Pages

Ads 468x60px

8 Dec 2012

رێبەران بەرپرسی یەكەمی ئەو ئاڵۆزییەن . نۆسینی هاوار بازیان



رێبەران بەرپرسی یەكەمی ئەو ئاڵۆزییەن

نۆسینی هاوار بازیان.


هاوار بازیان
ئەگەر بڕواتان بە دیموكراسی هەبووایە، پێویستی نەدەكرد بەر لە گەیشتن بە رزگاری و هاتنەدی فەزایەكی ئازاد بۆ دەنگدان و بڕیاری گەل لەسەر حسێبی خوێنی هەزاران رۆڵەی كورد شەڕە قسە و لێدوان و بەیان و ناو و ناتۆرەی سەیر و سەمەرە بۆ یەكتری هەڵبەستن كە تێیدا تەنیا دوژمن سوودمەندە و هیچ! بەڵام ئەو دۆخە مەترسیدارەش بۆ لێدوانی نابەرپرسانەی رێبەرانی هەرسێك حزب دەگەڕێتەوە كە ئەگەر كارێكی مەبەستدار بێ، كارەساتە و دەچێتە ئاستی خیانەتی نەتەوەیی، بەڵام بۆچی؟
1. ئەگەر كۆمەڵە پێی وایە "پژاك حزبێكی رۆژهەڵاتی نییە"، دەتوانێ كار بكا تا ئەو بڕوایە لای خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بكا و بۆیان شی بكاتەوە و كاتی خۆی لە دەنگدانێكی گشتیدا لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە بە پژاكی بسەلمێنێ كە بەڵی تۆ "پێگەت نییە و بگەڕێوە باكوور".
2. ئەگەر پژاك پێی وایە دیموكرات و كۆمەڵە "سیخوڕی كۆماری ئیسلامین"، ئەوە بەرپرسیارێتییەكی گەورەی دەكەوێتە سەرشان و ناتوانێ لە داهاتووی دووریشدا لەگەڵ ئەو هێزەدا مامەڵە بكا، چونكە ئەوكات خۆی دەبێتە هاوبەشێكی ئەو هێزە و چۆن پاساوی هاوكاریكردن لەگەڵ هێزێك دێنێتەوە كە بەر لە رووخانی كۆماری ئیسلامی "سیخوڕی رژیم" بووبێ؟ جگە لەوەی پێویستە زۆر خێرا بە بەڵگە ئەو تۆمەتە ساخ بكاتەوە و كە ئەگەر راست دەربچێ ئەوە پێویستە شەرمەزار بكرێ.
3. ئەگەر دیموكرات لەو بڕوایەدایە دەتوانێ لە رێگەی پەكەكەوە كۆنترۆڵی پژاك بكا، یان پێی باشترە لەگەڵ حزبی دایك مامەڵە بكا نە كوڕێكی لاسار، پێویستە ئەویش ئاگەدار بێ لە هەڵوێستەكانی. چونكە بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە بە هەردوو باڵەوە تا ئێستەش خۆیان لەگەڵ پرسی پژاك بۆ داهاتووی رۆژهەڵات ماندوو نەكردووە و هەر پێیان وابووە ئەگەر بە چەند مانگ جارێ چاویان بە چەند بەرپرسێكی باڵای پەكەكە بكەوێ یان لە بۆنەیەكدا بزەیەكیان بۆ یەكتری نارد و چەند وێنەیەك گیران و نامەیەكی چەند دێڕی ئاڵوگۆڕی پێكرا، ئەوە پەكەكە بەخواستی ئەوان كۆنترۆڵی پژاك دەكا، كە ئەوەش تەواو هەڵەیە.
حزبە كلاسیكەكانی رۆژهەڵات پێویستە دەروونناسییەكی پژاك بكەن و لانیكەم تا گەیشتن بە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ ئەو پارتە هەڵبكەن، ئەو كات دەتوانن بۆ دەنگی جەماوە بگەڕێنەوە و ئەگەر رای گشی پژاكی پەسند نەكرد ئەوكات نەك پژاك ئەوە هیچ هێزێكی دیكەش ناتوانێ زۆرداری بكا، ئەگەریش وابوو خەڵك پژاكی وەك جێگرەوەیەك بۆ دیموكرات و كۆمەڵە پەسند كرد ئەوكاتیش دیسان ئەو 2 هێزە ناتوانن خواستی خەڵك بەرامبەر پژاك نادیدە بگرن، هەر ئەوە نییە دیموكراسی كە باسی دەكەن؟
بەڵامی داخی هەرەگران ئەوەیە كە لە هەستیارترین كاتدا پژاك و كۆمەڵە و دیموكرات لە یەكتری گرژ دەبنەوە، چونكە ئەمڕۆ نە شوێنێك هەیە هێزی ئەو 3 پارتەی تێدا تاقی بكەینەوە، نە فەزایەك و فشارێكی گشتی هەیە بتوانین هەریەك لەو 3 لایەنە رازی بكەی كە شیاوتر رەفتار بكا و نە رۆشنبیرییەكی گشتیی نەتەوەیی هەیە هەموویان بایكۆت بكا تا ئەو كاتەی سەرجەم حزبەكان تەنیا بۆ نەتەوە دەجووڵێنەوە.
ئەو ئەدەبیاتەی ئێستە هێزەكانی رۆژهەڵات دژی یەكتری بەكاری دەبەن و رۆژانە قسەی پێدەكەن، زۆر ترسناكتر و كاریگەرترە لە هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی دژی كورد لە رۆژهەڵات، زۆرجار كۆماری ئیسلامی و حزبە كوردییەكان بەرامبەر یەكتری خۆیان لە ئەدەبیاتێكی وا بێ بەها و سووك نەداوە كەچی دەبینین ئەو 3 هێزە زۆر بە ئاسایی دژی یەكتری بەكاری دەبەن.
بەڵام كێ بەرپرسە؟
سكرتێر و رێبەرانی ئەو 3 هێزە راستەوخۆ بەرپرسی یەكەمی ئەو دۆخە خراپەن، چۆن؟ 
1. عەبدورەحمان حاجی ئەحمەدی سەرۆكی پژاك كاتێك بەڕەسمی سكرتێری حزبێكی رۆژهەڵاتی بە "جیرەخۆر"ی نەیارەكانی ناو دەبات، ئەوە تاوانێكە و هۆی سەرەكییە لەوەی دوای ماوەیەكی كورت بەیاننامەیەكی بەوشێوە توند لەلایەن پارتەكەیەوە دژی كۆمەڵە و دیموكرات لە رۆژهەڵات دەربچێ. ئەگەر "جیرەخۆرە" یان "نەیار"ن، پێویستە پژاك بەڕێگەی شیاو ئەو تۆمەتانە شی بكاتەوە و بیسەلمێنێ، ئەگینا بەپێچەوانە بەسەر خۆیدا دەشكێتەوە. 
2. كاتێك رێبەرانی حزبی دیموكرات هەر لە بنیادەوە پژاكیان وەك دیاردە و واقعێكی سیاسی بۆ رۆژهەڵات قبووڵ نەكرد و پێیان وابوو رەتكردنەوە باشترین چارەسەرە و لەو روانگەوە چەندان لێدوانیان دا، شتێكی ئاسایییە پژاك رقی چەندان ساڵەی لە راگەیاندنێكدا دەربكات. كۆماری ئیسلامی دیموكراتی بە هەڵوەشاوە ناساند، بەڵام ئەو بۆچوونەی تاران هەرگیز هەڵوەشانەوەی دیموكراتی لێ نەكەوتەوە، بۆیە پێویست بوو دیموكرات دیسان سیاسەتی حاشاكاری دووپات نەكاتەوە.
3. عەبدوڵا موهتەدی بێ ئەوەی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی لەبەردەستدا بێ و هەڵبژاردنێك بەڕێوە چووبێ، لەبارەی پەژاكەوە دەڵێ كە "ئەوانە هیچ پێگەیەكیان لە رۆژهەڵات نییە"، بەڵام هەروەك چۆن پژاكیش بەبێ دەنگدانێكی رەسمی لە رۆژهەڵات ناتوانێ باس لە هێزی راستەقینەی خۆی بكا، ئەوە موهتەدیش بۆی نییە ئاماری سیاسیی 35 ساڵ لەوەپێشی رۆژهەڵات بۆ خەڵك بخوێنێتەوە. 
بۆیە رێبەرانی سەرجەم ئەو 3 حزبە بەرپرسی یەكەمی ئەو بارگرژییە سیاسییەن لە رۆژهەڵات و كارەساتە گەورەكە لەوەدایە ئەگەر ئەوانە بە ئەنقەست و مەبەستدار و دوور لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەوكارە بكەن و بەردوامیش بن.
چی بكرێ باشە؟
1. پژاك ئەگەر بەڵگەیەكی لە دەستدا هەیە كە ئەندامان و لایەنگرانی حزبەكانی تری رۆژهەڵات كاری خەفیەیی و سیخووڕیان دژی پژاك بۆ ریژیم كردووە و تووشی قوربانیدانی كردوون، پێویستە رای گشتی لێ ئاگەدار بكاتەوە كە ئەوكات نەك دیموكرات و كۆمەڵە بەڕەسمی، بگرە دەبێ هەموو كورد ریسوای كاری ئەو كەسانە بكا و هەموومان قبووڵی دەكەین كە هەوڵێكی ناتەندروست دژی پژاك لە ئارادایە.
2. موهتەدی، عەزیزی، هیجری و حاجی ئەحمەدی ئەگەر بەڕاستی خەمی خەڵك و خاكیان لەبەرە، بۆ ساتێكیش بێ واز لە رق و كینەی شەخسیی خۆیان بێنن و لە جیاتی ئەوەی لە ئەمریكا و لای غەیری كوردەكان بەدوای چارەسەركردنی پرسی كورددا بگەڕێن ئەوە هەر لەو دەوروبەرە چەند ساتێك بەیەكەوە دابنیشن و لە پێناو گەڕانەوەی بەهای سیاسیی خۆیان و حزبەكەیان بڕیارێكی گەورەتر لە پارتەكانیان بدەن تا هەموو كورد بگرێتەوە و رۆژهەڵاتی كوردستایش پشوویەكی سیاسی بێتەوەبەر.
3. كۆمەڵە و دیموكرات پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە وەڵامدانەوەیەكی سەرەڕۆیانە و زیاتر لە خزمەت هێوركردنەوەی دۆخەكەدا هەنگاو بنێن، ئەوان دەتوانن لەسەر ئاستی رێبەرایەتی بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكەن، ئەگینا ئەوانیش هیچ جیاوازییەكان نابێ لەگەڵ شەڕەقسەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە رۆژانە سەدان بۆچوون و قسەی بێ بنەما و بێ بەرپرسانە بڵاو دەبێتەوە و زۆربەی لە بێكاریی نووسەران و نەبوونی پلانێكی نووسینەوە سەرچاوە دەگرێ.
4. ئەندامان و لایەنگرانی هەریەك لەم 3 حزبە، ئەگەر خۆیان بە خەمخۆری پرسی كورد دەزانن پێویستە ئەوە بسەلمێنن، چونكە ناكرێ هەڵەیەك بە هەڵەیەكی گەورەتر وەڵام بدەیتەوە. زۆرجار كەسێك یان كەسانێك لەژێر پەرچەمی حزبێكدا رق و كینەی خۆیان بەرامبەر حزبێك یان كەسێك بەتاڵ كردووە، بێ خەبەر لەوەی تاكتاكی ئەو وشە و قسانەی وەك هەڵوێستی رەسمیی حزبەكەی لێك دەدرێتەوە. 
بەر لە كۆتایی:
ئەمڕۆ كاتی سەلماندنی نیازپاكیی رێبەرانی پژاك و كۆمەڵە و دیموكرات بەرامبەر كوردە لە رۆژهەڵات، ئەگینا دەیان و سەدان هەڵبەزینەوەی توندتریش چاوەڕێی پێوەندییەكانی نێوان ئەو 3 هێزە دەكا و تەنیا 2 ئاكامی هەیە، ئەویش پەرتەوازەیی نەتەوەیی و سەرگرتنی پلانەكانی دوژمنە كە هیچ كامیان لێ قبووڵ ناكرێ و رۆژهەڵات چاوی لە سەروەریی زیاترە نەك مشتومڕی بێ بنەما.

//////////////////////////
بەیانامەکی پژاک پیم وایە دژ بە بەرژەوەندی کوماری سیداری ئیرانە    لە بەیاننامەکدا هاتوە کە  لە نیۆ ئەو کەسانی وا جیگا و ریگای ئەندامانی مەخفی پژاک لە ناوخۆیی ئیراندا ئاشکرا دەکەن   بەریک  لە ئەوانە  سەر بە حیزبەکانی  دیکەی  رۆژهەلاتی  کوردستانن  وا هیزەکانی رژیمی ئیران ئاگادار دەکەنەوە  ئەندامانی پژاک بۆ هیزەکانی رژیمی ئیران ئاشکرا دەکەن  و لە نیۆ ئەو کەسانەدا ئەندامانی حیزبەکانی دیکەیش هییە کە سەردانی سفارەتی ئیران دەکەن یان بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان  یان بۆ بە دەست هینانی زەوەی یان خانۆ ەکانیان  لە ئیران  بۆ دەزگاکانی هەوالگری رژیمی ئیران ئیتلاعاتی ئیران  کار دەکەن. کە زۆربی ئەو کەسانە ئاشکرا بووەن کە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران  و ئەندامی عەبدۆلای مۆهتەدین ئەلبەتە چەند کەسەیکەن.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates