Pages

Ads 468x60px

16 Apr 2013

لە نێوان پارتی ئازادیی کوردستان PAK و کۆماجڤاکێ کوردستان (PKK)دا، دیدار و کۆبوونەوەی لووتکە بەڕێوەچوو.


کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان PAK و PKK

لە نێوان پارتی ئازادیی کوردستان PAK و کۆماجڤاکێ کوردستان (PKK)دا، دیدار و کۆبوونەوەی لووتکە بەڕێوەچوو. 


پاش ئەوەی لە رۆژی چوارشەممە 17 رەشەمەی 2711 (7 مارسی 2012) دا، بەڕێز " زەکی شەنگالی" ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وەک نێردراوی تایبەتی بەڕێز "موراد قەرەیلان" سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK (PKK)، بەمەبەستی رێکخستنەوەی پێوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ پارتی ئازادیی کوردستان، سەردانی PAK ی کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان کۆبووەوە؛ بەڕێز موراد قەرەیلان بانگهێشتێکی فەرمیی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی PAK کرد.

سەرەنجام پاش ئاڵووگۆڕی چەند پەیامێک لە بەیندا، رۆژی 25 خاکەلێوەی 2713 (14 ئاوریلی 2013) بەڕێز حسین یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی PAK لە قەندیل لە لایان بەڕێز موراد قەرەیلان سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK ، بەگەرمی پێشوازیی لێکرا. 

سەرەتای کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان PAK و PKK بە وتەکانی جێگری سەرۆکی PAK لە سەر تاوانی شەهیدکرانی 9 کەس لە سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە 1.6.1998 لە لایان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنووری ناوچەی پیرانشار، دەستیپێکرد، کە لەو کاتەوە، لەمپەڕی پێوەندیی دۆستانەی پارتی ئازادیی کوردستان لەگەڵ PKK بووە. 
حسین یەزدانپەنا باسی لە قووڵایی ئەو تاوان و غەدر و برینە کرد کە بە ناڕەوا لە جەستە و رۆحی پارتی ئازادیی کوردستان و تێکۆشەرانیدا کرا. باسی لە مەزڵوومیەت و پاکی و بێ تاوانی شەهید حەمەڕەش نادری و ٨ هاوڕێکەی کرد کە بە دڵپاکی و بێخەمی لە هێزەکانی PAK، بە کار و خەباتی خۆیانەوە خەریک بوون. 
پاشان بەڕێز موراد قەرەیلان، وەک سەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەجەکە بەمجۆرە هەڵوێستی دەربڕی: " ئەو رووداوە، رووداوێکی زۆر خراپ و جێی داخ بوو، ئێمە پێی خەمبارین و لەگەڵ ئێوە و بنەماڵەکانیاندا هاوخەمین. هەڤاڵەکانی ئێوە بەناڕەوا شەهیدکراون و ئێمە بە شەهیدانی گەلی کوردیان دەزانین و سڵاو لە بنەماڵەکانیان دەکەین، ئەوەی روویدا پیلانێک بوو و لەسەر بنەمای راپۆرتی هەڵە و ناڕاست، فەرماندەیی ئەوکاتی هێزەکانی PKK، فەرمانی بە ئەنجامدانی ئەو کارە ناڕەوایە دا. رشتنی خوێنی رۆڵەی کورد و برا کوژیی تاوانە."
سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK، هەروەها داوای کرد و ئاواتی خواست کە ئیتر هیچ شتێ لە نێوان PAK و PKK دا نەمێنێ و بە بەهێزکردنی دۆستایەتی و ئاشتەوایی ئەو خەمە بڕەوێتەوە. 
بەڕێز موراد قەرەیلان هەر لەم پێوەندییەدا رایگەیاند کە ئێمە ئەم هەڵوێستەمان بە نووسراو و بڵاڤۆکیش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە. 
لە حاست وتەکانی بەڕێز موراد قەرەیلان دا، حسین یەزدانپەنا، هەڵوێستەکەیانی بە بەرپرسانە و بوێرانە دانا و رایگەیاند، هەرچەند ئەو برینە هەرگیز ساڕێژ نابێتەوە، بەڵام بەم هەڵوێستە لەباری خەمەکەمان کەم دەبێتەوە و ئیتر لەمپەڕی رێگای دۆستایەتی لەگەڵ PAK نامێنێ و بڕایەوە. یەزدانپەنا ئاواتی خواست کە ئەمە ئەزموون و وانەیەک بێ بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان کە هەرگیز خوێنی یەکتر نەڕێژن و هەر کات هەڵە و ناڕەواییەکیشیان لە حەقی یەکتردا کرد، راستی بکەنەوە. 
بەدوای ئەوەدا کە سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی KCK بەمجۆرە لە شەهیدکرانی ٩سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەکەی پارتی ئازادیی کوردستان دواو ئەو کێشەیە بڕایەوە؛ خولی دووهەمی گفتوگۆکانی ئەو چاوپێکەوتنە کە بریتی بوو لە قسەوباس لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هەردوولا، دەستی پێکرد.
لەم پێوەندییەدا بەڕێز موراد قەرەیلان پوختەیەکی لە رەوتی گفتوگۆکانی نێوان کاربەدەستانی ترکیا لەگەڵ ئیمڕاڵی و نامە و بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەرسڤی کەجەکە پێشکەش کرد. لەسەر ئەم بابەتە جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان کۆمەڵێک تێبینیی لە سەر مەودای درێژخایەن و کورتخایەن دەربڕی کە لایەنی میواندار بە بایەخەوە، وەریان گرت. 
باس لە هەلومەرجی ناوچەکە و پرس و دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگای چارەسەریی یەکجاریی، هەلومەرجی رۆژاوای کوردستان و دەرفەت و مەترسییەکان، گیروگرفتەکان و زەروورەتی لێکنزیکبوونەوەی هێزە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی لە ئاستی ٤ پارچەی کوردستان، ئەو بابەت و تەوەرانە بوون کە بیروڕایان لەسەر گۆڕدرایەوە. 
لەم چاوپێکەوتنەدا لە لایەنی پاڕتی ئازادیی کوردستان، هەڤاڵان خەلیل نادری و رزگار عەباسزادە ئەندامانی مەجلیسی گشتی و بەرپرسانی پێوەندییەکانی PAK و لە لایەنی PKK، بەڕێزان زەکی شنگالی و خەبات هەولێری ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و فەرحان ئامێرا بەرپرسی پێوەندییەکانی کەجەکە، بەشدار بوون.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەر دوولا باوەشی برایەتییان بەیەکدا کردەوە و لەسەر درێژەدانی پێوەندییەکان و بەهێزکردنی برایەتی نێوانیان پێیان داگرتەوە. 

پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمیتەی راگەیاندن
26 خاکەلێوەی 2713
15 ئاوریلی 2013

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates