Pages

Ads 468x60px

21 Oct 2018

ئێران هێزێکى زۆرى لەسەر سنورى هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە



ئێران هێزێکى زۆرى لەسەر سنورى هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە 

 بە هۆی ئەو گرژییانەی کە هەیانە لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ناوچەکە سوپای پاسدارانی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر سنورەکانی هەرێم بڵاوبوونەتەوە، بەپێی راپۆرتێکیش لە ساڵی ١٩٧٩وە تا ئێستا ئەمە یەکەمجارە ئێران بەو شێوە بەرفراوانە هێز لەو ناوچانە کۆدەکاتەوە و هەوڵی ئەوەش دەدات ئەو ناوچانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.


بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ روبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لەم چوارچێوەیەشدا نیازی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنێكی فراوانی هەیە.
باسی لەوەش کردووە، لە کۆتا جوڵەی هێزە ئێرانییەکاندا ژمارەیەک سەربازی لە چیا سەختەکانی ناوچەی شاهۆ بڵاوەپێکردووە بەتایبەت لە بەشی رۆژئاوای ناوچەکەدا، سەرەتای جوڵەپێکردنی ئەو هێزانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی ئازار کە ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی دا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێراندا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سێی ئەم مانگەدا ژمارەیەکی زۆر لە سوپای ئێرانی و لەنێویشیاندا ژمارەیەک لە هێزی تایبەت بڵاوەیان پێکرا بە درێژایی هەموو ئەو ناوچە کوردییانەی کە دەکەونە سنوری هەرێم و ئێرانەوە، هەروەها هێلیکۆپتەر و تۆپهاوێژ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بۆ ئەو ناوچانە نێردراون.
هەرچەندە ئەم چالاکییانە لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی ئێرانییەوە بە ڕاهێنانی سەربازیی ناودەبرا، بەڵام فەرماندەی سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە ئامانجیانە کۆنترۆڵی تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هاوسنور لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەی کردووە، هێرش دەکەنە سەر هەر وڵاتێک کە بیەوێت پشتگیریی لە هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران بکات کە ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگە بۆ ئەو هێزانە.
بەهمەن مورادیان، پارێزگاری سنە لەبەردەم ژمارەیەک کەناڵی وڵاتەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکی ڕوونە کە هێزە ئێرانییەکان هەمیشە ئامادەن بۆ هەر ڕوبەڕووبوونەوەیەک یان هەر هێرشێک کە بیانەوێت بیکەنە سەر هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان.

🔻ململانێی توندی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ #پەژاک و #حدکا-دایە کە ژمارەیەک لە هێزەکانیان لە شاخە سەختەکاندان و بەشێکیشیان لە لادێکانی رۆژهەڵاتن.
🔺
هاوکات محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە یارمەتی دەدرێن و هۆشداریشیداوە بە ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە کە هاوکاریی ئەو هێزانە نەکەن و دەست وەرنەدەنە کاروبار و کیشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە.
لای خۆشیەوە فواد خاکی نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سلێمانی بە ئەل-مۆنیتەری راگەیاندووە، لەمکاتەدا کە خەڵکی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابوریدا دەژین، بەڵام دەسەڵاتدارانی سەربازیی ئێران پارەیەکی زۆر لەو ئۆپەراسیۆنەی ناوچەی شاهۆدا خەرج دەکەن.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates