Pages

Ads 468x60px

14 May 2018

سەرۆک ترامپ: ئیسرائیل مافی خۆیەتی شوێنی پایتەختی خۆی دەسـتنیشان بکات


سەرۆک ترامپ: ئیسرائیل مافی خۆیەتی شوێنی پایتەختی خۆی دەسـتنیشان بکات
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئیسرائیل وڵاتێکی خاوەن سەروەری خۆیەتی بۆیە مافی خۆیەتی وەکو هەر وڵاتێکی دیکە شوێنی پایتەختی خۆی دەسـتنیشان بکات.


ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی مەراسیمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم، وتارێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی سەرۆک ترامپ پـێشکەش کرا و تیایدا گوتیشی 70 ساڵ لەمەوبەر ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆک ترۆمان دانی‌نا بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، وە لەو کاتەوە ئیسرائیل شاری ئۆرشەلیمی کردووە بە پایتەختی خۆی، لەو شوێنەی لە سەردەمە کۆنەکانەوە پایتەختی گەلی ئیسرائیل بووە.
گوتیشی ئەمڕۆ ئۆرشەلیم شوێنی حکومەت و پەرلەمان و دادگای باڵای ئیسرائیلە و ئۆفیسی سەرۆک وەزیری لێـیە.
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ساڵی 1995 وە بڕیارێکی پەسەندکردووە بۆ ناساندنی ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئەو شارە، بەڵام هیچ کام لە سەرۆکەکانی پـێشوو بە درێژایی ماوەیڕابردوو بڕیارەکەیان جێبەجێ نەکرد، چونکە پـێـیان وابوو دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕەنگە بوارێکی زیاتر بدات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
پاشان گوتی ئەوا زیاتر لە 20 ساڵ تێپەڕبوو و هیچ نزیک نەبووینەوە لەوەی بە ئاشتیـیەکی هەمیشەیی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان بگەین، بۆیە ئێستا ئەو وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاری دا دان‌بنێت بە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل.
سەرۆک ترامپ گوتی ئۆرشەلیم تەنیا ناوجەرگەی سێ ئاینی مەزن نیـیە، بەڵکو بە درێژایی 70 ساڵی ڕابردوو ناوچەرگەی یەکێکە لە سەرکەوتووترین دیموکراسـیەکان لە جیهاندا. گەلی ئیسرائیل وڵاتێکیان بنیادناوە کە تیایدا جوو و موسڵمان و کرستیان و خەڵکی هەموو ئاینەکانی دیکە مافی ئەوەیان هەبێت بە ئازادانە بژین و هەریەکەیان پەیڕەوی ئاینی خۆی بکات.
گوتیشی ئۆرشەلیم ئەمڕۆ و دەبێت بۆ هەمیشە هەر وەها بمێنێتەوە کە جووەکان لە پاڵ دیواری ڕۆژئاوا نوێژ و نزای خۆیان بکەن و کرستیانەکانیش بڕۆن بۆ شوێنی لە خاچدانی مەسیح و موسڵمانەکانیش لە مزگەوتی ئەقسا نوێژ و نزای خۆیان بکەن.
پاشان سەرۆک ترامپ گوتی هێشتا ئەمەریکا وابەستەیە بە یارمەتیدان لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان، وە ئەمەریکا پـشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات ئەگەر هەردوولایان پێی قایل بن.
سەرۆک ترامپ لە کۆتایی وتارەکەی کە زیاتر لە 2 خولەک و نیو درێژەی کێشا، گوتی "خودا بتانپارێزێت، خودا ئیسرائیل بپارێزێت، خودا فەڵەستینیەکان بپارێزێت و خودا ئەمەریکا بپارێزێت."
دەقی وتارەکەی سەرۆک ترامپ بە زمانی ئینگلیزی:
https://www.dengiamerika.com/a/trump-us-israel/4393123.html

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates