Pages

Ads 468x60px

4 Jul 2017

لە مەنگەنەدان و تەخریبی (عەلی کەریمی) بۆ چی؟؟؟



لە مەنگەنەدان و تەخریبی (عەلی کەریمی) بۆ چی؟؟؟
لە سەردەمی ئێستادا سیاسەت بۆتە بەشێک لە ژیان و ڕۆشنبیری و باس و خواسی رۆژانەمان،بمانەوێت یا نەمانەوێت سیاسەت چۆتە ناو هەموو کەڵێن و سووچێکی ماڵەکانمانەوە، بە تایبەتیش لەم وڵاتانەی کە ئازادی بیروڕا دەربڕین و چاپەمەنی و مافەکانی مرۆڤ بوونیان نییە و دەسەڵات مۆنۆپۆڵی تەواویی کایەکانی سیاسی و جڤاکی و رۆشنبیری و ئابووری وڵاتی کردوە.
Fariburz Abdanan

بەداخەوە لە ناو گەلی کورد سیاسەت تەنها بە مەبەستی حیزبایەتی پێناسەکراوە، بەڵام مەودای سیاسەت زۆر لە حیزبایەتی بەرفراوانتر و هەمەلایەنترە، سیاسەت هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە و دەبێ پێناسەیەکی جیاوازتری بۆ بکرێت.

لە مێژووی سیاسی کۆن و نوێدا کەم نینە ئەو دەسەڵات و پارت و حــزبانەی بۆ گەیشتن بەئامانج و ستراتیژییەکانی خۆیان لە ناو جڤاک و جەماوەردا،کەڵکی تەواویان لە هێزی ئەکتیڤ و زیندوو و پێشەنگی کۆمەڵگە وەرگرتووە،لێرەدا مەبەست لە چینی رۆشنبیری کۆمەڵگایە کە بەردەوام بۆ لڤاندنی ڕای گشتی، دەسەڵات کڕنۆشی بۆ بردونە و پێویستی زۆری پێیان هەبووە بۆ جووڵاندنی ڕای گشتی جەماوەر لە قۆناخە هەستیارەکاندا.
هەموو حیزب و پارتەکانی بەشدار بووی ناو کایەی دەسەڵات و حوکمرانی بەمەبەستی دەستەمۆ و گوێرایەڵ کردنی ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیران بۆ مەرام و ئامانجەکانی خۆیان، لەتەواویی فاکتەرەکانی وەک ناوبانگ و پایەبەرزی بنەماڵەیی و پارە و گەوڕەکردن و پۆزلێدانی ڕووكەشانە سوود وەردگرێت،بۆ خستنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆی.
بەڵام، لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو ئەو کەسە نەبووە کۆیڵە و گوێرایەڵی، ئەوە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی وێرانکردنی دونیای فیکری و رۆحی و دەروونی و لە هەندێک کاتیشدا جەستەیی ئەم کەسە دەدەن و ناچاری دەکەن بەزۆری ملکەجی ئەمر و فەرمانەکانیان بێت.
لە ئێستادا هەروەک هەموومان دەزانین و ئاگادارین دەسەڵاتی کوردی و حیزبەکانی ژێر سێبەری تەواویی هەوڵەکانی خۆیان چرتر کردۆتەوە بۆ گوشار و هێرش کردنە سەر کەسایەتی سیاسی و نووسەر و چاڵاکڤانی سەربەخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان (مامۆستا عەلی کەریمی) و لە ڕاگەیاندن و رۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا،رۆژانە ئەم گروپ و تاخمانەی کە دەهۆڵی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەژنن،بەشێوەیەکی سیستەماتیک و پلاندارێژراو کار لەسەر شکاندنی کەسایەتی ئەم شۆڕشگێر و چاڵاکڤانە مەدەنیە دەکەن،ئەوەش ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە دونیابینی حیزب و دەسەڵاتی کوردی لێوانڵیوە لە ترس و تۆقاندن و هەڕەشە بۆ سەر خەون و خەیاڵی ئازادی و هزرە جیاوازەکانی ناو جیهانی سیاسی و رۆشنبیری کۆمەڵگەی ئێمەی کورد لە ئێستا و داهاتوودا و ئاسۆیەکی گەش چاوەڕیمان ناکات، بەم عەقڵیەتە نەخۆشەی کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ و بازرگانی کوردایەتی که ئێستاش هەزم کردنی بیروبۆچوونی جیاوازی تاکەکان بۆ ئەوان جێگەی قەبووڵکردن نییە.
وەک ئەوەی لەم رۆژانەدا دەبینین کە بەچ شێوەیەکی لەسەر فەزای مەجازی هێرش دەکەنە سەر کەسایەتی پاک و خاون هەڵوێستی وەک بەڕێز عەلی کەریمی و سنوورەکانی نێوان ژیانی شەخسی و ڕەخنەی فیکری دەبەزێنن لەژێر ناوی ڕەخنە و لێکدانەوەی هەڵوێستەکانی ئەم بەڕێزە لەسەر کێشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی رێفراندۆم و سەربەخۆیی و مەسەڵەی فرۆشتنی سامانی نیشتیمانی نەوت و کێشەی ناکۆکی و جیابوونەوەی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران بەگشتی و
بوونی سەربەخۆیی و بێلایەنی لە هەڵوێست و کردەوەکانی مامۆستا عەلی دا و ڕەخنەگرتن لە بێ هەڵوێستی و پەسیڤبوون و ناکارایی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی دانیشتووی کەمپەکانی باشووری کوردستان و کێشەی نەبوونی یەکگرتوویی و کۆدەنگی لەمەر پرسە سیاسیەکان و پێشهاتەکانی ناوخۆیی ئێران و گۆڕانکارییەکان بەگشتی،کاریگەری زۆری هەیە بۆ دروستکردنی ئەم دۆخە ژەهراوییەی ئێستا لە ئارادایە بۆ پەڵاماردان و تەسفیەکردنی کۆنە حیساباتی ڕابردوو و ڕەق و کینەی تاک و گروپەکانی سیاسی لەدژی مامۆستا عەلی کەریمی.
هەر بۆیە کەسایەتیەیەکی وەک بەڕێز(عەلی کەریمی)ئەگەر هاوشێوەی ئەوانی تر نەچێتە ژێر ڕەحم و بەزەیی دەسەڵاتی حیزب و حکوومەتەوە،ئەوە بەهەموو شێوەیەک مورید و عەقڵ دۆگمەکانی ناو حیزبە سیاسەکان هەوڵی تیرۆری فیکری و جەستەیی ئەم کەسە ئەدەن، بە چەواشەکاری و هێرشی درۆهەڵبەستن و شکاندنی کەرامەت و ڕەوشتی بەرزی شۆڕشگێری ئەم ڕووناکبیرە خاوەن هزر و هەڵوێستەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوندەی من خوێندومەتەوە و تێگەیشتوومە لە پراکتیکی سیاسی ڕابردوو و بەرهەمەکانی نووسینی ئەم بەڕێزە،ئیتر سەردەمی ئەوی بەسەر چووە کە دەسەڵات و حیزبەکانی کوردی بتوانن بەگشتی سوودی لێوەرگرن بۆ ئەفسانە هۆنینەوەی شۆڕشگێرانە بە قازانجی خۆیان و تاخمێکی دیاریکراو.
چۆن هەموومان حیکایەتی مێژووی زۆر کەسایەتی و نووسەر و سکرتێری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ـ مان خوێندۆتەوە،کە لەلایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک کەرەستەیەک بۆ مەرام و پرۆژەکانی سیاسی و ئابووری و ڕێکخستنی خۆیان کەڵکیان لێوەرگیراوە،یا بەدیوێکی تردا زاڵبوونە بەسەریاندا و دوای بەتاڵکردنی هەست ونەست و خەیاڵیان لەشتە جوانەکانی گەردون و ئەخڵاق و پڕەنسیپەکانی شۆڕشگێری ماڵئاواییان ڵێکردونە و لەگۆشەیەکی خەڵوەتی ژیانی شەخسی خۆیاندا خەرێکی بەرێکردنی دوا ساتەکانی تەمەنیان بوونە،نموونەگەڵێکی زۆرمان لەبەر دەستە لە باشووری کوردستان کە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکەین و پەردەیان لەسەر هەڵدێنەوە.
لەناو مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردا دا،هەر لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا دەگاتە رۆژگاری ئەمرۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەدەیب و شاعیر و نووسەرانی کوردی رۆژهەڵاتی خۆیان دایە،پشت شۆڕشی کورد لە پارچەکانی تر،بەڵام دوای قۆناغی سەرکەوتنی شۆڕش تووشی نسکۆ و رووخانی ژیان و فیکر بوون و هەمووشیان لەکۆتاییەکانی ژیانیاندا هەزاران خۆزگە و ئاواتیان هەبوو بۆ دەرکەوتن و گەڕانەوەیان بۆ زێد و واری خۆیان.
ئەم مەخلووقاتە بەناو ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و تیۆریستەکانی فیکری نەتەوەخۆازی کە لە هەوراز و نشێوەکانی مێژووی رزگاریخوازیدا خۆیان داوەتە پاڵ پارت و حیزبەکانی باشووری کوردستان بۆ سەرخستن و کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەمکاری ڕێژیمی بەعس و لە سەنگەری فیکری ئەم حیزبانەدا بەرگریان لە خاک و شکۆی نەتەوەیی گەلی کورد کردوە،هیچکات بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو رۆژێک ئەم حیزب و دەسەڵاتە خۆماڵیەش هاوشێوەی دەسەڵاتی بەعس و تورک و فارس هێرشیان بکات سەر و رۆژانە سووکایەتیان پێبکات و ناو ناتۆری جیاوازیان بۆ دروست بکات و مۆرکی جاش و بەکرێگیراو و نیشتیمان فرۆشیان پێوە بنێت.
ئەمەش زۆر ئاساییە و دەکری هەرکەس بە تێگەیشتن و باوەڕی خۆی پاڵپشتی لە گروپ و حیزب و ڕێکخراوێک بکات،بەڵام کاتێک دەبینین ئەم حیزبە لەئاست بەرهەمی ڕەنج و کەدی ئەم کەسە سەپڵە دەردەچی و دوای سەرکەوتنی شۆڕش ئیتر گرنگییەکی نادات بەو کەس و کەسایەتیانەی کە هەموو ژیانی خۆیان کردۆتە قوربانی ئەم حیزبە،ئەوە دەبێ لێرەدا هەڵوێست و تێرامانێکی قووڵترمان هەبێت.
ساڵانێکی دڕێژە (عەلی کەریمی) وەکوو تارماییەکی بێدەنگ ئیشی ئەوە بوو دیوار و حەوش و فەرشەکانی نیشتیمان پاکبکاتەوە،لەو کرمانەی نیشتیمانی دایک بەهۆی جەنگی ناوخۆیی و شەڕی گەماری بڕاكوژی و کێشمەکێش بۆ هێز و سامان و تەختی سەرۆکایەتی هەڵیهێنابوو،جەنگی وێرانکەری ناوخۆیی زۆر لە بەها و نۆرمەکانی جیهانی سیاسەتی کوردی خستۆتە ژێر پرسیار و گومانەوە کە هەموومان ئەمرۆ بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕین.
یەک لەوانەی زیاتر عەوداڵی دۆزینەوەی ئەم پرسیارە بێ وەڵامانەیە بەڕێز (عەلی کەریمی)یە،هەڵوێست و نووسین و راڤەکردنی مێژوو و کردەوی هێزە ناسیۆنالیزم و چەپ و مارکسی و سۆسیالیستەکانی کوردی لە بۆتەی ڕەخنەکانی مێژوویی ئەم کەسایەتیەدا چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوودا بەئاشکرایی شوێنی دیارە،ئەوی کە هێزەکانی کوردی رۆژهەڵاتی ـ دانیشتووی کەمپەکانی باشووری کوردستان زۆر بەروونی تێدەگەنو ئەمرۆ بوونی ئەم کەسە بۆ داهاتووی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەمەترسی دەزانن،هەر بۆیەشە لە ڕێگەی جیاوازەوە رۆژانە هێرش و پەڵاماری کەسایەتی دەدەن و بەتیرۆری سپی وەڵامی هەڵوێست و ڕەخنە و بۆچوونەکانی ئەدەنەوە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە هەموومان بیزانین ئەوەیە کە دەسەڵاتی حیزبی کوردی بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە،قەبووڵی هەبوونی ئەم جۆرە کەسانە بکات لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا و هەر رۆژە لەژێر ناو و بیانووی جیاواز کۆمەڵێک کۆپاڵ بەدەستی خۆی بەردەداتە گیانی لە فەزای مەجازیدا و بەنووسینی جنێو و بۆختان و تەشهیر پێکردن هەوڵی بچووک کردنەوەی دەدەن،بێئاگا لەوی خەڵکی کورد ئەمرۆ زۆر هۆشیارتر و زاناترن باوەڕ بەم منداڵانەی حیزب و نەوەی نوێ حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات و باشوور بکەن.
من پێموایە منداڵانی ئەم حیزبانە کە دانیشتووی باشووری کوردستانن بەهۆی زۆر مانەوەیان لەژێر سێبەری گەندەڵی و تاڵانی و فەرهوودی شۆڕشگێرانی ئەوسای شاخ و ئێستای شار تووشی سەرڵێشێواوی و لاساییکردنەوە و بێ بەرهەمی بوونە،خاوەنى بڕیار بەخۆ بوون نین و بەبەردەوامی هەمیشە دەیانهەوی لەجیاتى ئەوان بڕیار بدرێت و ئەوانیش کوێرانە بڕیارەکان جێبەجێ بکەن،بەم جۆرەش ڕۆحى مشەخۆرى لەناو نەوەی نوێ ئەم حیزبانەدا زاڵبووە،وەک ئەوەی هەمیشە شەپۆڵێکی مەزن بێت و دەستی چاڕەنووسیان پێشانبدات،تاکوو بزانن داهاتوویان بەرەو کۆی دەچێت و چۆن دەبێت.
نەوەیەکی نوێ لەم کەمپەکانی کوردایەتی ئەحزابی رۆژهەڵاتدا دروستبووە و هاتۆتە دەری کە چەتەگەرییە ئاغاواتەکەی ئەیلوولیان ناو لێکردوە شۆڕشی گەلی کورد، چەتەگەرییەکەی دوای ئاشبەتاڵیشیان ناو لێکردوە( شۆڕشی نوێ و گوڵان)، بەڵام بەرهەمی ئەم هەمووە قاچاغچییەتییەی کوردایەتیی، ئەم هەموو جاشایەتی و جەیشایەتی و تیرۆر و ڕادەستکردنەوە و ڕەفاندنی چاڵاکوان و نووسەر و رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی بە ئێرانی سەردەمی ستەم شاهی و ئیسلامی ئاخوندی شیعەیان بە خەباتی پێشمەرگایەتیی تەقدیس کردوە،کە لە ڕاستیدا جگە خیانەت و کورد فرۆشی بۆ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هیچ دەستکەوتێکی تریان نەبووە بۆ کوردی رۆژهەڵات.
ئەوەی لە ئێستادا بەرگری لە کەرامەت و شکۆی نەتەوەیی گەلی کورد دەکات لە پارچەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەم زاتە پیرۆزەیە،بۆیە هەوڵدان و هێرشە بێ وەچانەکانی جەماعەتی کەمپ نشین لەڕێگەی کۆمەڵێک بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سەر بە دەزگای "پاراستنی"بنەماڵەی بارزانی هیچ ئاکامێکی نییە و بۆیە باشترە ئەوانە لە شوێنی خۆیان دانیشن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ئەزموونێکی گەندەڵ و فاشیڵ و شکەستخواردوی یاسایی و ئاسایی بکەن

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates