Pages

Ads 468x60px

21 Sept 2013

هزر و رامانی حیزبسالارییی قووڵترە لە هزر و رامانی پیاوسالاریی.


هزر و رامانی حیزبسالارییی قووڵترە لە هزر و رامانی پیاوسالاریی.

تاریق یوسفی 

ئەگەر چاوبخشێنین بە مێژووی دوور و نزیک دا، دەبینین کە زۆر هەبوون لە ئەو هزر و رامان و نەریتە پاشوەڕۆیانە کە مرۆڤی خوارەوەی خۆیان وەک موڵک و کۆیلەی خۆیان سەیرکردوە و هیچ بەهایەکیان بۆ دانەناون بێجگە لە بەکارهێنانیان، هەر لە خواوەندە بێدەمامکەکانەوە بگرە تا خواوەندە مدەمامکدارەکان و ئەوانەی خۆیان وەک سێبەری خوا و پاشا، ئاغا، شێخ، دەوڵەت، و دواهەمینیشیان حیزب بە هزر و رامانێکی دەستەڵاتداریی و خۆبەخاوەن زەوی و خۆبەخاوەن مرۆڤ دەبینن.


خواوەندەبێدەمامکەکان؛ ئەوانەی بەئاشکرا هاواریان دەکرد و خۆیان بە مەزنی مرۆڤەکان دەبینی و سەرەوەی خۆیان هیچکەسیان نەدەدیت و دانیانپێدا نەدەنان لە چەشنی فەرعەون و فەرعەونەکان کە مرۆڤکوشتن و مەڕکوشتن بێ جیاوازی بوو لەلایان و مرۆڤەکانیش خۆیان باوەڕیانهێنابوو کە ئەوانە خوان و ئەمانیش قوربانیی ئەوانەن، هەر بۆیە کۆمەڵگە وەک مێگەل هەڵسوکەوتیان دەکرد و ئەوانیشیان وەک خاوەنی کۆمەڵگەکەیان دەبینی.

پاشا، شێخ و دەرەبەگەکانیش یەک ‌لە دوای‌ یەک میراتگری هەمان هزر و رامانی پاشوەڕۆ و خوێنمژی مرۆڤەبەخواوەندبوەکان بوون، پاشا هێزی هەموو وڵات لەدەستیدا بوو، ئیرادەی دانیشتوانی وڵاتیش هەمووتەسلیمی پاشایە، واتە؛ پاشا بڕیاردەر و خاوەنوڵاتە و دانیشتوانی وڵاتیش هەموو سەربازی ئەون و بڕیاری پاشا وەک بریاری خوا سەیری دەکرێت وگوتنەکانیشی بێ بیرکردنەوە پەسەند دەکرێت. دەرەبەگەکان؛ واتە نوێنەری پاشا یان پاشائاسا لە هەرکوێیەک بووبن، لە شار یان لە گوند ئەوا هەرخۆیان بڕیاردەر بوون و هەموو دانیشتوانیش تەنیا جێبەجێکەر بوون و دەرەوەی ئەوە مافێکی دیکەیان نەبووە، کامە زەوی و ڕەزوباخی پڕپیت بوایە ئەوان خۆیاندەکرد بە خاوەنی و داگیریان دەکرد، کامە کچی جوانی خێڵ یان شار و گوندی ژێردەستەڵاتیان بوایە بێ یەکودوکردن دەیانخواست، ئیدی کچ منداڵە و ئاغا پیرەپیاو هیچ گوێی پێ نەدەدرا، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکردایە هەر لە سەرتاشینیەوە بگرە تا دارکاریکردن و کوشتنیشی؛ مافیان بە خۆیان دەدا و سەرەوەی خۆشیان یاسایەک نەبوو.

شێخەکانیش لە ڕێگای دینەوە و (خۆنزیکبوون و یەکپشتبوون لەگەڵ پێغەمەرەکان) خۆیان پێناسە دەکرد و خەڵکیش وەک خوا دەیانپەرەستن. خەڵک سوێندی گەورەیان سەری شێخ و گۆڕی شێخ و ماڵی شێخ بوو، کامە مەڕی چاخ ومریشکی گۆشتن بوو دەبوایە هەر شێخ بیخواردایە، زۆربەی مرۆڤەکانیش بەشانازیەوە خۆیان بە دەروێشیان دەزانین و زۆریشیان خۆیان بە سەگی شێخ وپاسەوانی بەردەرگای شێخ دەزانی و هاواریان دەکرد "سەگی بەردەرگاتین یا شێخ!" و شێخیش دەستێکی بە سەری هەرکەسیان دا بهانیایە؛ ئەوا لەبەرامبەردا شێخ پارچەیەک زەوی وەردەگرت و کامە مانگاش پڕشیر بوایە هەر پێشکەش وشایانی شێخ بوو.

سیستمی دەوڵەتی و دەوڵەت بەنێوی پارێزگاریکردن لە مرۆڤەکان هەموو مرۆڤایەتیان تەفروتونا کرد و نەک هەر مرۆڤیان نەپاراست؛ تەنانەت مرۆڤیان لەناوبرد و هەموو مرۆڤایەتیان کردووە بە دژی یەکتر و ژیانی مرۆڤەکانیان وێرانکردووە، هەزاران ساڵە سیستمی دەوڵەت دروست بووە و دەوڵەت هەیە کەچی مرۆڤەکان هەر لە نەهامەتی وچارەڕەشیدا دەژێن، مرۆڤ تا ئێستاش خێروخۆشی لە سیستمی دەستسازیی مرۆڤ نەدیوە و تا دەشڕوات ژیانی تاکی کۆماڵگەی مرۆیی بەرەو تەنگبوون ونائارامی دەڕوات.

گەلی کورد بە درێژایی مێژوو خوێنی بە دەستی یەک بە یەکی ئەم سیستمانە ڕژاوە و نهاکەش بەردەوامە، درێژەی هەمووئەمانەش ئێستا حیزبایەتیە، بەڵام بەنێوی کوردایـێتی و نەتەوایێتی و نیشتمانپەروەرێتی، بەداخەوە! حیزبایەتی ئەمرۆ سەرەوەی هەموو بەهائەخلاقیەکانە و سەرەوەی هەمووپیرۆزیەکانیشە، بەئاشکرا دەبینین بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دەکرێتە قوربانیی حیزبایێتی وپارتایێتی، قسەی حیزب سەرەوەی گەل و نەتەوەیە، لەبری ئەوەی حیزب ئیرادەی خۆی تێکەڵ بە ئیرادەی نەتەوەکەی بکات؛ کەچی ئیرادەی نەتەوەکەی تەسلیم بە خۆی دەکات و خۆشی تەسلیم بە وڵاتێکی دیکە یان هێزێکی دیکە دەکات، ئەمرۆ حیزبیش ئەندامانی خۆی وەک بەندەی خۆی چاولێدەکات و وەک کۆیلەیەک لەگەڵی دا هەڵسوکەوت دەکات.

حیزبەکان؛ ئەندامەکانی خۆیان وەک موڵکی خۆیان چاولێدەکەن نەک موڵکی گەلەکەیان، هەر بۆیەش دەتوانن سزایان بدەن، دەریان بکەن، بەشەڕیان بدەن، بیان کوژن و کەسیش نەتوانێت پرسیاربکات کە بۆچی و لەبەرچی وادەکەن.

زۆرجار باس لە پیاوسالاری دەکرێت و ڕخنەدەگیرێت کە پیاو؛ ژن بە موڵکی خۆی دەزانێت، هەر بۆیەشە هەڵسوکەوتی ناشایستی لەگەڵ دا دەکات و ماف بەخۆی دەدات، بەڵام حیزبەکان زۆر پتر لە پیاوسالاری حیزبسالاریی دەکەن و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵ ئەندامانیان ناشایستە، ئەگەرپیاو تەنها لەگەڵ ژنێک خراپ بێت ئەوا حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک خراپە، ئەگەر ژن بەتاک هەتکبکرێت و بێڕێزیی پێ بکرێت؛ ئەوا حیزب بەپۆل بێڕێزی دەکات وهەتکی حورمەتیان دەکات، ئەگەر پیاو تەنیا ژنێک وەدەربنێت؛ ئەوا حیزب بە گرووپ و بەدەستە ئەندامانی خۆی وەدەرناوە و تۆمەتی جۆربەجۆریشی بۆ هەڵبەستوون. دیارە پیاویکی نەزان و نەفام و زۆردار ژن بەموڵکی خۆی دەزانێت و شوێنکەوتوی سیستمی دەرەبەگی وشێخگەرایە و ڕێگاش نادات هیچکەس ڕخنەی لێ بگرێت، و دەڵێت ژن ژنی خۆمە و هیچکەس بۆی نیە دەستبخاتە ژیانمەوە، بەڵام هەمان بیرکردنەوە وهەمان تێڕوانینیش لە حیزبەکان هەیە و خۆشیان ناودەنێن حیزبی مۆدێڕن و دیموکرات؛ کەچی ئەگەر ئەندامێکیان بکوژرێت، خۆیان بیکوژن یان خۆی بکوژێت ئەگەرپرسیاربکەی ئەرێ ئەم ئەندامەی ئێوە بۆچی کوژرا یەکسەر لەوەڵام دا دەڵێن بەتۆ چی! ئەندامی خۆمانە و هیچکەس بۆی نیە لێی بکۆڵێتەوە، هەر بۆیە بەڕاستی حیزبایەتی نزمتر یان قوڵترە لە پاشایێتی و شێخایێتی و پیاوسالاریش.

ئیتر؛ دەبێت گەلی کورد ئەندامانی حیزبەکان لە بە موڵککردنیان ڕزگاربکات و ڕێگاش نەدات حیزب ببێتە خاوەنی جەستە و هێز و ئیرادەی تاکی کورد، دەبێت گەل مافی خۆی هەبێت و خاوەن ئەو دەستەڵاتەش بێت کە ماف بخوازێت لە حیزبەکان و ڕێگەی حیزب نەدات ئەسپی خۆیان بە ئەو شێوەیەی دەیانەوێت تاوبدەن، با گەل! چەکوشەکەی ئیبراهیم هەڵبگرن و بتی حیزبسالاریی بڕووخێنن و لە جێگای دا؛ سەروەری دابـنـێن.


tariq_yusifi@hotmail.fi

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates