Pages

Ads 468x60px

26 May 2013

بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە هەماندن "تحریم" ی بە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شورای شار وگوندەکان



بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە هەماندن "تحریم" ی بە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شورای شار وگوندەکان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
پارت و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان !
هەڵبژاردن یەکێ لەو کۆڵەکە هەرە گرینگ وکاریگەرانەیە کە سیستمی دیموکراتی لە سەری دامەزراوە و لە ڕێگای ئاڵوگۆڕپێکردنی دەسەڵاتەوە ڕاستەوخۆ کاریگەی لە سەر کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی و ئابوری دادەنێت، لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بە ئاسانترین شێوە ئاڵوگۆڕەکانی ناو کۆمەڵگا بە بێ کێشە جێدەکەون و خەڵکیش لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتە 
سیاسییەکان دەگۆڕن و لە کایەی سیاسی وڵات بەشداری دەکەن و خۆیان بە دەسەڵات بەدەستی کۆمەڵگا دەزانن.

سیستمی دیموکراتی تاکە سیستمێکی سیاسی سەرکەوتووە کە خەڵک لە کایەی سیاسی وڵات بەشداری دەکات و کۆمەڵ خۆیان بە سەر خۆیانەوە حکومەت دەکەن.
لە ڕێڕەوی ئەو پێشکەوتن و پێشەوەچونەشدا کە کۆمەڵگا پێدا تێپەڕ دەبێت ئەگەر توشی هەڵە بن، یان دەسەڵات لە قازانج و بەژەوەندی خەڵک هەنگاو هەڵنەنێتەوە ئەوا متمانەی خۆی لە لایەن کۆمەڵگا و خەڵکەوە لێدەسێنرێتەوە، بە شێوەی دیموکراتی و لە ڕێگای هەڵبژاردن یان بە ڕێگای خۆپیشاندان دەسەڵات ناچار دەکەن کە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە، وە یان حوکوومەت هەڵدەوەشێتەوە.
بەڵام لە کۆمەڵگای ئێران بە گشتی و  ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بندەستی ئێران) بە تایبەتی سیستمێکی دیموکراتی جێگیر نییە و گرووپێکی تایبەت دەسەڵاتی بە سەر هەموو کۆمەڵگادا گرتووە و هەموو دەسەڵاتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردووە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە.
ئەزمونی ڕابردوو و هەڵبژاردنەکان لەو وڵاتە بۆ ئێمەی سەلماندوونە کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە هیچ ئاڵوگۆڕێک لە کۆمەڵگای ئێران بە سەر دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتە نایەت و حوکوومەت لە ڕێگە جۆربەجۆرەکانەوە ڕێگری لەو کەسانە دەکات کە باوەڕیان بەو بنەمایانە نییە کە کۆماری ئیسلامی لە سەر دامەزراون.
لە تەمەنی پتر لە 33 ساڵی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە ئێران تاکوو هەنوکە کەسێکی سەربەخۆ کە بیروڕای لە گەڵ بنەماکانی کۆماری ئیسلامی جیاواز بێت نەیتوانییوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا بەشداری بکات. یان "ڕەدی سەلاحیەت" کراوە یان هەورازو نشیوی لە سەر ڕێیان بۆ پێکهێناوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە کایەی سیاسی لەو وڵاتە دوور خراوەتەوە.
ئەو کەسانەی کە ڕێگەیان پێدەدرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئێران بەشداری بکەن کەسانێکن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە متمانەیان پێدراوە و لە چوارچێوەی "ولایت فقیە" دەجوڵێنەوە و باوەڕیان بە بنەماکانی "ولایت فقیە" هەیە.
هاوکات دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار  یان ئەندامێکی پەرلەمان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا سنوور دارە و بە بێ ئیزنی "ولایت فقیە" نوێنەری خودا توانای بڕیاردانی سەربەخۆی نییە. بڕیارێک ئەگەر لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامیەوە هەڵنەسەنگێنرێ جێبەجێ ناکرێت.
لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەوری " قوە مقننە" قوە قضائیە" قوە اجرائیە" بە بێ ئیزن و بڕیاری "ولایت فقیە" سنوور دارە. کاریگەری حوکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگا حوکوومی و ئیدارییەکان وەک ئاماژەی پێکرا پاسیڤن.
هەنووکە لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵات و خەڵک لەیەک دوورن و حوکوومەت لە دژی ویستەکانی کۆمەڵگا ڕاوەستاوە. کۆماری ئیسلامی گرینگی بە داخوازییە ڕەواکانی خەڵک نادات و تەنیا ئەو ڕوانگە و بیروڕانە پیرۆزن کە لە لایەن "ولایت فقیە"وە بناغەیان بۆ داڕێژراوە.
لە هەڵبژاردنەکانی دەوری پێشوو جارێکی دیکە بۆ خەڵک سەلمێنرایەوە کە ئەگەر پاڵێوراوێک لە لایەن دەسەڵاتەوە متمانەی پێدرابێت و خزمەتێکی گەورەی بە کۆماری ئیسلامی کردبێت و وەک کۆڵەکەیەکی کۆماری ئیسلامی ناوی برابێت، بەڵام هەنوکە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارێتی ئەو ڕژیمە لە ئێران بیروڕای لە ڕوانگەی "ولایت فقیە" جیاواز بێت و هاوکات زۆرینەی خەڵکیش دەنگی پێدابێت، ئەو مافەی پێنادرێت کە ببێتە سەرکۆکۆمار و دەستکاری دەنگەکان دەکرێت و کەسی دڵخوازی "ولایت فقیە" ئەو پلەیە بەدەستەوە دەگرێت.
گرینگترین و کاریگەرترین بڕیارەکان لە لایەن "ولایت فقیە"وە دەردەچێت و بە سەر سەرۆک کۆمار و دامودەزگاکانی دیکە و حوکوومەت و پەرلەمان دابەش دەکرێت و ئەرکی جێبەجێکردنیان دەکەوێتە ئەستۆ.  هاوکات "ولایت فقیە" ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەموو بڕیارەکانی بەدەستەوەیە لە لایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت و ڕوانگەی خەڵک هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ناوبراو دانانێت.
ئازادی لە شەفاف بون و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت، هاوکات وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیستمی دیموکراتییش پێناسە دەکرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی بە هەموو پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاوە هەیە. ئەو تاییبەتمەندیانەی ئازادی وایکردووە کە بە هەموو شێوەکانیەوە لە کۆمەڵگای ئێران قەدەغە و بنبڕ بکرێت.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ئێران شانۆیەکە کە هەر چەند ساڵ جارێک لەو وڵاتە بەڕێوە  دەچێت، تەنیا ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە بۆ ئەوە دەگەڕێتە کە کۆماری ئیسلامی "مەشروعییەتی" خۆی لە لایەن خەڵکەوە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیشان بدات و بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی حوکوومەتێکە کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێرێت و ویستی گەل لە گەڵ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە..
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکی خۆشەویست و تێکۆشەر و ماف ویستی کوردستان داواکارین کە لەو شانۆیەدا بەشداری نەکەن و هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆیان بۆ لاواز کردنی ئەو ڕژیمە بخەنە گەڕ.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژوارترین قۆناغی تەمەنی خۆیدا تێپەڕ دەبێت و ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا کاریگەری مەزنی لە سەر دەسەڵاتەکەی داناوە. ڕۆڵی نێگەتیڤی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هیزە جیهانی و ناوچەییەکان ڕوون بووەتەوە.
تا دێت گۆشەگیر کردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پتر دەبێت و ڕژیمیش هەوڵی خۆیی دەدات کە خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری پێبکات بۆ ئەوە " مەشروعییەتی" دووبارەی خۆی لە خەڵکەوە وەر بگرێت. بێگومان بەشداری کردن یان بەشداری نەکردنی ئێوە لە هەڵبژاردنەکان  کاریگەری لە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیوادارین کە ئێوە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان جارێکی دیکە بیسەلمێننەوە کە هیچ کات لە گەڵ مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەبونە و نین.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شۆرای شار و گوندەکان بە هەموو شێوەیەک" تحریم" دەکەین، هاوکات هیوادارین کە ئێوەی بەڕێزیش "تحریم"ی بکەن و لەو شانۆیەدا کە کۆماری ئیسلامی ڕێکی خستووە بەشداری نەکەن و نەکەونە ناو بازنەی خزمەت بە سیاسەتەکانی ڕژیم.
دەستەی کارگێری پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
5ی جۆزەردانی 2713ی کوردی
سەرچاوە: سەربەستی ئینفۆ

www.serbesti.info




Partî Serbestî Rojhellatî Kurdistan
East Kurdistan Independent Party" EKIP "
http://www.serbesti.info/

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates