سوپاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامی هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان دەکەنەوە
بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل و سوپاسالاری ئەمریکا کۆبوونەوە و جەختیان لە زیادبوونی هاوئاهەنگی سوپاکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا کردەوە.
مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا دوای سەردانی قەتەر و ئیمارات سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
نووسینگەی بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، میڵی و بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل باسیان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێویستیی بەردەوامبوونی گوشارەکانی سەر ئێران کردووە.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، گانتز لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هاوئاهەنگییەکانی تەلئەڤیڤ و واشنتن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشە و هێرشێکی ئێران بەردەوام دەبن.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان زیادکرد، ئەوەش دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران.
بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە ئیسرائیل لە پشت کوشتنی فەخریزادەوەیە و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپیش هەمان قسەی ئێرانییەکان لەوبارەوە دەکەن.
No comments:
Post a Comment