Pages

Ads 468x60px

5 May 2013

مەسعوود بارزانی دەڵێ : پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە


مەسعوود بارزانی دەڵێ : پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە.

مەسعوود بارزانی : ماوەیەکە بە نووسین و بە لێدوان قسە لە سەر بابەتی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکرێت. ئەم بابەتە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەخرێتەڕوو. بە ئەرێنی یان نەرێنی بێت، زۆر کەس بە دیتنێکی نیشتیمانییەوە.


ئاوڕیان لەو بابەتە داوەتەوە  وهەندێ کەسیش لە دیدگا و ئامانجێکی سیاسیی تایبەتەوە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەن، رێزم بۆ بۆچوونی هەردوو لا هەیە و هەر کەسێک ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام لەم بارودۆخە هەستیارەی دەڤەرەکەدا، کەشێک لە شەقامی کوردستانیدا خوڵقاوە وەک ئەوەی بابەت لەمە گرنگتر نییە و  زۆر بابەتی هەستیاری پەیوەست بە چارەنووسی گەلەکەمان خەریکە پەراوێز دەخرێن.
لەم نێوەندەدا ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە ئەوەیە کە، بابەتەکە شەخسی نییە. لەو رۆژەوەی کە من بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردراوم، وتوومە کە من سەرۆک نیم بەڵکو پیشمەرگەم و هەر بە پێشمەرگەش دەمێنمەوە. هیچ پلە وپۆست وناوێکیش بۆ من لەم ئەرک و ناوە پیرۆزتر و گەورەتر نییە. هەموو کاتێ بەرژەوەندیی گەل و خزمەت وخەبات لە پێناو کەرامەتی هاووڵاتیانمان بەلامەوە گرنگتر بووە لەوەی کە لە چ پۆست و پێگەیەکدا بم.
ئێستا کە ئەم بابەتە زۆر باس دەکرێت دەمەوێت بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستمان ڕوون بکەمەوە کە من نە داوای هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیم کردووە و نە داوام کردووە ماوەی سەرۆکایەتی درێژ بکرێتەوە و یاخود رێگەم بۆ هەموار بکرێت خۆم بۆ ئەم پۆستە بپاڵێومەوە.
وەکو شەخس ئامانجم پۆست نییە، ئەم پێگەیە ئامرازێکە بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانم. ئەم پۆستە سەنگەرێک بووە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی گەلەکەم بکەم، ویستوومە سەربەستانە و دوور لە گوشار وململانێ حیزبییەکان لەم پۆستەدا سەروەریی گەلەکەم بپارێزم، بۆیەشە کاتی خۆی بە مەرجی دەنگی راستەوخۆی گەل رازی بووم ئەم پۆستە وەرگرمەوە. پێوەر لای من رەزامەندیی زۆرینەی گەلەکەمانە و ئامادە نیم ناوبانگ و رابردووی خەبات و تێکۆشانی خۆم و خانەوادەکەم بۆ پۆست و پایە لەکەدار بکەم.
ئێستا دوای قوربانیدانێکی زۆری گەلەکەمان، کیانێک لەم هەرێمەدا جێگیر بووە، ڕاستتر وایە هەموو لایەک بە دڵسۆزییەوە ئەو کیانە بپارێزین و بەرەوپێشەوەی ببەین، نەک ئەوەی لە ململانێکاندا ڕەش و سپی تێکەڵ بکرێت و بەو لۆژیکە کار بکەین کە بۆ شکاندنی دەسەڵاتێک،  وڵاتێک تێکبشکێندرێت.
سیستەمی حوکمرانی لە هەرێمدا سەرۆکایەتی نییە، ئەم سیستەمەش باش بێت یان خەراپ بۆ تاکە کەسێک دانەمەزراوە. گرنگ ئەوه‌یە لەم سیستەمەدا ڕێز لە ڕای خەڵک بگیرێت و چارەنووسی خەڵک بە دەست خۆیانەوە بێت. ڕێگە نەدرێت سەفقاتی سیاسی ببن بە جێگرەوەی دەنگی خەڵک.
خەڵکی ئێمە لە ئاستێکی بەرزی هوشیاریی سیاسیدان و خۆیان دەتوانن بڕیار لە سەر دوارۆژی خۆیان و پرسە یاسایی ودەستوورییەکان بدەن. زەوتکردنی ئەو مافەی خەڵک هەنگاونانە بەرەو تاکڕەوی شەخسی و حیزبی.
لە بەر زۆر ئەگەر رەشنووسی دەستوور نەخراوەتە ڕاپرسییەوە، پرۆسەی دانانی دەستوور پرۆسەیەکی ئاسایی بووە و هەموو قۆناغەکانی بە شێوەی سروشتی بڕیوە، ئێستا مافی خەڵکە کە دەبێت بڕیار بدەن ڕەشنووسی دەستوورەکەیان لا پەسندە یان نا. ئەو داوایەی کە لایەنە سیاسییەکان لە جیاتی خەڵک بڕیار لە سەر رەشنووسی دەستور بدەن، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەم داوایە پێچەوانەی بڕوابوونە بە ئیرادەی خەڵک و دژ بە چەمکی دیموکراسییە.
نەمدەویست لە سەر ئەم بابەتە قسە بکەم و ناخوازم هیچ رەهەندێکی شەخسی وەرگرێت، چونکە گرنگ نییە کێ لە چ پۆستێکدا دەبێت، گرنگ بەرژەوەندیی گشتی خەڵک و نیشتمانە، بەڵام هەندێ هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی هەیە، لە سەر ئەم بابەتە قسەی زیاترم هەیە کە لەداهاتوو و لە کاتێکی گونجاودا دەیانخەمە ڕوو، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە گەلەکەمان ئاگادار بن هەوڵێک هەیە بۆ وەستاندنی ڕەوتی پێشکەوتنی دۆزەکەمان، هەوڵێک هەیە بۆ وەدینەهاتنی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە هەموومان ئاواتمانە، هەوڵ لە دژی دەنگ و ئیرادەی خەڵک هەیە، لەم کەشە سیاسییەی ناوچەکەشدا کەسانێک خواستە یا خود نەخواستە یارمەتیدەری ئەو هەوڵانەن.
لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا من لە هەموو پرسەکاندا داوای گەڕانەوە بۆ ڕا و ئیرادەی گەل دەکەم و هەمیشە و لە هەر پێگەیەکیشدا بم بەرگری لە رێزگرتن لە ڕا و ویستی گەل دەکەم. لایەنە سیاسییەکان دەبێت پێگیر بن بە ڕای خەڵک نەک بە پێچەوانەوە. ترس لە ڕای خەڵک نیشانەی بڕوا بەخۆ نەبوونە. هەر لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیش، گرنگ نییە کێ پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێت و ئەم پۆستە بۆ کەسێکی دیاریکراو دانەتاشراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە مافی دیاریکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێم، کە مافێکی سرووشتیی خەڵکە، لێیان نەسەندرێتەوە. 
لە کۆتاییدا دەخوازم بە جەماوەری خۆشەویستمان ڕابگەیەنم کە، پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەرەو دواوە ناگەرێتەوە و هەر هەولێک بۆ زەوتکردنی مافی خەڵک لە دیارکردنی چارەنووسیان، پێچەوانەی تەیاری سروشتیی پێشڤەچوونی کۆمەڵگاکەمانە و سەرناگرێت.
rojikurd

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates