Pages

Ads 468x60px

16 Apr 2019

ئەمڕۆ ۲۵ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی وەرگێڕ و شاعیری نەتەوەیی مامۆستا عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی ناسراو بە مامۆستا هەژار ە.


ئەمڕۆ ۲۵ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی وەرگێڕ و شاعیری نەتەوەیی مامۆستا عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی ناسراو بە مامۆستا هەژار ە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
"بە كوردی دەژیم بە كوردی دەمرم
بە كوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بە كوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
له‌و دنیاش بۆ كورد تێهەڵدەچمەوە"
مامۆستا هەژار ساڵی ۱۳۰۰ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایك بووە. هێشتا منداڵ بووه‌ كە دایكی کۆچی دوایی دەکات، "هەژار" لە خزمەت باوكی واتە "مەلا محەممەدی بۆر" دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووه ‌و دواتر نێردراوه‌ته‌ حوجرەی فەقێیان.


هەر لە منداڵییەوە ئەوینداری خوێندنەوە و تینووی فێربوون بووه‌. هەژار لە تەمەنی تازەلاویدا بووه‌ته‌ ئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژـ كاف).
ئەندامەتیی ژـ كاف و هەستان و دانیشتن لەگەڵ پێشەوا "قازی محەممەد" ڕێباز و بیركردنەوەی هەژاری بۆ هەمیشە گۆڕی.
هەژار ڕێبازی كوردایەتیی هەڵبژارد و تا دوایین هەناسە بۆ كورد و كوردستان ژیا. هەژار سەربەرزانە تێكۆشا و خزمەتی شایانی بە ئەدەب و مێژووی گەلەكەی كرد.
مامۆستا ئەو شانازییەی پێ ‌بڕا كە لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا نازناوی شاعیری میللی پێ ‌بدرێ.
ئەو نازناوە لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە بە هەژار و هێمنی شاعیر بەخشرا. مامۆستا هەژار یار و یاوەری نزیكی قازی محەممەد و مەلا مستەفای بارزانی و برا گەورەی دكتور سادق شەرەفكەندی، ڕێبه‌ری حیزبی دێموکڕات بوو که‌ له‌سه‌ر مێزی وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد شه‌هید کرا.
مامۆستا هەژار لە دەربەدەری و لەژێر ڕەهێڵەی تۆپ و موشەک و ئاگربارانیشدا قەت وازی لە خوێندنەوە و نووسین نەهێنا.
خزمەتەكانی هەژار بە ئەدەب و كولتووری نەتەوەكەمان زۆرن و هەركام لەوان بۆ خۆیان شاكارێكی ئەدەبین. بەشێك لەو شاكارانە بریتین لە:
۱- ئاڵه‌كۆك (شیعر) چاپی ۱۳۲۵ی هه‌تاوی ته‌ورێز
۲- بۆ كوردستان (شیعر) چاپی یه‌كه‌م ۱۹٦٦
۳- مه‌م و زینی خانی به موكریانی چاپی یه‌كه‌م ۱۹٦۰
۴- چوارینه‌كانی خه‌ییام چاپی یه‌كه‌م ۱۹٦۸
۵- شه‌ره‌فنامه،‌ هه‌ژار كردوویه به كوردی چاپی یه‌كه‌م نه‌جه‌ف ۱۹۷۳
٦- هۆزی لەبیركراوی گاوان چاپی به‌غدا ۱۹۷۳
۷- یه‌ك له په‌ناوی خاڵ و سیفری بێبڕانه‌وه نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی، هه‌ژار كردوویه به كوردی
۸- ئارێ براوارابرا، نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی، هه‌ژار كردوویه به كوردی
۹- عیرفان، به‌رامبه‌ری ئازادی،‌ نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی،‌ هه‌ژار كردوویه به كوردی
۱۰- دایه، باوه، كێ تاوانباره،‌ نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی، هه‌ژار كردوویه به كوردی
۱۱- مێژووی ئه‌رده‌ڵان
۱۲- هه‌نبانه بۆرینه ( فه‌رهه‌نگی كوردی - فارسی) چاپی ۱۹۸۸
۱۳- قانون در طب، جزمی یه‌كه‌م، بووعه‌لی سینا، هه‌ژار كردوویه به فارسی
۱۴- قانون در طب، جزمی دووهه‌م، ‌بووعه‌لی سینا، هه‌ژار كردوویه به فارسی
۱۵- قانون در طب، جزمی سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م و شه‌شم، چاپ نه‌كراوه.
۱٦- دیوانی مه‌لای جزیری
۱۷- قورئانی پیرۆز بۆ‌ كوردی وه‌رگێردراوه،‌ چاپی تاران
۱۸- چێشتی مجێور (بیره‌وه‌رییه‌کانی هه‌ژار موکریانی)
هەژار لە پێناو كوردایەتیدا نزیك ۴۰ ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری چێشت. ئەو گه‌وره‌پیاوەی مێژووی كورد ڕۆژی ۲ی ڕ‌ه‌شه‌مه‌ی ۲٦۹۰ی کوردی به‌رانبه‌ر لەگه‌ڵ ۱۹۹۱ی زایینی لە شاری كەرەجی ئێران كۆچی دوایی كرد و لە كوردستان لە شاری مەهاباد لە دراوسێیەتیی مامۆستا هێمنی هاوڕێی، له گۆڕستانی شاعیران بەخاک سپێردرا.
یادیان به‌رز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار🌹🌹

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates