Pages

Ads 468x60px

1 Feb 2013

کچەکوردێك بەناوی هەیفاخەلیل تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن گروپێکی نەناسراوەوە ڕفێنرا


کچەکوردێك بەناوی هەیفاخەلیل تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن گروپێکی نەناسراوەوە ڕفێنرا


له‌ شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان کچه‌ گه‌نجێکی کورد له‌لایه‌ن گروپێکی نه‌ناسراوه‌وه‌ رفێنرا و ماوه‌ی (8) رۆژه‌ بێ سه‌روشوێنه‌ .

له‌ شاری قامیشلۆ  کچێکی‌ گه‌نجی ته‌مه‌ن (22) ساڵ به‌ناوی ( هه‌یفا خه‌لیل ) له‌کاتی سه‌ردانی ماڵی خوشکێکیدا له‌لایه‌ن گرووپێک که‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ڕفێنرێت و ماوه‌ی (8) رۆژه‌ بێسه‌روشوێنه‌.
که‌سوکاره‌که‌ی رایانگه‌یاند که‌ ئه‌و گرووپه‌ی کچه‌که‌یان رفاندوون به‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆن پێیان راگه‌یاندوون که‌ هه‌ر چۆن به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لاچوو ئه‌و کاته‌ کچه‌که‌یان ئازاد ده‌که‌ن .
هه‌روه‌ها راشیان گه‌یاند که‌ ئه‌و که‌سه‌ی به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌کردوون به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ی کردووه‌ .
شایانی باسه‌ هه‌یفا خه‌لیل دانیشتووی گه‌ڕه‌کی کۆرنیشی قامیشلۆیه‌ و کارمه‌ندی کۆمپانیایه‌کی هێڵی ئاسمانییه‌ .
پێنوسەکان...
----------------

کورتە باسێک لە ساڵوەگەری گەڕانەوەی ئاخوند خومەینیدا بۆ ئێران

تەوار شەریفی..
زیاتر لە سێ دەیە لە گەڕانەوەی ئاخوند خومەینی بۆ وڵاتی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتداری ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی تێدەپەرێت، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی   ١٣٥٧ی هەتاوی، ئاخوند ڕووحوڵڵای خومەینی لە وڵاتی فەڕانسەوە گڕایەوە ئێران و لە بەهەشتی زارای تاران باسی دامەزراندنی سیستەمی دەسەڵاتداری نوێی لە پاش ڕووخانی ڕێژیم پاشایەتی کرد و دواتر لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی هەمانساڵ، شاپووری بەختیار کە وەک تاکە بریکاری حەمە ڕەزاشا بەرگری لە دەسەڵاتی داڕماوی پاشایەتی دەکرد شکستی هێنا و بەمجۆرە ئاخوند خومەینی و سەرجەم ئاخوندەکانی دیکەی حەوزەی عیلمیەی قوم وەک کوارگ لە ژێر زەوی هەڵتۆقان و بوونە هەوێنی درووستکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.
لە ئێستادا و لە دوای ٣٤ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەم ڕۆژەدا، کۆمەڵێک ڕووداوی جیاجیای دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دەقومێت کە پێویستە بە ئاوڕدانەوەی خێرا و هەڵسەنگاندنی هێندێکیان کارنامەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
لە قۆناغێکدا خومەینی و ئاخوندەکانی دیکە باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ کرد کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتی بە هۆکارگەلی دەرەکی و ناوخۆیی چیدی نەیاندەتوانی خۆیان لە بەرانبەر شەپۆلی داواکاری و ناڕەزایەتی خەڵک لەهەمبەر خۆیان ڕاگرن و هەر بۆیەش هەڵاتنیان لە مانەوە لە کورسی دەسەڵات پێ باشتر بوو، لەوەها باروودۆخێکدا چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەوەی دەیانهەویست نیزامی شایەتی بڕۆخێنن بەڵام نەیاندەتوانی سیستەمی داهاتوو بە پێوانەی سیاسی و لە ئاستی تێگەیشتوویدا بۆ وڵات دیاری بکەن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش هەر یەکەیان سەرقاڵی تواندنەوەی لایەنێکی دیکەی بەرانبەری خۆیاندا بوون و هێندێکیشیان فریوی قەول و بەڵێنیەکانی خومەینی دەخۆن و لە پاڵەپەستۆی سیاسیدا خۆیان کەنارگیر دەکەن و بەمجۆرەش ڕاستەوخۆ ڕێگە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوند خومەینی خۆش دەکرێت و هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەستنی پەیمانی گوادالۆپ باسی ئالترناتیڤی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران دەکەن و لەگەڵ ئەمانەش خەڵکی ئێران داوبەدوای شۆڕشی مەشرووتیەت باوەڕی سیاسی جوراوجۆریان بە خۆیانەوە دیتبوو کە نامۆیی هێندێکیان وایکردبوو بیرۆکەی مەزهەبی و ئیسلامی وەک هەمیشە لە ناویاندا سەرهەڵبداتەوە و خۆی بە سەر ئەوانی دیکەدا فەرز بکات.
خومەینی و هاوبیرانی بە سازکردنی ڕێفراندۆمی درۆینە کە تەنیا خۆیان براوەی بوون، سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیان بە فەرمی دامەزراند و بە مەشروعیەتدان بەم کارەی خۆیان دواتر کۆماری ئیسلامیان وەک حکومەتی خودا لە سەر زەوی وەسف کرد و هەر بۆیەش ئاخوند خومەینی بووە نوێنەری خودا و هەر جۆرە ڕەخنە و بیرکردنەوەی جیاوازیش چووە ناو بازنەی داژایەتیکردنی شەرعی خودایی و بەم بیانویەش هەزاران کەسیان کوشت و بڕ کرد و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و جودابیران لە ساڵی ١٣٦٧ و دەرکردنی فەرمانی جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد لە سالی ١٣٥٨ و دەیان جینایەتی دیکە بەشێکن لە کارنامەی هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران و دەسەڵاتداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
هاتنەوەی خومەینی تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو تراژێدیایەکی ترسناک بوو لە ستەمکاری و داکوتانی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی لە ئێران و گوشاری هەمە چەشنە بۆ سەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بەرتەسکردنی ئازادی بیروباوەڕی ئاسایی خەڵکی ئێران، هەر بۆیەش لە ساڵوەگەڕی گەرانەوەی خومەینیدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە چلۆن خەڵکی ئێران تووشی ئەم نەهامەتیە بوون و بە پێی کام یەک لە دەسکەوتەکانی ئاخوندەکان بۆ مێژووی سیاسی ئێران خومەینیان هەڵبژارد؟!
دیارە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵگری دەیان باس و تێڕوانینە کە من نامهەوێت بە وردی باسیان بکەم، تەنیا ئەوندە دەڵێم ئەگەر خەڵکی ئێران مێژووی سیاسی خۆیان خوێندبایەتەوە و سەرنجیان دابایە بە کردەوەی ئاخوندەکان لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتندا، و لانیکەم لە کاتی مەشرووتیەتدا ئەوە هیچ کات تووشی وەها کارەساتێک نەدەبوونە کە لەمڕۆدا بووەتە مایەی نگبەتی بۆ ژیانیان.
ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر ساڵە و لە ساڵوەگەری هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران دە ڕۆژی دیاریکراو دەکەن بە جێژن و ناویان لێناوە "دەیەی فەجر" بەڵام لە ڕاستیدا خەڵکی ناویان ناوە "دەیەی زەجر"، خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد و بەلووچ و عەرەب و تورکمان، لە هاتنە سەرکاری خومەینی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ هیچ جیاوازییەک جگە لە زوڵم و ستەمی زیاتر لە سیستەمی دەسەڵاتداری ئاخوندەکان بەرانبەر بە خۆیان بەدی ناکەن و هەر دوو نیزامی پێشووی پاشایەتی و نیزامی ئێستای ئاخوندی لێیان بوونەتە دێوەزمەی داگیرکار و تەنگیان بە ژیانی ئاسایی ئەوان هەڵچنیوە.
--------------------

لە بەھاری عەرەبییەوە بۆ پایزی ئیسلامی

کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی
نووسینی: ستیڤان شەمزینی...
بیست و یەک مانگ بەر لە ئەمڕۆ، لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی، وتارێکم بڵاوکردەوە لە ژێر تایتڵی "ئیسلامی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤی رژێمە عەرەبییەکان نییە". لە وتارەکەدا جەختم کردبووەوە، ئەو باھۆزەی لە وڵاتانی عەرەبیی ھەڵیکردووە، بەشێک نییە لەو پرۆسەیەی ئیسلامی سیاسیی پێیدەڵێت "رابوونی ئیسلامی" بەڵکو شۆڕشێکە دژی دیکتاتۆریی، شۆڕشێکە بۆ نان و خۆشگوزەرانی، لێ لە ھەمان چرکەساتی بڵاوکردنەوەی وتارەکەمدا ئیسلامییەکان سواری شەپۆلەکە دەبوون و لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا دەگۆڕا دەھاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام ھێشتا سووربوونی خۆم لەسەر ئەوە راگەیاند ئەو شۆڕشانە ئیسلامی نین و ئامانجەکانیان لەگەڵ سکۆلاریزم نزیکترە تاکو ئیسلامی فێندەمینتالیستی.
زۆر کەس سووربوونی منیان بەجۆرێک لە دەمارگیریی و لایەنگری کوێرانە و بەسۆزانە بۆ سکۆلاریزم لێکدەدایە، بەڵام ھێدی ھێدی دەبینم مەیدانی بیرکردنەوەکەی من فراوانتر دەبێت، چوونکە ئەوەی بۆ نموونە ھەنووکە لە میسر روودەدات دژی "محەمەد مورسی" سەرۆکی ئەو وڵاتە، ھێندەی تر بۆچوونەکەی ئێمەی پشتڕاست کردەوە، کە ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی بۆ ھێنانە کایەی "بەھاری ئیسلامی" نەبووە، بەڵکو ئێستاش شۆڕش درێژەی ھەیە بۆ ئەوەی بەھاری ئیسلامی بگۆڕن بۆ پایزی ئیسلامی. شۆڕش بەردەوامە چوونکە ئیخوان و نەھزە و جەماعەی ئیسلامی ھیچ شتێکی زیاتریان لە موبارەک و زەینعابدین و قەزافی پێ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەسەر دەستی ئەوان ئەو نوزەیەشی بۆ ئازادیی و دیموکراسیی ھەیە زیندەبەچاڵ دەبێت.
با لەوە بگەڕێین، ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی سیاسیی نییە بەڵکو ئازادیی و خۆشگوزەرانییە، چوونکە شۆڕش لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا گۆڕاوە بە کۆتا نەگەیشتووە "میسر نموونەیەکە". ئێمە لەم دەرفەتە دەمانەوێت بڵێین، ئایا ئەو ئیسلامی سیاسییەی لە وڵاتانی عەرەبی ئێستا مومارەسەی دەسەڵات دەکات بڕوای بە دیموکراسی ھەیە؟. ئایا ئەو ئیخوانانەی لە زیندانەکانی ئەسکەندەریە و قاھیرەوە ئێستا لەسەر کورسی موبارەک دانیشتوون، تاچەندە ئامادەن دیموکراتی بن؟. ئەم پرسیارەی ئێمەش دوای ئەوە دێت کە تەرزێک لە بیرکردنەوە خەریکە ھەڕمێن پەیدا دەکات، گوایە ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسیی ھەڵبکات و ھیچ ھۆیەکیش نییە بڵێین ئیسلامی سیاسیی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن.
بەھاری عەرەبی یان پایزی ئیسلامی؟
جارێکی دیکە مێژووی خۆی دووبارە کردەوە، چۆن ئیسلامی شیعە مەزھەب، دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ چنییەوە و خۆی بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند، بەھەمان شێوە ئیسلامی سیاسیی سووننە دەستکەوتەکانی بەھاری عەرەبی دەچنێتەوە، شۆڕشێک کە بۆ نان و ئازادیی کڵپەی سەند، کراوەتە بەشێک لە ھەستانەوەی بزاوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان، ئەمەش لە یەکێک لە رەھەندەکانیدا ھەرەسی شۆڕشی دەگەیەنێت.
مارک ھیلەر، پێیوایە بەھاری عەرەبی دەروازەی بە رووی فێندەمینتالیزمی ئیسلامیدا کردووە، شۆڕشی برسی و ئازادیخوازان، وەرچەرخاوە بۆ دەسەڵات پەیداکردنی ئیسلامییەکان. ھیلەر دەنووسێت "رووخانی رژێمە تۆتالیتارییەکان کە گەشەکردنی زیاتری ئیسلامییەکانی بەدواداھات و پشتیوانییەکی بەرفراوانی بۆ ئەو رەوتانە پەیدا کرد. ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت سیستمێکی نوێی دەسەڵات لە رژێمەکانی پێشوو زیاتر لیبرال دەبێ و بە ئەندازەیەکی زیاتر کەمینەکان دەپارێزێت. لە پاش دروستبوونی ئەو تەوژم و چالاکییە میللییە بێ پێشینانەی دژ بە رژێمە دەسەڵاتدارەکان دروستبوو، مەترسییەکی گەورەتر بەڕێوەیە و پێدەچێت بەھاری عەرەبی بگۆڕێت بە پایزی ئیسلامی".
سەرەتای شۆڕشی لە تونس و میسرەوە، تەنانەت ھەندێک لە بیرمەندان و گەورە رۆشنبیرانی جیھانیشی ھێنایە، سەر کەڵکەڵەی ئەوەی لە دونیای عەرەبیدا دەگوزەرێت، وەرزێکی تازەی دیموکراسییە، سەرەتای کردنەوەی یەکەم دەرگا بە رووی دیموکراسی و لیبرالیزمدا. بۆ وێنە "جۆرج تەرابیشی" پێشبینی ئەوەی دەکرد ئەم وەرزە نوێیە شەپۆلێکی دیکەی دیموکراسییە، بۆیە ئەو راپەڕین و شۆڕشانەی بە "شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی" ناوزەد کرد، کە ئەو پێیوایە شەپۆلی یەکەم دوای ساڵی ١٨٤٨ دەستیپێکرد و ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمەریکای گرتەوە. شەپۆلی دووەمیش ساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکردووە لە ئەوروپای رۆژھەڵات و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێت.
گەشبینییەکانی تەرابیشی و ھاوشێوەکانی لەلایەن ھەندێک بیرمەندی دیکەی عەرەبییەوە رەتکرایەوە، بۆ نموونە "ھاشم ساڵح" پێیوابوو ئەوەی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت مایەی دوودڵییە. بۆیە لە وتارێکدا لە رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" نووسیوویەتی "ئاشکرایە پرۆسەی رۆشنگەریی رێگای بۆ شۆڕشی فەڕەنیسی خۆشکرد، بەڵام شۆڕشە عەرەبییەکان بەشێکی کەمی ئامانجەکانی بەدی ھات. بۆ بەڵگەش بەراوردێک بکە لە نێوان ئەم دەستوورەی بەم دواییانە خەڵکی میسر دەنگیان پێدا، لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و ھاووڵاتیبوون کە شۆڕشی فەڕەنسا دەریکرد، ئەوەش مایەی دوودڵی و نیگەرانییە".
بەھاری عەرەبی لە ھەنگاوی یەکەمیدا، لە بری ھێنانە ئارای ئازادیی و پلورالیزم و خۆشگوزەرانی، زەمینەی خۆشکرد، تاکو ئیسلامی سیاسیی بگاتە دەسەڵات. ئەگەر نموونەی میسر بھێنینەوە، ھەنووکە رەوڕەوەی ئەو وڵاتە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئازادییە گشتییەکان لەبەردەم تەھدیدی فەتوا ئاینییەکاندان، ھونەر و رۆشنبیریی و کایە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە پاشەکشەدان، ئەجیندای ئیخوان دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێیە بە دەستوورێکی ئیسلامییەوە، کە بەھا ئیسلامییەکان بکاتە پرنسیپ و یاساکانی ژیان.
لە سەرەتای ئەم وەرزەدا، "عادل ئیمام" ئەکتەری ناسراوی عەرەبی دەکەوێتە بن ھەڕەشە، وەک سەرەتای لێپرسینەوەیەکی ئیسلامییانە لە رابردوو. لە ٢-٢-٢٠١٢ حوکمی سێ مانگ زیندانی بەسەر عادل ئیمام درا، لە ٢٤-٢-٢٠١٢ لەلایەن دادگای کەتنی قاھیرەوە حوکمەکە پەسەندکرا بۆ تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیسلام.  لە کاتێکدا ئیمام لە رێگەی فیلمەکانی "الزعیم، مرجان احمد مرجان، الارھابی، الارھابی و الکباب، حسن و مرقێ، الواد سید الشغال ھتد.." رەخنەی لە ئیسلامی سیاسیی گرتبوو نەک سووکایەتی بە ئاین بکات. بەڵام ئیسلامی سیاسیی پێیوایە نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، بۆیە گاڵتەکردن بە خۆی بە سووکایەتی بۆ ئاین و خودا لێکدەداتەوە.
لە بەرانبەر ھەوڵەکانی پاشەکشە بە پارادیمە مەدەنی و سکۆلارەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، سەلەفییەت و خورافە و فەتوا لە بەھێزبووندان، شەقامی عەرەبی بووەتە مەیدانێک بۆ ھوتاف کێشان دژی ئازادیی و مەدەنییەت و دیموکراتی، تەنانەت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی "قاھیرە" دژی فیلمێکی ئەمەریکی کە سووکایەتی تێدابوو بۆ پەیامبەری موسڵمان، چەندین دروشمی مەترسیدار بەرزکرانەوە. لە یەکێک لە رۆژەکانی خۆپیشاندان کە لەلایەن "محەمەد زەواھیری" برای سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەوە سەرپەرشتی دەکرا، دروشمی "ئۆباما.. ھەموومان ئوسامەین" بەرزکرایەوە. ئەمەش مەترسییەکی جیددییە کە گۆڕەپانی وڵاتانی پاش شۆڕش بووە بە زەلکاوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و نەشونماکردنی ھێزە کۆنەخوازە ئیسلامییەکان.
بەکورتیی، وەرزی گەشبینی بە راپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵگە عەرەبییەکان زۆر کورت بوو، بەھاری عەرەبی بە مردووی لە دایکبوو، ئەوەی ھەبوو تەنیا ھەڵەیەکی زمان بوو، چوونکە شتێک لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت ناوی پایزی ئیسلامییە نەک بەھاری عەرەبی.
کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی
ھەندێک جار گوێمان لەوە دەبێت، ئیسلامییەکان دەتوانن لەگەڵ دیموکراسیی ھەڵبکەن، یان بە دەربڕینێکی تر، ئیسلامییەکان دەتوانن لەناو فەزای دیموکراسی کار بکەن و بەرگەی ھەر ئاکامێک بگرن کە دیموکراسییانە بێت. ئەم بۆچوونە، زادەی عەقڵانییەت و واقیع نییە، تەنیا وەک قسەی رووت ماوەتەوە، چوونکە بە ئەزموون دەرکەوتووە، ئیسلامی سیاسیی لەھەر شوێنێک باڵادەست بووبێت، دیموکراسی پاشەکشەی کردووە و کێرڤی ماف و ئازادییە گشتییەکان بەرەو خوارەوە دابەزیون.
گەر واز لە دونیای تیۆر و ئەندێشە بھێنین و سەیری واقیع بکەین، ئەو نمایشە دەبینین ئیسلامی سیاسیی نەک دیموکراتییەت قبوڵ نییە و نایەوێت گەمەی دیموکراسییانە بکات، بەڵکو ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ، دیموکراسی و لیبرالیزم و سکۆلاریزمی کۆمەڵگەکان تێکبشکێنێت، چوونکە ھەر یەک لەوانە بە ھەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، پێیوایە لەو شوێنەی دیموکراتی و ئازادیی ھەبێت، ھیچ ھۆکارێک یان یارمەتیدەرێک نابینێت بۆ ژیانی خۆی، لەم سۆنگەوە ئیسلامی بونیادگەرا و دیموکراسی دوژمنی ھەرە دیار و ئاشکرای یەکترن.
ئەو دیمەنەی حاڵی حازر، لە میسردا دەگوزەرێت، مەسجێکە پێماندەڵێت، ئیسلامی سیاسیی کاری خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ لەناوبردنی ھەر نوزەیەک کە بیەوێت ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو دیموکراسیی و کرانەوە ببات. تەنانەت زۆربەی جار دیموکراسییەت وەک دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەکاردەھێنن لە دژی کەمینەکان، بۆ نموونە لە پرسی دەنگدان لەسەر دەستوور پەنایان بۆ ئەم رامیارییە برد. کاتی خۆیشی یەکێک لە سەرکردە ئیسلامییە کوردەکان دەیووت "ئێمە دیموکراسییەتمان بۆ ئەوە دەوێت دیموکراسییەتی پێ لەناو ببەین". ھەنووکە ھەمان روئیا وەک بەشێک لە ئەندێشەی ئیسلامییە خاوەن دەسەڵاتەکانی میسر و تونس، لەوپەڕی بەھێزیی خۆیدایە. بۆیە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت تەکەیف لەگەڵ دیموکراسیی بکات، ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە.
شیرین عیبادی، ھەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پێیوایە ئیسلامییە رادیکاڵەکان مەترسین لەسەر دیموکراسیی و مافی مرۆڤ. لە وتەیەکیدا لە ساڵی ٢٠٠٦ رایگەیاند "فاشیستەکان و بونیادگەرا سەرەڕۆکان، ھەردوو لایان دژ بە بەھا مۆدێرنەکانی وەک لە خۆبردوویی و دیموکراسین. ھەردووکیان لە پێناو باوەڕەکانی خۆیاندا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ھاووڵاتیان بە رەوا دەزانن. ھەردووکیان ئەو ھاووڵاتیانەی لەگەڵ رێسا و پرانسیپ و باوەڕە قبوڵکراوەکانی خۆیاندا رەت دەکەنەوە".
ھەرچەندە ھەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، ئیخوان بەشێوەیەکی گشتیی میانڕەون و دەتوانن خۆیان لەگەڵ رێسا مودێرنەکانی مرۆڤایەتی بگونجێنن، بەو پێیەش دەتوانن بەرگەی گەمەی دیموکراسی بگرن. بەڵام لە ئەرزی واقیعدا، دیمەنەکە پێچەوانەی ئەو تێفکرینەیە، ئیخوان ھێزێک نییە بە میکانیزمی قاعیدە و سەلەفییەکان کار بکات، وەلێ بۆ ھەمان ئامانج کار دەکات، بۆیە لە کۆتاییدا ئیخوان و قاعیدە خاوەنی یەک خەونی ھاوبەشن، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتی خەلافەتە، ئەمیان بانگەشەی میانڕەویی دەکات و بە شانی دیموکراسییدا ھەڵدەدات بۆ ئەوەی بگاتە خەونەکەی، ئەویتریان رێگەی تیرۆر و تەقاندنەوەی ھەڵبژاردوو بۆ ھەمان مەبەست.
لەم نێوەندەدا کۆمەڵێک بیرمەند ھەن، گووومان دەخەنە سەر وشەی "ئیسلامی میانڕەو" و پێیانوایە ئەم داتاشینە ساختەیە و ناتوانێت قەناعەت بە ھەموو خەڵک بھێنرێت، ئیسلامی میانڕەو شتێکی زۆر جیاوازترە لەو گروپەی پێیان دەوترێت ئیسلامی توندڕەو.
"ئەدۆنیس" یەکێک لەو رۆشنبیرانەی ھەمان بۆچوونی ھەیە و لە وتارێکیدا بە ناوی "دە بۆچوون لەمەڕ بەھاری عەرەبی" دەنووسێت "ئیسلامی سیاسیی یان ئیسلامی میانڕەو مانای چییە؟ ھەندێک موسڵمان سیاسین و ھەندێک موسڵمان میانڕەون، بەڵام ئیسلام بەو سیفەتەی ئاینێکە ناشێت لە کاتی قسەکردن لەسەر کاروباری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بە (سیاسیی) یان (میانڕەو) وەسف بکرێت.. بۆ نموونە لەسەر ئاستی مەدەنیەتی کۆمەڵگە یان ھونەر یان بیر یان موزیک یاخۆ ژیانی جەستە و سێکس و خۆشەویستیدا (ئیسلامی میانڕەو) مانای چییە و کێ و چۆن راددەی ئەم (میانڕەوییە) دیاریی دەکات؟ ھەروەھا (ماھیەتی) ئەم میانڕەوییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا لەخوێندنەوەیەکی تایبەت و تێگەیشتنێکی تایبەتەوە و چۆن؟ ئایا شوێنی شەرع لەم میانڕەوییەدا چییە بە تایبەتی سەبارەت بە ژن و (ئەوی دی) ناموسڵمان و (ئەوی دی) کە بەموسڵمانی لە دایکبووە و حەزدەکات بە تەواوەتی بچێتە ناو دنیای مەدەنییەوە؟".
ئیسلامی میانڕەو و توندڕەو ناتوانن لەگەڵ بنەماکانی سیستمی دیموکراتی ھەڵبکەن، ئەمەش رەنگە پەیوەندیی بە خودی ئاینی ئیسلامەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندیی بە جۆری خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسییە بۆ ئاین. فۆکۆیاما پێیوایە "ھیچ ئاینێک وەک پێویست ناکۆک نییە لەگەڵ مودێرنێتە و دیموکراسیدا". ئەم بۆچوونە لە زەمینەی واقیعدا، پیادە کراوە، ھەزاران موسڵمان و مەسیحی و بوزی دەبینین، کێشەیان نییە لەگەڵ سکۆلاریزم و بەھاکانی مودێرنێتە و دیموکراتیدا، ئەوەی کێشەی ھەیە رەوتە بونیادگەرەکانن. ئەوەی ناتوانێت لە زەمینەی دیموکراسیدا درێژە بە ژیان بدات رەوتە ئیسلامییە سەلەفییەکان و رەوتی سەلەفییەکانی ئاینەکانی دیکەن. دواجار ئەوەی دیموکراسی ئەجینداکانی پووچەڵ دەکاتەوە پێش ھەر کەس ئیسلامی سیاسییە.
تێکشکانی خەونەکان
نووسەری جەزائیریی "بوعلان سنساڵ" لە وتارێکیدا بەناوی نامەیەکی کراوە بۆ "بوعزیزی" دەنووسێت "بوعزیزی برام، ئەم چەند دێڕە کەمەت بۆ دەنووسم، تاکو ئاگادارت بکەمەوە لەوەی ھەنگاوەکانی ئێمە بەرەو پێش دە    چێت!، ھەرچەندە بەرەو پێشچوونەکە رۆژ لە دوای رۆژ جیاوازیی ھەیە، ھەندێک جار رەشەبا ئاڕاستەمان دەگۆڕێت، بەڵام با بەگشتیی چاو بەم ساتەدا بخشێنین. ئایا ئەوەی نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات رێگەکە دەدۆزێتەوە؟. ئایا دوورخستنەوەی ستەمکار کۆتاییە؟. لەو جێگەیەی تۆ کە نزیکی لە خواوەندەوە، دەتوانیت دڵنیامان بکەیتەوە کە مەرج نییە ھەموو رێگاکان بمانبەنەوە بۆ رۆما؟. لابردنی ستەمکار نابێتە مایەی ئازادیی، بۆ گۆڕینی دیمەنەکە و بە ھیوای ئەوەی شتێکی بچووکیان لە رێکە دەست بکەوێت، زیندانییەکان حەز دەکەن گرتووخانەکانیان بە گرتووخانەیەکی دیکە ئاڵوگۆڕ پێ بکەن".
خەونەکانی بوعزیزی ھەرەسیان ھێنا، لە بری نان و ئازادیی خەریکە ئیسلامی سیاسی فەتوا و شمشێر دەکاتە خەڵاتی شۆڕش. خەونەکانی ئێوە کە خاوەنی راستەقینەی شۆڕشن، ئازادیی و دیموکراتی و ھەڵتەکاندنی حکومی دیکتاتۆریی دەیان ساڵە بوو، خەریکە خەونەکانی ئێوە تێکدەشکێت و دیکتاتۆری کۆماری دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆری ئیسلامی. ئامانجی ئێوە لە شۆڕش چەسپاندنی مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و خۆشگوزەرانی بوو. خەریکە خەونەکەتان پێچەوانەوە دەبێتەوە و ئەو ھەناسە کەمەی لە ئازادیی و مەدەنیەت ھەیە پاشەکشەی پێ دەکرێت. ئیسلامی سیاسیی خەریکە یەک یەک خەونەکانی شۆڕش زیندەبەچاڵ دەکات.
ھەرچەندە من بۆ چەندەھەمین جار دووپاتی دەکەمەوە، شۆڕش شۆڕشی ئیسلامیی نەبوو، ھەرچەندە خەونی شۆڕش حکوومەتی ئیسلامی نەبوو، بەڵام بەھۆی نەبوونی ئەڵتەرناتیڤی بەھێزی چەپ یان دیموکراتیخواز، ئیسلامی سیاسیی سواری ملی شەپۆلەکە بووە و بە قازانجی سیاسیی خۆی شکاندوویەتییەوە. ئەمەش وەک وتم دووبارەبوونەوەی مێژووە، ئەوەی ئایەتوڵاکانی ئێران کردیان و ھاتنە سەر سفرەی حازری.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates