Pages

Ads 468x60px

23 Aug 2013

کۆنگرەی نەتەوەییی کورد و ڕای گشتی


کۆنگرەی نەتەوەییی کورد و ڕای گشتی

"خەریکە دەستەواژەی "کوردستانی ئێران"، "کوردستانی عێراق"، "کوردستانی تورکیا" و "کوردەکانی سووریا" بە ئەرشیڤی مێژوو دەسپێردرێت."

باس و خواسەکانی کۆنگرەی نەتەوەییی کورد، هەندێک گۆڕانکاری هێناوەتە کایەوە. تا ماوەیەک بەر لە ئێستا باس لە "کوردستانی ئێران"، "کوردستانی عێراق"، "کوردستانی تورکیا" و "کوردەکانی سووریا" دەکرا. هەنووکە، ئەو بەشانە بە ناوی ڕۆژاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و .... باسیان لێوە دەکرێت. نابەجێش نییە ئەگەر لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە بارودۆخی سووریا و هاتنی کوردانی ڕۆژاوا بۆ هەرێمی کوردستان بدەین، کە ئەویش بە نۆرەی خۆی کارتێکەریی هەبووە.
لە هەرێمی کوردستان نە تەنیا سیاسییەکان، بەڵکوو لە کوچە و کۆڵانەکان، تەنانەت بە شێوەیەکی گشتگیر باس لە ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات و ... کوردستان دەکرێت. خەریکە دەستەواژەی "کوردستانی ئێران"، "کوردستانی عێراق"، "کوردستانی تورکیا" و "کوردەکانی سووریا" بە ئەرشیڤی مێژوو دەسپێردرێت.
ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییە بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕوو لە بنەماڵەکان دەکات و ڕەوتی جێگیربوونی دەستەواژەکانی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێ کردووە و ڕۆژانە بەکار دەهێندرێت.
ئەم ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێیانە تەنیا دەستەواژە نین، بەڵکو ڕێک پەیوەندییان بە هەستی نەتەوەیی و جوگرافیای کوردستانەوە هەیە. ڕای گشتی لەو بوارەدا بۆتە شەپۆلێکی نەتەوەیی و خۆلەبەرگرتنی زۆر چەتوونە، چونکە بۆتە بەشێک لە سیاسەت.
بەشێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان، دەبێ لەوە بەدواوە لە بی بی سی و دەنگی ئەمریکا، چۆن ئەم دەستەواژانە بەکار بێنن. لەوانەیە بە زمانی کوردی باس لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بکەن، ئەی بە زمانی فارسی دەبێ چی بڵێن؟
هەندێک لە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش باس لەوە دەکەن، کە کۆنگرەی نەتەوەیی مەترسی بۆ سەر ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، نییە! تۆ بڵێی وا بێت، یان ئەوان هێشتا پەیام و ناوەڕۆکی دەستەواژەکانی ڕۆژاوا، ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستانیان وەرنەگرتووە؟
کۆبوونەوەی گشت حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە ژێر یەک ئاڵا و یەک سروودی نەتەوەییدا بەڕێوەدەچێت، ناوەڕۆکەکەشی بریتییە لە: ئێمەش هەین و "سنوور"ەکانیش دەستکردن. تۆ بڵێی کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئێران، تورکیا، سوووریا و عێراق هەڕەشە نەبێت، کە هەر پارچەیەک لە کوردستان بە بەشێک لە خاکی خۆیان دەزانن؟!

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates