Pages

Ads 468x60px

28 Oct 2018

بەربەرێتى ئاکەپە؛ دڕندەیى بەرامبەر بە تەرمەکان و گۆڕستانەکان


بەربەرێتى ئاکەپە؛ دڕندەیى بەرامبەر بە تەرمەکان و گۆڕستانەکان
نەژداپەرستی و دوژمنایەتیى ئاکەپە بەرامبەر بە مرۆڤایەتى نەک تەنها لە دژی هاووڵاتییانى کوردی زیندوو، بەڵکو لەدژی هاووڵاتییانى گیانبەختکردووی کوردستانیش ئەنجام دەدرێت. تەرمەی گەریلا رادەستى بنەماڵەکانیان ناکەن، تەرمەکان دەشێوێنن و گۆڕستانەکان دەڕووخێنن.
لەم مانگانەى دوایدا ژمارەیەکى زۆر گۆڕستان لەلایەن هێزەکانى دەوڵەتى تورکیاوە رووخێنراون. ژمارەیەکى زۆر تەرمیش لە ساردخانەکان و مەیتخانەکاندا راگیراون. هەندێک لەو تەرمانە لە دوای چەندین مانگ لە راگرتنیان، ئینجا رادەستى بنەماڵەکانیان کراونەتەوە.

بەپێى راپۆرتى لقی ئامەدی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە -ÎHD) لە ٦ مانگی سەرەتاى ئەمساڵدا بە لانیکەمەوە ٥ گۆڕستان رووخێنراون. لەمساڵیشدا ژمارەیەکى زۆر تەرم رادەستى بنەماڵەکان نەکراونەتەوە.

ئەو دڕندەییەى ئاکەپە لە هیچ شوێنێکى تری دونیا نمونەى نییە. لە قورسترین شەڕەکاندا کە هێزەکانی دژ بە یەک لە ناوچە جیاجیاکانى جیهاندا لە دژی یەک ئەنجامیانداوە، دەست لە تەرم نەدەدرا و تەرمەکان نەدەشوێنێران و گۆڕستانەکان خاپوور نەدەکران، بەڵام ئاکەپە وەک هێزێکى بەربەری دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد دەکات.

لە کوردستان لە کاتى بەرخۆدانى خۆبەڕێوەبەریدا سەدان کەس بەهۆی "قەدەغەکردنی هاووچۆ" ژیانیان لە دەستدا. تەرمی ئەو کەسانە لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە لە گۆڕستانی بێکەسەکاندا بەخاکسپێردران.

چەند نمونەیەک لە کردەوەکانى بەدەر لە هەموو پێوەرێکى مرۆڤایەتییەکان کە لەلایەن ئاکەپەوە ئەنجامدراون:

لە ئامەد ٢٣ تەرم، لە رحا ٢٧ تەرم، لە خارپێت ١ تەرم، لە دیلۆک ٧ تەرم، لە جزیر ٣٣ تەرم، لە سلۆپی ١٧ تەرم، لە شرنەخ ٤٢ تەرم، لە ئەرزرۆم ٥٤ تەرم، لە ترابزۆن ٦ تەرم، لە وان ٦ تەرم، لە سێرت ١٠ تەرم، لە بەدلیس ٢٥ تەرم و لە مەلەتییە ٥٠ تەرم دەستیان بەسەردا گیراوە.

رەمەزان ئاتەش لە باکووری سوریا لە شەڕی دژ بە داعش دا شەهید بوو بوو و لە ناوچەى مسرجێ لە سێرت بەخاکسپێردرا، بەڵام داواکاری گشتیى تورکیا بۆ ئەنجامدانى پشکنینی دی ئێن ئەی بڕیاریدا تەرمەکە لە گۆڕ دەربهێنرێت. تەرمەکە لە گۆڕ دەرهێنرا و دوای ئەنجامى پشکنینی دی ئێن ئەی، جارێکیتر تەرمەکە رادەستى بنەماڵەکەى کرایەوە.

لە ناوچەى باغلەری ئامەد کەس، یان کەسانێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر گۆڕی گەریلاکانى هەپەگە و شەڕڤانانى یەپەگە / یەپەژە لە گۆڕستانى یەنەی کۆی. بەهۆی ئەو هێرشەوە هەندێک لە کێلی گۆڕەکان شکێنران و بە بۆیاخی رەش وێنەى سەر کێلەکان رەشکرانەوە. نازناوی شەهیدەکانیش بە بۆیاخی سپی بۆیاخ کران.

لە ناوچەى گیادن لە ئاگری هێرشکرایە سەر گۆڕی گەریلاکانى هەپەگە لە گۆڕستانی عەسری. کێلی گۆڕەکان شکێنران.

شایەتحاڵێکى ئەو رووداوە وتى، سەربازان و پۆلیسی تورک چوونە ناو گۆڕستانەکە و دەستیان کرد بە رووخاندنی گۆڕەکان و شکاندنی کێلەکان. قائیمقام ساڵح یاشار لەکاتى ئەو هێرشەدا لە گۆڕستانەکە بووە.

سەربازان و پۆلیسی تورکیا ئەو گوڵانە، کە بنەماڵەى شەهیدەکان لەسەر گۆڕی کەسەکانیان ناشتبونیان هەڵکێشابوو و گوڵەکانیان فڕێ دابوو.

لە ناوچەى تاتوانى بەدلیس هێرشکرایە سەر گۆڕی گەریلاکانى هەپەگە لە گۆرستانى کارشیاکا وگۆڕەکانیان رووخاند و کێلەکانیان شکاند.

پێنج هێرش بۆ سەر یەک گۆڕستان!

تیمی تایبەتى سوپا و جەندرمەى دەوڵەتى تورکیا لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ بۆ پێنجەمین جار هێرشیان کردە گۆڕستانی گەڕەکی ئۆرمان و بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش گۆڕەکانیان رووخاند و کێلەکانیان شکاند.

پۆلیسەکان کێل و بەردی گۆڕەکانیان گۆڕی

لە ناوچەى بسملی ئامەد کێل و بەردی هەموو گۆڕەکانى ئەندامانى هەپەگە، یەپەگە، یەپەسە، یەپەسە ژن و یەژاستار گۆڕدران. ئەو کێل و بەردانە کە گۆڕدرابوون ناوی شەهیدەکانی لەسەر نووسرابوو.

دەوڵەتى تورکیا هەمان کاریشی لە گۆڕستانى یەنی کۆی ئامەد ئەنجامدا.

لە خەرزان بەربەرێتى و دڕندەییان ئەنجامدا

لە گۆڕستانی خەرزان لە گوندی ئۆلەکا ژوور لە بەدلیس تەرمی ٢٦٧ گەریلا و شەڕڤان بەبێ ئاگادارکردنەوەى بنەماڵەکانیان لە گۆڕەکان دەرهێنران و بردنیان بۆ پزیشکیى دادوەری لە ئیستەنبول.

لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ لە بەدلیس رایگەیاندبوو، گۆڕستانەکە بە حەفارە و شۆفڵ رووخێنراوە.

سەربازەکان بە حەفارە و شۆفڵ گۆڕستانەکەیان رووخاند

مەزراگەى شەهید ئسماعیل رۆناهی لە گوندی کۆڵان لە ناوچەى گمگمی موش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە بۆردومانکرا. لەو بۆردومانەدا پەرستگەى جەمیش کرایە ئامانج و خاپوور کرا. دواى بۆردومانەکە سەربازانى تورکیا بە حەفارە و شۆفڵ گۆڕستانەکەیان رووخاند.

تەرمەکانیان ئەشکەنجە کردووە و شێواندونیان

٣٥٠ تەرم، کە پارچە پارچە کرابوون برانە پزیشکیى داد لە مەلەتییە. زۆربەى ئەو تەرمانەیان لە گۆڕستانى بێکەسەکاندا کرد بە ژێر گڵەوە. تەرمی ٨ کەس لە پزیشکی داد راگیراون و تا ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەو تەرمە پارچەکراوانە بە ئەنقەست ئەشکەنجەکراون و بە ئەنقەست پارچە پارچە کراون.

لە کاتى سەردانى بنەماڵەکان بۆ ناسینەوەى تەرمەکان، هەڕەشە و گوشار و ئەشکەنجەی دەروونی بەرامبەر بە بنەماڵەکانیان ئەنجامدرا و شارەوانیی ئاکەپەش ئۆتۆمبێلی گواستنەوەى تەرمی بە بنەماڵەکان نەدا.

٣١٤ تەرم بە بێ ئاگادارکردنەوە و رەزامەندیى بنەماڵەکانیان بەخاکسپێردران

بەپێى راپۆرتی کۆمەڵەى پشتیوانى لە بنەماڵەى بێسەروشوێنکراوەکانی میزۆپۆتامیا (مەیادەر -Meya-Der) کە بڕیارى حکومەتى باری نائاسایى داخرا، لە مەلەتییە ٦٠ تەرم، لە خارپێت ١ تەرم، لە ئەرزرۆم ٥٢ تەرم، لە رحا ٣٢ تەرم، لە دیلۆک ٧ تەرم، لە ئامەد ٢٣ تەرم، لە نسێبین ١٧ تەرم، لە جزیر ٣٦ تەرم، لە شرنخ ٢٩ تەرم، لە ئەدەنە ١٥ تەرم، لە بەدلیس ١٦ تەرم، لە وان ٧ تەرم، کە بە گشتى دەکاتە ٣١٤ تەرم رادەستى بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە و دەوڵەت بەبێ ئاگاداریى بنەماڵەکانیان و بەبێ رەزامەندیى بنەماڵەکانیان لە گۆڕستانى بێکەساندا بەخاکی سپاردوون.

لەبارەى ژمارەى ئەو تەرمانەى کە براونەتە پزیشکیى داد و لەوێ دەستیان بەسەردا گیراوە و بنەماڵەکانیان ئاگادار نەکراونەتەوە، زانیارییەکى روون لە بەردەستدا نییە.

رێگری لە مەراسیمەکانى بەخاکسپاردن دروست دەکرێت

ئاکەپە ناتوانێت تەنانەت خۆی لە بەرامبەر مەراسیمی بەخاکسپاردنى تەرمی گەریلا شەهیدەکاندا رابگرێت. ئەو کەسانەى بەشداریى مەراسیمەکە دەکەن لەلایەن هێزەکانى دەوڵەتەوە لەمپەریان بۆ دروست دەکرێت. رێگا نادرێت پەرلەمانتاران بەشداریى مەراسیمەکانى بەخاکسپاردن دا بکەن. لە کاتى بەخاکسپاردنی تەرمەکاندا، گۆڕستانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى گەمارۆ دەدرێت. هێزەکانى دەوڵەت هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانى بەشداربووی مەراسیمەکە و ریکخراوەکان و لایەنەکان.

لە دژی ماف و یاساکانە

هێرشی رژێمى ئاکەپە لە دژی گۆڕەکان و گۆڕستانەکان کردەوەیەکە لە دژی هەموو پێوەر و ماف و یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.

کوردان بێ وەڵام نەبوون

کوردان هەموو رێباز و شێوازەکانى تێکۆشان بەکار دەهێنن و وەڵامى هێرشەکانى ئاکەپە دەدەنەوە و خاوەنداری لە بەها و شکۆ و باوەڕ و بڕواکانى خۆیان دەکەن. لەو گوندانەدا کە گۆڕستانەکان لەلایەن ئاکەپەوە رووخێنران بۆ نمونە لە گوندەکانى خەرزان و گۆڕستانی ئیسماعیل رۆناهی لە گمگم، گەل لە سندوقەکانى دەنگداندا وەڵامى ئاکەپەیان دایەوە. لە سندوقەکانی ئەو ناوچانە هەدەپە یەکەم دەنگی بەدەستهێنابوو.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates