Pages

Ads 468x60px

5 Sept 2013

دە ساڵ دوای دۆستە دێرینەکەی گەلی کورد


دە ساڵ دوای دۆستە دێرینەکەی گەلی کورد.
ئامادەکردنی: کەریم مەرەسەنە و عارف سەلیمی
NNS ROJ:لە سیمینارێکدا کە کتێبخانەی کوردیی شاری ستۆکهۆڵم ڕێکی خستبوو، ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارانی دیاری تورک و سوێدی باسیان لە پرسی دیموکراسی لە تورکیا و مافەکانی خەڵکی کورد کرد لەو وڵاتەدا.

لە سیمینارەکەدا کە بە سەردێڕی "تورکیا، دەساڵ دوای ئاننا لیند" رۆژی یەکشەممە ١ی سێپتەمبەر لە هۆڵی "تێنستا ترێف"ی رۆژئاوای ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو، دۆستی دۆزی کورد و لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی تورکیا "جەنگیز چاندار"، سەرۆکی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان لە پەرلەمانی سوێد "میکایل دامبەری" و پەیامنێری رۆژنامەی SVD رۆژنامەنووس "بیتتێ هاممارگرێن" وتاریان پێشکەش کرد.

سیمینارەکە بە بەۆنەی دەیەمین ساڵی مەرگی وەزیری پێشووتری کاروباری دەرەوەی سوێد "ئاننا لیند" بەڕێوە چوو. کۆڕگێران باسیان لە "پڕۆسەی ئاشتی"ی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا کرد و هەر کامەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە، بابەتەکەیان شرۆڤە کرد.
 سەرەتا جەنگیز چاندار رۆژنامەنووسی سەربەدەرەوەی تورکیا، کە بە یەکێک لە داکۆکیکارانی مافی کوردان دێتە ئەژمار، لە وتارەکەی خۆیدا باسی لە کێشە و ئاستەنگییەکانی بەردەم "پرۆسەی ئاشتی" کرد و دەستنیشانی کرد کە "ئێستا هەموو شتێک لە حاڵەتی قەتیسمان دایە".
چاندار گوتی: "مەسەلەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ مەسەلەی کورد هەیە چونکە پێشکەوتنی مافی مرۆڤ و کامڵ بوونی دیمۆکڕاسی یان هەنگاو نان بەرەو دیموکراسیی زیاتر بەستراوە چارەسەریی پرسی کوردەوە."

سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی"ش کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی پێکردووە ئاماژەی بە هەندێ تایبەتمەنیی پڕۆسەکە کرد کە یەکەم جارە لە مێژووی تورکیادا روو دەدەن.
 
بە گوتەی چاندار بۆ یەکەمجار بوو کە دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا بۆ چارەسەری پرسەکە گفتوگۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە کرد و ئەم گفتوگۆیانەشی نەشاردەوە، هەروەها بۆ یەکەم جار بوو کە بەشێوەیەکی فەرمی ئۆجالان کەوتە ناوەندی مەسەلەکەوە و بە ئاشکرا بە بەردەنگ وەرگیرا و بۆ یەکەم جار لە دوای گرتنی ئۆجالانەوە هەندێ لە پەرلەمانتارانی کوردی سەر بە بەدەپە چوونە زیندان و چاویان بە ئۆجالان کەوت.

چاندار چاوپۆشی کردنی دەوڵەت لە هەندێ یاسا و قانونەکانی خۆی و بە جۆرێ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی و دانیشتن لەگەڵ پەکەکەی بە خاڵێکی گرینگی دیکەی هەوڵی ئەم جارەی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەقەڵەم دا.

"بە بەرچاوی دەوڵەتەوە ئەو پەرلەمانتارانە دەچوون لەگەڵ ئەندامانی سەرکرایەتیی پەکەکە دادەنیشتن و رۆڵێ کەناڵێکی پەیوەندی لە نێوان سەرۆکی ئەو رێکخراوە و سەرکردایەتییەکەیان دەگێڕا و هیچ کێشەیەکیش نەهاتە ئاراوە."

جەنگیز چاندار سەبارەت بارودۆخی ئێستاکە و رەوشی بەرەپێشچوونی پڕۆسەکە راگەیاند کە ئێستاکە کەلێنێکی گەورە لە پڕۆسەکەدا هاتۆتە ئاراوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە رۆژی یەکی سێپتەمبەر ئەو رۆژەیە کە لە لایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە وەک دوا وادە بۆ هەنگاوی کردەیی دەوڵەتی تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا دیاری کراوە گوتی کە دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکدا پەکەکەی بەوە تاوانبار کرد کە بەڵێنەکانی بەجێ نەهێناوە و تەنیا 15 بۆ 20 لەسەدی هێزەکانی کشاندۆتەوە ئەم کەلێنە چێ بوو.

بە گوتەی چاندار جەمیل بایکیش وەک "کەسی دووەمی ناو پەکەکە" رۆژی یەکی سێپتەمبەری وەک دوا وادە دیاری کرد بۆ ئەوەی دەوڵەت لە چوارچێوەی قۆناخەکانی پڕۆسەی ئاشتی هەنگاوی کردەیی هەڵبێنێت، دەنا ئەوانیش کشانەوی گەریلاکان بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان رادەگرن. هەروەها ئەگەر بێتوو هەتا 15ی ئۆکتەبەر دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنێ ئەوا پڕۆسەکە بە لای پەکەکەوە کۆتایی پێ دێت.

گوتیشی کە بە بڕای ئەو لە ماوەی یەکی سێپتەمبەر هەتا پازدەی ئۆکتۆبەر دەوڵەت هیچ هەنگاوێک نانەێت بەڵام ئەوە بەو مانایە نابێ کە پڕۆسەکە دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بە ئاماژە دان بەو پاکێجەی لە لایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە بۆ چاکسازیی یاسایی بە مەبەستی دیمۆکراسیی زیاتر ئامادە کراوە و چاوەڕێی ئەوەیە ئەردۆغان ڕا و سەرنجی کۆتایی خۆی لەسەری دەربڕێت و بنێردرێتە پەرلەمان، گوتی کە ئەو پاکێجە ئامادە کراوە بێ ئەوەی دیمۆکراسی تێدا بێت.

چاندار گوتی کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەیەمەوە تا ئێستا حکومەت هەر کات بەڵێنی ریفۆرمی داوە دواتر هەنگاوەکانی زۆر بچووک بووە و هەمیشەش درەنگ ئەنجامی داوە. "ئێمە هەمیشە ریفۆرم مان کردووە بەڵام هەمیشە زۆر کەم بووە و زۆر درەنگیش کردوومانە."

 
دواتر میکاییل دامبەری بەرپرسی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان لە پەرلەمانی سوێد،‌ وتارێکی پێشکەش کرد و وێرای بەناو کردنی تورکیا وەک "ئەکتەرێکی کلیلی" لە ناوچەکەدا، گوتی کە ئەو وڵاتە، دوای قەیرانە ئابووری و داراییەکی یەکیەتیی ئەورووپا "ئێستا ئیتر بە گەرم و گوڕی باس لە بوون بە ئەندامی یەکیەتییەکە ناکا".
 
دامبەری وەبیری هێنایەوە کە ئاننا لیند وەزیری پێشووتری سوێد، هەوڵی زۆری داوە بۆ بە دێموکراتیزە کردنی تورکیا و دەستنیشانی کرد کە پارتەکەی، پرسی کورد لەو وڵاتەدا بە پرسی مافی مرۆڤەوە گرێ دەداتەوە .

ناوبراو گوتی: "ئەو کاتەی تورکیا داوای بەرئەندامەتیی کرد بۆ هاتنە ناو یەکیەتیی ئەورووپا، سوێد و یوونانستان یەکەم وڵات بوون کە دەستیان بە ڕوویەوە نا و داوایان لێ کرد، لە ئاراستەی باشتر کردنی دۆخی مافی مرۆڤدا هەنگاوی کۆنکرێت هەڵبێنێتەوە".

بەگوێرەی ئەو بەرپرسە پایەبەرزەی پارتی سۆسیال دێموکراتی سوێد، لە دە ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئەنجام دراون بەڵام وەک ئەو دەڵێ "مەحاڵە ئێمە لە دوورەوە بزانین چ شتێک بە شێوەیەکی کۆنکرێت گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەوەندە دەزانین کە تورکیا دەگۆڕدرێت، هەڵبەت نە بەو خێراییە کە ئێمە دەمانەوێ، بەڵام دیسانیش هێندێک گۆڕانکاری لە گۆڕێدا هەیە".

"ئەمن پێم وانییە کە تورکیا بتوانێ ڕەوتی گۆڕانکارییەکان یەکسەر ڕاوەستێنێ، بەڵام پێم وایە دەتوانێ وەدوایان بخا، ئێمە لە ئێستاوە هەندێک گۆڕانکاری دەبینین، بەڵام کاتێک باس لە گۆڕانکاری دەکەین دەبێ باس لە پرەنسیپەکانی گۆڕانکاریش بکەین، گۆڕانکارییەکان بێگومان دەبێ لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ ڕۆنرابن، ئەمە خەونی گەورەی ئاننا لیندیش بوو"؛ میکایل دامبەری وای گوت.

دامبەری جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پارتەکەی، دژی هاتنی تورکیا نییە بۆ ناو یەکیەتیی ئەورووپا، بەڵکوو پێی وایە ئەو وڵاتە " دەبێ بەر لەوەی ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئەورووپا، بەندەکانی ڕێکەوتننامەی کۆپێنهاگنی یەکیەتییەکە جێبەجێ بکات."

بەرپرسی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان لە پەرلەمانی سوێد، سەبارەت بە پرسی کوردیش باسی لە "نەریتی لەمێژینە"ی حیزبەکەی کرد وەک داکۆکیکاری مافی خەڵکی کورد، بەڵام جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پرسی کورد تەنیا پەیوەندیی بە مافەکانی خەڵکی کوردەوە نییە، بەڵکوو بەو ڕادەیەش پەیوەندیی بە پرسی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە".

دامبەری سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە تورکیاش دەستنیشانی کرد کە ئەو وڵاتە "ئێستا چانسێکی مێژوویی بۆ ڕەخساوە بۆ دەستەبەر کردنی ئاشتی، هیوادارم لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێ، ئەوان دەبێ باس پرسی ئازادی و دێموکراسی بکەن، لە مافی کەمینەکان، تۆ ناتوانی تەنیا بیر لەو شتانە بکەیەوە، بەڵکوو ئەگەر بتەوێ ئاشتی بەرقەرار کەی، دەبێ قسەیان لێ بکەی و ڕووبەڕوویان ببیەوە".

هەر لەو کۆرەدا پەیامنێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رۆژنامەی SVDی سوێدی بیتتێ هاممارگرێن‌، کە یەکێکە لە دیارترین رۆژنامەنووسەکانی سوێد، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە گۆڕانکاریی ئەرێنی کرد لە عەقڵیەتی هاووڵاتیانی تورکیادا سەبارەت بە کێشەکان.

ناوبراو، وێڕای ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزیری پێشووتری سوێد ئاننا لیند لە پێناو بە دێموکراسی کردنی تورکیادا، باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی تورکیا کرد لە "پارکی گەزی"ی ئەستەنبوڵ و دەستنیشانی کرد "پارتە سیاسییەکانی تورکیا پێویستیان بە تازەبوونەوە هەیە."

هاممارگرێن، کە خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزیی بە "تابلۆیەکی سورڕێئالیستی" وەسف کرد، گوتی "گەنجان بە زەردەخەنەیەکی ئاشتیخوازانەوە لە مەیدانەکەدا کۆ ببوونەوە ... ئەمە زۆر وەک میتینگە سەرەتاییەکانی مەیدانی تەحریری میسر دەچوو". بەڵام بە گوتەی ناوبراو "دەستوەردانی پۆلیس لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان و دەکار کردنی گازی فرمێسکڕێژ، هەروەها زەردەخەنەی خۆپیشاندەران لە میتینگێکی دیکەی هەمان شاردا، وەک تابلۆیەکی سورڕێئالیستی دەچوو." 

ئەو رۆژنامەنووسە سوێدییە ئاماژەی بەوەش دا کە زۆرێک لە خەڵکی تورکیا "هیچ مەیلێکیان بەلای پارتە سیاسییەکاندا نییە" و جەختی لەسەر پێویستیی نوێبوونەوەی پارتەکانی ئەو وڵاتە کردەوە.
هاممارگرێن گوتی "زۆر کەس مەیلیان بەلای سیاسەتی حیزبەکاندا نییە، بەڵام کاتێک لەگەڵیان ڕووبەڕوو دەبیەوە، دەبینی کە پرسی ژینگەیان بۆ گرینگە و باسی لێ دەکەن" و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکیەتیی ئەورووپا، "دەبێ هەوڵ بدا پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، خۆیان نوێ بکەنەوە."

ئەو هەروەها باسی لە کەندولەندەکانی بەردەم بە دێموکراسی بوونی تورکیا کرد بەڵام روونیشی کردەوە کە "لە پەیوەندیی دەگەڵ پرسی کورد و قەتڵوعامی ئەرمەنییەکاندا، بە بەراورد دەگەڵ پێشوو، ڕای گشتی تورکیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە" و ئەوەشی بە "گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە عەقڵیەتی هاووڵاتیانی تورکیادا" لە قەڵەم دا.
ناوبراو لەو بوارەوە گوتیشی "کاتێک لە پارکی گەزی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەدوام، باسی ئەوەیان بۆ دەکردم کە ئەوان، ئێستا کە دەبنە ئامانجی گازی فرمێسکڕێژی پۆلیس، لەوە تێدەگەن کە ئەوەی کوردەکان سەبارەت بە زوڵم و زۆریی دەوڵەت دەیلێن دەبێ ڕاست بێ، ئەوەش کە ئەرمەنییەکان سەبارەت بە قەتڵوعامی خۆیان دەیڵێن دەبێ ڕاست بێ، ئێمە پێشتر باوەڕمان بەوانە نەبوو، بەڵام ئێستا دەزانین ئەوان ڕووبەڕووی چ زوڵمێک بوونەتەوە."

ئاننا لیند، لە گەورە بەرپرسانی پێشووی پارتی سۆسیالدێموکرات و وەزیری پێشووتری کاروباری دەرەوەی سوێد، لە رۆژی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠٣دا، لەلایەن هاووڵاتییەکی سوێدیی بەرەگەز سێربۆکراتییەوە، لەناو شاری ستۆکهۆڵم بە چەقۆ کوژرا. ناوبراو یەکێک لە دۆستانی نزیکی دۆزی کورد و لەناو هاوڕێیانیدا وەک "داهاتووی سۆسیالدێموکراتەکان" چاوی لێ دەکرا. ئاننا لیند لە سەردەمی سەرۆکایەتیی یەکیەتیی ئەورووپای وڵاتەکەیدا یەکێک لە چالاکترین سیاسەتمەدارانی ئەورووپا بوو لە پەیوەندیی دەگەڵ کردنەوەی دەرگاکانی یەکیەتیی ئەورووپا، بە ڕووی وڵاتانی ئەورووپای رۆژهەڵاتدا.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates