Pages

Ads 468x60px

10 Aug 2013

رۆژئاوا بێباکانە لە کوشتاری کوردەکان دەڕوانێ"


بە هووەی رەولێ تورکیا لە کوشتاری کوردانی رۆژئاوادا رۆژنامەکانی وەڵاتانی رۆژئاوا بی دەنگەن
رۆژئاوا بێباکانە لە کوشتاری کوردەکان دەڕوانێ"
NNSROJرۆژنامەنووسێکی دیاری ئەورووپا، دەوڵەتان و مێدیاکانی رۆژئاوا بە "بێدەنگبوون لە بەرامبەر کوشتاری کوردەکان"دا تاوانبار دەکا و دەنووسێ "نزیک بە ساڵێکە تاقمی چەکداری جەبهەتولنوسرە، کە بە پارەی عەرەبستانی سعوودی و قەتەر بەڕێوە دەچێ، لە مەیدانەکانی شەڕی سووریا و دەوروبەریدا تەڕاتێن دەکا".

نووسەر و رۆژنامەنووس پاتریک هێنینگسەن، لە دامەزرێنەرانی وێبسایتی (21stCenturyWire.com)، لە وتارێکی ئەمڕۆ [١٠ی ئاگوست]ی خۆیدا کە لە پێگەی ئینتەرنێتیی رۆژنامەی "ڕاشا تودەی"دا بڵاوی کردۆتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا بەوە تاوانبار دەکا کە "بەهۆی پەیوەندییە گەرموگەڕەکەیان دەگەڵ قەتەر و عەرەبستانی سعوودی"، بێباکانە لە کوشتاری کوردەکانی سووریا بە دەستی بەرەی نووسرە و چەکدارەکانی ئەلقاعیدە دەڕوانن.
ناوبراو، کە بە یەکێک لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئەورووپا دێتە ئەژمار لەو وتارەیدا، وێرای ئاماژە بە کوشتاری کوردەکانی رۆژئاوا بە دەستی چەکدارەکانی سەر بە ئەلقاعیدە، ڕاوەستە دەکا لەسەر پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و ئەو وڵاتانەی تۆڕە تیرۆریستییەکان بەخێو دەکەن. 

ئەو رۆژنامەنووسە هەروەها ئاماژە بە بێدەنگیی مێدیای وڵاتانی رۆژئاواش دەکا کە بە گوتەی وی "نایانەوێ هەواڵی وا بڵاو بکەنەوە کە لەوانەیە پەیوەندییە ڕاچڵەکێنەرەکانی سیاسەتکارەکانیان لە پەیوەندیی دەگەڵ شەڕی سووریادا ئاشکراتر بکا."

هێنینگسەن وەبیری دێنێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر کورد لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بە بارمتە گیراون و "گومان دەکرێ دەیان کەسیان لێ کۆمەڵکوژ کرابن کە ژن و منداڵیشیان لەناو دایە" و دەنووسێ: "لەگەڵ خراپتر بوونی بارودۆخەکە لێمان ڕوونە کە هەزاران کەس لەو ناوچەیەدا [ناوچە کوردییەکان] حاسێ بوون و هەڕەشەی ئێعدام، دەستدرێژی بۆکران و بەبارمتە گیرانیان لێ دەکرێ لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئەلقاعیدەوە. تا ئێستا روون نییە داخوا چەند کەس، تەنیا بە تاوانی کوردبوون ئێعدام کراون."

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پێشتر لە مێدیا کوردییەکاندا بڵاو کراونەوە، چەکدارەکانی سەر بە ئەلقاعیدە، لە بڵیندگۆی مزگەوتی ئەو گوند و شارۆچکانەوە کە داگیریان کردبوو، فەتوای کوشتنی کوردەکانیان دابوو و ئەو رۆژنامەنووسەش لە وتارەکەیدا، وێڕای ئاماژە بەو بابەتە دەکا و دەنووسێ: "وێدەچێ هەوڵی بەرەی نووسرە لە ناوچە کوردییەکان لە ئاراستەی کۆمەڵکوژکردنی ئێتنیکیدا بێ. وێدەچێ مەزهەب و ئێتنیک هاندەری سەرەکیی ئەم گرووپە توندڕەوە ئیسلامییانە بێ، ئەمە لە بانگەوازەکەیاندا سەبارەت بە ئاواکردنی دەوڵەتێکی عەرەبیی ئیسلامی لە باکووری سووریا."

ـ دوای رژانی ئەو هەموو خوێنە، زۆر ئاساییە کە کوردەکان قەت ئامادە نەبن دەگەڵ گرووپگەلی سەر بە ئەلقاعیدە بچنە ناو بەرەیەکەوە. ئەمە بەو واتایە دێ کە شەڕەکە لەو ناوچەیەدا زۆر درێژخایەن بێ، بە تایبەتیش ئەگەر بێتوو واشنگتن و ئەنکارا بەردەوام بن لە سیاسەتی بێباکانەی خۆیان سەبارەت بەو خوێنڕێژییە؛ رۆژنامەنووس پاتریک هێنینگسەن وای نووسیوە و ئاماژەشی بە سەردەستیی لایەنگەلی توندڕەو کردووە لە ناو ئەو هێزانەدا کە بە "سوپای سووریای ئازاد" ناویان دەرکردووە. 

بە گوتەی ناوبراو، لاوازیی لایەنە میانەڕەوەکان لەناو "سوپای سووریای ئازاد" و توانا سەربازی و ئابوورییەکانی بەرەی نووسرە و باقیی لایەنە توندڕەوەکان، "ئیتر جێی گومان نییە"، بەڵام واشنگتن بەو هۆیەوە کە لەوانەیە هەوڵەکانی دوو ساڵی ڕابردووی لە پێناو ناساندنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریادا وەک لایەنگەلی پێشکەوتوو، دێموکراتیک و ئازادیخواز ببێتە بڵقی سەر ئاو، "خۆیان لە مەحکووم کردنێکی جدیی ئەو کوشتارە دەپارێزن".

رۆژنامەنووسەکە هەروەها ئاماژەش بە رۆڵی خراپکارانەی حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان دەکا و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە رۆڵی کوردەکان نە تەنیا لە سووریا، بەڵکوو لە فۆڕماندنی چارەنووسی هەموو ناوچەکەدا کاریگەر دەبێ.

ـ هیچ کەس ناتوانێ چاوپۆشی لە گرینگیی جیۆپۆلیتیکی بزاڤی نەتەوەیی کورد  بکا ـ گەلێکی بێ سنوور کە بەسەر وڵاتانی سووریا، تورکیا، ئێران و عێراقدا دابەش بووە. گەلێکی بێ دەوڵەت کە دەستەلاتدارە حکوومییەکان هەم ڕێزیان لێ دەگرن و هەم ڕقیان لێیانە، بەو حاڵەش رۆڵی ئەوان نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکوو لە فۆڕماندنی چارەنووسی هەموو ناوچەکەدا کاریگەر دەبێ؛ رۆژنامەنووسەکە وای نووسیوە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates