Ads 468x60px

30 Apr 2013

دۆخى کرێکاران و ره‌نجده‌ران له‌کۆمه‌ڵگاى ئێراندا


دۆخى کرێکاران و ره‌نجده‌ران له‌کۆمه‌ڵگاى ئێراندا


ئاریتما محه‌مه‌دی
هۆکارى دانانى ڕۆژى ١ى گوڵان بۆ ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ى کرێکاران له‌ شیکاگۆى ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌ چوارى مانگى گوڵان له‌ ساڵى 1986ی زایینى ده‌ستیان به‌ مانگرتن کرد و نه‌ چوونه‌ سه‌ر کاره‌کانیان .



له‌ ئاکامى ئه‌و مانگرتنه‌دا پۆلیس هێرشى کرده‌ سه‌ر کرێکارانى ماندوو و تێکۆشه‌ر و ده‌یان کرێکاریان له‌ گرتووخانه‌کاندا به‌ند کرد و چوار له‌و کرێکارانه‌ش له‌ سێداره‌ دران و سه‌دان برینداریشى لێکه‌وته‌وه‌ .
گرینگترین ویست و داخوازییه‌کانى کرێکاران هێنانه‌ خواره‌وه‌ى کاتژمێره‌کارییه‌کان له‌ (10) کاتژمێر بۆ (8) کاتژمێر بوو . ئه‌و هێرشه‌ى پۆلیس بۆ سه‌ر کرێکاران و هاوکات هه‌وڵدان و به‌رخۆدانى کرێکاران له‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه‌ سه‌ره‌تاى ده‌سپێکى خه‌باتێکى گشتگیر بۆ به‌ده‌ست هێنانى مافى کرێکاران له‌ هه‌موو قوژبنه‌کانى جیهان . 
له‌و کاته‌وه‌ تاکوو ئیستا خه‌بات و تێکۆشانى کرێکاران ده‌یان قۆناغى پێ‌ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و چه‌رمه‌سه‌رى بڕیووه‌. به‌ خۆشیه‌وه‌ له‌ به‌شێک له‌ وڵاتانى دوونیا هه‌نوکه‌ کرێکاران به‌ به‌شێک له‌ مافه‌کانیان گه‌یشتوونه‌ و له‌و پێناو دابین کردنى مافه‌کانیان به‌ند و ماده‌ى تاییبه‌ت له‌ یاساکاندا جێگیر کراوه‌. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا که‌ به‌ سه‌رده‌مى گلۆبالیزم ناو ده‌برێت، خه‌باتى کرێکاران له‌ پێناو مافه‌کانیاندا له‌ به‌شێک له‌ وڵاتانى جیهان به‌رفراوان بووه‌. هه‌نوکه‌ کرێکاران سه‌ندیکا و ڕێکخراوى تاییبه‌ت بۆ خۆیان هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتیش پشتیوانى له‌ هه‌وڵه‌کانى کرێکاران له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داران ده‌کات، ئه‌و دۆخه‌ش کۆتایى پێهاتووه‌ که‌ کرێکاران تێدا ده‌چه‌وسانه‌وه‌ و وه‌ک "دیل" له‌ گه‌ڵیان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کرا .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاو له‌ دۆخى کرێکاران له‌ وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناڤین بکه‌ین ئه‌وا ده‌بینین که‌ ئیستاشى له‌ گه‌ڵ بێت کرێکاران به‌ ده‌ست سه‌رمایه‌داران و داگیرکه‌رانه‌وه‌ ده‌چوسێنرێنه‌وه‌ و مافه‌کانیان لێ زه‌وت ده‌کرێت . دۆخى کرێکاران له‌و وڵاتانه‌ى که‌ نه‌ته‌وه‌یى کوردیان به‌ سه‌ردا له‌ت کراوه‌ زۆر ئالۆز و ناجێگیر و پێ‌ له‌ چه‌رمه‌سه‌رى و هه‌ورازونشیووه‌.
نه‌ته‌وه‌ى کوردیش وه‌ک یه‌کێ له‌و نه‌ته‌وانه‌ که‌ له‌ به‌ر هۆکارى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى نه‌ته‌وه‌ى داگیرکه‌ر  پێش به‌ به‌ره‌پێشه‌وه‌ چونى گرتووه‌ و ده‌رفه‌تى باشى ئابورى بۆ پێک نه‌هێناوه‌ که‌ خۆى له‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ ڕزگار بکات و هه‌رده‌م به‌ پیلانى نێوده‌وڵه‌تى و ناوچه‌یى و به‌ کولتورى داگیرکه‌رى هه‌لومه‌رج و دۆخه‌که‌یان بۆى ئاڵۆزتر کردووه‌ .
ئه‌گه‌ر باس له‌ مافى کرێکاران له‌ جیهان بکه‌ین و پشتیوانى له‌ داواکاریه‌کانى ئه‌و چین و توێژه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا بکه‌ین، بێگومان ده‌بێت مافى نه‌ته‌وه‌یى  کوردیش له‌و پێوه‌ندییه‌دا بێته‌ گۆڕێ .   
هه‌نوکه‌ له‌ کوردستاندا له‌ سه‌دا ٩٠ى خه‌ڵکى کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و باکوور و ڕۆژئاوا کرێکاره‌ و کرێکارى سه‌رچاوه‌ى بژێویى ژیانى ئه‌وانه‌. ( زۆرینه‌ى حه‌شیمه‌تى خه‌ڵکى کوردستان کرێکاران پێکى دێنن) .
له‌و وڵاتانه‌ى که‌ کوردستانیان به‌ سه‌ردا دابه‌ش کراوه‌ هیچ جۆره‌ یاسا و رێسایه‌ک بۆ دابین کردنى مافى کرێکاران له‌ گۆرێدا نییه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک کرێکارانى تێکۆشه‌ر و ماندوو نه‌ناس ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ .
ئیستا له‌  ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌یان کرێکارى چالاک و ده‌یان تێکۆشه‌رى ڕێگاى به‌ ده‌ست هێنانى مافى کرێکاران له‌ به‌ندیخانه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێراندا ڕاگیراون و ده‌یانى دیکه‌ له‌ ژێر ناو و ناتۆره‌ى جیاواز له‌ سێداره‌ دران و گیانیان له‌ پێناو سه‌ره‌تاییترین داواکارى و مافى سه‌ره‌تایى خۆیان فیدا کردووه‌ .
یه‌کێ له‌ هۆکاره‌ گرینگ و هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى سه‌ر ڕێگاى دابین کردنى مافى کرێکاران له‌ جیهان به‌ سیاسى کردنى دۆخ و مافى ئه‌و چین و توێژه‌ چه‌وساوه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا .
له‌ وڵاتانى دواکه‌وتووى وه‌ک وڵاتى ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست کاتێک که‌ دۆخى کرێکاران به‌ سیاسى ده‌کرێت ئیتر ئه‌ستم و دژواره‌ که‌ له‌ پێناو دابین کردنى مافى ئه‌و توێژه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا په‌ره‌ به‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى بۆ به‌ده‌ست هێنانى مافیان بده‌یت . 
دۆخى کرێکاران له‌ ئێران ڕۆژ به‌ ڕۆژ دژوارتر ده‌بێت و ڕۆژانه‌ ده‌بیستین که‌ ده‌یان کرێکار له‌ به‌ر هۆکارى پاراستنى ناستانداردى " ئیمه‌نی" گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. هاوکات هیچ یاسا و ڕێسایه‌ک پێک نه‌هاتووه‌ که‌ پشتیوانى له‌ داخوازى و دۆخى ئه‌و چینه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا بکات. بێکارى و نه‌بونى ده‌رفه‌تى کار له‌ کوردستان دیسان کێشه‌ى بۆ کرێکاران ساز کردووه‌، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى نوێى زایینى کاتێک که‌ ئابلۆقه‌ ئابوورییه‌کان به‌ سه‌ر ئێران نه‌ویکران و داسه‌پان بێکارى پتر په‌لى ڕاکێشاوه‌ و یه‌خه‌ى کرێکارانى گرتووه‌، چونکه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ که‌ ده‌رفه‌تى کار نییه‌ هه‌موو که‌ره‌سته‌ و پێداویستییه‌کانى ڕۆژانه‌ش گران بونه‌. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى زانستى به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌ریخستووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر" حه‌قده‌ستی" کرێکاران مانگانه‌ که‌متر له‌ یه‌ک میلیۆن و پانسه‌د هه‌زارتمه‌ن بێت، خواردن و پێویستییه‌کانى ڕۆژانه‌یان بۆ دابین ناکات و له‌ ژێر هێڵى هه‌ژاریدا ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن. هه‌ر وه‌ک ئاگادارن که‌ هه‌نوکه‌ له‌ ئێران "حه‌قده‌ستی" کرێکاران به‌ که‌متر له‌ پانسه‌د هه‌زارتمه‌ن له‌ مانگدا ته‌خمین کراوه‌. ئه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش زۆر کات ده‌که‌وێته‌ مانگى دواتر، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تى پیشان بده‌ن ئه‌وا له‌ سه‌ر کاره‌که‌یان دوور ده‌خرێنه‌وه‌ .
له‌ چه‌ند سالى ڕابردوو "حه‌قده‌ستی" مانگانه‌ى سه‌دان کرێکار له‌ وڵاتى ئێران نه‌دراوه‌ و "په‌یمانکاری" کارگه‌کانیش له‌ پاش ته‌واو بونى پڕۆژه‌که‌یان خۆیان له‌ کرێکاره‌کان شاردووه‌ته‌وه‌ و شوێنه‌که‌یان به‌ جێهێشتووه‌ .
گرینگترین هۆى ئه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات و سیستم و حکوومه‌ت پشتیوانى له‌ داخوازى کرێکاران له‌ ئێران ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ هه‌موو "کۆمپانی" و" شیرکه‌ت" و کاربه‌ده‌ستانى "کۆمپانییه‌کان" سه‌ر به‌ حکوومه‌تن و به‌تاییبه‌ت هێزى دژه‌ گه‌لى کۆمارى ئیسلامى ئێران "سپا". 
یان "شیرکه‌ت" و "کۆمپانییه‌کان" هى که‌سانێکن که‌ له‌ کۆمارى ئیسلامى ئێراندا ده‌سه‌ڵاتدارن، وه‌ یان ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌یه‌ که‌ پێشگرى له‌ پێکهاتنى یاساى تاییبه‌ت به‌ مافى کرێکاران ده‌که‌ن .
بۆ نمونه‌ که‌سانێکى وه‌ک "ڕه‌فسه‌نجانی" سه‌رۆکى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و "عه‌لى خامنه‌ئی" ڕێبه‌رى کۆمارى ئیسلامى که‌ وه‌ک  نوێنه‌رى خودا له‌ سه‌ر گۆى زه‌وى ده‌ور ده‌گێڕێت، هاوکات بێجگه‌ له‌ خودا هیچ که‌س مافى ڕه‌خنه‌ گرتنى لێ نییه‌ و هه‌ر که‌س ئه‌و مافه‌ به‌ خۆى بدات که‌ له‌ ناوبراو ڕه‌خنه‌ بگرێت به‌ دژى ئاساییشى نه‌ته‌وه‌یى و "ته‌ناهی" پێناسه‌ ده‌کرێت و گیانى ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، تاکوو ئیستا ده‌یان که‌س له‌ ژێر ناوى ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ ناوبراو له‌ سێداره‌ دراون. وه‌ک باسم کرد له‌ وڵاتى ئێران ده‌سه‌ڵاته‌ ئابوریى و سیاسییه‌کان به‌ده‌ست ئه‌م که‌سانه‌وه‌یه‌. هه‌ر شێوه‌ بوار ڕه‌قساندنێک بۆ باشتر کردنى دۆخى ژیان و گوزه‌رانى کرێکاران و جوتیاران به‌ هزرى ڕۆژئاوایى پێناسه‌ ده‌کریت و به‌ "ڕێکام" کردن بۆ هزر و کولتورى ڕۆژئاوا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، بۆیه‌ گیانى ئه‌و که‌سانه‌ له‌ ژیر مه‌ترسى کوشتن و به‌ندکردن دا ده‌بێت. (له‌ سیستمى کۆمارى ئیسلامى ئێراندا پێشگرى له‌ ئاگادار بونه‌وه‌ى کرێکاران له‌ مافه‌کانیان ده‌که‌ن، هۆکاره‌که‌شى ئه‌وه‌یه‌ که‌ کرێکاران و جوتیاران له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى که‌ ژیانیان پێدا تیپه‌ێ‌ ده‌بێت نارازى نه‌بن) .
له‌ کۆتایى ئه‌م وتاره‌ کورته‌دا به‌ پێویستى ده‌زانم که‌ ڕوانگه‌ى خۆم له‌و پێوه‌ندییه‌دا بخه‌مه‌ ڕوو، من پێم وایه‌ که‌ ته‌نیا ڕێگاى ڕزگارى کرێکارانى کوردستان له‌ ژیر ده‌ستى و ناله‌باریى ئه‌و دۆخه‌ى ژیانیان خه‌بات کردنه‌ بۆ ڕزگارى نه‌ته‌وه‌یى و هاتنه‌ کایه‌ى ئیراده‌ی دیوکراتیانه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستنان که‌ تێیدا دادپه‌ره‌وه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى باڵ به‌ سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگادا بکێشێت .
هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات و داگیرکه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ نه‌ته‌وه‌یى کورد له‌ به‌شه‌ ئازاد نه‌کراوه‌کان به‌ ژێر ده‌ستى بهێلنه‌وه‌ و ڕێگرى له‌ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ى کوردستان ده‌گرن و هه‌روه‌ها له‌ هاتنه‌ ناوه‌ى "کۆمپانییه‌کان" بۆ کوردستان پێشگرى ده‌که‌ن .
باشورى کوردستان له‌و بواره‌دا نمونه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر پێداچونه‌وه‌یه‌ک به‌ دۆخى ناله‌بارى ئابورى ئه‌و به‌شه‌ى کوردستان له‌ پێش به‌ ڕزگار بون بکه‌ین، وڵاتێکى وێران ده‌بینى که‌ هیچ کات چاوه‌ڕێ و پێشبینى ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ به‌دیهاتووه‌ نه‌ده‌کرد. له‌ ژێر ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌تى کوردیدا سه‌ره‌ڕای که‌م و کورتیه‌کانی تا ئاستێک ده‌رفه‌تى نوێ بۆ کرێکاران پێکاتووه‌، هه‌م بارودۆخى ژیانیان له‌هه‌ندێک بواره‌وه‌ ئاڵوگۆڕى بنه‌ڕه‌تى به‌ سه‌ردا هاتووه‌. به‌له‌ به‌رچاو گرتنى که‌موکوڕییه‌کانیش ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و ده‌رفه‌تى نوێ بۆ کرێکاران و پێشه‌وه‌چون به‌رده‌وامه‌ .

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates