۆژانە، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی "بێرێزیکردنی پێشکەشکاری کاناڵی "من وتۆ" بە خەڵکی کرماشان"، کردیان. ئەوان بە هەستێکی کوردانەوە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم بێڕێزیانە، وتیان کە "کرماشان دڵی کوردستانە".
لە پرسی خاک و مەوقعیەتی جوغرافیاییدا ئەوەی پێی دەوترێ زانستی ژێئۆپلۆتیک، پێبەخشینی نازناو یان پێناسەی "دڵ" بە شوێنێک، تەنیا هەست و سۆز نیە، بەڵکوو پاشخانێکی مەعریفی لە پشتە کە بریتییە لە ئەهەمییەتی سیاسی و جوغرافیایی ئەو شوێنە لە پانتاییەکی بەرینتر لە پرسێکی گەورەتر کە پێوەندی بە بەرژەوەندی خاک و خەڵکێەوە هەیە بە ناوی "نیشتمانی میللەتێک".
کرماشان نەک وەک شارێک و نەک وەک پارێزگایەک، بەڵکوو وەک شوێنێک بە مەوقعییەتێکی شازی هەڵکەوتویی، ئابووری، حەشیمەتی و پانتایی لە خاک و جۆراوجۆریی ئایینیی و کلتووری، کە هەر هەموویان لە قەزییەی کورد لە ئێراندا یەکلاکەرەوە و شوێندانەری بنەڕەتین. بۆیە سیاسەت و ڕوانینی دەسەڵات و ئەقڵییەتی ناوەندگەرای ئێرانی بۆ "کرماشان"، سێرەگرتن لە "دڵ"ی کوردستان و سڕکردنی شادەماری بزووتنەوەی میللەتێک کە بەدوای سەروەرییەکانی خوێدا وێڵە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates