Pages

Ads 468x60px

30 Dec 2020

هەڕەشەی هێرشێکی بەرفراوانی تورکیا لەباکووری عێراق لەساڵی 2021دا

 


هەڕەشەی هێرشێکی بەرفراوانی تورکیا لەباکووری عێراق لەساڵی 2021دا

نووسینی: ژۆن پیێر فیلیو(Jean-pierre FILIU)*

سەرچاوە: ڕۆژنامەی لو مۆند(Le Monde)

وەرگێڕانی: هەڵگورد


 خۆشحاڵ بە سەرکەوتنەکانی لە سوریا و لیبیا و قەوقاز. ئەردۆگان ڕەنگە هەوڵی هێرشێکی دیکە بدات بۆ سەر کوردستانی عێراق، کە ساڵانی پێشتر و تا هەنووکە هێزە سەربازییەکەی لەوێ هێرشی دیاریکراو وئامانجداریان هەبووە. کەمێ زیاترە لە ساڵێک کە سەرۆکی تورکیا سێ سەرکەوتنی لەدوای یەکی لە ناوچەکەدا تۆمار کردووە: هێرشەکەی لە ئۆکتۆبەری 2019 بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە توانی چەکدارە کوردەکانی ئەوێ دەیان کیلۆمەتر لە سنووری وڵاتەکەی دووربخاتەوە و هێڵی پێکبەستنی ناوچەی باڵادەستی هێزە کوردییەکان لێک داببڕێت. پشتیوانی سەربازیی تورکیا بۆ حکومەتی تەرابلوس لە لیبیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2020ەوە، کە توانییان بەرەنگاری هێزەکانی خەلیفە حەفتەر ببنەوە و چەندین ناوچەیان لەژێردەست دەربهێنن، تاوەکو گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە پێش نیسانی 2019 لەدەستیان بوو. پشتیوانیی سەربازیی تورکیا بە ناردنی درۆن و بەکرێگیراوانی تورکیا لە سوریا بۆ ئازربایجان، هەروەها سەرکەوتنیان لەبەرامبەر هێزەکانی ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباخ. خۆشحاڵ بەو سەرکەوتنانەی، ڕەنگە ئەردۆگان هەوڵی سەرکێشی دیکە بدات، ئەمجارەیان لە کوردستانی عێراقدا. تورکیا مێژووییەکی درێژی دەستوەردانی لەعێراق هەیە. یەکەمین هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق، کە زۆرینەیان کوردن، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984، ساڵی ڕاگەیاندنی پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK)،کە هێزێکی جوداخوازە لە تورکیا. ئەوکاتە سەدام حوسێن خەریکی شەڕ بوو لەگەڵ ئێرانی ئایەتوڵا خومەینی. ڕێی بە تورکیا دا بەقووڵایی پێنج کیلۆمەتر بۆ ئۆپێراسیۆنەکانی بێتە ناو خاکی عێراقەوە. ئەو مۆڵەتدانەی حکومەتی ئەوکاتی عێراق مافی بە تورکیا دا،کە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەش، کە ئەوکات لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی ناوچەی دیاریکراو(پێنج کیلۆمەترەکە)دا بارەگایان هەبوو. دوای ڕاگەیاندنی، پەکەکە بە زوویی بنکە و بارەگای لەدڵی قەندیل، لەسنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق و هاوسنووری ئێراندا دانا. ئەمەش بووە هۆی زنجیرەیەک دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە عێراقدا، تەنیا ئەو کاتانە نەبێ، کە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئەنقەرە و پەکەکە کرا. ئەویش لەنێوان ساڵانی 1999 تا 2004. دواتریش لەکاتی "پرۆسەی ئاشتی"، کە گەریلا کوردەکان و ئەردۆگان لەنیوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 ڕێککەوتن. لە ساڵی 2020دا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق زۆرتر و چڕتر بوون لەچاو ساڵانی ڕابردوو. ئۆپێراسیۆنی "چڕنووکی پڵنگ" لە حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە. ئامانجی ئەوەیە وەکو ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر سووریا، هەموو هێزەکانی پەکەکە لەسنووری تورکیا دووربخاتەوە. ئۆپەرسیۆنەکان لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانیی"چڕنووکی هەڵۆ"وە چڕتر کرانەوە، کە تێیدا درۆن بۆ هێرشەکان بە فراوانی بەکارهات، بەهەمان شێوەی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا لەلیبیا و قەرەباخ، کە بەوردی ئامانجەکانیان دەپێکن. ویستی بەغدا بۆ سەروەریی نیشتیمانی نەیانتوانی ڕێ لەهێرشە زنجیرەییەکانی تورکیا بگرن. تەنانەت لە هێرشێکی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی هێزێکی سەربازی عێراقی و چەند کادرێکی پەکەکە لە ئابی 2020، سێ سەربازی عێراقی کوژران، کە دووانیان ئەفسەر بوون. ناڕەزایی و ئیدانەی عێراق بۆ ئەو هێرشە هیچ ئەنجامێکی نەبوو. ئەمەش وادەکات کە تورکیا بەردەوامبێ و هێرشی فراوانتریش بکات. لەلایەکی دیکەوە دۆخی ناوخۆی کوردەکان زۆر تێکچووە، کە ئەمەش زیاتر هانی تورکیا دەدات بۆ هێرشەکانی. پەرتەوازەیی کوردەکان لەبەرژەوەندیی ئەنقەرەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) کە حوکمڕانی سەرەکیی ناوچەی ئۆتۆنۆمی باکووری عێراقە، بەتەواوی نەیاری پەکەکەیە، کە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان(PUK) "برا دوژمنەکە"ی پارتی هەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەتەواوی لەدەست بنەماڵەی بارزانی دایە، لە ئەنقەرە نزیکە، بەڵام پەکەکە لە تاران نزیکە، کە ململانێی لەمێژینەیان هەیە. پارتی ڕێی داوە بەجێگیرکردنی دەیان بنکەی سەربازیی تورکیا لەسەر خاکی عێراقدا، هەروەها بەمدواییە لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتووە بۆ دەرکردنی ئەو پێشمەرگانەی سەر بە پەکەکەن لە ناوچەی شنگال. لەکاتێکدا ئە هێزانە لەساڵی 2014دا ئازایانە ڕووبەڕووی هێرشەکانی داعش بوونەوە بۆ پاراستنی ئیزیدییەکانی ئەو ناوچەیە. پێشووتر هیچ کات گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە هێندە توند نەبوونە. پارتی دەیەوێ پەکەکە دەسەڵاتی لەو ناوچانەدا نەمێنێ. لە بەرامبەردا پەکەکە پارتی بەوە تۆمەتبار دەکات، کە کەوتۆتە ناو گەمەی ئەنقەرە و لەو یارییەدا بەکاردەهێنرێت. سەرەڕای ئەوانە، شەپۆڵی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی کوردستانی عێراق، متمانەی خەڵکی بە دەسەڵاتدارە لۆکاڵییەکان زیاتر لاواز کردووە و بێهێزتری کردوون.

بەمدواییەش سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەنقەرە لەلایەن ئەردۆگانەوە پێشوازی لێ کرا. ئەو "ئیدانەی هەر هێرشێکی کرد، کە لەخاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر تورکیا"، هەروەها ئەردۆگانیش ڕایگەیاند:"شەڕەکەیان بەردەوام دەبێ تا هەموو باندە تیرۆریستییەکان ڕیشەکێش دەکەن". تورکیا لەوانەیە سوود لەو پەرتەوازەییەی کوردەکان و هەماهەنگی بەغدا وەرگرێت، بۆئەوەی ئەمجارە سەرکردایەتی پەکەکە و بەرپرسی پلە یەکی سەربازییان لە قەندیل بکاتە ئامانج. هێرشی ئەمجارەی تورکیا وەکو ئەوانی پێشووتر نابێت و بێ مەترسی نابێت بۆ سەرهێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا، کە زۆر سەختن. بەڵام ئەمجارە ئەگەری ئەوە هەیە، کە هێزەکانی تورکیا لە بەرەکانی پێشەوەی هێرشەکانیاندا بەکرێگیراوانی سووری بەکاربهێنن، کە پێشتر لەبەرەکانی شەڕی لیبیا و ئازەربایجان بەکاریان هێناون. دەیان بەکرێگیراو لەو شەڕانەدا کوژران. سەرەڕای ئەوەی هێزە شەڕکەرەکەی تورکیا، کە بەبێبەزەییانە خۆی نمایش دەکات، ئەمجارە هێزی سەربازیی تورکیا خاوەنی درۆنی زۆر پێشکەوتووە،کە لە شەڕەکانی لیبیا و قەوقازدا بە سەرکەوتوویی تاقیکراونەتەوە.

ناکرێ ئەم خۆپێچانەوەی ئەردۆگان"بۆ شەڕ" نادیدە بگیرێت، کە پشتئەستوورە بەسەرکەوتنەکانی ئەم دواییە لەدەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی. ڕەنگە 2021 بەرەیەکی نوێی شەڕ بەخۆیەوە ببینێ سەرەڕای ئەو هەموو ململانێ و شەڕەی، کە هێزیان لەبەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین بڕیوە.

----

وێنە: 

ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا و کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی سەردانی کازمی بۆ ئەنقەرە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2020(ئەسیۆشەیتید پرێس)

* مێژووزان و تایبەتمەندی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، مامۆستا لە زانکۆی زانستە سیاسییەکان(Sciences Po)ی پاریس.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates