Pages

Ads 468x60px

2 May 2018

مەریوان بە بن زبڵ و خاشاک کەوتووە!" قەیرانى بەڕێوەبردن و گەندەڵى بەرپرسانى شارەوانى مەریوان


مەریوان بە بن زبڵ و خاشاک کەوتووە!"
قەیرانى بەڕێوەبردن و گەندەڵى بەرپرسانى شارەوانى مەریوان

مەریوان بە بن زبڵ و خاشاک کەوتووە!"
قەیرانى بەڕێوەبردن و گەندەڵى بەرپرسانى شارەوانى مەریوان



پاش ساڵێک لە بەڵێنى پووچى بەرپرسانى شارەوانى مەریوان و پارێزگارى کوردستان بۆ دەبنخاککردنى زبڵ و خاشاکەکانى ئەو شارە، ئێستا ئیتر مەریوان لە بن زبڵە فڕێدراوەکاندا بۆگەنى کردووە و گوێپێنەدانى بەرپرسانى شارەکە و پارێزگاکەش قەیرانێکى گەورەى بۆ ئەو شارە دروست کردووە.

کۆبوونەوە و کەڵەکەبوونى زبڵى شارى مەریوان کێشەى گەورەى بۆ دانیشتوانى شارەکە دروست کردووە، بە قسەى یەکێک لە دانیشتوانى مەریوان "ترسمان لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى و بۆنى ناخۆشى زیاترى شارەکەمان هەیە".  یەکێکیش لە خزمەتگوزارانى شارەوانى شارى مەریوان لەم بارەوە بە ئاڤاتودەى گوت ئەم کێشە دروستبووە لە ڕێگرى خەڵکى گوندى ئەسراوا بۆ نەهێشتنى دەبنخاککردنى زبڵ و خاشاکى شارەکە لە گوندەکەیان سەرچاوە دەگرێت، "هەروەها دەزگا و ئۆتۆمبێلە قورسەکانى دەبنخاککردن و گواستنەوە هۆکارێکى دیکەیە بۆ ڕێگەپێنەدانەکەمان".

 لەم بارەوە یەکێک لە دانیشتووانى گوندى ئەسراوا بە ئاڤاتودەى گوت "ئێمە (واتە خەڵکى گوندەکە) ١٥ ساڵە دەست و پەنجە لەگەڵ زبڵدا نەرم دەکەین، بوونى ئەم زبڵە زۆرەى شارى مەریوان نەخۆشى و بۆنى پیسى کردووەتە دیارى بۆ گوندەکەمان"، ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵى ڕابردوو بەرپرسانى پارێزگاکە بەڵێنییان بە خەڵکى ئەم گوندە دابوو کە لە ماوەیەکى کەمدا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن و شوێنێکى دیکە بۆ دەبنخاککردنى زبڵ و خاشاک دەبیننەوە.

ئەو دانیشتووەتەى گوندى ئەسراوا گوتیشى "بێجگە لە بۆنى پیس و کێشەى هەناسەکێشان و سەکى وێڵ و نەخۆشى و بڵاوبوونەوەى زبڵ و پلاستیک لە نێو سرووشت و سەرچاوە ئاوییەکان، هیچ شتێکى ترمان لەم زبڵە  بە نەسیب نەبووە". ساڵى ڕابردوو دانیشتووانەى گوندەکە بە بەستنى ڕێگەى هاتنى زبڵەکانى شارى مەریوان بۆ شوێنى چاڵکردنیان، ڕێگەیان لەم کارە گرت. 

سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوى ئاڤاتودەى لە نێو شارەوانى شارەکە گوتى "ساڵى ڕابردوو خەڵکى گوندى ئەسراوا ناڕەزایەتییان لە نێزیکى زبڵەکە لە ماڵەکانیان دەربڕی و جادەکەیان گرت، ئەمەیش بووە هۆى کۆبوونەوەى زبڵ لە نێو شارى مەریوان". ئەم سەرچاوەیە بە ئاڤاتودەى گوت کە ئەنجوومەنەکانى پاکوخاوێنى و ژینگەپارێزى شارەکە وەک لاوانى ژینگەپارێزى  بیەکەڕە و لاوانى ژینگەپارێزى حوسێن ئاوا و ئەنجوومەنى چیاى سەوز و خەڵکى گوندەکە وەک ناڕەزایەتى لەبەردەم شارەوانى مەریوان کۆبوونەوە و دەرگاکەیان کڵۆم دا، بەڵام دواى گفتوگۆیەکى زۆر و وەرگرتنى بەڵێن، ساڵێکیان دەرفەت بە بەرپرسان دا بۆ چارەسەرى کێشەکە، بەڵام تا ئێستا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون و خەڵکەکەش سارد بووەتەوە لە بەڵێنەکان و دەیانەوێت ناڕەزایەتییەکانیان بە بەستنى ڕێگەى هاتنى زبڵەکە بۆ شوێنى چاڵکردنەکەى درێژە پێ بدەن، "چونکە نەخۆشیگەلى وەک ئاسم و سەرەتان و چەندین نەخۆشى پێستى و هەناسەدان لە گوندەکەمان زیاتر بووە"، ئەمە قسەى ژنێکى نشتەجێی گوندى ئەسراوا بوو.

زبڵى شارى مەریوان تا ساڵى ١٣٧٧ لە شوێنێکى نێزیک کانى دینار هەڵدەڕێژرا. بە پێى بڕیارى شارەوانى شارەکە لەو ساڵەوە شوێنى چاڵکردنەکەى گوازرایەوە بۆ بیکەڕە بەڵام بە هۆى تۆمارکردنى سکاڵاى یەکێک لە دانیشتووانى ئەم گوندە و تاوانباربوون و مەحکومبوونى شارەوانى، لە ساڵى ١٣٨٢ شوێنەکەى گوازرایەوە بۆ گوندى ئەسراوا. بە پێى زانیارى دەستکەوتووى ئاڤاتودەى لە شارەوانى مەریوان "هۆکارى هاوکارى خەڵکى گوندى ئەسراوا لەم ١٥ ساڵەى ڕابردوو، بەڵێنى درۆیینى بەرپرسانى شارەکە و پارێزگاى کوردستان بوو سەبارەت بە دامەزراندنى پڕۆژەیەکى تەندرووستیانە بۆ چاڵکردنى زبڵ و خاشاکەکان و بەرهەمهێنانى دووبارەى گازى میتان لە زبڵە کۆبووەوەکە و دامەزراندنى خەڵکى گوندەکە لە پڕۆژەکەدا"، بەڵام بە گۆڕینى سەرۆکى شارەوانى (لهۆنیان) پڕۆژەکەش وەستا.

ئێستا خەڵکى گوندەکە دەڵێن بە تەواوبوونى وادەى دیاریکراوى ساڵى ڕابردوو بە شارەوانى، کاتى ئەوە هاتووە کە بەرپرسانى شارەوانى و "تەنانەت پارێزگارى کوردستان بۆ جارێکیش بووە بیر لە حاڵى خەڵکەکە بکاتەوە و ئەم کێشانە کە بوونەتە قەیرانێکى گەورە چارەسەر بکات".

ئەم سەرچاوەیەى گوندەکە باسى لەوەش کرد کە سەبر و ئۆقرەمان نەماوە و "دەمانەوێت بەڵێنەکان جێبەجێ ببن". سەرچاوەیەکیش لە پارێزگاى کوردستانەوە بە ئاڤاتودەى گوت کە "نەبوونى لابی و بەرژەوەندى هەندێک لە بەرپرسانى پارێزگا لەم پڕۆژەیە، هۆکارە بۆ جێبەجێنەکردنى".

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates