Pages

Ads 468x60px

31 Oct 2012

هاوار بازیان: دیار نه‌مانی مه‌ولود ئافه‌ند به‌ جۆرێک په‌ێوه‌ندی به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌‌ هه‌یه‌


هاوار بازیان: دیار نه‌مانی مه‌ولود ئافه‌ند به‌ جۆرێک په‌ێوه‌ندی به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌‌ هه‌یه‌


کێشه‌ی بێ سه‌ر و شوێن بوونی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیسرائیل – کورد مه‌ولود ئافه‌ند پاش فه‌ره‌تر له‌ سێ مانگ هێشتا به‌ جۆرێک سه‌ری داخراوه‌ و که‌م لایه‌ن خۆی لێده‌دات وباسی لێده‌کات و ڕه‌خنه‌ و گازنده‌یه‌کی زۆرێش له‌ کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی کوردستان به‌ تاێبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی هه‌یه‌ که‌ له‌وێدا بێ سه‌رو شوێن بوه‌ بۆ به‌ دوا نه‌چوونی که‌ێسه‌که‌.




ڕۆژنامه‌وان هاوار بازیان که‌ له‌ نزدیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ولود ئافه‌ند کاری کردووه‌ و له‌باریه‌وه‌ نووسیوه‌ له‌ هه‌ڤپه‌ێڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا ده‌ڵێت " کێشه‌که‌ی مه‌ولود ئافه‌ند له‌ بناغه‌دا دوو کێشه‌یه‌ یه‌ک که‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێک بوه‌ که‌ ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ کوردستان وه‌کو تابۆ بوه‌ که‌ که‌س خۆێ لێ نه‌ده‌دا و ته‌نانه‌ت بۆ فرۆشتنیش خه‌ڵک به‌ دزی ده‌ێکڕی و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ مه‌ولود ئافه‌ند که‌سێک بوو که‌ پێشتر گریلا بوه‌ و له‌ باشوری کوردستان بوه‌ته‌ په‌نابه‌ر، مه‌ولود ئافه‌ند له‌ دوو سێ سه‌رچاوه‌وه‌ ئه‌و ئه‌گه‌رێ تێدا بوو که‌ ئه‌و به‌ڵایه‌ی به‌سه‌ر بێت، ئه‌وه‌ش له‌ کوردستان . هاوار بازیان هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت ئێستاکه‌ش کێشه‌که‌ له‌ کوردستان زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سازغ  بوه‌ته‌وه‌ که‌ مه‌ولود ئافه‌ند سه‌ر نووسه‌ری گۆڤاری ئیسرائیل – کورد بوه‌ که‌ له‌ ناو کوردا شتێکی نوێ بوو و له‌ لای ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا راده‌یه‌ک نامۆ بوو و به‌ شێوه‌یه‌ک وای لێهاتبوو که‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردیشدا هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌یانگووت ئه‌وه‌ پارتی داێناوه‌. کاک هاوار ده‌شڵێت دیار نه‌مانی کاک مه‌ولود ئافه‌ند به‌ جۆرێک په‌ێوه‌ندی به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌‌ هه‌یه‌  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی بێ سه‌رو شوێن بوه‌". 
وتو وێژ له‌گه‌ڵ هاوار بازیان
http://www.dengiamerika.com/content/article/1536418.html
------------------------------
رێكەوتنێكی هاوبەش هەیە بۆ شاردنەوەی كەیسی مەولود ئافەند

سەنگەر عەبدولرەحمان
 28 رۆژە رۆژنامەنوس مەولود ئافەند دوای چوونی بۆ سلێمانی بێسەر و شوێنەو چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە، ئاسایشی سلێمانی هیچ روونكردنەوەیەك نادات. ئەوەی لەو ماوەیەدا رۆژنامەنوسان و هاوڕێیانی مەولود ئافەندی نیگەران كردووە، بێدەنگی و بێهەڵوێستی میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی لە پارێزگای سلێمانی دەردەچن، بۆیە گومان دەكەن رێكەوتنێك لەنێوان میدیاكانی سلێمانی و میدیای ئۆپۆزسیۆن و یەكێتی هەبێت، بۆ ئەوەی بێدەنگی لەو رووداوە بكەن. دوای ئەوەی لە رۆژی 8/6/2012 مەولود ئافەند سەرنوسەری گۆڤاری ئیسرائیل– كورد بەسەردانێك دەچێتە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لەو كاتەوە بێسەروشوێنەو تائێستاش چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە.
مەولود ئافەند لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری مهابادی كوردستانی ئێرانە، ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان لەشاری هەولێر نیشتەجێیە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لەهەر یەك لە رۆژنامەی بارزان، گۆڤاری هەڵبوون، گۆڤاری (سڤیل) كاری رۆژنامەوانی كردووە، زیاتر لە ساڵێكیشە سەرنوسەری گۆڤاری ئیسرائیل – كوردە، كە لەلایەن دەزگای ئیسرائیل – كوردەوە دەردەكرێت. مانگێك بەر لە ئێستا دەچێتە سلێمانی، بەڵام لەو شارە بێ سەروشوێن دەبێ و تا ئێستا هیچی لەبارەوە نازانرێ. زۆر هەواڵ لەبارەیەوە بڵاو دەبنەوە، هەندێكیان باس لە رفاندنی لەلایەن ئیتلاعاتی ئێران دەكەن و دواین هەواڵی نارەسمی كە لەبارەیەوە بڵاو كرایەوە ئەوەیە كە لەئاسایشی سلێمانی كوژراوە، بەڵام تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی و هیچ دەزگایەكی فەرمی روونكردنەوەیان لەوبارەوە نەداوە. بۆیە هێشتا روون نییە لەلایەن ئیتلاعاتەوە رفێنراوە، یان لە ئاسایشی سلێمانی كوژراوە.
رۆژنامەنوسان هاوڕێ و هاوكارانی مەولود ئافەند، جگە لەوەی نیگەرانن لە دیارنەمان و بێسەروشوێنبوونی هاوڕێكەیان، لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی میدیاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كە لەوێدا بێ سەر و شوێن بووە و ئەو سەنتەر و رێكخراوانەی تایبەتن بە داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسانیش نیگەرانن.
هەفتەی رابردوو كەمپینی بەهاناوەچوونی مەولود ئافەند بەیاننامەیەكیان دەركردو لە بەشێكیدا هاتوە “هەست دەكرێ لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندنی باشووری كوردستان بەتایبەت لایەنی یەكێتی نیشتمانی و ئۆپۆزسیۆن، كەمتەرخەمییەك بەو باسەوە دیارە و نیگەرانین لەوەی نەكات میدیاكانی ناوچەی سلێمانی كە شوێنی دیارنەمانی مەولوود ئافەندە لە ئاستی پێویستدا كار بۆ رەنگدانەوەی ئەو رووداوە نەكەن”.
تەنیا كوردی وتەبێژی كەمپینەكە دەڵێت، بۆتە جێگەی پرسیار بۆ ئێمە كە بۆچی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی لە سلێمانی دەردەچن، یان ئەو رێكخراو و سەنتەرانەی لەو سنورە هەن لە ئاست ئەو رووداوە بێدەنگن، گوتی “هەموو ئەو بەیاننامانەی دەرمانكردووە یەكە بەیەكە ناردومانە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و یەكێـتی و هەموو ئەو دەزگا و ناوەندانەی پەیوەندییان بەم بابەتەوە هەیە، بەڵام جێگای داخە تاكو ئێستا بەهیچ شێوەیەك لەسەر ئەو بابەتە كەم تا زۆر قسەیان نەكردووە”.
كوردی دەڵێت لەماوەی رابردوو میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەو میدیانەی لە سلێمانی دەردەچن، لەسەر زۆر بابەت قسەیان كرد، بەڵام دەپرسێت بۆ لەئاست ئەم رووداوە بێدەنگن؟، گوتی “دەركەوت ئامانجیان گەورەكردنی ئەو شتانەیە كە لەهەولێر روو دەدەن، بۆ شكاندنی ئەو شكۆمەندیەی لە هەولێر هەیە، بەڵام لەسەر كەیسێكی زۆر گەورە بێدەنگن”.
وتەبێژی كەمپینی بەهاناوەچونی مەولود ئافەند گومانی خۆی نەشاردەوە لەوەی ڕێكەوتنێك هەبێت بۆ ئەوەی رووداوی دیارنەمانی مەولود ئافەند خەفە بكرێت، بۆ ئەوەش گوتی “وادەزانم ڕێكەوتنێكی هاوبەش لەنێوان میدیای یەكێتی و ئۆپۆزسیۆن و ئەو میدیانەی كە لەسلێمانی بەناوی ئەهلی قسە دەكەن هەیە، بۆ ئەوەی ئەم كەیسە بشارنەوە”.
عەلی مەحمود، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی پێی وایە رای گشتی لە كوردستان چ بە پارتی سیاسی، یان فراكسیۆنەكانی پارلەمان، چ ئەو ڕێكخراوانەی تایبەتن بە ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ، نەیانتوانیوە هەقی دیار نەمانی مەولود ئافەند بدەن.
گوتی “ئەركی ئەخلاقی هەموو تاكێكی هاوڵاتیانی كوردستانە، كە داكۆكی لە كوردێكی پارچەكانی دیكەی كوردستان بكات، كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بەڵام بەرامبەر بە دیارنەمانی مەولود ئافەند رێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و زۆربەی هەرە زۆری دەزگاكانی ڕاگەیاندن و حزبەكان بێهەڵوێست بوون و بە ئەركی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆیان هەڵنەستان، ئەوەش جێگەی شەرمەزاری و رەخنەی جدین”.
لەماوەی نزیكەی مانگێك بێسەروشوێنبوونی مەولود ئافەنددا، ئەو رێكخراوانەی بەناوی داكۆكیكردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان لە كوردستان دروست بوون، هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كەمترین هەڵوێست و بەدواداچونیان بۆ ئەو رووداوە هەیە، جگە لەوەش ڕۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن بە كەمتەرخەم دەزانرێت لە ئاستی رووداوەكە، عەلی مەحمود گوتی “ئەو رێكخراو و دەزگا راگەیاندنانە بەو ئەركەی كە بۆیان دیاری كراوە هەڵنەستاون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە تێكەڵییەك لەنێوان سیاسەت و كاری پیشەیی ئەواندا هەیە، ئەگەر كەسێك لە بیروباوەڕی سیاسی خۆیانەوە نزیك بێت كاری بۆ دەكەن، بەڵام كەسێك لەگەڵ ئەواندا نەبێت بەتەنگیەوە ناچن و نایەنە جواب لەسەری، ئەمەش كەموكوڕیەكی گەورەیە و وادەكات تەواوی ئەو ڕێكخراو و ناوەندانە بكەونە ژێر پرسیارەوە و سەربەخۆیی خۆیان لەدەست بدەن”.
ئەو چالاكوانەی كۆمەڵی مەدەنی لەبارەی هەڵوێستی ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەردەچن لەسەر رووداوەكە گوتی “كاتێك خوێن لە لوتی رۆژنامەنوسێكی خۆیان دێت دەیكەن بە هەڵا، بەڵام لە كاتێكدا مرۆڤێك و چالاكوانێكی كورد بێسەروشوێن دەبێت بێدەنگی لێدەكەن، ئەمە كێماسیەكی گەورەیەو پێویستە شەرمەزار بكرێت”.
چەند رۆژێك دوای دیار نەمانی مەولود ئافەند، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی رایگەیاند، لەناو ئێران و دەرەوەی ئێران چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە، كە سیخوڕ و ئەفسەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی بوون و پەیوەندیان بە تیرۆركردنی سێ زانای ناوكی ئەو وڵاتەوە هەبووە.
هاوار بازیان هاوڕێی نزیكی مەولود ئافەند پێی وایە بێدەنگی لەو رووداوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رووداوەكە كەوتووەتە سلێمانی و زۆربەی ئەو سەنتەر و دەزگایانەی ئەمڕۆ قسەیان لێ وەردەگیرێ هەر لەو ناوچەیەن، ئەوانیش كەمتر خۆیان لە دیارنەمانی مەولوود دەدەن. جگە لەوەش دەڵێت “جۆرە یەكدەستییەك بە میدیای ناوچەی سلێمانییەوە دیارە لەوەی كەیسی مەولوود بایكۆت بكەن، كە بەڕاستی جێگەی شەرمە”.
هاوار بڕواشی وایە بەرامبەر كەیسی مەولوود ئافەند بە ئاشكرا “جۆرێك لە دووڕوویی و نیفاقی میدیایی بە میدیای گوایە ئازاد و سەربەخۆوە دیارە، رووداوەكەی مەولوود ئاشكرای كرد كە ئەو جۆرە میدیایە نە ئازادە و نە سەربەخۆ و نە ئەهلی و نە بڕوای بە یەكبوونی كوردان هەیە”. گوتیشی “نایشارمەوە بەو پێیەی رووداوەكە دەكەوێتە مەیدانی ئێران و دەسەڵاتی سلێمانی و جۆرە هاوسۆزییەك بۆ ئێران لەو ناوچەیە بەردەوام هەبووە، بۆیە گومانمان هەیە لەوەی ئەو بێدەنگییەی میدیاش هەر بچێتە پاڵ هاودەنگییەك بۆ كۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانی لە سلێمانی”.
بەڵام سەردار محەمەد سەنوسەری هەفتەنامەی ئاوێنە رەتی دەكاتەوە هیچ رێكەوتنێك لەنێوان میدیای ئەهلی و یەكێتی و ئۆپۆزسیۆن هەبێت بۆ بێدەنگ بوون لەسەر ئەو كەیسە، لە وەڵامی ئەوەی بەكەمتەرخەم زانینی ئەوان لە ئاست رووداوەكە، سەرنوسەری ئاوێنە گوتی “ئەو بابەتە ئەوەندە ئاڵۆز و شاراوەیە نازانین لەكوێوە ئیشی لەسەر بكەین، لێكدانەوەی جیوازی بۆ دەكرێت، نازانرێت چۆن و بۆچی دیار نەماوە”.
سالار مەحمود سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان گوتی “جگە لەو دەنگوباسانەی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بیستومانە، هیچ بەرچاو رونیەكمان لەسەر ئەو بابەتە بەدەست نەگەیشتوە، پەیوەندیمان كردووە بە چەند كەناڵێكی پەیوەندیدارەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ زانیاریەكمان دەست نەكەوتوە”.
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتیشی “ئەگەر راستیەك دەربارەی رفاندنی ئەو رۆژنامەنوسە دەركەوێت، ئێمە دامودەزگا ئەمنیەكانی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان”.
لای خۆشیەوە كاروان ساڵح ئەندامی لێژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەوردی چاودێری كەیسی دیار نەمانی ئەو رۆژنامەنووسە دەكەن و گوتی “هیوادارین دەزگاكانی راگەیاندن هەر زانیارییەكیان هەیە لەسەر دیارنەمانی مەولود ئافەند بە بەڵگەوە بڵاوی بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش وەك لێژنەی ناوخۆ و بەهاوكاری لێژنەی مافی مرۆڤ بتوانین بەدواداچوونێكی جدی بۆ ئەو مەسەلەیە بكەین”.
ئەوەی جێی نیگەرانی زیاتری رۆژنامەنوسانە، بێ هەڵوێستی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانە، تا ئێستا بە بەیانێك داوای دیاركردنی چارەنوسی ئەو رۆژنامەنوسەیان نەكردووە، سڤیل چەندین جار بۆ ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە ژمارەی مۆبایلی نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیكا كرد، بەڵام وەڵامێكی دەست نەكەوت. رۆژنامەنوسێك لەبارەی سەندیكاوە دەڵێ “بەرپرسانی سەندیكا ئەوەندەی خەریكی گەشت و سەفەرن بۆ دەرەوە، ئەوەندە ئاگایان لە حاڵی رۆژنامەنوسان نییە، ئەوان هەر هەفتەی لە شوێنێكن. ئەوەی بیری لێنەكەنەوە فشارە بۆ سەر حكومەت لە هەر چ بوارێك بێت، سەندیكا بووەتە كۆمپانیایەك بۆ چەند كەسێك تایبەت بە گەشت و سەفەر، 10 رۆژ بەر لە ئێستا لە جۆرجیا بوون، ئێستاش چوونەتە ئەڵمانیا”. ئەو رۆژنامەنوسە گوتیشی “وەفدی سەندیكا كە چوون بۆ لای سەرۆك وەزیران داواكاریان دروستكردنی باڵەخانەیەكی گەورە بوو بۆ سەندیكا، نەك داوای پاراستنی گیانی رۆژنامەنوسان و رێزگرتنی كارەكانیان لەكاتی كاركردنیاندا بەتایبەتی لەكاتی خۆپیشاندان و مانگرتندا، كە زۆر جار رووبەڕووی هێرشی پۆلیس و ئاسایش دەبنەوە”.
هەروەها رۆژنامەنوسەكە باس لە سەنتەری میترۆش دەكات، دەڵێ ئەو سەنتەرە جاری وا هەیە هەفتەی دوو سێ بەیان دەردەكات، بەڵام بۆ ئەو كەیسە زۆر شەرمنانە دوو جار بەیانی دەركردووە، هەردووكیشیان زۆر درەنگ وەخت. تەنانەت یەكەمجار پاش ماوەیەكی زۆر ئینجا بەیانێكی لاوازیان دەركرد و دوای مانگێكی دیكە، كە دەنگی رەخنە و ناڕەزایی بەرزبووەوە، ئینجا بەیانێكی دیكەی دەركرد، ئەو رۆژنامەنوسە گوتیشی “بەم كارەیان هەم سەندیكا و هەم میترۆ میسداقییەتی خۆیان كەمكردەوە”.
بەڵام لەبەرامبەردا رەحمان غەریب ڕێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنوسان دەڵێ “راستە ئێمە لەسەرەتاوە كارەكانمان لەسەر ئەم بابەتە سست بوو، هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە هەر لەدەزگاكەی خۆیەوە لێدوانی جیاواز دەدرا لەسەر ئەو بابەتە، كە داخۆ دیار نەماوە یان سەفەری كردووە یان رفێنراوە، بەڵام لەدوای ئەوەی بە فەرمی راگەیەنرا كە شوێنبزرە یاداشتێكمان دایە حكومەت و لەچەند رۆژی رابردووش بەیاننامەیەكمان دەركرد، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی كردووە بەئەركی خۆی هەستێت و چارەنوسی ئەو هاوڵاتیە دیاری بكات، بەڵام ئێمە هەست بەخەمساردی دەكەین لەلایەن ئەو دەزگایانەوە، ئەوەندی ئێمە بەدواداچوونمان كردووە هیچ لێدوانێكی فەرمیمان لەلایەن ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆوە لەسەر دیارنەمانی مەولود ئافەند دەست نەكەوتوە”.
سڤیل چەند جارێك پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانییەوە كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە. هەر ئەو بێدەنگیەی ئاسایشی سلێمانی بووەتە جێی گومانی زۆر لە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی، بەتایبەتی كوردانی رۆژهەڵات. تا ئێستا ئاسایشی سلێمانی هیچ روونكردنەوەیەكی نەداوە، رۆژنامەنوسێكی رۆژهەڵاتی لەوبارەوە دەڵێ “زۆنی سلێمانی، لەژێر كاریگەری ئیتلاعاتە، ئیتلاعات چی بیەوێ لەو زۆنە دەیكات، بۆیە ترسمان هەیە كە مەولود لەوێ رفێنرا بێت، كە ئاسایشیش هیچ روونكردنەوەیەكی نییە، گومانی ئێمەی زیاتر كردووە”. گوتیشی “بەداخەوە لەهەرێمی خۆرێبەری كوردیدا دوژمنان بە ئاسانی بتوانن نەیارانیان ببەن، كەواتە هەموومان ژیانمان لەمەترسی دایە”.
http://www.civilmag.com/?p=365

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates