له‌نووسینی؛ ئاریتما موحه‌ممه‌دی
له ئه‌نجامی
ڕۆخانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك، ده‌رفه‌تی
پێكهێنانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ی ئازاد بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه‌ی بنده‌ست پێك دێت.
له‌م بابه‌ته‌دا
هه‌وڵم داوه كه بنه‌ما و بناغه‌ی ده‌سپێكی سیسته‌م و چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه شی
و شرۆڤه بكه‌م و له هۆكاره‌كانی هاتنه‌كایه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه بكۆڵمه‌وه، هه‌روه‌ها
نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌گه‌ریی سرووشتیی و سیاسیی له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه لێك بده‌مه‌وه
و ڕێگاكانی چاره‌سه‌ری و تێپه‌ڕبوون له سیسته‌م و چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه به
كورتی ڕوون بكه‌مه‌وه.
نه‌ته‌وه چییه؛
نه‌ته‌وه
به كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك ده‌وترێت كه ڕابردووی هاوبه‌ش، زمانی هاوبه‌ش، جوگرافیای
هاوبه‌ش و كێشه و ناسنامه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه و دۆخێكی ژئۆپلۆتیكیی هاوبه‌ش زاڵه
به‌سه‌ریاندا و مێژووێكی هاوبه‌ش پێكه‌وه ده‌یانبه‌ستێته‌وه و هه‌ستی هاوبه‌ش
تاكه ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیانه و هاوكات به كۆمه‌ڵه‌یه‌كی بچووكی
كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی پێناسه ده‌كرێت كه مێژوو و ڕووداوه‌كان كاریگه‌ری مه‌زنیان
له‌سه‌ر هه‌ڵخستن و درووست كردنی داناوه و هه‌ست و خوێن و ناسنامه پێكه‌وه
گرێیان ده‌دات. ئه‌و كۆمه‌ڵه مرۆڤه هه‌ست و خۆشه‌ویستییان بۆ خاك و جوگرافیایه‌كی
دیاركراو هه‌یه و به نیشتمانی خۆیان پێناسه‌ی ده‌كه‌ن. نه‌ته‌وه وشه‌یه‌كی یه‌كجار
ئاڵۆزه، ئاڵۆز به‌و واتایه كه هه‌ر كه‌سه و له زمان و ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه شی و
شرۆڤه‌ی ده‌كات و پێناسه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی پێ ده‌به‌خشێت، واتای وشه‌ی نه‌ته‌وه
له زمانی ڕهگهزپهرهستێكی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی فارس، تورك و عه‌ره‌ب
جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و واتا و شرۆڤه‌یه كه كه‌سێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆی ده‌كات،
یانخود واتای نه‌ته‌وه له ڕوانگه‌ی من و كه‌سێكی ئیسلامیی جیاوازه و بۆچوونه‌كانمان
لێك دوورن. پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه كه پێیان وایه نه‌ته‌وه
ته‌نیا له كاتێكدا واتا ده‌گه‌یه‌نێت و درووست ده‌بێت كه ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، نه‌ته‌وه
پێناسه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه خهڵكانهشه كه به چه‌شنێكی خۆڕسك و ئامانجدار بۆ
پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خه‌بات ده‌كه‌ن. به‌ڵام هندێكجار فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌بوون
و درووست بوونی نه‌ته‌وه له‌و پێناسه‌یه جیاوازه و زۆرجار له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شرۆڤه
و شیكردنه‌وانه نه‌ته‌وه درووست ده‌بێت و واتا ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌نێو
زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌میشه ئایین ڕۆڵی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له پێوه‌ندی به
درووستكردن و درووست بوونی نه‌ته‌وه گێڕاوه. له هندێك دۆخی تاییبه‌تدا ئایین
بووه‌ته هۆی درووست بوونی نه‌ته‌وه، وه‌ك جووه‌كان و فه‌لستینییه‌كان، یان وه‌ك
سوونه و شیعه له عێراق كه هه‌ركامه به‌ره‌و ئاره‌سته‌ی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر
بنه‌مای ئایین هه‌نگاو ده‌نێن، یانخود زۆرجار ئه‌وه جوگرافیایه كه نه‌ته‌وه درووست
ده‌كات و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێناسانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێكرا جێ ده‌گرێت،
له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌كرێ ئاماژه به وڵاتانی ئیسكاندیناڤی بكه‌ین. وڵاتانی
ئیسكاندیناڤی له یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك زمان پێك دێن، به‌ڵام به‌هۆی جوگرافیای
دژوار و هه‌ڵكه‌وتی ژئۆپلۆتیكی ئیسكاندیناڤییهكان، هه‌نووكه سێ نه‌ته‌وه به
ناوه‌كانی نۆروێژی و سوێدی و دانماركی پێكهاتوون و ڕۆژ له دوای ڕۆژ جیاوازیی زمانه‌وانییان
زۆرتر ده‌بێت و لێك دوور ده‌كه‌ونه‌وه، هه‌ركامه‌یان به‌جیا هه‌وڵی ئه‌وه‌یان
داوه كه زمان و ناسنامه‌یه‌كی نوێ بۆ خۆیان ساز بكه‌ن، تا ئاستێكیش له‌و هه‌وڵه‌یان
سه‌ركه‌وتوو بوونه.
كه‌واتا
دۆخی سیاسیی و جوگرافیی له درووست بوون و درووست كردنی نه‌ته‌وه ڕۆڵی سه‌ره‌كی
ده‌گێڕێت و ده‌كرێ له دۆخ و هه‌لومه‌رجی جیادا نه‌ته‌وه‌ی نوێ و ده‌وڵه‌تی نوێ له‌سه‌ر
بنه‌مای هه‌مان زمان و ناسنامه و كولتووری هاوبه‌ش درووست بێت. وڵاتانی عه‌ره‌بیش
له‌یه‌ك نه‌ته‌وه و زمان پێكهاتوون، به‌ڵام دۆخی سیاسیی و هه‌لومه‌رجی جوگرافی
جیاواز و دوور له‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌یان وڵاتی جیادا دابه‌شی كردوون، كه به‌پێی
زانستی سیاسیی و سیسته‌می حوكوومڕانی ئه‌م سه‌رده‌مه "هه‌ر وڵاتێك نه‌ته‌وه‌یه‌ك
پێك ده‌هێنێت و نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات و خاوه‌ن ناسنامه‌ی تاییبه‌ت
به خۆیه‌تی، "به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش كه له‌سه‌ر سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه پێكهاتوون ته‌نیا یه‌ك زمان و یه‌ك نه‌ته‌وه نوێنه‌رایه‌تیی كۆی نه‌ته‌وه‌كانی
بنده‌ستی ئه‌و وڵاتانه ده‌كات و به فه‌رمی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌بات. كێشه و
قه‌یرانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، كاتێك كه زمان و
كولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێته ناسنامه‌ی وڵات و كه‌مینه‌كانی دیكه خۆنه‌ویستانه
ده‌بێ زمان و ناسنامه‌ی خۆیان له‌بیر بكه‌ن و له‌نێو ئه‌و نه‌ته‌وه‌دا بتوێنه‌وه.
له ڕه‌وتی مێژوودا ده‌یان نه‌ته‌وه به‌و چه‌شنه زمان و ناسنامه‌ی خۆیان له‌ده‌ست
داوه و تێكه‌ڵ به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بوونه و توواونه‌ته‌وه و زمان و
ناسنامه‌كه‌یان كوژراوه و له‌نێو براوه.
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه؛
له سه‌ده‌ی
١٦ به‌و لاوه به سه‌رده‌می له دایك بوونی ناسیۆنالیزم یانخود هه‌ستی نه‌ته‌وه‌گه‌ری
پێناسه ده‌كرێت و بووه‌ته هۆی درووست بوونی ده‌یان وڵات له‌سه‌ر پێوه‌ری ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه، به‌ڵام هاوكات به سه‌رده‌می ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیش به ئه‌ژمار دێت، چونكه
زۆربه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه كه له ڕه‌وتی ئه‌م چوار سه‌ده‌دا بوونه‌ته خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت
به‌تاییبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌وره دا، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌یان
داگیر كردووه و له‌سه‌ر خاك و ئاوی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بنده‌ستیان ناسنامه‌یه‌كی
نوێ بۆ خۆیان ساز كردووه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان بوونیاد ناوه. هه‌روه‌ها هه‌وڵی
شێواندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ژێر ده‌ستیان داوه و به چه‌ندین چه‌شن و شێوه‌ی
جیاواز به‌ره‌نگاری زمان و كولتوور و ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئه‌و نه‌ته‌وانه بوونه‌ته‌وه
و ئه‌و په‌ڕی هێز و وزه‌ی خۆیان بۆ توواندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست
ته‌رخان كردووه. له ڕه‌وتی سه‌ركوت و ئه‌و هه‌وڵه ڕهگهزپهرهستییهدا ده‌یان
نه‌ته‌وه له‌نێو چوونه و توواونه‌ته‌وه و ناسنامه‌یان له‌ده‌ست داوه. پێویسته
ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م كه سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له بنه‌ڕه‌تدا به چه‌شنێكی
ڕه‌گه‌زپه‌رستیی پێكهاتووه و ئازادی و دیموكراسی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه و نه‌ته‌وه‌ی
باڵاده‌ست به زبری هێز، جوگرافیایه‌كی پان و به‌رینی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
پێكه‌وه‌ناوه.
به‌ڵام
تۆی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی و سه‌ركوتكردن، داری ڕزگاری و پێكهاتنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی
نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی هێناوه‌ته‌به‌ر و خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست
له‌سه‌ر بنه‌مای ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی چالاك كردووه و قۆناغێكی دیكه‌ی هێناوه‌ته
گۆڕێ، ئه‌وه‌ش به دوایین قۆناغی قه‌یرانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه پێناسه ده‌كرێت كه
هه‌نووكه پتر له سێ سه‌ده له ته‌مه‌نی تێپه‌ڕ ده‌كات. به‌ڵام سه‌ده‌ی ٢١ به
سه‌ده‌ی به‌جیهانبوون و به سه‌رده‌می كولتووری جیاواز و فره‌گه‌ریی و فره‌ره‌نگیی
پێناسه ده‌كرێت و كرانه‌وه‌ی كولتووریی به ڕووی وڵاتانی دیكه له‌م سه‌ده‌یه‌دا له‌لایه‌ك
ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی خستووه‌ته قه‌یرانه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌وه
بووه‌ته هۆی له دایك بوونی ده‌یان بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و كولتووریی نه‌ته‌وه‌كانی
بنده‌ست. واتا ئه‌و كرانه‌وه سیاسیی و كولتوورییه كه ئه‌مڕۆ له جیهانی
ئینترنێت و سه‌ته‌لایت و هه‌روه‌ها له ڕێگای تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هاتووه‌ته
گۆڕێ، له لایه‌ك كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێناسه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه داناوه
و له لایه‌كی دیكه‌ش كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ناسنامه‌ی جیاواز و هێنانه
ئارای بزووتنه‌وه‌ی نوێ داناوه و سیسته‌می ناوه‌ند په‌سه‌ندی خستووه‌ته‌به‌ر ڕه‌خنه‌ی
قووڵ. ئه‌وه‌ش كۆڵه‌كه‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی خستووه‌ته له‌رزه،
ئه‌مه‌ش به واتای ده‌سپێكی قۆناغێكی نوێ پێناسه ده‌كرێت.
سیسته‌می
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه تا ئاستێك پێناسه‌ی كاپیتالیستی و سه‌رمایه‌داری به‌خۆیه‌وه
ده‌بینێت و له ڕه‌وتی درووست بوونی ئه‌و سیسته‌مه دا، ئه‌وه وڵاتانی سه‌رمایه‌داری
بوونه كه هه‌میشه پشتیوانی‌یان له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاست كردووه و هه‌رده‌م وڵاتانی سه‌رمایه‌خواز به له‌مپه‌ر و ڕێگر له‌سه‌ر
ڕێی به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له ناوچه‌كه پێناسه ده‌كرێن.
له ڕێڕه‌وی دووسه‌د ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی وڵاتانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر دۆخی
سیاسیی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی وه‌ك كورد و... هتد نه‌رێنی بووه. هاوكات له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا زۆر كه‌سایه‌تیی ڕووناكبیر، سه‌رمایه‌داری به هۆكاری له دایك بوونی
ناسیۆنالیزم پێناسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی
و سه‌رمایه دامه‌زراوه و له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌رمایه
بووه كه له ڕوودانی ئاڵوگۆڕی نوێ‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی گێڕاوه، له ڕاستیدا سه‌رمایه‌داریی
هۆكاری درووست بوونی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه بوو، نه‌ك نه‌ته‌وه‌گه‌ریی
سرووشتیی كه خاوه‌ن تاییبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تیی و هه‌وڵ بۆ پێكهێنانی كیانێك له‌سه‌ر
بنه‌مای مافه‌كانی سرووشتی خۆی ده‌دات.
هه‌ر بۆیه
له مێژووی كورددا وڵاتانی سه‌رمایه‌داری نه‌ته‌وه‌ی كوردیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی به‌ده‌ست
هێنانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێناسه كردووه و به هاوكاری كردنی داگیركه‌رانی
كوردستان به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆیان دابین كردووه. پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش
بكه‌م كه یه‌كێتی سۆڤییه‌ت كاتێ كه نوێنه‌رایه‌تیی كۆموونیزمی ده‌كرد هه‌مان
خوێندنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی بۆ كێشه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ست
هه‌بوو. هه‌نووكه قه‌یرانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌كه بۆ چاره‌سه‌ر
كردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی و تێپه‌ڕاندنی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه یانخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، هه‌ر پارت و ڕێكخراوێكی سیاسیی كوردستان به‌پێی هه‌لومه‌رج
و دۆخی سیاسیی خۆی، پێواژۆیهك پێشنیار بكات و هه‌وڵ بۆ جێگیركردنی بدات، هاوكات
به‌شێك له وڵاتانی سه‌رمایه‌داری پێداچوونه‌وه‌یان بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی
خۆیان له پێوه‌ندی به كێشه‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه و هه‌نووكه ئاره‌سته‌ی
ڕووداوه‌كان به‌ره‌و ئاسۆی كورد ده‌ڕوات، به‌ڵام مێژوو ده‌ڵێت وڵاتانی سه‌رمایه‌داری
كه ئه‌مڕۆ له یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا ڕۆڵی مه‌زن ده‌گێڕن، جێی متمانه
نین و پێویسته كورد به ئه‌سپایی هه‌نگاو هه‌ڵنێته‌وه و ده‌بێ ئه‌وه‌نده به‌هێز
بێت كه بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و وڵاتانه دابین بكات، بۆ ئه‌وه‌كه جارێكی دیكه
لێی هه‌ڵ نه‌گه‌ڕێنه‌وه.
زۆربه‌ی
ئه‌و لێكۆڵه‌ر و فیلسووفانه‌ی كه له پێوه‌ندی به پرسی نه‌ته‌وه تۆژینه‌وه‌یان
كردووه ته‌نیا بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یان شی و شرۆڤه كردووه و نه‌ته‌وه‌یان
له توێی ده‌وڵه‌تدا پێناسه كردووه. سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه سیسته‌مێكی كۆن
و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌یه، چونكه له‌و سیسته‌مه‌دا ته‌نیا یه‌ك زمان و یه‌ك
ناسنامه نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه ده‌كات و ته‌نانه‌ت به فه‌رمی
دان به‌و نه‌ته‌وانه‌ی بندهستیشیدا نانێت. كه‌واتا سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه،
سیسته‌مێك نییه كه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكات، به‌ڵكوو ده‌بێ
پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ی ئازاد بێت و مافی
تێكڕای كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكه بپارێزێت و به فه‌رمی دانیان پێدا بنێت. ده‌وڵه‌تی
كوردی ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌مان پێوه‌ری نه‌ته‌وه‌ی ئازاد پێك بێت و مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی
كوردستان بپارێزێت. هه‌نووكه ئێرانییه ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ن
كه سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه تاكه سیسته‌مێكه كه ده‌توانێت ڕێگری له
كولتووری به جیهانیبوون بكات و جیهانی فره‌گه‌ریی و فره كولتووریی سنوودار بكات،
هه‌ربۆیه له هه‌وڵی ئه‌وه دان به‌بێ ڕۆخانی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕێفۆرم و
گۆڕانكاری له‌و وڵاته بێته كایه‌وه و پارێزگاری له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
بكه‌ن، چونكه پێیان وایه به ڕۆخانی كۆماری ئیسلامیی، ئیتر سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه‌ش له ئێران ده‌ڕۆخێت و ئه‌و وڵاته ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوه‌شان ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش
هه‌مان بۆچوونه كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌شێك له نه‌ته‌وه‌ی كورد داناوه
و هه‌نووكه هندێك پارت و ڕێكخراوی كورد هه‌ن كه له دژی هێرشی وڵاتانی زلهێز بۆ
سه‌ر ئێرانن. ئه‌و بۆچوونه‌ش ده‌چێته چوارچێوه‌ی پارێزگاریكردن له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه له‌و وڵاته دا.
بنه‌مای
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له‌سه‌ر پێوه‌ری نه‌ته‌وه‌سازی پێكهاتووه و له‌نێو چه‌ند نه‌ته‌وه‌دا
نه‌ته‌وه‌یه‌كی نوێ ساز ده‌كات و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌م و حوكوومهتیش له‌سه‌ر هه‌مان
بنه‌ما داده‌ڕێژێت و پێك ده‌هێنێت، هه‌ربۆیه ده‌ڵێین سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
له‌سه‌ر بنه‌مای هێز داده‌مه‌زرێت و بنه‌ماكانی دیموكراتی و ئازادی ڕه‌چاو ناكات و
مافی نه‌ته‌وایه‌تیی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه خه‌وشدار ده‌كات. هه‌رچه‌ند سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه به ڕوواڵه‌ت سیسته‌مێكی دیموكراتی بێته به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌و
دیموكراسییه ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار لێی سوودمه‌ند ده‌بێت و نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه ده‌توێنێته‌وه. وڵاتی توركیه به ڕوواڵه‌ت سیسته‌مێكی دیموكراتی دێته به‌رچاو،
به‌ڵام بۆ هه‌موومان ڕوونه كه چ سیسته‌مێكی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست له‌و وڵاته حوكم ده‌كات.
له‌نێو سیسته‌می وڵاتانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دا ئازادی و دیموكراسی تا ئه‌و كاته
مسۆگه‌ر ده‌بێ كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
تاییبهتمهندییهكی دیكه‌ی نه‌رێنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه‌سازی
ده‌كات، ئه‌و پلانه‌ش له ڕێگای كوشتنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ستییه‌وه به‌ڕێوه
ده‌بات.
ماركسیسته‌كان
له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه نه‌ته‌وه دۆخی ئابووری و جوگرافیای ئابووری هاوبه‌ش
درووستی ده‌كات و زمان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆڵی ئه‌وتۆی تێدا ناگێڕێت. ئه‌و
بۆچوونه ماركسیستییهش له ڕاستای ڕوانگه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه و گرینگیی
به باییخهكانی كۆمه‌ڵایه‌تیی كولتووری مرۆڤ نادات و له به‌رچاوی ناگرێت، بنه‌مای
ئه‌و بۆچوونه‌ش له ئیدۆلۆژی ماركسیزم سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌ویش پتر پێداگری له‌سه‌ر
چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌كاته‌وه. سیسته‌می سه‌رمایه‌داریش
له بنه‌ڕه‌ت و فه‌لسه‌فه‌كه‌یدا تا ئاستێك له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌یه، چونكه به
كرده‌وه له چوارچێوه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دا نه‌ته‌وه‌سازی كردووه و له
ده‌لاقه‌ی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌وه پێناسه‌ی هه‌ر وڵاتێكی له یه‌ك نه‌ته‌وه‌دا كورت
كردووه‌ته‌وه. لێره‌دا خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ماركسیزم و كاپیتالیزم له پێوه‌ندی
به پرسی نه‌ته‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یان خۆی پێشان
ده‌دات و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌خاته‌ڕوو.
وڵاتانی
داگیركه‌ری كوردستانیش له‌و وڵاتانه‌ن كه هه‌وڵی نه‌ته‌وه‌سازییان له‌سه‌ر بنه‌مای
یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك زمان داوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له سه‌ده‌ی ١٩دا له
بریتانیا ڕووی دا، له وڵاتانی ئاڵمان و ئه‌سپانیاش به هه‌مان چه‌شن، به‌ڵام له
ئاكامدا تێكڕای ئه‌و وڵاتانه له‌گه‌ڵ قه‌یراندا ڕووبه‌ڕوو بوون و دانیان به هه‌ڵه‌ی
خۆیاندا ناوه. سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستانیشدا
له‌گه‌ڵ قه‌یران و كێشه به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م وڵاتانه له‌به‌ر ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی
بێ سنوور، دانیان به هه‌ڵه‌ی خۆیاندا نه‌ناوه و تاكوو ئیستاش له‌سه‌ر هه‌مان
مێژوو ده‌ڕۆن و پێداگری ده‌كه‌ن كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌واشه‌كاری دامه‌زراوه.
سیسته‌م و چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی نوێ ساز ده‌كات و نه‌ته‌وه‌یه‌ك
به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا زاڵ ده‌كات و ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ی ئازاد ته‌نیا نه‌ته‌وه‌كانی بێ ده‌وڵه‌ت ده‌كاته خاوه‌ن
ده‌وڵه‌ت و مافی كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكه‌ش پێشێل ناكات. درووست كردنی ده‌وڵه‌ت له
چوارچێوه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی پۆست مودێڕنی ئه‌ورووپیدا ئه‌زموونێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو
بووه و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه ڕه‌زاخان و ئاتاتورك بناغه‌یان داڕشت و پێكیان
هێنا به‌شێك له هه‌مان چه‌مكی پۆست مودێڕنی سه‌رنه‌كه‌وتووی ئه‌ورووپی پێك ده‌هێنێت،
چونكه هه‌ردووكیان بنه‌مای ده‌وڵه‌تیان له‌سه‌ر پێوه‌ری كوشتنی زمان و ناسنامه‌ی
كورد و نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستیان داڕشتووه.
دیاره ڕه‌زاخان
و ئاتاتورك كه‌سانێكی ئه‌وه‌نده زیره‌ك و شاره‌زا له تیئۆری و ده‌سته‌واژه و چه‌مكی
نوێ نه‌بوونه، به‌ڵكوو ئه‌وه ڕۆژئاواییه‌كان بوون كه پێشنیاری سیسته‌مێكی له‌و
چه‌شنه‌یان پێكردوون و ئه‌وانیش جێبه‌جێیان كردووه. ئه‌گه‌ر وردتر له‌و سیسته‌م و
چه‌مكه بڕوانین، ده‌بینین كه بیرۆكه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له ئه‌ورووپا
له ساڵی ١٦٤٨ی زایینی تاكوو ساڵی ١٧٨٩ی زایینی و تا كۆتاییه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسا
كه ده‌كاته ساڵی ١٧٩٩ی زایینی له په‌ره‌سه‌ندن ده‌بێت و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی
زۆری به‌خۆیه‌وه بینی و زۆر نه‌ته‌وه‌ی خسته ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه، كه‌واتا بیرۆكه‌ی
سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی ١٦ به‌تاییبه‌ت له پاش شه‌ری
سی ساڵه‌ی كلیسا له‌نێوان ساڵی ١٦١٨ تاكوو ساڵی ١٦٤٨ ده‌ست پێده‌كات و له سه‌ده‌كانی
١٧ و ١٨ و ١٩ و ٢٠دا ده‌بێته هۆی فاشیزم و هاتنه‌ئارای قۆناغی سیسته‌می ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی
له‌سه‌ر بنه‌مای سازكردنی نه‌ته‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر پێوه‌ری ده‌وڵه‌ت، ئه‌م قۆناغه
ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستییه تاكوو ئیستاش درێژه‌ی هه‌یه و به‌تاییبه‌ت له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاست باوه. فه‌لسه‌فه‌ی پێكهاتنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه پێوه‌ندی به
داگیركردنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه هه‌یه و له سه‌ره‌تاوه له ئه‌ورووپا سه‌ریهه‌ڵدا
و ئه‌ورووپاش بووه جێی مشتومڕی ئه‌و سیسته‌مه، چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له
هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو كه جوگرافیای سیاسیی خۆی پان و به‌رین بكات و نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه بخاته ژێر ڕكێف و بن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆیه‌وه. له پاش كۆتایی هێنان به
ده‌سه‌ڵاتی كلیسا له ئه‌ورووپا سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ویستی كه ده‌سه‌ڵاتی
خۆی به‌رینتر بكات، به‌ڵام له ئاكامدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و مافی نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه‌ی به فه‌رمی ناسی و دانی به بوونی ئه‌وانی دیكه‌دا نا.
بریتانیا
یه‌كێ له‌و وڵاتانه بوو كه له ئه‌گه‌ری به‌ده‌ست هێنانی سه‌ركه‌وتن له شه‌ری
ئیسكاندیناڤیدا ده‌یویست نه‌ته‌وه‌یه‌كی نوێ له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێ به
جیهان بناسێنێت، به‌ڵام له‌و هه‌وڵه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و له‌و خه‌ونه ڕاچڵه‌كی
و پاشه‌كشه‌ی كرد. په‌یماننامه‌ی وهستالی له مێژووی ئه‌ورووپادا به په‌یماننامه‌یه‌كی
گرینگ و پڕ بایه‌خ ئه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه كۆتایی به شه‌ڕی كلیسا هێنا و ئاشتی و
ئارامی بۆ ئه‌ورووپا گه‌ڕانده‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی
به‌هێز كرد، ئه‌و سیسته‌مه‌ش پێچه‌وانه بۆ به‌شێكی زۆر له نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاست سه‌ركووت و بنده‌ست بوونی به دواوه بووه و ده‌یان نه‌ته‌وه به‌هۆی
ئه‌و سیسته‌مه‌وه زمان و ناسنامه‌یان له‌نێو چووه. به‌ڵام ئه‌و قۆناغه له
مێژووی ئه‌ورووپا كه به‌هۆی ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌وه تێپه‌ڕ بوو ئاشتی و ئارامی
هێنایه كایه‌وه.
ده‌وڵه‌ت خه‌ڵك؛
له پاش
ڕۆخانی ڕژیمی پاشایه‌تیی له ئێران و هاتنه‌كایه‌ی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی له سیسته‌می
سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاته دا، سیسته‌مێكی ئیسلامیی له‌سه‌ر بنه‌مای شیعه‌ی
دوانزه ئیمامیی كه به‌رهه‌می تێكهڵهكی وه‌لایه‌تی فه‌قی و سیسته‌می كۆماری
بوو له‌ژێر نێوی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێكهات و به چه‌شنێكی نوێ خۆی پێناسه كرد،
هه‌ر له سه‌ره‌تای درووست بوونی كۆماری ئیسلامییه‌وه تیئۆریسێنهكانی ئه‌و ڕژیمه
ئاماژه‌یان به بۆچوونێكی نوێ كرد، كه درێژه‌ده‌ری هه‌مان چه‌مكی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
بوو، ئه‌وه‌ش سیسته‌می ده‌وڵه‌ت خه‌ڵكه. سیسته‌می ده‌وڵه‌ت خه‌ڵك له‌سه‌ر هه‌مان
بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه پێكهاتووه و تێكڕای نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئێران به
"قه‌وم" و تیره و تایفه نێو ده‌بات و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه
كه ناكرێ له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند نه‌ته‌وه یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ساز بكرێت،
به‌ڵام ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند قه‌وم و تیره و تایفه یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
پێك بێت. واته تێكڕای نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئێران به "قه‌وم" و
تیره و تایفه نێو ده‌هێنێت و به‌و چه‌شنه‌ش پێداگری له‌سه‌ر ڕه‌وا بوونی چه‌مكی
ده‌وڵه‌ت خه‌ڵك ده‌كات. كۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایه كه ئه‌م سیسته‌مه
نوێیه، ئازادی به‌و نه‌ته‌وانه داوه كه له چوارچێوه‌ی "قه‌وم" و
تیره پێناسه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت هه‌ركام له‌و "قه‌ومانه" مافی ئه‌وه‌یان
هه‌یه كه به زاراوه‌ی خۆیان قسه بكه‌ن و جلوبه‌رگی ناوچه‌یی خۆیان له‌به‌ر بكه‌ن،
واتا سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه كه ڕژیمی پاشایه‌تی له ئێران نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد
به سیسته‌مێكی فاشیستی و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست ناو ده‌بات و ده‌ڵێت كۆماری ئیسلامیی له
ژێر كاریگه‌ری پێواژۆی ئۆمه‌تی ئیسلامدا ده‌وڵه‌تی ڕاگه‌یاندووه و مافی "قه‌وم"
و تیره‌كانیشی پاراستووه.
فه‌لسه‌فه‌ی
ئه‌و بیرۆكه‌یه ئه‌وه‌یه كه هه‌مووی ئه‌و زمان و نه‌ته‌وانه كه له ئێران‌دا
بوونیان هه‌یه زمانه‌كانیان لهقێك له زمانی فارسی و قهومهكانیش تیره‌یه‌ك له
نه‌ته‌وه‌ی فارس پێك ده‌هێنن. ئیتر چۆن ده‌كرێ له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی
ئێران‌دا كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه چاره‌سه‌ر بكرێت، هێنانه ئارای
پرسی دیالۆگ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تیی كورد و به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد، پرس و پڕۆسه‌یه‌ك
نییه كه ڕژیمی ئێران باوه‌ڕی پێی هه‌بێت و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی بدات. چونكه
ڕژیمی ئێران هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕی به پرس و چه‌مكی نه‌ته‌وه و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان
نه‌بووه و نییه، تاكوو هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی بدات. فه‌لسه‌فه‌ی كۆماری
ئیسلامیی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای ئۆمه‌تی ئیسلامیی دامه‌زراوه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه
باوه‌ڕی به پرسی نه‌ته‌وایه‌تیی نییه و تێكڕای نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له‌ژێر چه‌تری
ئۆمه‌تی ئیسلامدا كۆ كردووه‌ته‌وه و زمان و ناسنامه‌ی فارسی وه‌ك پێناسه‌یان ئه‌ژمار
كردووه، ئیتر هێنانه ئارای دیالۆگ له‌گه‌ڵ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ك لم
وایه كه هیچكات گیان سه‌وز ناكات.
ڕژیمی
توركیه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه پێكهاتووه، به ڕێفۆم و گۆڕانكاری
كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی كوردی پێ چاره‌سه‌ر ناكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر بڵێت نه‌ته‌وه‌یه‌ك
به نێوی كورد له‌و وڵاته هه‌یه، ده‌بێ یاسای بنه‌ڕه‌تی توركیه سه‌رله‌نوێ
بنووسرێته‌وه و گۆڕانكاری ڕیشه‌یی تێدا بكرێت، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه قه‌یرانی
مه‌زن بپێچێته سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و وڵاته و ڕۆخانی ئه‌و سیسته‌مه‌ی
به‌دوادا دێت. كه‌واتا له ده‌رئه‌نجامی ڕۆخانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك، ده‌رفه‌تی پێكهێنانی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای
نه‌ته‌وه‌ی ئازاد بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی بنده‌ست پێك دێت، ئه‌وه‌ش به سه‌ره‌تای
ژیانێكی نوێ بۆ گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئه‌ژمار ده‌كرێت.
یه‌كێتی
سۆڤییه‌ت یه‌كێ له‌و وڵاتانه بوو كه به‌هۆی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ده‌یان
نه‌ته‌وه‌ی داگیركراوی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا كۆ كردبووه‌وه و جوگرافیایه‌كی
پان و به‌رین و ئاڵۆزی گرتهبووه ده‌ست و داگیر كردبوو، به‌ڵام سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه نه‌یتوانی له‌و وڵاته سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و له ئاكامدا نه‌ته‌وه‌كانی
جیاوازی ئه‌و وڵاته له‌و جوگرافیا زۆره‌ملێیه جیا بوونه‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
خۆیان ڕاگه‌یاند. نه‌ته‌وه‌ی كوردیش ده‌توانێ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای
ناسنامه‌ی خۆی پێك بهێنێت، به‌ڵام ناتوانێ به كه‌ڵك وه‌رگرتن له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه، نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له مافیان بێبه‌ش بكات، كورد ده‌توانێ له
چوارچێوه‌ی سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی ئازاد‌دا چه‌ند كه‌مه‌نه‌ته‌وه له‌نێو جوگرافیای
كوردستاندا جێ بكاته‌وه و ئه‌وانیش هه‌مان ماف و ئازادییان هه‌بێت كه نه‌ته‌وه‌ی
كورد هه‌یه‌تی و له ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا به‌شداری
چالاكانه بكه‌ن، ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت، نه‌ته‌وه و كه‌مه‌نه‌ته‌وه لێك
جیاوازن، بۆ نموونه توركمه‌ن، كلدانی و ئاشووری له عێراق و باشووری كوردستاندا
كهمهنهتهوهن و خاكیان نییه، ته‌نیا مافی هاوڵاتیبوون و پاراستنی ناسنامه‌ی
خۆیان هه‌یه، به‌ڵام كورد و عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌ن و خاكیان هه‌یه، كه‌واتا مافی
درووست كردنی ده‌وڵه‌تیشیان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه خاك و نیشتمان له پێناسه كردنی
نه‌ته‌وه‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕێت.
هه‌نووكه
به‌شێك له فارسه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ری ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌كه‌دا دانیان به نه‌ته‌وه
بوونی كورددا ناوه، به‌ڵام كورد به كهمەنهتهوه "ئه‌قه‌لییه‌ت"
پێناسه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه دێت كه كورد نه‌ته‌وه بووه، به‌ڵام له
ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان و له ڕێڕه‌وی مێژوودا بووه‌ته كه‌مه‌نه‌ته‌وه و خاك و
نیشتمانی خۆی له ده‌ست داوه. "ئه‌قه‌لییه‌ت" ئه‌و دەستەواژە نه‌رێنی و ئاڵۆزه‌یه كه به‌شێك له چالاكانی
سیاسیی كورد به‌كاری ده‌هێنن و شرۆڤه‌ی ناكه‌ن. ئه‌قه‌لییه‌ت، كه‌مه‌نه‌ته‌وه و
كه‌مینه ئه‌و نه‌ته‌وانه ده‌گرێته‌وه كه له مێژوودا خاوه‌نی خاك و نیشتمان
بوونه، به‌ڵام كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و ناسنامه‌ی
خۆیان له‌ده‌ست داوه. كه‌واتا به‌كار هێنانی كه‌مه‌نه‌ته‌وه و "ئه‌قه‌لییه‌ت"
بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد دەستەواژەیەکی هه‌ڵه‌یه و نابێ به‌كار بهێنرێت. بەکار هێنانی
ئەو دەستەواژە کێشەزا و ئاڵۆزە بە واتای خۆلادان لە ڕاستییەکانە و کورد "ئەقەلییەت"
و کەمەنەتەوە نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکە کە لە نێوان چەند وڵات‌دا دابەش کراوە و
تووشی هەڵەواردنی سیاسیی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووری بووەتەوە و بە بەردەوام
له‌لایه‌ن داگیركهرانییهوه دەچەوسێنرێتەوە.
كاتێك له
ئه‌ورووپا سیسته‌می كلیسا تووشی قه‌یران بوو و دواتر ڕۆخا، نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا
له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تیان ساز كرد و به‌كرده‌وه چوونه قۆناغێكی
دیكه، بۆیه به‌شێك له فیلسووفانی زانستی سیاسیی لە ئه‌ورووپا پێداگری له‌سه‌ر
ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌می مودێڕنیته و پیشه‌سازی
و سه‌رده‌می نوێیه، به‌رهه‌می سه‌رده‌می دیموكراسی نوێ و ئازادی و مافه‌كانی
مرۆڤه، به‌ڵام دۆخی سیاسیی و هه‌لومه‌رجی جوگرافی و ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كانی مێژوو
له وڵات بۆ وڵات جیاوازه و ناكرێت هه‌ر هه‌موویان پێكه‌وه به ڕووداوێكی
مێژوویی په‌یوه‌ست بکرێن و گرێ بدرێن، بۆ نموونه له پاش دابه‌ش بوونی كوردستان
ده‌یان بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له ئاستی كوردستانی گه‌وره‌دا هاتوونه‌ته گۆڕێ
و بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردیی خه‌باتیان كردووه، هۆكه‌شی بۆ هاتنه گۆڕی پڕۆسه‌ی
دیموكراسی و مودێڕنیته ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكوو هۆكاری زه‌قبوونه‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وه‌یی
بۆ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌گه‌ری و هه‌وڵدان بۆ درووست كردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌شێك له‌و پێناسه له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا و له شرۆڤه‌ی
مژاری نه‌ته‌وه‌دا ئاماژه‌م پێكردووه و به‌باشی شی كراوه‌ته‌وه. له به‌شێك له
وڵاتانی فره نه‌ته‌وه‌دا نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ست له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسیی
ئه‌و وڵاتانه به به‌شێك له مافه‌كانی خۆیان گه‌ییشتوون، به‌ڵام هاوكات خه‌بات
ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ش مافێكی
سرووشتیی هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی
نه‌بێت.
به‌ڵام بڵێسه‌ی
خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و نه‌ته‌وانه كه پتر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه گڕ و تینی ئاگرین
به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش كه به‌شێك له مافه‌كانیان به‌ده‌ست
هێناوه و له‌ژێر گوشاری چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریدا نین، له‌وانه‌یه
بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌باتیان بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دوا بكه‌وێت یانخود
كزی و كپی به‌خۆیه‌وه ببینێت، به‌ڵام ڕۆژێك هه‌ر ده‌بێ كه ئه‌وانیش بۆ به‌ده‌ست
هێنانی ئه‌و مافه خه‌بات بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن و له خه‌و ڕاچڵهكن. له ڕه‌وتی
ڕووداوه‌كانی مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردوودا بینه‌ری ئه‌وه بووینه كه به‌شێك له‌و
نه‌ته‌وانه له پاش به‌ده‌ست هێنانی مافی یه‌كسان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست،
دواتر له ده‌رفه‌تێكی گونجاو و له‌باردا ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاندووه یانخود
به‌پێی بارودۆخی پێشهاتوو خه‌بات بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ست
پێكردووه. كه‌واتا هه‌میشه خه‌بات بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، به‌و
واتایه نییه كه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه تووشی ههڵهواردنی سیاسیی، ڕه‌گه‌زی، ئابووری
و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ته‌وه. به‌ڵكوو ئه‌وه مافێكی سرووشتییه و په‌یوه‌سته به بوونی
ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و خه‌باتیان به‌رده‌وامه تاكوو ئه‌و قۆناغه تێده‌په‌ڕێنن و ئه‌و
مافه ده‌ستبه‌ر ده‌كه‌ن. بۆیه چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی كورد
به شێوه‌ی فیدراڵی و ئه‌تۆنۆمی یانخود له چه‌شنی چاره‌سه‌ری دیموكراتییانه‌ی
كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد به چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی و ڕیشه‌یی پێناسه ناكه‌م و
ناتوانێ كه ئاوات و داخوازی هه‌میشه‌یی كورد ده‌ستبه‌ر بكات و خه‌ونی له مێژینه‌ی
كوردان به‌دی بهێنێت.
هه‌نووكه
فیلسووفانی ئه‌ورووپا ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌كێ له هۆیه‌كانی هاتنه
گۆڕێی پرسی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پیشه‌سازی بوونی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام
كۆمه‌ڵگای كوردستان ئیستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كۆمه‌ڵگایه‌كی پیشه‌سازی نییه، بۆیه
شرۆڤه‌ی فیلسووفانی ئه‌ورووپا له پێوه‌ندی به هاتنه ئارای بیرۆكه‌ی پێكهێنانی
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنەما و پێوه‌ری نه‌ته‌وه‌ی ئازاد كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاست له‌خۆ ناگرێت و ئه‌و بۆچوونه پتر په‌یوه‌سته به دۆخی سیاسیی و هه‌لومه‌رجی
ئه‌و كاتی ئه‌ورووپاوه. به‌ڵام سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه
ئاماژه‌م پێداوه پڕۆسه‌یه‌كی نوێ و به‌رهه‌می ده‌سپێكی مودێڕنیته له ئه‌ورووپا
بوو. ئه‌گه‌ر هه‌نووكه باس له‌سه‌ر سیسته‌می به جیهانیبوون بكه‌ین و كاریگه‌ری
نه‌رێنی و ئه‌رێنییه‌كانی له پێوه‌ندی به مافی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان هه‌ڵسه‌نگێنین،
پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه چه‌مكی به‌جیهانیبوون كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر
ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی نوێ داده‌نێت و ناسنامه‌كانی شاردراوه به جیهان ده‌ناسێنێت
و سه‌رپۆشی سیاسیی داسه‌پاو له‌سه‌ریان داده‌ماڵێت و ڕووخساری ڕاستەقینەیان بە
جیهانی دەرەوە دەناسێنێت، به‌ڵام هاوكات كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر زمان و
كولتووری ئه‌و نه‌ته‌وانه داده‌نێت كه هه‌نووكه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێك
نه‌هێناوه، چونكه كولتووری ئه‌و نه‌ته‌وانه فه‌رمی نین و ده‌كه‌ونه ژێر
كاریگه‌ری ئه‌و چه‌مكه و لاواز ده‌بن. هەر بۆیە پێویستە لە کاتی تێپەڕ بوونی
چەمکی بەجیهانیبووندا نەتەوە بندەستەکان پەرە بە ڕێکخراوە کولتوورییەکان بدەن و
زمان و ناسنامەی کەون و مێژینه‌ی خۆیان بپارێزن.
تێپه‌ڕبوون له
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه؛
له پێوه‌ندی
به تێپه‌ڕبوون له سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی ئازاد به
گونجاو ده‌زانم كه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌پێی مافی سرووشتی خۆی ده‌توانێت ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای كولتوور و زمان و ناسنامه‌ی خۆی پێك بهێنێت، سیسته‌می
پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ی ئازاد نه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه ناچه‌وسێنێته‌وه، به‌ڵكوو ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئازادییه‌یان پێ ده‌دات كه ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێك بهێنن و ئه‌و كهمهنهتهوانهش كه له‌و وڵاته‌دا ژیان
به‌سه‌ر ده‌به‌ن له سیسته‌می سیاسیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵات‌دا به‌شدار بكرێن و
له چوارچێوه‌ی سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی ئازاد‌دا نوێنه‌رایه‌تی زمان و ناسنامه‌ی خۆیان
بكه‌ن. ئه‌مه باشترین چاره‌سه‌ره بۆ تێپه‌ڕبوون له سیسته‌می ئاڵۆز و كێشهزای
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه كه له كاتی درووست بوونیدا هه‌موو قۆناغه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی
سرووشتیی تێپه‌ڕ نه‌كردووه و قه‌یرانی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه و نه‌بووه‌ته هۆی سه‌قامگیریی
سیاسیی و ئاشته‌وای نیشتمانیی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان. ئه‌و سیسته‌مه له ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاستیشدا به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لانی ناوچه‌كه نه‌بووه، بۆیه
به چه‌شنێكی ناسرووشتیی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و قۆناغه‌كانی گرینگ و
سه‌ره‌تایی تێپه‌ڕ نه‌كردووه و به شێوه‌ی ده‌ستكرد گه‌شه‌ی پێكراوه و بارودۆخی
ناوچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه و به زبری هێز سیسته‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی سهپاندووهتەسەر
کۆمەڵگا، هاوكات بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه و پێكهێنانی زمان و ناسنامه‌ی یه‌كگرتوو،
خوێنی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی هه‌ڵمژیوه. له به‌رامبه‌ردا تاییبهتمهندییهكانی
سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی ئازاد گه‌لێك ئه‌رێنین و دووره له ده‌مارگرژیی و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستیی
سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی.
سیسته‌می ده‌وڵه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ی ئازاد چاونابڕێته خاكی نه‌ته‌وه‌كانی
دیكه و به‌دوای داگیركارییه‌وه نییه و نابێ و هه‌میشه په‌یامی ئاشتی و ئازادی
و برایه‌تی پێیه و کەمایەتییەکان ناتوێنێته‌وه و ئیدۆلۆژی ئایینی و سیاسیی و
توتالیتارییهكان وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می سیاسیی وڵات جێگیر ناكات. ئه‌مه ئه‌و
هه‌نگاوه‌یه كه پێویسته نه‌ته‌وه‌ی كورد بیهاوێژێت و سەردەمێکی نوێ لە
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووک دەست پێ‌بکات. پێویستە کورد پەرە بەم خوێندنەوە نوێیە
بدات و ئەم پڕۆسەیە گشتگیر بکات و پێشی بخات، تاکوو ئاسۆی ڕوونی وڵات گەشە دەکات و
نەتەوەکەمان بۆ هەمیشە لە چەوساندنەوە ڕزگاری دەبێت. ئەوەش بە سەرەتای قۆناغی
خەباتی کۆمەڵایەتیی لە کوردستان پێناسە دەکريت. لەبەر ئەوە کێشەکانی کۆمەڵایەتی
تەنی بە کۆمەڵگا هەڵچنیوە و لە پەرەسەندن دایە، تاکوو نەتەوەکەمان ڕزگاری نەبێت و
دەسەڵاتی سیاسیی گشتگیر و بەهێز جێگیر نەکات، ناتوانین کێشەکانی کۆمەڵایەتیی بنبڕ
و ڕیشەکەن بکەین. بۆیە دەڵێم هەر شۆڕشێکی سیاسیی ئەگەر سەرکەوتووانە تێپەڕ بێت و
بەرەو پيش بچێت، دەبێ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیش بەدوایدا بێت و پاش و پێشی شۆڕشەکە
پێکەوە گرێ بدات و ئامانجی بنەڕەتیی و سەرەکیی خۆی بپێکێت. زۆرن ئەو شۆڕش و
هەڵسانەوانە کە بەباشی دەستیان پێکردووە و سەرکەوتووانە یەکەمین قۆناغی ڕۆخان و
ڕزگارییان تێپەڕاندووە، بەڵام دواتر تووشی کێشە هاتوون و لەسەر هێڵی بنەڕەتی خۆیان
لایان داوە و بەلاڕێدا بردراون و نشستیان پێ هێنراوە. نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕه‌وتی
مێژووی بنده‌ست بوونیدا به کۆمەڵێک قۆناغی دژوار و جیاوازدا تێپه‌ڕ بووه و چێژی
دۆخه‌كانی ئاڵۆز و كێشهزای چه‌شتووه و هه‌نووكه ده‌زانێت كه سه‌ركه‌وتن له
چی و له كوێ دایه. ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه تاكوو هه‌نووكه به‌ده‌ست هاتوون دەکرێ
بە بنەمای شۆڕشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە کوردستان ئەژمار بکرێن و له داهاتوودا
ببنه هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان.
تێپەڕبوون
لە چەمکی دەوڵەت نەتەوە پێویستی به قوربانی دانی زیاتره، چوونکە به قۆناغێکی
قووڵ و کێشەخوڵقێندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و تێپەڕبوون لێی خوێنی دەوێت و خەبات و
بەرخۆدانی پێویستە، بەڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه بۆ تێپەڕاندنی هەر
قۆناغ و دۆخێکی سیاسیی پێشهاتوو پشت بە ڕژانی خوێن ببەستین، پێویستە کورد لە هەموو
کەرەستەکانی بەردەستی کەڵکی پێویست وەرگرێت، هه‌نووكه به‌شێك له هێزه‌كانی
كوردستان خه‌بات و تێكۆشان و وزه‌ی خۆیان له پێناو دیموكراتیزه كردنی وڵاتانی
داگیركه‌ری كوردستان ته‌رخان كردووه و ته‌رخان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش كێشه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی
كورد چاره‌سه‌ر ناكات و ڕێگه‌ی ڕزگاری یه‌كجاره‌كیی دوور و درێژ و ئاڵۆز ده‌كات،
گونجاو نییه كه به‌شێك له ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی كوردستان بۆ داڕشتنی سیسته‌می وڵاتانی
داگیركه‌ری كوردستان به چه‌شنێكی نوێ وزه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد به فیڕۆ بده‌ن و ئه‌و
هێزه‌ی كه كورد بۆ پێكهێنان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان پێویستێتی بۆ
دیموكراتیزه كردنی وڵاتانی داگیركه‌ر ته‌رخان بكرێت و به فیڕۆ بدرێت. كاتێك چه‌مكی
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك ده‌ڕۆخێت و تێك ده‌چێت كه لایه‌نه‌كانی
سیاسیی كوردستان هێز و وزه‌ی خۆیان له پێناو ئامانجی دوور له داخوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی
نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌هه‌ده‌ر و به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن، تاكوو پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه
له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بچووك نه‌ڕۆخێت و تێك نه‌چێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كوردستان
كه كورد تامه‌زرۆی دامه‌زراندنێتی و خه‌ونی پێوه ده‌بینێت به‌دی نایه‌ت.
چه‌مكی ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان كه‌وتووه‌ته قه‌یرانی مه‌زن و تووشی ڕۆخان
بووه‌ته‌وه و به‌شێكی زۆر له نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان مافی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیان
به‌ده‌ست هێناوه، ته‌نیا ئه‌و چوار وڵاته نه‌بێت كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش
كراوه، ئه‌وه‌ش بۆ بێ ئه‌زموونی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه و كێشه‌كه له خودی كورد
دایه نه‌ك له داگیركه‌ر، داگیركه‌ر، داگیركه‌ره و ئامانجی ڕوونه، بۆیه نابێت
چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی باش له داگیركه‌ر بین. به‌ڕێز ئیسمائیل بێشكچی كۆمه‌ڵناسی
گه‌وره و دۆستی كورد ده‌ڵێت برایه‌تیی و ئاشتی نێوان كورد و داگیركه‌رانی
كوردستان به‌یه‌ك ده‌ست به‌دی نایه‌ت، پێویسته هه‌ردوولا بۆ هێنانه‌دی ئاشتی و
برایه‌تی ده‌ستیان درێژ بكه‌ن و له هه‌وڵی بێوچاندا بن. كورد ناتوانێت به ته‌نیا
ئاشتی و ئازادی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌دی بهێنێت! له‌به‌ر ئه‌وه باشتر
وایه كه كورد ته‌نیا پێداگری له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی بكات. كورد له
ماوه‌ی پێنج سه‌ده‌ی ڕابردوودا هه‌وێنی یه‌كێتی و یه‌كڕیزی نه‌بووه و وزه‌كه‌شی
له‌به‌ر نه‌بوونی پلانی تووكمه به فیڕۆ داوه، بۆیه دەبێ كورد خۆی گورج بكاته‌وه
و هەمیشە ئه‌م دوو خاڵه سەرەکییه لەبەرچاو بگرێت، یەک؛ دەبێ کورد یەکگرتوو بێت،
دوو؛ دەبێ گوتاری نەتەوەیی و هاوبەشی هەبێت، ئەمە بە سەرەتای تێپەڕبوون لە قۆناغی
کێشەزای دەوڵەت نەتەوە پێناسە دەکرێت، پاش ئەوەش پێویستە کورد دیپلۆماسی سیاسیی و
بەرژەوەندی نەتەوەخوازیی بەهێزی هەبێت و لە کایەکانی ئابووری سیاسیی لە ناوچەکەدا
ڕۆڵی سەرەکیی بگێڕێت، کورد نابێ ئیتر لە قۆناغە دژوار و پڕ لە هەورازونشیوەکانیدا
تەنیا پشت بەیەک هێز ببەستێت، کورد دەبێ دۆستی سیاسیی و هاوخوانی هاوبەشی زۆر هه‌بێت.
كورد ده‌بێ له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌ماح بخاته به‌رده‌م وڵاتانی زلهێز بۆ
پشتیوانی كردن له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
مافی نه‌ته‌وایه‌تی؛
به‌پێی ئه‌و
پێناسه‌یه كه له ده‌سپێكی ئه‌م وتاره‌دا بۆ نه‌ته‌وه‌مان كردووه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك
مافی بنه‌ڕه‌تیی خۆیه‌تی كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت و خزمه‌ت و بایه‌خ به
ناسنامه‌ی كولتووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌ده‌بیی خۆی بكات و ڕێ له تووانه‌وه‌ی
بگرێت و به‌رده‌وام له هه‌وڵی گه‌شه‌پێدانیدا بێت. هاوكات به‌پێی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی
مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه‌كان كه ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دانی پێدا ناوه،
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی خۆیه‌تی كه ده‌وڵه‌تی هه‌بێت و ئه‌وه‌ش به مافی سرووشتیی
و بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێناسه ده‌كات. له ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كانی
مێژوودا ده‌یان نه‌ته‌وه به خه‌بات و تێكۆشان و به قوربانیدان، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
خۆیان پێكهێناوه و هه‌نووكه له‌و مافه سرووشتییه كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، یانخود به‌پێی
دۆخی سیاسیی و هه‌لومه‌رجی جوگرافی ناوچه‌كه‌یان به‌بێ قوربانیدان ده‌رفه‌تی
پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان بۆ ڕه‌قساوه. به‌ڵام زۆر نه‌ته‌وه‌ش هه‌ن كه
تاكوو هه‌نووكه له خه‌بات و تێكۆشاندان و به به‌رده‌وام سه‌ركوت ده‌كرێن و
كولتوور و ناسنامه‌یان ده‌توێننه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان
بۆ نه‌ڕه‌قساوه كه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ساز بكه‌ن، یانخود نه‌یانتوانیوه
وه‌ك پێویست له هه‌ڵ و ده‌رفه‌ته پێشهاتووهكان كه‌ڵك وه‌رگرن و له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی
خۆیان كۆتایی پێ بهێنن و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕابگه‌یه‌نن.
نه‌ته‌وه‌ی
كوردیش یه‌كێ له‌و نه‌ته‌وانه‌یه كه له ماوه‌ی پێنج سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌رده‌وام
له خه‌بات و تێكۆشاندا بووه، به‌ڵام به‌هۆی ئاڵۆزی كێشه‌ی كورد و هه‌ستیار بوونی
ناوچه‌كه و نه‌بوونی پلانی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست نه‌هێناوه.
هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی سیاسیی و ئیستراتیژی پارته‌كانی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی
كوردستان وڵامده‌ری ویست و داخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نه‌بووه، ئه‌و خوێندنه‌وه‌ش
كه هه‌یانبووه پتر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه كێشه‌ی كورد له
چوارچێوه‌ی وڵاتانی داگیركه‌ر و له چه‌شنی فیدراڵی و به شێوه‌ی دیموكراتی چاره‌سه‌ر
بكرێت و به ده‌ست بێت. ئه‌مه‌ش كێشه‌ی سیاسیی كوردی پتر ئاڵۆز كردووه و كۆمه‌ڵگاش
له تێكۆشانی حیزبه‌كانی كوردستان بێ هیوا كردووه و نه‌یتوانیوه كه چینه
جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌شداری خه‌بات بكات و خه‌باته‌كه‌ی گشتگیر نه‌كردووه و
ته‌نیا په‌یوه‌ست به ناوچه‌یه‌كی تاییبه‌ت به كوردستان بووه، ئه‌مه‌ش به یه‌كێ
له‌و هۆكارانه پێناسه ده‌كرێت كه كورد نه‌یتوانیوه هێزی پێویست بۆ خه‌بات
دابین بكات. له ئاستی كوردستانی گه‌وره‌شدا هیچكام له پارته‌كانی كوردستان خه‌باتیان
بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌كردووه، به‌پێی دۆخ و قۆناغ و هه‌لومه‌رجی جیاواز ئیستراتیژی و
تاكتیكی سیاسیی خۆیان گۆڕیوه، له هه‌ر قۆناغێكیشدا هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه قه‌ناعه‌ت
به كۆمه‌ڵگا بێنن كه باشترین چاره‌سه‌ری سیاسیی ئه‌و هه‌نگاوه‌یه كه ئه‌وان ده‌یهاوێژن،
به‌ڵام له‌پڕدا ئیستراتیژی خۆیان گۆڕیوه و ئاماژه‌یان به پرسێكی دیكه كردووه،
ئه‌مه‌ش تا ئاستێك سه‌ری له خه‌ڵك شێواندووه. ده‌كرا بۆ كۆمه‌ڵگا باس له‌وه بكه‌ن
كه مافی ئێمه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییه، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا هێزی
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی پێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌نده‌مان له ده‌ست دێت.
ده‌كرا
كۆمه‌ڵگا به كولتوورێكی نه‌ته‌وه‌یی و دوور له بارگرژی حیزبایه‌تی گۆش بكه‌ن و
بار بهێنن. ده‌كرا ئه‌و ناسنامه نه‌ته‌وه‌ییه كه نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان
پێویستی پێیه‌تی، له یه‌كه‌م قۆناغ و ده‌سپێكی خه‌باتدا هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبگیرایه
و چرای ڕووناكی داگیرساندایه. مافی نه‌ته‌وه‌یی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی
ویستێكی سرووشتیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه، به‌ڵام خه‌بات و تێكۆشانی بێ پسانه‌وه و
هه‌ست به به‌رپرسیارێتی كردنی ده‌وێت و هه‌موو كه‌س و تاكێكی كۆمه‌ڵگاش به چه‌شنێكی
خۆڕسك ناتوانێ ئه‌و هه‌نگاوه مه‌زنه بهاوێژێت، چونكه شۆڕش و تێكۆشان به هه‌موو
كه‌س ناكرێت و نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش له هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا بكرێت. به‌ڵام
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا به كولتوورێكی نه‌ته‌وه‌یی گۆش بكرێت، ئه‌و هه‌نگاوه مه‌زن و
قورسه ئاسان ده‌بێت، چونكه ڕای گشتیی كۆمه‌ڵگا و ئیراده‌ی گه‌لی له‌گه‌ڵ ده‌بێت.
كۆی
وتار:
ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ورووپا كه له سه‌ده‌ی ١٦دا شه‌ڕی
كلیسای تێدا به‌ڕێوه چوو، له‌م دۆخه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌چێ كه هه‌نووكه
شه‌ڕی نێوان شیعه و سوونه و مه‌سیحی و ئیسلامیی تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت، واتا ئه‌گه‌ر
ئه‌م قۆناغه سیاسییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌كرێ بڵێین كه نه‌ته‌وه‌كانی
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی دوور و نزیك پتر له پانسه‌د ساڵ له پاشه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی
ئه‌ورووپان. شه‌ڕی نێوان شیعه و سوونه ده‌یان ساڵی تێپه‌ڕاندووه و تاكوو ئیستاش
كۆتایی پێنه‌هاتووه، هه‌روه‌ها مه‌سیحی و ئیسلامییه‌كان له باكووری ئه‌فریقاوه
بگره تاكوو ده‌گاته پاكیستان له شه‌ڕ و ئاژاوه و كێشه‌دان و به لێشاو له‌یه‌كتر
ده‌كوژن. له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌و كێشانه‌دا تاكوو ئیستاش چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی و
گونجاو بۆ ئه‌م كێشه و به‌ربه‌ستانه‌ی ئاشتی و ئارامی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
بۆ ده‌رچوون له‌و ته‌نگژانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به چه‌ند خاڵی گرینگ بكه‌م كه پێم وایه ده‌بێته
هۆی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تیی له‌م ناوچه‌یه. یه‌ك؛ تاكوو هه‌نووكه سیسته‌می
ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه نهڕۆخاوه و دۆخی سیاسیی وڵاتان و چه‌شنی دابه‌ش بوونی نه‌ته‌وه‌كان
ڕێگره له هاتنه ئارای ئاشتی، پێویسته نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان مافی بنه‌ڕه‌تی
خۆیان به‌ده‌ست بێننه‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ساز بكه‌ن. دوو؛ پێویسته
له ئاییندا ڕێفۆرم و گۆڕانكاری قووڵ بێته كایه‌وه و تنئاژۆی ئایینی وه‌لا بنرێت
و ڕێ له به‌شداری كردنی ئایین له كایه سیاسییه‌كاندا بگیرێت، سێ؛ كۆمه‌ڵگاكانی
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێویستیان به شۆڕشی ڕۆشه‌نبیری هه‌یه و ده‌بێ دۆخی كۆمه‌ڵگا
ئاڵوگۆڕی قووڵی به‌سه‌ردا بێت و كرانه‌وه به‌خۆیانه‌وه ببینن. چوار؛ ده‌بێ دۆخی
ئابووری و ژیان و گووزه‌رانی خه‌ڵك باشتر بكرێ و هه‌ژاری بنبڕ بكرێت. پێنج؛ ده‌بێت
سیسته‌می سیاسیی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێته‌وه و ئه‌مجاره
بنه‌مای سیاسی‌یان له‌سه‌ر پێوه‌ری نه‌ته‌وه‌ی ئازاد پێك بێت و مافی كه‌مینه‌كانیش
بپارێزرێت. به‌و چه‌شنه ده‌كرێ ئاشتی و ئارامی له‌م ناوچه ئاڵۆزه بێته كایه‌وه
و كۆتایی به كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بێت و قۆناغێكی نوێ له ژیانی گه‌لانی
ئه‌م ناوچه‌یه ده‌ست پێ بكات.
No comments:
Post a Comment