بابەتێکی نوسەری ئەمریکی ڤیکتۆر شارپ کە بۆم وەرگێراون.
کاتی خۆیەتی کە ئیسرائیل هاوکاری کورد بکات .
نەتەوەیەك هەیە وەك جولەکە، هەزاران ساڵە لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆیان ئەژین
ئەوانیش کوردەکانن.
ژیرییە ئەگەر بێت و بێین خوێندنەوەیەك بۆ مێژووە سەرسوڕهێنەرەکەیان بکەین و بەراوردی بکەین لەگەڵ مێژووی جولەکەیا.پێویستە خوێندنەوەش بۆ هەموو ئەو نادادپەروەرییانە بکەین کە بە درێژایی مێژوو لەسەر دەستی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە کۆلۆنیالیستەکان سەپێنرا بەسەریاندا.
هەرچەندە کورد کەوتۆتە ناو جوگرافیایەکی داخراو وە بێ ئومێدانەش بەدوای دۆستدا ئەگەڕێت بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت وە ناشبێت لە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی رابکات، بە هیچ شێوەیەك نابێت بیانو بێنێتەوە کە هاوکاری کورد نەکات، دەوڵەتی جولەکە نابێت کوردەکان لەبیر بکات،لە کاتێکا هەموو جیهان روی خۆی بە روی کوردەکاندا وەرئەچەرخێنێت.تەنها لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ بە دوای مافی سروشتی خۆیاندا دەگەڕێن کە سەدان ساڵە لێیان زەوتکراوە ئەویش سەربەخۆییە.
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێك نەبووە کە دەوڵەت بوبێت و ناوی فەلەستین بێت ،فەلەستین ناوی ناوچەیەكە وەك سیبریا یان پاتاگۆنی.ئەوانە هەرگیز دەوڵەت نەبون .
میلەتی کورد نزیکەی 30 ملیۆن کەسە کە دابەشبون بەسەر چەندین وڵاتدا،خاوەنی مێژوویەکی دورو درێژن.
نزیکەی بیست دەوڵەتی عەرەبی بونی هەیە کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت دەوڵەتێکی تریشیان بۆ دروست بکات لەسەر خاکێك کە تەنها 55 کیلۆمەتر دەریای ناوەڕاست و ئەردەن لەیەکتر جیائەکاتەوە ،لەسەر خاکی جولەکە و سەمەری کە جولەکە بە دڵی خۆیانی ئەزانن .
مێژووی کورد و جولەکە تایبەتمەندی خۆی هەیە،کاتێك 10 هۆزە سەرەکییەکەی ئیسرائیل کە جولەکە بون بێ بەری کران لە خاك و موڵکی خۆیان، دەسەلاتدارانی ئاشوری لە ساڵی 715 تا 721 پێش زاین کەوتە دەرکردنی جولەکەکان لەو سەردەمەدا جولەکەکان ڕەوانەی ناوچەی مادەکان کران کە لە مێژووی نوێدا بە کوردستان ناسراوە.
دوای ئەوەی بابلیەکان ئاشوریەکان تێك ئەشکێنن لە ساڵی 586 ی پێش زاین بە یەکجاری وڵاتی پاشایەتی جولەکەی باشور لە ناو ئەبەن،ئەو دوو هۆزە جولەکەش کە لە ئیسرائیل مابون دەرکران بۆ هەمان شوێن کە پێشتر جولەکەکانی تری بۆ ڕەوانە کرابو .کاتێك فارسەکان بابل داگیر ئەکەن داریوسی گەورە ڕێگا بە جولەکەکان ئەدات تا بگەڕێنەوە سەر موڵکی خۆیان بەڵام بەشێك لە جولەکەکان بڕیار ئەدەن نەگەڕێنەوە.لە تەلمیودی بابلیەکاندا بە پشت بەستن بە دەقێك رێگا بە پیاوە ئاینییەکانی جولەکە ئەدرێت کە ئاینی جولەکە بگەیەنن بە هاوڵاتیانی ناوچەکە.دوای ساڵێك ماڵی شاهانەی کورد لەگەڵ بەشێکی زۆری هاوڵاتیان دێنە سەر ئاینی جولەکە.لە راستیدا لە سەدەی یەکەمی زایندا کاتێك جولەکەکان دژ بە داگیرکەرانی ڕۆم رائەپەڕن ،شاژنی کوردەکان دەست بەجێ بۆ پشتیوانیکردن لە جولەکە گەمارۆدراوەکان هاوکاری مادی و سەربازی ڕەوانە ئەکات.
لە سەرەتای سەدەی دووەمدا ئاینی جولەکە زۆر بە بەربڵاوی بە کوردستاندا بڵاوبویەوە تەنانەت تا ئەمڕۆش کوردە جولەکەکانی ئیسرائیل لە نێوان خۆیان و لە جێگا پیرۆزەکاندا هەر بەو زمانە کۆنە قسە ئەکەن کە ئارامی کۆنە.
پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە چەندین ئارامگای پیاغەمبەرەکانی جولەکە یان لە کوردستانن یان لە نزیك کوردستانن ،بۆ نمونە ناحوم لە ئەلقوشە ،یان مەرقەدی جۆناس لە نەبی یونس دۆزراوەتەوە کە لە نەینەوایە،مەرقەدی دانیاڵ لە کەرکوکی کوردستانە ،یان حەدەسەی شاژن لەگەڵ مەردۆخی مامی لە هەمەدان نێژراون .دوای راپەڕینە سەرنەکوتووەکەی جولەکەکان دژی ڕۆمەکان بەشێکی زۆری حاخامەکان ڕویان لە کوردستان کرد.
لە ساڵی 1138 منداڵێك لە دایك ئەبێت لە خێزانێکی ئازاو چاونەترس ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی ئەبێت،هەرچەندە سەلاحەدین خاچ پەرستەکانی تێك شکاند کەچی عەرەبەکان هەر بە گومانەوە سەیریان ئەکرد لەبەر ئەوەی کورد بو .سەلاحەدین یەکسانی خواز بو چ لە کاتی جەنگدا و چ لە کاتی ئاشتیدا،ئەو یەکسانی خوازییەی سەلاحەدین تەواو پێچەوانەی ڕەفتاری عەرەبەکان بو ،سەلاحەدین تەنها دادپەروەر نەبو لەگەڵ مەسیحیەکاندا بەڵکو بۆ جولەکەکانیش زۆر باش بو ،لەسەردەمی سەلاحەدیندا جولەکە لە ئیسرائیل گەشەی کرد ،ئەوە سەلاحەدین بو کە بودجەی تەرخان کرد تادیواری پیرۆزی لە ئورشەلیم (قودس) بدۆزرێتەوە و بونیاد بنرێتەوە چونکە بە درێژایی سەردەمی بیزەنتینیە داگیرکەرەکان خۆڵ و خاشاکیان بەسەردا فڕێدابو.
فەیلەسوف دوکتۆر حاخامی گەورەی جولەکە مایمۆند دوکتۆری تایبەتی سەلاحەدینی ئەیوبی بو ،لە هەمان کاتدا عەربەکان دەیانزانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان کورد و جولەکەکاندا بونی هەیە .
ئەمڕۆ جیهان داوای دەوڵەتێك بۆ فەلستینییەکان دەکات لە هەمان کاتدا نکۆڵی لە سەربەخۆیی کوردەکان دەکات ،دیارە یاسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافی گەلان نابێت کورد بگرێتەوە .کێشەی گەورە ئەوەیە چونکە عەرەب خاوەنی نەوتن وڵاتانی دونیاش پێویستیان بە نەوتی ئەوان هەیە بۆ گەشەی ئابورییان ئەوا دۆستی زۆریان بۆ دروست بووە بۆیە داوای دەوڵەت بۆ فەلەستین ئەکەن. بەڵام چونکە کورد وەك جولەکە هاوڕێی زۆریان نییە یان کوردەکان توانای فشاریان نییە لەسەر وڵاتە زلهێزەکان ئەوا دەوڵەت بەوان بە ڕەوا نابینرێت .کوردەکان خاوەنی زمان و کولتوری تایبەت بە خۆیانن کە فەلەستینییەکان نییانە،کوردەکان بە درێژایی چەندین سەدە هەستی نەتەوایەتییان هەبووە کە فەلەستینیەکان نەیانبووە،کوردەکان بە درێژایی ئەم 100 ساڵە چەندین جار لە لایەن کۆمەڵگای نیودەوڵەتییەوە خیانەتیان لێکرا ،بەلام فەلەستینییەکان تەنها لەلایەن برا عەرەبەکانیانەوە خیانەتیان لێکراوە .سیاسەتی راست و دروست ئەوەیە کە دان بە کوردەکاندا بنرێت نەك بەو عەرەبانەی کە ناوی خۆیان ناوە فەلەستینی .بە درێژایی دەسەڵاتی فاشیستانەی سەدام کوردەکان روبەروی جینۆساید و گازی ژەهراوی بونەوە،کوردەکانی تورکیا روبەروی جینۆسایدی ئێتنی بونەوە کە تا ئەمڕۆش لەسەر دەستی هەمان حوکومەت بەردەوامی هەیە ،بەلام لە دوای روخانی سەدام کوردەکان دەرئەکەوێت کە ژیرانە سیاسەت ئەکەن و لە روی ئابوریشەوە پێشکەوتنی باشیان بەدەست هێناوە .چ جیاوزییەک ئەبینین کاتێك ئیسرائیل غەزە بۆ فەلەستینیەکان چۆڵ ئەکات لە جیاتی ئەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە دروست بکەن کەچی هەر خەریکی بونیادنانی سەربازگەو تەقاندنی کاتێۆشان لە جیاتی ئەوەی سیستەمێکی دادپەروەرانە بونیاد بنێن دێنو شەریعەت ئەسەپێنن.
لە کوردستانی تا ڕادیەك سەربەخۆدا کوردەکان پێشانی جیهانیان دا کە کۆمەڵگایەکی مۆدێرنیان بونیاد ناوە کە ئافرەتیش وەك پیاو هەمان مافی هەیە کە ئەمە بە ئەستەم ئەبینرێت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا جگە لە ئیسرائیل،ئەوە باسی عێراق هەرناکەم ،کە نوقمی شەڕی تایفی و مەزهەبی بووە.
تەواوی سەرکردەکانی دونیا ئەبێت سەیری کوردستان بکەن کە دەوڵەمەندە بە نەوت،ئەبێت دەوڵەتی کوردستان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دروست ببێت چونکە ئەوە تەنها مافێکی سروشتی خۆیانە و زۆریش دواکەوتن لە بەدەست هێنانی ئەو مافە .
لە سالانی شەستەکاندا ئیسرائیل هەوڵی دا هاوکاری کوردەکان بکات کە تاکە دەوڵەت بو هەستی بە ئاواتەکانیان ئەکرد .مۆردەخای لە پەرتوکی کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا کە لە ساڵی 2002 بڵاوکراوەتەوە باس لە وتەیەکی مەلا مستەفای بارزانی ئەکات کە لە ساڵی 1966 بە ئاریا لۆڤا ئیلیاڤ یەکێك لە نێردراوەکانی ئیسرائیل دەڵێت لە ڕاستیدا تەنها جولەکەکان خەم لە کورد ئەخۆن . مێناهێم بێگین لە ساڵی 1980و لە هەمان پەرتوکدا دەڵێت لە ساڵانی 1965وە تا 1975 بە چەك و شارەزای سەربازی هاوکاری کوردەکانمان کرد دژی ڕژێمی عەرەب لە عێراق بەڵام بە داخەوە ئەمریکا خۆی پشتی لە کوردەکان کرد وە بو بە ڕێگریش لەبەردەم ئێمەدا تا بەردەوام بین لە هاوکاری کردنیان .
مافی دەوڵەتی جولەکەیە کە هەموو هێزی خۆی تەرخان بکات و بیخاتە کار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بە زوترین کات دەولەتێکی سەربەخۆو شایستە بۆ کوردەکان بونیاد بنرێت لە باکوری عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران کە 30 ملیۆن هاوڵاتین .
هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی دورودرێژ لە نێوان کوردستان و ئیسرائیلدا پێوسیتییەکی مێژووییە،بۆ ئەوەی پیشان بدرێت کە چەند کارەسات و نەهامەتی بەسەر ئەم دوو نەتەوەیەدا هێنراوە .هاوپەیمانێتییەك کە ئایندەیەکی گەش بۆ هەردوولایان دەستەبەر بکات کە نەتەوەی غەیرە عەرەبن.
ئەوە کوردەکانن کە شایانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، نەك کاتی خۆیەشیەتی بەڵکو زۆریش درەنگە.
نوسینی ڤیکتۆر شارپ .
No comments:
Post a Comment