Pages

Ads 468x60px

26 Feb 2016

دیاردەی دژایەتی پەکەکە لەلایەن ھەندێک لە پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە


دیاردەی دژایەتی پەکەکە لەلایەن ھەندێک لە پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە 
( بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان ) دیاردەیەکی نوێ نییە، لە ساڵانی پێش راپەڕیندژایەتی بەرچاوی ئەو پارتە کراوە، کاتێکیش راپەڕین کراو و حکومەتی ھەرێم پێکھات، خەڵک چاوەروانی ئەکرد ئازادکردنی باشووری کوردستان بنەمایەک بێت بۆ ئازادکردنی پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خەڵکەوە یەکەم شەری حکومەتی ھەرێم لەگەڵ دوژمنەکانی کورد نەبوو، بەڵکو لەگەڵ کورد خۆی بوو، پەلاماری پەکەکە درا و شەڕێکی خۆکوژی بەرپا کرا.

ئێستاش دوای تێپەربوونی نزیکەی چارەکە سەدەیەک بەسەر ئەو شەڕە نەخوازراوەدا، حزبێکی وەک پارتی کە لە ھەرەمی دەسەڵاتدایە لە حکومەتی ھەرێمدا ھەڵمەتێکی گەورەی میدیایی و سیاسی دژ بە پەکەکە بەرێوە ئەبات، ئەم دژایەتییە بەردەوامەی پەکەکە بۆچی؟ بۆچی حزبێکی وەک پارتی دیموکرات لە ھەموو لەحزەیەکدا ھەموو روداوێک (لانیکەم لە رووی میدیاییەوە) بۆ دژایەتی پەکەکە دەقۆزێتەوە؟ بە بڕوای من کۆمەڵێک فاکتەری سەرەکی لە پشت ئەم دژایەتیکردنەوە ھەیە
یەکەم: پەکەکە ھێزێکی سیاسی سەربەخۆیە و خاوەن ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینەیە، نە پارتی و نە ھیچ ھێزێکی دیکە نەیتوانیوە بیکاتە پاشکۆی خۆی، نەیتوانیوە کار لەسەر سەربەخۆی بڕیاری سیاسی پەکەکە بکات، ئەمە بۆ حزبێکی وەک پارتی دۆخێکی قورس و دژوارە، پارتی وەک حزبێک کە خاوەن دارایی و توانایەکی سیاسی و سەربازی گەورەیە و باڵادەستە بەسەر حکومەتدا، بەردەوام ویستویەتی پارتە سیاسیەکانی دیکە بکاتە پاشکۆ و رۆڵی برا بچووک ببینن، دیوێکی دیکەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پارتی بن، کاتێک ئەم خواستە لە پەکەکەدا نایەتە دی، بە پێچەوانەوە پەکەکە ھێزێکی خاوەن بریاری و بەرژەوەندی سیاسی خۆیەتی و وەک مونافسێکی راستەقینەی پارتی دەردەکەوێت و لە زۆر شوێن ئەگەری ئەوەی تێدایە جێگا بە پارتی لێژ بکات، ئیدی پارتی ناتوانێت ئەمە قبوڵ بکات و مەکینەیەکی میدیای و سیاسی گەورە بۆ لێدانی و تیرۆرکردنی مەعنەوی پەکەکە ئەخاتە گەڕ.
دووەم: پەکەکە خاوەنی دوو چەکی کاریگەرە کە پارتەکانی دیکە لە باشووری کوردستان نییانە ، یەکەمیان خاوەن پەروەردەیەکی فکریی و سیاسی بەھێزە ، دوەمیان ، خاوەن رێکخستنێکی تۆکمەیە، لە ئەزموونی حزبایەتی پارتەکانی باشووردا پەروەردەی فکری و سیاسی ئەو رۆڵە گرنگەی نەبینیوە، بەتایبەت دوای راپەڕین و دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات رۆژ لە دوای رۆژ رۆڵی پەروەردە و فکر لە سیاسەت و حزبایەتیدا کاڵ بویەوە، رێکخستن و دیسپلینی حزبایەتی بەرەولاوازی رۆیشت، ئینتیمای ئەندام و کادر بۆ حزب لە باشووردا لەسەر بناغەی پەروەردە و فکر نییە، لەسەر بناغەی پرۆژەی سیاسی و ئایدۆلۆجی نییە، بەڵکو لەسەر بناغەی بەرژەوەندییە، ئەوەی ئەم ئینتمایە رێک ئەخات و درێژەی پێ ئەدات پارە و پۆستە، کاتێکیش پەیوەندی کادر بە حزبەوە لەسەر بناغەی پارە و پۆست ئەبێت ئەو بەرژەوەندییە پەیوەندییەکی جێگیر و ھەتا سەر متمانە پێکراو نییە، ھەمیشە ئەگەری گۆرینی ئینتیما بە پێی گۆڕینی بەرژەوەندی ئەگەرێکی بەھێزە، بەڵام لای پەکەکە دۆخەکە بەمشێوەیە نییە، ئەندام و کادری پەکەکە ھەمیشە وەک کەسی خاوەن پەروەردە و فکر و خاوەن پرەنسیپ دەر ئەکەون، بۆیە ئەبینین زۆربەی جارەکان گەریلایەک ئامادەیە بمرێت بەڵام ئامادە نییە بە دیلی بکەوێتە دەست دوژمن، کادری پەکەکە ئینتیمای بۆ حزبەکە لەسەر بناغەی بیروباوەر و پەروەردە و پرۆژەی سیاسیە نەک بڕی پارە و پۆست، ئەمە سەرەرای رێکخستنێکی تۆکمە و خاوەن دیسپلین، ئیدی لێرەوە مەترسی حزبی خاوەن پەروەردە و خاوەن رێکخستن مەترسییەکی گەورەیە و پارتی باش ئەزانێت ئەمە مەترسییە بەڵام نازانێت چۆن رووبەرووی ببێتەوە ، دەزانێت ھەر ھێزێک خاوەن فکر و پەروەردە بوو دەستی بگاتە ھەر شوینێک بە خێراییەکی چاوەڕِواننەکراو گەشە ئەکات، ئیدی لێرەوە پارتی یەک رێگای ھەیە ئەویش رووبەرووبونەوەی پەکەکە و لێدانی شکۆ و کاریزمایەتی لە رێگەی شەرێکی میدیاییەوە
سێیەم: بە حوکمی جوگرافیا و شێوەزاری قسەکردن و ناوچەی نفوزی سیاسی، ئەگەری ئەوە زۆرە پەکەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوچەی بادینان ھەبێت، گەنج و نەوەی خوێندەواری بادینان بکەونە ژێر کاریگەری پەروەردەی سیاسی و فکری پەکەکەوە، بکەونە ژێر کاریگەری خەباتی کوردانی باکور و رۆژئاواوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە باکوور بوژانەوەیەکی گەورەی نەتەوەیی و سیاسی بە رێبەرایەتی پەکەکە بەڕێوە ئەچێت، ساڵانە لە نەورۆزی ئاماد ملیونان مرۆڤ بە جۆش و خرۆشی کوردایەتییەوە بەشدار ئەبن و ئاھەنگەکە گەرم ئەکەن ، لە خۆرئاواش ئەزموونی بەرەنگاری کۆبانێ بۆتە نموونەیەکی پێشرەو بۆ نیشاندانی گیانی خۆبەختکاری و بەرەنگاری لە پێناوی نیشتیماندا، ئەمەش شتێکە بۆ پارتی یەکجار مەترسیدارە، چونکە بادینان بەدرێژایی ساڵانی رابردوو وەک قەڵای بێ چەندووچوونی پارتی سەیرکراوە، درزخستە ئەو قەڵایە ، سەرەتای ئاوابوونی ھەژموونی پارتییە ، ھەربۆیە دژایەتی پارتی بۆ پەکەکە لە ناوچەی بادیناندا دژایەتییەکی فرە رەھەند و قوڵە، بەڵام لەم ئاستەدا یەکێتی ھێندە نیگەران نییە لە گەشەی پەکەکە لەناوچەی بادینان
چوارەم: ئەزموونی حوکمرانی کوردی کە پارتی باڵادەستی بەسەریدا ھەیە، بە ھەموو مانایەک ئەزموونێکی شکستخواردوە، لەم ئەزموونەی تەمەن چارەکە سەدەیەی ھەرێمدا ، نە توانراوە ئابووریەکی گەشەکردو و بەرھەمھێن بونیاد بنرێت، نە ژێرخانێکی ئابووری پتەو دروستکراوە، نە سوپایەکی نیشتیمانی پیشەگەری خاوەن دیسپلینی سەربازی دروستکراوە، نە یەک ئیدارەی دامەزراوەیی بیناکراوە، نە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن بوونی ھەیە، نە ئاستی خۆشگوزەرانی و داھاتی تاکەکەس وەک پێویستە، بەڵکو بە پێچەوانەوە حکومەت نزیکەی ٢٤ ملیار قەرزارە، ھەژاریی و بێ کارییەکی بێ وینە ھاوڵاتیانی گرتۆتەوە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو دابین نەبوون، کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا لە قەیرانی قووڵدان و پسپۆرانی ئەو بوارە باس لە شکستی ئەو کەرتانە ئەکەن، لەسەر زەمینی واقیع دوو لەشکری سەربازی و دوو ئیدارە بونیان ھەیە، گەندەڵی بەرادەیەک گەشەی کردوە مۆخی ئابووری ھەرێمی خواردوە، قەیرانێکی سیاسی کوشندە بەرۆکی ھەرێمی گرتوە، ئەمانە و زۆری تر، لە ھەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا ئەگەری ئەوە زۆرە پەکەکە وەک حزبی بەدیل خۆی نمایش بکات، وەک حزبێک کە خاوەنی مۆدێلێکی جیاوازە لە بەڕێوەبردن، حزبێک کە ئیدیعای ئەوە ئەکات دەتوانێت بە پەروەردەیەکی نوێ مرۆڤ دروست بکات کە گەندەڵ و مشەخۆر نەبێت، لە ھەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا مەترسی پەکەکە لە ھەرکاتێک زیاتر ئەبێت، بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم مەترسییە پارتی و ھەندێک حزب ھەڵمەتی میدیای دژ بە پەکەکە بەرێوە ئەبەن و دەیانەوێ لە شکۆی پەکەکە بدەن، ئەمە جگە لەوەی دەیانەوێ زەمینەی سەرکوتکردنی چالاکی و بزافی ئەو حزبە خۆش بکەن

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates