Pages

Ads 468x60px

1 Sept 2018

٣٩ ساڵ بەسەر گیانبەختکردنى کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی دا تێپەڕی کاک فوئاد یەکێک لە پێشەنگەکانى خەباتى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانە. بە دروستکردنى رێکخراوی سیاسی و ئەنجامدانى تێکۆشانى مەدەنی و داکۆکى لە مافى هاووڵاتییانى کوردستان و ئێران بەردەوام بوو لە تێکۆشان تا ئەو کاتەى گیانى بەختکرد.


٣٩ ساڵ بەسەر گیانبەختکردنى کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی دا تێپەڕی
کاک فوئاد یەکێک لە پێشەنگەکانى خەباتى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانە. بە دروستکردنى رێکخراوی سیاسی و ئەنجامدانى تێکۆشانى مەدەنی و داکۆکى لە مافى هاووڵاتییانى کوردستان و ئێران بەردەوام بوو لە تێکۆشان تا ئەو کاتەى گیانى بەختکرد.

فوئاد مستەفا سوڵتانى ناسراو بە کاک فوئاد ٢٧ى ئاداری ١٩٤٨ / ٧ی خاکەلێوەى ١٣٢٧ى هەتاوی کۆچی لە گوندی ئاڵمانەی شاری مەریوان لە دایکبووە.
لە دواى بڕینى قۆناغەکانى خوێندن لە گوندەکەیان و سنە، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ساڵی ١٩٦٧دا دەچێتە زانکۆی سەنعەتى ئاریا مێهر لە تاران و بەشی ئەندازیارى کارەبا تەواو دەکات.
هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەیدا لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ دۆزینەوەى رێگاکانى خەبات بۆ بەدەستهێنانى مافی خەڵکى کوردستان و تەنانەت سەرتاسەری ئێران. بۆیە لە پاییزی ساڵی ١٩٦٩دا لەگەڵ هاورێکانیدا بناغەى رێکخراوى کۆمەڵەیان دامەزراند.
لە ساڵی ١٩٧٢ لە دواى تەواوکردنى خولی ئەفسەری لە کارگەى کارەباى شارى مەریوان دەستبەکار بوو، بەڵام بەهۆى هەڵوێستەکانیەوە بەرامبەر بە ساواک و قائیمقامى مەریوان، لە مەریوان دوورخرایەوە.
لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بە مامۆستاى پەیمانگەى سەنعەتى لە شارى سنە و بەهۆى کار و چالاکییەکانییەوە لە ٢٠ى تشرینى یەکەمی ١٩٧٤ / ٢٨ى رەزبەری ١٣٥٣ى کۆچی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانى هاوبەشی ساواک و پۆلیس لە تاران و سزاى ٤ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند.
لە دواى نزیکەى ٣ ساڵ مانەوەى لە زیندانى تاران، لەسەر داواى خۆی لە ساڵی ١٩٧٧دا گواسترایەوە بۆ زیندانى سنە. مانگى پووشپەڕی ١٩٧٧ لە زیندانى سنە خۆی و هاوزیندانییەکانى بۆ ماوەی ٢٤ رۆژ مانیان لە خواردن گرت و کاک فوئاد پیشەنگایەتیى ئەو مانگرتنەى دەکرد.
لەگەڵ تەواوبوونى وادەى سزا سەپێنراوەکە بەسەریدا لە ٢٩ى ئەیلولی ١٩٧٨ / ٦ى رەزبەری ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی لە زیندان ئازاد بوو و گەڕایەوە بۆ گوندى ئەڵمانە. رۆژی ٢٠ى سەرماوەز، واتە ١٤ رۆژ لە دواى ئازادبوونەکەى کەسوکار و خزمەکانى داوایان لێکردووە دەستبەرداری کارى سیاسی بێت، بەڵام کاک فوئاد پێى راگەیاندوون، لە کار و تێکۆشاندا هێشتا لە سەرەتادایە و دەبێت چەندین کارى گەورە هەیە بە ئەنجامیان بگەیەنێت. ئەو پێداگرییەى بووە هۆى ئەوە کە ئیتر کەس باس لە ئەنجامنەدانى تێکۆشانى سیاسی لە کاک فوئاد نەکات.
دوابەدواى ئەوە لە ٢٩ى رەزبەر چووە شارى مەریوان و چەندین کۆبوونەوەى لەگەڵ هاوڕێکانیدا ئەنجامدا و رۆژی ٥ى خەزەڵوەری ئەو ساڵە، واتە نزیکە یەک مانگ لە دواى ئازادبوونی چووە بەردەم زیندانى قەسر لە شارى تاران بۆ پێشوازیکردن لە ئازادبوونى هاوڕێیەکى بە ناوى شوعەیب زەکەریاى-یەوە. لە دواى ئازادبوونى شوعەیب زەکەریایى فوئاد مستەفا سوڵتانى لە شارى سنە ئاهەنگى پێشوازیى جەماوەری بە بۆنەى ئازادکردنى شوعەیب زەکەریاییەوە رێکخست و هەزاران هاووڵاتیى ئەو شارە پێشوازییان لەو تێکۆشەرانە کرد.
کاک فوئاد لە مانگى سەرماوەزى ئەو ساڵەدا بە هەوڵەکانى کارێکى زۆریکرد بۆ ئەنجامدانى کۆنگرەى یەکەمى کۆمەلە کە لە سنە و نەغەدە بەڕێوەچوو.
دواى کۆنگرەى یەکەمی کۆمەڵە و پشتیوانیکردن لە جوتیاران و توتنەوانەکانى ناوچەکانى بانە و مەریوان، کاک فوئاد سەردانى موحسین نەهاوەندی بەرپرسى رێکخستنى نهێنیى کۆمەڵە لە خوڕەمئاباد، بێهروز موعینى و پەرویز میرى لە هەڵسوڕاوانى خەڵکى ئەهواز کرد و بەشێک لەکارەکانى بۆ بەرەپێشبردنى ئامانجەکانى رێکخست.
لە مانگى بەفرانبارى ئەو ساڵەدا کۆمەڵەى مامۆستایانى مەریوان بە هەوڵ و تێکۆشانى سەرەکیى کاک فوئاد دامەزرا کە لەو سەردەمەدا یەکەمین رێکخراوى ئاشکرا و دیموکراتیک بوو لەو ناوچەیەدا.
هاوکات لەگەڵ فراوانبوونەوەى خۆپیشاندانەکانى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران لە دژى رژێمى پاشایەتى لە رۆژی ١١ى شوباتی ١٩٧٩ / ٢٢ى رێبەرانى ١٣٥٧ی کۆچی هەتاوی پەیکەرى شا لە مەریوان هێنرایە خوارەوە و ناوەندى پۆلیسى ئێران لە مەریوان کە پێى دەوترا شارەبانی لەلایەن خەڵکى خۆپیشاندەرەوە کۆنترۆڵ کرا. هەر ئەو شەوە لەسەر داواى و پلانى کاک فوئاد هەموو بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و دامودەزگاکانى حکومەت لە شارى مەریوان دەستگیرکران.
رۆژى دواتر کاک فوئاد چوو بۆ شارى سەقز تاوەکو سەردانى حەمە حوسەین کەریمى بکات، کە لە خۆپیشاندانەکانى ئەو شارەدا بریندار بوو و لە رۆژانی ٢٤ تاوەکو ٢٦ى رێبەندان لە شارى بۆکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەى لەگەڵ رێکخستنەکانى کۆمەڵە ئەنجامدا.
رۆژی ٢٦ى رێبەندانى ١٣٥٧ى کۆچی هەتاوی / ١٥ى شوباتی ١٩٧٩ و هاوکات لەگەڵ گیانبەختکردنى حەمە حوسەین کەریمى دا کۆمەڵە خۆى بە شێوەى ئاشکرا راگەیاند و لە رۆژی ٢٧ى رێبەندان و هاوکات لە مەراسیمى جەماوەریى بەخاکسپاردنى حەمە حوسەین کەرمی دا، یەکەمین راگەیاندراوى ئاشکراى کۆمەڵە بە بەشداریى کاک فوئاد بڵاوکرایەوە.
کاک فوئاد لە دواى بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى رۆژی ٣٠ى رێبەندان لەگەڵ نوێنەرانى خەڵکى شارەکانى کوردستان لە مەهاباد، لەگەڵ نوێنەرانى حکومەتى تازە دامەزراوى تاران کۆبووییەوە و لە نووسینى "بڕیارنامەى هەشت خاڵى مەهاباد" بۆ نوێنەرانى حکومەتى تاران بەشدار بوو.
لە ١٦ى رەشەممەى ئەو ساڵەدا سێیەمین کۆبوونەوەى یەکێتیى جوتیارانى مەریوان بە بەشداریى کاک فوئاد بەڕێوەچوو. هەروەها رۆژی ٨ى مارسی ١٩٧٩ / ١٧ى رەشەممەی ١٣٥٧ و بە بۆنەى رۆژی جیهانیى ژنانەوە زنجیرەیەک چالاکى لە مەریوان بەڕێوەچوون.
لە بەردەوامیى کارەکانى مانگى رەشەممەدا کاک فوئاد بۆ پێکهێنانى ئەنجوومەنى شۆڕشى شارى سنە و ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕا لەگەڵ هاوڕێکانى کە لە دانوستاندا بوون لەگەڵ بەرپرسانى ئەو کاتى رژێمى کۆمارى ئیسلامیى ئێران سەردانى سنەى کرد و لە ئەنجامدا، سدیق کەمانگەر کرا بە وتەبێژى ئەنجوومەنى شارى سنە و وەک نوێنەرى کۆمەڵەش بەشداریى لە گفتوگۆکاندا دەکرد.
لەگەڵ دەستپێکردنى ساڵی نوێ، رۆژی ٩ى خاکەلێوەى ١٣٥٨ى کۆچى هەتاوی و کۆتایى ساڵی ١٩٧٩ کاروانى هاوکارییەکانى سنە و کۆمەڵە بۆ تورکمەن سەحرا لە باکووری ئێران تووشى کارەسات بوو و لە ئەنجامدا ٩ کەس لە ئەندامانى ئەو کاروانە گیانیان بەختکرد.
رۆژی ١١ى خاکەلێوە کاک فوئاد و هاوڕێکانى لە کۆمەڵە لە راگەیاندراوێکدا داوایان لە خەڵک کرد دەنگ بە کۆمارى ئیسلامیى ئێران نەدەن و بەشدارى لە ریفراندۆمەکەى کۆمارى ئیسلامیدا نەکەن و بۆ ئەوەش خۆپیشاندانێکى گەورەیان لە سنە رێکخست.
رۆژی ٣١ى خاکەلێوەى ١٣٥٨ / ٢ی نیسانی ١٩٧٩ شەڕی نەغەدە دەستیپێکرد و کاک فوئاد لەگەڵ شێخ عیزەدینى حوسەینى لە هەوڵی رزگارکردنى ئەندامانى رێکخستنى کۆمەڵەدا بوون کە لەو شارەدا گەمارۆدرابوون.
رۆژی ١١ى بانەمەڕ / یەکى ئایار کاک فوئاد لە مەریوان رێوڕەسمێکى جەماوەریى بە بۆنەى رۆژی جیهانیى کرێکارەوە رێکخست. هەروەها رۆژی ١٦ی بانەمەڕۆ لە شارى مەریوان خۆپیشاندانێکى تری بۆ پشتیوانى لە جوتیارەکانى سۆما و برادۆستى ورمێ رێکخست.
شەوی ٥ى جۆزەردانی ١٣٥٨ى کۆچی هەتاوى یەکەم دەستەى پێشمەرگەکانى یەکێتیى جوتیاران بە پێشەنگایەتیى کاک فوئاد لە شارى مەریوان چوونە دەرەوە و رۆژی ٨ى جۆزەردان پێشمەرگەکانى یەکێتیى جوتیاران جەولەى ئاشکراى خۆیان دەستپێکرد.
لە دواى چالاکییە بەناوبانگەکەى خانەگاى جوجو لە مەریوان، کاک فوئاد لە رۆژی ١٢ى پووشپەڕدا لەگەڵ نوێنەرانى ٦٦ گوندی مەریوان لە گوندی ولەژێر کۆبوونەوەیەکى فراوانى رێکخست.
لە کۆنفڕانسى یەکەمی کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە لە ٢٠ى پووشپەڕی ١٣٥٨ لە مەهاباد، چەندین باسی وەک ئەزموونەکانى یەکێتیى جوتیاران، گرفتە ناوخۆییەکانى کۆمەڵە و یەکگرتن و پێکهێنانى حیزبی کۆمۆنیست تاوتوێکران و رۆژی ٢٢ى پووشپەڕ سەردانى مەرگەى کرد بۆ بینى چەند کەسێک لە تێکۆشەرانى ئەو کاتى باکوورى کوردستان.
سەربارى رووداوەکەى رۆژی ٢٣ى پووشپەڕ لە مەریوان، کە بووە هۆى تەقە لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى دا، لە رۆژی ٢٦ى پووشپەڕ ئەنجوومەنى شارى مەریوان دامەزرێنرا و کاک فوئاد بوووە ئەندامى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنى مەریوان.
لە رۆژانی ٢٤ و ٢٦ى پووشپەڕدا چەندین گفتوگۆی لەگەڵ فەرماندەى بنکەى سەربازیى ئێران لە مەریوان (پادگان) ئەنجامدا بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بەهۆی چارەسەنەکردنى کێشەکان و گوشارى بەردەوامى دەوڵەتى ئێرانەوە کاک فوئاد بڕیاریدا لە بەرامبەر سیاسەتەکانى دەوڵەت و چوونى سوپاى پاسداران بۆ ناو شارى مەریوان، خەڵکى مەریوان کۆچی مێژوویى ئەنجام بدەن، بۆیە لە رۆژی ٣١ى پووشپەڕی ١٣٥٨ / ٢٢ى تەمووزی ١٩٧٩ تاوەکو رۆژی ١٤ى گەلاوێژی ١٣٥٨ى کۆچى هەتاویی / ٥ى ئابی ١٩٧٩ خەڵکى شارى مەریوان چوونە دەرەوەى شار و لە نزیک گوندی کانى میران کەمپیان دروستکرد و مانەوە. چەندین کەسایەتى و رێکخراو و ئازادیخواز پشتیوانیان لەو هەوڵە مەدەنی و دیموکراتیکى کاک فوئاد کرد.
لە بەردەوامیى پشتیوانییەکان لە کۆچى مێژوویى خەڵکى مەریوان، رۆژی ٥ى گەلاوێژ رێپێوانى سەدان تێکۆشەری شارى سنە بەرەو مەریوان دەستیپێکرد و بە دواى پشتیوانیى خەڵکى شارى سنەدا لە رۆژی ٧ى گەلاوێژدا رێپێوانى سەدان کەسى تر لە شارەکانى سەقز، بانە و بۆکانەوە بەرەومەریوان دەستیپێکرد.
لە دواى پێشکەشکردنى وتەیەکى کاک فوئاد لە رۆژی ١٣ى گەلاوێژدا و شیکردنەوەى بارودۆخەکە رایگەیاند، کاتى کۆتایهێنان بە کۆچەکە هاتووە و داواى لە خەڵک کرد بگەڕێنەوە بۆ ناو شارى مەریوان و خەڵک رۆژی ١٤ى گەلاوێژدا گەڕانەوە بۆ مەریوان.
لە بەردەوامیى کارەکانیدا لە رۆژانی ١٥ى گەلاوێژ سەردانى پێشمەرگەکانى یەکێتیى جوتیاران لە گوێزە کوێرە و دواى ئەوە رۆژی ١٦ گەلاوێژ دەچێتە سنە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا سەردانى فێرگەى پێشمەرگەى کۆمەڵە دەکات لە گوڕەمەڕی سەردەشت و رۆژی ١٧ی گەلاوێژ سەردانى خڕى ناوزەنگ لە باشووری کوردستان و یەکێتیى نیشتمانى و مام جەلال دەکات.
لە رۆژانى ٢٠ بۆ ١٢ى گەلاوێژدا سەردانى هاوڕێکانى لە بۆکان و مەهاباد دەکات و رۆژی ٢٢ى گەلاوێژ لە پاوە بەشداریى مانگرتنەکەى قۆری قەڵا ى کرد. سەردانێکى تری یەکێتى نیشتمانی دەکات و داواش لە هاوڕێکانى دەکات لە رەبەت بەشداری لە رێوڕەسمى ٢٥ى گەلاوێژی حیزبى دیموکراتدا بکەن و خۆیشی بەشدارى ئەو مەراسیمە دەبێت و عومەر ئیلخانیزادە بەناوى کۆمەڵەوە وتەیەک پێشکەش دەکات.
لە دواى شەڕەکەى کەرەفتوو لە سەقز کاک فوئاد رۆژی ٢٨ى گەلاوێژی ١٣٥٨ دەچێتە سەقز و لەگەڵ هاوڕێکانیدا کۆبوونەوەیەک رێکدەخات و رایدەگەیەنێت: "یەکێتىی جووتیاران دەوری خۆی گێڕا و تەواو بوو، ئێستا ئەبێ خۆمان ئامادەکەین بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان" و بە دواى ئەوەدا لە رۆژی ٢٩ى گەولاێژدا راگەیاندراوێک بە ناوی "گەلی کورد لە بواری تاقیکردنەوەدا"، کە بیرۆکەى کاک فوئاد بووە، بڵاو دەکرێتەوە. رۆژی ٣٠ى گەلاوێژ دەچێتە بانە و زنجیرە کۆبوونەوە رێکدەخات.
رۆژی ٣١ی گەلاوێژ مەلەکەى خوشکى داوای لێدەکات بۆ بەدەمەوە چوونى زیندانیەکانى ناو پادگانى مەریوان هەوڵى خۆى بدات و بەشدارى لە مانگرتنى بەردەم بنکەى دیژبانى مەریواندا بکات و هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئازادکردنیان.
لە بەردەوامیى هاوکاریى هێزە سیاسییەکانى ئەو سەردەمەدا، ١ى خەرمان کۆبوونەوەیەک لە بانە رێکدەخەن و مام جەلال و سەرکردایەتیى یەکێتى بەشداریى کۆبوونەوەکە دەکەن و رۆژی ٢ى خەرمانان کۆبوونەوەیەکى تر بە بەشداریى کۆمەڵە، حیزبى دیموکرات و رێکخراوى چریکە فەداییەکان و چەند رێکخراوى تر رێکدەخرت بۆ بەرەنگاربوونەوەى هێرشى رژێمى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر کوردستان.
کۆمارى ئیسلامیى ئێران رۆژی ٣ى خەرمانانی ١٣٥٨ / ٢٥ى ئابی ١٩٧٩ لە پادگانى مەریوان ٩ تێکۆشەر بە ناوەکانى ئەحمەد و حوسەین پیرخزری، بەهمەن ئەخزەری، جەلال نەسیمی، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قازیزادە، عەلی داستانی، ئەمین و حوسەین مستەفا سوڵتانی، کە ئەمین و حوسەین براى کاک فوئاد بوون، لە سێدارە دەدات.
کاک فوئاد لە دواى ئەوەى رۆژی ٤ى خەرمانان هەواڵى لەسێدارەدانى زیندانییەکانى پادگانى مەریوان دەبیستێت رۆژی ٥ى خەرمانان لەگەڵ برایم جەلال یەکێک لە بەرپرسانى یەکێتیى نیشتمانى و لەگەڵ ٢٠ تاوەکو ٣٠ پێشمەرگە دەچنە مەریوان و لە رۆژانی ٦ و ٧ى خەرماناندا زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاورێکانیدا رێکدەخات و پلانى گرتنى پادگانى مەریوان دادەنێن.
کاک فوئاد لەگەڵ برایم جەلال فەرماندەکەى یەکێتى، تەهمورس ئەکبەری ئەندامى چریکى فیدایى، شێخ عوسمان خالیدی و ناسێحی کوڕی لە رۆژی ٨ى خەرماناندا لە مەریوانەوە بەرەو بانە دەکەونەڕێ و بەهۆی دانانەوەی بنکەى سەربازیى قەمچەیان لەلایەن رژێمى ئێرانەوە، رێگاکەیان دەگۆڕن و درەنگانێکى شەو دەگەنە گوندی ئاگجە.
رۆژی ٩ى خەرمانانی ١٣٥٨ی کۆچی هەتاوی / ٣١ى ئابی ١٩٧٩ لە ئاگجەوە و بە رێگاى مەریوان – سەقزدا بەرەو بانە دەکەونەڕێ و لە نزیک کاتژمێر ١٠ى پێش نیوەڕۆدا لە نێوان گوندەکانى بستام - کانێعمەت دا لەلایەن هێزێکى زۆری جاش و پاسدارەوە بە سەرکردایەتى مستەفا چەمران هێرشیان دەکرێتە و سەر و کاک فوئاد و تەهمورس لە دواى چەند کاتژمێر شەڕ و بەرەنگاری گیانیان بەخت دەکەن.
رۆژی ٩ى خەرمانان بە بەردەوامیى کۆپتەر بەسەر گوندی ئاڵمانەدا سوڕاوەتەوە و هاوکات لەگەڵ پرسەى حوسەین و ئەمینى براى کاک فوئاد دا، دایە بەهییە، واتە دایکى کاک فوئاد وتویەتى "تەیارەى چەمران شانەوشان ئەکا – داواى جوانەکان مەریوان ئەکا". لە ئەنجامدا رۆژی ١٠ى خەرمانان تەرمەکەى کاک فوئاد دەبرێتەوە بۆ مەریوان و کاتژمێر ١١ى پێشنیوەڕۆ لە گۆڕستانى تاڵەسوار لە نزیک گوندەکەیان و لە تەنیشت ئەمین و حوسەینى برایدا و لە مەراسیمێکى جەماوەریدا بەخاکیان سپارد. دواتریش کۆمارى ئیسلامیى ئێران ٢ براى ترى کاک فوئاد بە ناوەکانى ئەمجەمد و ماجد لە تەورێز دەستگیردەکەن و لە زیندانى تەورێز لە سێدارەیان دەدەن و تەرمەکانى ئەوانیش لەلای گۆڕی کاک فوئاد دا بەخاکسپێردران. هەروەها ساڵی ١٩٩٥ دایە بەهیە، دایکى ئەو ٥ گیانبەختکردووە لە سوید کۆچى دوایى دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی دەبرێتەوە بۆ ئاڵمانە و لە تەنیشت ٥ کوڕە گیانبەختکردووەکەیدا بەخاکى دەسپێرن.
سەرچاوە ماڵپەڕی کاک فوئاد

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates