Pages

Ads 468x60px

14 May 2013

هەڵبژاردن لە ئێران چییە و لە قازانجی کێیە؟


هەڵبژاردن لە ئێران چییە و لە قازانجی کێیە؟
لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی
هەڵبژاردن یەکێ لە کۆڵکە هەر سەرەکییەکانی دامەزراوەی دیموکراتییە و ئەو سیستمە لە هیچ شوێنێکی دوونیا بە بێ ڕەچاو کردنی ئەو کۆڵەکە سەرکەوتوو نابێت.

هەڵبژاردن لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان و بە تاییبەت ئەو وڵاتانەی کە بە دامەزراوەی دیموکراتی بەڕێوە دەچن تاکە ڕێگای ئاڵوگۆڕ پێکردنی دەسەڵاتە و هەر چەند ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت. خەڵک بە بەشداری کردن لەو پڕۆسەیەدا لە کایەی سیاسی وڵاتدا بڕیاردەر دەبن و لە ئاست ڕووداوە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بێ دەنگ و بێ ڕوانگە نابن.
هاوکات هەڵبژاردن یەکێ لە پێوەرە هەر گرینگەکانی سیستمی دیموکراتییە و لە هەر سیستمێکی سیاسی ئەگەر بایخ بە شەفاف بونی هەڵبژاردن نەدرێت، هەروەها وەک یەکێ لە کۆڵەکەکانی دیموکراتی چاوی لێنەکرێت، ڕچاوی ئەو بارودۆخە نەکرێت کە کۆمەڵگا بەرەوی دیموکراتی بون دەبات، سیستمی سیاسی لەو وڵاتە توشی کێشە دەبێت و هەوراز و نشیویی لە سەر ڕێ پێک دێت.
دیارە بە بێ ڕچاو کردنی کۆڵەکەو بنەماکانی دیکەی دیموکراتی سیستمی سیاسی توشی کێشە دەبێت و لە گەڵ گەندەڵی و ناشەفافیەت لە  سیستمی سیاسی و ئابوری بەرەو ڕوو دەبێت و کێشەکانی مەزنتر و قوڵتر دەبنەوە و کۆمەڵگاش توشی گیروگرفتی بنەڕەتی دەکەن. چونکە بنەمانە پێکهێنەرەکانی دیموکراتی کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر پڕۆسەکە دادەنێن.
ئامانج لە نوسینی ئەم وتارە ئەوەیە کە ڕوانگەی خۆم لە پێوەندی بە چۆنێتی هەڵبژاردن و هەڵبژێردراو لە کۆماری ئیسلامی ئێران بخەمە بەر دیدی ئێوەی خوێنەر و بەڕێز. چونکە هەڵبژاردن لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و ئەو وڵاتانەی کە پڕۆسەکە بە یاسا ڕێکخراوە بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنی دەسەڵاتە، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران و ناوچەکە بەو شێوەیە نییە.
بەداخەوە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە وڵاتەکانی جیهانی سێوەم و یەک لەوان ئێران  بۆ مانەوە لە دەسەڵات و قورخ کردنی دەسەڵاتە لە لایەن حوکوومەتە دیکتاتۆرەکانەوە.
 بەتاییبەت ئەگەر بە پێی یاسا و بە شێوەی پراکتیکی هەوڵ بۆ لاواز کردن و بەلاڕێدا بردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بدرێت و بە جیگیرکردنی بەندو مادەی کێشە خوڵقێن پڕۆسەکە لە ئامانجی خۆی کە ئاڵوگۆڕپێکردنی دەسەڵاتر دوور بخرێتەوە کێشەکانی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا ئاڵۆزتر دەکات.
لە بارودۆخێکی هاوشێوەدا ئەرکێکی قورس دەکەێتە ئەستۆی بزوتنەوە مەدەنییەکان و ڕووناکبیرانی کۆمەڵگا، کە لەو پێوەندییەدا کۆمەڵانی خەلک لە پلانەکانی دەسەڵات ئاگادار بکاتەوە و رێگا لە هەر شێوە خۆ سەپاندنێکی سیاسی و گەندەڵیانە بگرێت.
هاوکات رێکخراوە مەدەنییەکان و ئەو بزوتنەوانە کە لە هەمبەر دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا پێک دێن پێویستیان بە پشوو درێژی هەیەو ڕێگا دۆزینەوەی چارەسەری بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.
چونکە دەسەڵات هەوڵ دەدات کە بارودۆخەکە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە و باس لە دەیان کێشەی سیاسی و دەرەکی و نێونەتەوەیی دەکات کە کاریگەری لە سەر بیروڕای گشتی دادەنێت.
ئەزمونی ڕابردوو لە کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهان پیشانی داوە کە دەیان شۆڕشی گرینگ بە لاڕێدا بردراوەو لە ئامانجەکانی دوور کەوتووەتەوە و گرووپێک خۆی سەپاندووە بە سەر کۆمەڵگا و دەسەڵاتی بۆ خۆی قورخ کردووە.
ئەوەمان لە بیر نەچێت کە ئازادی پێوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ هەموو پڕۆسەکانی ناو دیموکراتیەوە هەیە، بە یەکێ لە کۆڵەکە هەر گرینگەکانی ناو ئەو پڕۆسەیە بە ئەژمار دێت کە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا دادەنێت. پڕۆسەی هەڵبژاردنیش کاتێک دەتوانێ کاریگەری لە سەر ئاڵوگۆڕپێکردنی دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگا دابنێت کە ئازادی لە گەڵدا بێت.
واتا، هەموو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن پێویستی بە ئازادی هەیە و دەبێت ئازادی وەک پێوەرێکی دیکەی سەربەستیی و سەربەخۆیی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا پێناسە بکرێت.
بو نمونە ئەگەر لە وڵاتێکدا ئەم پڕۆسەیە بەڕێوە بچێت بەڵام ئازادی لە گەڵ نەبێت ئەوا ئەو هەڵبژاردنە "شەفاف" و ئازاد و سەربەخۆ نییەو بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنی دەسەڵات ناکرێت پشتی پێببەسرێت. یان بۆ ئارەستە کردنی کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەیی کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ئازادی سەرەکیترین کۆڵەکەی دیموکراسییە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ پڕسە گرینگ و لاوەکییەکانی ناو پڕۆسەی دیموکراتیەوە هەیە.
ئەگەر بە شێوەیەکی فەلسەفی چاو لەو پڕۆسەیە بکەین ئەوا لە ئازادییە تاکە کەسییەکانەوە تاکوو لە ئازادییە گشتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەکانەوە تێپەڕ دەبێت پیوەندی ڕاستەوخۆی بەو پڕۆسەیەوە هەیە.

لە وڵاتەکانی جیهانی سێوەم و بە تاییبەت ئێران دەسەڵات خۆی لە کۆمەڵگا جیا کردووەتەوەو لە بەرامبەری ڕاوەستاوە، ئازادی وەک ڕایەڵەیەکی ڕەخنە بەرهەمهێنەر و هۆشیارکەرەوە دەور دەگێڕێت، گەورەیی و کەسایەتی مرۆڤەکان دەپارێزێت بۆیە حوکوومەتە دیکتاتۆرەکان هەوڵی کپوکڕ کردنی دەدەن. کپ کردنی ئازادی بەواتای کپ کردنی کۆمەڵەگا پێناسە دەکرێت.
یەکێ لە تاییبەتمەندییەکانی دیموکراسی کە جێگای سرنج و تێڕامانە ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەست خەڵکەوەیە. خەڵک بڕیار دەدەن کە کێ لە دەسەڵاتدا بێت، واتا خەڵک لە هەموو لایەنەکانی دیکە لە کۆمەڵگا بەدەسەڵاتترن و لە هەر دۆخێکی تاییبەتدا دەتوان ئاڵوگۆڕ لە سیستمی سیاسی وڵات پێک بهێنن، بەڵام کاتێک دەسەڵات هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە خۆی لە کۆمەڵگا جیا بکاتەوە و دەسەڵاتی سیاسی گروپێکی تاییبەت بە سەر خەڵکەوە زاڵ بکات، ئەوا ئەو کات ئارەستە کردن بەرەو کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەبێت و لە ئاکامدا سیستمێکی دیکاتۆر و دواکەوتوو و توتالیتێر پێک دێت.
کاتێک دەسەڵات لە کۆمەڵگادا هەوڵ دەدات کە دەسەڵاتی بڕیاردان لە خەڵک بستێنێتەوە و بۆ خۆی قورخی بکات، بەڵام هەر وەک شانۆ هەڵبژاردنیش بەڕێوە دەبات، ئەوە دوو پەیامان پێ دەدات، یەک یان لە گەمژەیی خەڵک سەرچاوە دەگرێت، دوو یان خەڵکی ئەو کۆمەڵگا خۆیان دیکتاتۆر دروست دەکەن و لە بەلاڕێدا بردنی سیستمی دیموکراتی هاوکاری حوکوومەتن.
ئەوەش بۆ نا هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە. لێرەدا نمونەیەک بیرتان دێنمەوە، لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، گروپێکی تاییبەت ئەو هەلە مێژووییەیان قۆستەوە، هاوکات هەڵبژاردنێکیان ساز کرد کە ئازادی تێدا کپ کرابوو، واتا دەیانزانی ئارەستەکردنی هەڵبژاردن و سیستمی سیاسی بەرە کوێ دەڕوات. خەڵکیش بەبێشی کردنەوەو و شرۆڤە کردنی پڕۆسەکە لە هەڵبژاردندا بەشداریان کرد، لە ئاکامی ئەو هەڵە مێژووییەدا کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهات. دیارە لەو قۆناغەدا بەشێک لە پارتە سیاسیەکانیش توشی هەمان هەڵە بون و لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کەوتن.
کۆماری ئیسلامی و پڕۆسەی هەڵبژاردن:
کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێ لەو وڵاتانە بوو کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری دژایەتی خۆی لە گەڵ کۆڵەکەکانی دیموکراتی و لە سەری هەموویانەوە "ئازادی" لە هەڵبژاردنەکان دەبڕی.
دژایەتی کردنی بنەماکانی ئازادی و دیموکراتی لە یەکەم شانۆی هەڵبژاردن لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران کاتێک ڕەنگی دایەوەو دەرکەوت کە لە شانۆکەدا دەبوایە یان بە کۆماری ئیسلامی دەنگ بدەیت یان دەنگی پێ نەدەیت. واتا چەند سیستمی سیاسی شرۆڤە کراو بۆ خەڵک پێشنیار نەکرابوو کە یەک لەوان هەڵبژێرن.
ئەوەش هاوخوانی لە گەڵ هیچ کام لە بنەماکانی دیموکراتی نییە  و پێچەوانە لە دژی هەر چەشنە پرەنسیبێکی دیموکراتی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ڕادەوەستێت.
ئەوە وەک سەرەتای قورخکردنی دەسەڵات لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێناسە دەکرێت.
کۆمەڵگای ئەو کاتی ئێران کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و دواکەوتوو بوو. ئەو کۆمەڵگایە لە هەر چەشنە هوشیارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دوور بوو.
تاکە گەلێک کە لە ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی خەبات و تێکۆشانی دەسپێکرد و چەکی لە شان کرد بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکەی گەلی کورد بوو، گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە هەستی بە نادیموکراتی هەڵبژاردن و ئەو شانۆ دەستکردە کردەبوو کە لە ئێران بەڕێوە دەچوو.
یەکێ لەو خاڵانەی کە هەم خەڵکی ئێران و هەم پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ئەو سەردەمەی توشی هەڵەی سیاسی کرد نا ئاشنایەتی بە سیستمی کۆماری  ئیسلامی "ولایت فقیە" بوو. واتا نەیاندەزانی کە باکگراونی کۆماری ئیسلامی چییە؟
هەنوکە دەیان وڵات لە جیهان هەن کە پێیان وایە کۆماری ئیسلامی سیستمێکە کە دەکرێت ڕێفۆرم و گۆڕانکاری تێدا بکرێت و ئاڵوگۆڕ بە سەر ڕوانگەکانیدا بێنێت.
بەڵام لە ڕاستیدا لە سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران چەند بنەمایەک بونیان هەیە کە بە هەموو شێوەیەک لە دژی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕ پێکردنێکی دەسەڵات ڕادەوەستێت و ڕێگە بە هزرە جیاوازەکان نادات کە لە کایەی سیاسی وڵات بەشداری بکەن. لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی ئەو کەسانە دەکرێت کە دەیانهەوێت خۆیان بۆ کایەی سیاسی وڵاتدا بپاڵێون. هاوکات بە ڕابردوویاندا دەچنەوە و خاڵە لاوازەکانی پاڵێوراوەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی بەرچاو دەخەن.

لە لایەکی دیکەوە دەبێت "ولایت فقیە" وەک مەزنترین "مەرجع" و نوێنەری خودا لە سەر زەوی "قبوڵ" بێت و ڕوانگە و هێز و توانایان لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی وەلی و "ولایت فقیە"دا بێت.
ولایت فقیە
"ولایت فقیە" وەک تاکە نوێنەری خودا لە سەر گۆی زەوی توانای بەرپرچدانەوەی هەر چەشنە بیر و ڕوانگەیەکی هەیە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی بووەستێت و هاوکات هیچ ڕوانگەیەکی پێڕەوا نییە کە هاوخوانی لە گەڵ سیستمی "ولایت فقیە"دا نەبێت. مافی بەرپرچدانەوەشی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئێران ڕێکخستووە. ئەو کەسانەی کە لە دژی ئەو وەلایەتە خەبات دەکەن یان ڕوانگەکەیان جیاواز و ناتەبایە و لە گەڵ بنەماکانی ئەو سیستمە ناگونجێت دەکەونە بەر هێرشی دڕندانەی هێزە بەکرێ گیراوەکانی سەر بەو وەلایەتە.
ئەگەر چاو لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران لە دەورەی پێشوو واتا دەوری دەیەم بکەین ئەوا زۆر بە ئاسانی هەست بەو بنەمانە دەکەین کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بونیان هەیە و لە دژی ویستە سروشتییەکانی کۆمەلگای ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتەن.
"میر حوسەین موسەوی"  یەکێ لەو کەسانە بوو کە لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دەوری گێڕاوە و هەروەها لە قورخ کردنی دەسەڵات بۆ مەلاکان و کۆمەڵکوژی ڕووناکبیران لە دەیەی شەستی هەتاویدا جێپێی دیارە. ناوبراو خزمەتێکی گەورەی بە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.
"خامنەئی" لە نوێژی هەیینی پاش بەڕێوەچونی شانۆی هەڵبژاردنی خولی دەیەم وتی ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ سەرۆککۆماری ئێران پاڵاوت لە کۆڵەکە هەر گرینگ و کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بون.
دەنگ و ڕوانگەی "خامنەئی" ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەری بە سەر دەنگی پتر لە ٢٠ میلیۆن کەس هەبوو و لەو کێبڕکێیەدا دەنگی ناوبراو بە سەر دەنگی خەڵکدا سەرکەوت و لە پاش بەڕێوەچونی شانۆکە خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی دەنگەکانی خۆیان ڕژانە سەر شەقامەکان و " میر حوسەین موسەوی و کەڕوبیش" کەوتە بەندیخانە.
هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو دوو داردەستەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ناو ٣٣ ساڵ خزمەت بە کۆماری ئیسلامی ئیراندا یەکجار دەنگیان جیاواز بوو کەوتنە بەندیخانەو چارەنوسیان بەو ئاقارەدا ڕۆیشت.

 تەنانەت ئەگەر " میر حوسەین موسەوی"ش لەو هەڵبژاردنە کارتۆنییەدا سەرکەوتبایە ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران و "ولایت فقیە"دا پێک نەدەهات.
 من پێم وایە کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەمیشە بەو شێوەیە بووە و یاری بە دەنگی خەڵک کراوە، مەبەست لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن تەنیا ڕەواپێدان بە سیستمی کۆماری ئیسلامی بووە. چونکە لە ئاکامدا "ولایت فقیە" بڕیادەری سەرەکی ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەبێت و تەنیا ڕوانگەی ئەو لەو پێوەندییەدا جێدەکەوێت.
"سپا" یەکێکی دیکە لەو لایەنانەیە کە دەسەڵاتی بە سەر هەموو ئورگانێکی سیاسی- نیزامی و ئابوری لە ئیران هەیە
سپا هێزێکە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت و دەسەڵاتی بە سەر هەموو ئورگان و هێزەکانی وەک " قوە مقننە" قوە قضائیە" قوە اجرائیە" هەیە، هاوکات لە دە ساڵی ڕابردوودا دەستی بە سەر هەموو پێگە ئابوری و بەرهەمهێنەرەکانی ئێراندا گرتووە.
سپا هێزێکە کە "شاخەی" دەرەوەی سنوری هەیە و لە وڵاتانی وەک ئێراق، سورییە، کەنداوی عەرەب و لۆبنان چالاکە و دەیان کردەوەی تیرۆرستیشی لە وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکایی ئەنجام داوە، ئیستاش لە لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە.
هەر وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە ئێران تەنیا لە بەر ئەویە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران"مشروعیت"ی خۆیان لە لایەن خەڵکەوە بە جیهان بنوێنن
چونکە لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتدارێتی "ولایت فقیە" ئازادی، هەڵبژاردنی شەفاف و دادپەروەری کۆمەڵایەتی واتای نییە.
لە کۆتاییدا پێداگری لە سەر ئەوە دەکەمەوە کە تەنیا ڕێگە بۆ دەرباز بون لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وەدیهاتنی مافی نەتەوە بندەستەکان ڕاوەستانە لە بەرامبەر هەر چەشنە شانۆیەک کە کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبات.

 کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت لە شانۆیەکدا خەڵک بەشداری پێبکات کە هیچ پێوەرێکی دیموکراتیکی نییە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا گرینگترین ئامانجی "ولایت فقیە" بەشداری پێکردنی خەڵکە لەو شانۆیە. مەزنترین ئەرکی ئێمەش لەو پێوەندییەدا هۆشیار کردنەوەی خەڵکە کە نەبنە بەشێک لە شانۆ کارتۆنییەکەی ڕژیم کە بۆ درێژ کردنەوەی دەسەڵاتە توتالیتەرییەکەی دەیخاتە ڕێ.
هەنوکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و لە هەموو بوارێکەوە دۆخەکەی ئاڵۆز و شێواوە. باشترین ڕێگە چارە داوا کردنە لە خەڵکی کوردستان کە لەو شانۆ سازکراوەدا بەشداری نەکەن. دۆخی ئابوری- سیاسی- کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە تێکۆچووە و ئەگەر پشتیوانی هێزە نێونەتەوەییەکانی لە پشت بێت دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەنای دیکەی ئێران ڕاپەڕینی جەماوەریی لە دژی ئەم دۆخە نالەبارە بەڕێوە بچێت و کۆماری ئیسلامی ئێران توشی داڕمان بکات.
لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوو خەبات و تێکۆشانی نەتەوە بندەستەکان لە ئێران لە مۆڵدا خەوتووە و پێویست بە هەستانەوە دەکات، ئیتر کاتی ئەوە گەیشتووە کە لە کۆمەڵگادا ئاڵوگۆڕی پێویست پێک بێت و لە ڕێگەی دیموکراتیەوە بەرەو کۆمەڵگای مەدەنی هەنگاوی مەزن هەڵنێین و کۆمەڵ لە دووگمایی و داخراوەیی بەرەو مەدەنییەت بخەینە ڕێ.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates