Pages

Ads 468x60px

5 Nov 2018

سەرۆک ترامپ هەموو سزاکانی پـێشووی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە


سەرۆک ترامپ هەموو سزاکانی پـێشووی ئەمەریکا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە

ئۆفیسی سکرتاریەتی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە سەپاندنەوەی تەواوی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران، ئەوانەی بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ تاران لابرابوون.

ئۆفیسەکە ئەمڕۆ هەینی بەیاننامەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا وردەکاری پـلانی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی ئاشکراکردووە بۆ چۆنیەتی زیادکردنی فشارەکان لەسەر ئێران تاوەکو دەستبەرداری بەرنامەکانی چەک و هەڕەشەکانی لە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی وێنەیەکی خۆی داناوە و لەسەری نووسراوە "سزاکان بەڕێوەن لە 5 ی مانگی یازدەوە."

بەیاننامەکەی ئۆفیسی سکرتاریەتی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی دەڵێت:

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵمەتێکی فشاری ئابوری دەسـتپـێکردووە بۆ نەهێشتنی ئەو سەرچاوە دارایـیانەی ڕژێمی ئێران پـێویستی پـێـیانە بۆ مەرامە خوێناویـیەکانی.

سەرۆک ترامپ سزا توندەکان بەسەر ئێران دەسەپێنێتەوە و زۆرێک لە کەرتە هەستیارەکانی ئەو ڕژێمە گەندەڵە دەکاتە ئامانج.

لە 5 ی مانگی یازدەی 2018 ، هەموو سزاکانی ئەمەریکا ئەوانەی بەپـێی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە لابرابوون بە تەواوی دەسەپـێنرێنەوە.

لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنە بێ وێنانەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گرتونیەتەبەر، ئەمە دەبێتە توندرین ئەو سزایانەی هەتا ئێستا بەسەر ئێراندا سەپێندرابن.

سزاکان کەرتە هەستیارەکانی ئابوری ئێران دەکەنە ئامانج، وەکو وزە و هەناردەکردنی دەریایی و کەشتیسازی و کەرتەکانی دارایی.

زیاتر لە 700 کەسایەتی و دەزگا و کەشتی و فڕۆکە دەخرێنەوە نێو لیستی سزاکانمان، لەوانە بانکە گەورەکانی ئێران، کەرتەکانی هەناردەکردنی نەوت و کۆمپانیاکانی هەناردەکردن.

هەروەها سزاکان مامەڵە دارایـیەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و دەزگا دارایـیەکانی ئێران دەکەنە ئامانج.

فرۆشتنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیـیەکان و دەرمان و ئامێر و کەلوپەلە تەندروستیـیەکان بە ئێران، وەک خۆیان دەمێننەوە کە سزاکانمان نایانگرێتەوە.

سەپاندنەوەی سزاکان وەها دەکەن ئەو داهاتانە ببڕێن کە ڕژێم بەکاریان‌دەهێنێت بۆ دابینکردنی پارە بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکان و نانەوەی ناسەقامگیری لە جیهاندا و بەرنامەی ناوکی و موشەکی و دەوڵەمەندکردنی ڕێبەرانی.

سەرۆک ترامپ بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنکاریـیەکانی ڕژێمی ئێران وە هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی تەواوی سزاکانی سەپێندراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بە نیازە هەموو سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ئێران بە تەواوی جێبەجێ بکات، وە ئەوانەی هەوڵ بدەن سزاکان پـێشێلبکەن یان فرتوفێڵی بەسەردابکەن، ئەوا دەکرێنە ئامانج.

ئەوانەی شکست‌دەهێنن لە ڕاگرتنی ئەو کارانەی سزاکانی ئێران دەیانگرێتەوە، ئەوا دووچاری ئاکامی تونددەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ 19 بڕیاری سزادانی دەرکردووە و 168 کەسی پەیوەست بە ئێرانی دەستنیشانکردووە کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

ئەو کەسانە کراونەتە ئامانج بەهۆی پەیوەندیـیان بە، پشتیوانیکردنی ئێران لە تێرۆرزم، بەرنامە ناوکیـیەکە، پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوان و شتی دیکە.

هەناردەکانی نەوتی ئێران بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیانکردووە لەوەتای لە مانگی شەش گەیشتبووە ئەوپەڕی. وە زیاتر لە 20 وڵات هاوردەکانیان لە نەوتی ئێران کردووە بە سفر.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ فشاردەخاتە سەر هاوردەکانی دیکە هەتاکو هەرچی زووە هاوردەیان لە نەوتی ئێران بکەن بە سفر.

ئێمە بەراورد بە بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو کەمتر وڵاتانمان لە چوارچێوەی سزاکان بەخشیوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دڵنیایە لەوەی بازاڕی وزە بە باشی دەمێنێتەوە سەرەڕای کەمکردنەوەی هەناردەکانی نەوتی ئێران.

لە نێوان مانگی هەشتی 2017 هەتا مانگی هەشتی 2018 ، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەمەریکا بە ڕێژەی 2.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیایانکردووە و لەگەڵ ئەوەش ڕۆژانە 700 هەزار بەرمیل زیاتر هەناردەکراون و چوونەتە سەر ئەو نەوتەی لە بازاڕدا هەیە.

لە ماوەی ساڵی داهاتوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاتردەکات بە ڕێژەی یەک ملیۆن بەرمیل یان زیاتر لە ڕۆژێکدا.

هەروەها لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە سەرانسەری جیهان کاردەکەین بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان.

لە ئەنجامی ئەم زیادکردنە لە بەرهەمهێناندا، شارەزایان لە بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پـێشبینی دەکەن ئەو نەوتەی لە بازاڕدا دەبێت هەتا کۆتایی ساڵی 2018 بەشی پـێدوایستیـیەکان دەکات وە لە ساڵی 2019 زیاتریش دەبێت لەوەی پـێویستە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates