بەپەلە.سپی زانیاری ورد لەسەر چۆنێتی گواستنەوەی ئێزیدیەکانی لەشاخی
شەنگال بڵاودەکاتەوە
پەکەکەو یەپەگەو لە سونونیەوە رێرەوێکی هێمنیان کردۆتەوە بۆ گواستنەوەی خێزانە ئاوارەکانی شاخی شەنگال.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە دهۆکەوە بە سپی میدیای راگەیاند کەبەدرێژایی ئەمرۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەرێگای هێرشەوە بۆ سەر چەکدارانی داعش لە باکوری رۆژائاوای شنگالەوە سەرقاڵی کردنەوەی ئەو رێرەوە بوون لەخاکی رۆژئاواوە بۆ سونونی و کەسێ ولەوێوە بۆ چیاکە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکینەکانی پاراستنی گەل زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبیلیان ئامادەکردووەو لەرۆژئاواوە هێناویانە بۆ ئەو دەڤەرە تا ئامادەبێت بۆ گواستنەوەی ئاوارەکانی شەنگال.
سەبارەت بە بەشداری پێشمەرگە لەو پرسەدا، بەپێی زانیارییەکانی سپی میدیا بەیانی ئەمرۆ هێزێکی پێشمەرگە داوایان لەپەیەدە کردووە لەسنوری پارێزگای دهۆکەوە بپەڕنەوە بۆ رۆژئاواو لەوێوە لەگەڵ یەکینەکان و گەریلاکان ئەو ناوچانە بگرن تا دەگاتە شاخی شەنگال بۆ ئەوەی رێرەو بۆ ئاوارەکان زامن بکەن و بەپێی هەندێک سەرچاوەی پارتیش ئێستا ئەو هێزەش گەیشتوونەتە ئەو دەڤەرەو شان بەشانی گەریلاو یەکینەکان شەڕی داعش دەکەن.
بەپێی سەرچاوەکەی سپی میدیا رۆژی ٥ ی ئابیش ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە لەقەندیلەوە جوڵەیان کردووە نزیکەی ١٠٠٠ گەریلا دەبوون لەسنوری پارێزگای دهۆکەوە پەڕینەوەو چوونە خاکی رۆژئاوای کوردستان و لەوێوە لەگەڵ هێزێکی زۆری یەکینەکانی پاراستنی گەل چوونە لای ئاوارەکانی شاخی شەنگال.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئێستا کاروبارەکان و دروستکردنی رێرەوەکە دوورخستنەوەو شکاندنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی سونونی و کەسێ باش رۆشتووەو ئومێد بەخشە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی نەشاردەوە کە گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی کە زیاتر لە ٣٠ هەزار خێزان دەبن لەو چیایەوە بۆ شوێنیک ئارام کارێکی ئاسان نییە.
بەپێی زانیارییەکانی سپی هەنگاوی یەکەمی گەریلاو پێشمەرگە دوورخستنەوە ئاوارەکانە لەمەیدانی شەڕ.
No comments:
Post a Comment