قائانى و چەند گەورە بەرپرسى سوپاى قودس و پاسداران بە سێ سیناریۆ گەیشتنە بەغدا و سلێمانى و هەولێر
قائانى و چەند گەورە بەرپرسى سوپاى قودس و پاسداران بە سێ سیناریۆ گەیشتنە بەغدا و سلێمانى و هەولێر
▪️ دوێنێ دووشەممە ڕێکەوتى ١١ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١ى زایینى، ئیسماعیل قائانى فەرماندەى گشتى سوپاى تیرۆرستى قودسى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامی و جێگرەوەى گەورە تیرۆرۆستى کوژراو قاسم سولەیمانى لە بەغدا بوون بۆ پرسى هەڵبژاردن و ئەو مەترسییە گەورەیەى کە بە هۆى دەنگنەهێنانەوە ڕووبەڕووى بەکرێگیراوەکانیان لە عێراق بوونەتەوە.
▪️ قائانى لە بەغدا:
قائانى لە بەغدا لەگەڵ بەرپرس و فەرماندەکانى حیزبوڵاى عێراقى و میلیشیاى حەشدى شەعبی و هاوپەیمانى فەتح و کەتائبی عەسائیبى ئەهلى حەق و کەتائیبی ئەلشوهەدا کۆ بووەتەوە کە کەمترین کورسى پەرلەمانییان هێنایەوە لەم هەڵبژاردنەى کە ١٠ى ئۆکتۆبەر بەڕێوە چوو.
قائانى ڕاستەوخۆ باسى مەترسییەکانى کەمبوونەوەى دەسەڵات و هەژموونى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق کردووە بەتایبەت لە نێو دەسەڵاتى تەشریعى و جێبەجێکردن و وەک ئاڤاتودەى زانیویەتى ڕاستەوخۆ لێیان تووڕە بووە کە "گوێڕایەڵنەبوونیان بە ڕەهبەرى کۆمارى ئیسلامى و ڕژێم و سوپاى قودس هۆکارە بۆ کەمبوونەوەى کورسییەکانیان" و دواتر چەندین پیلان داڕێژراوە بۆ ڕاستکردنەوەى دۆخى خراپ و خواریان و چەند سیناریۆ دانراون.
▫️ سیناریۆى یەکەم: گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی دانراوە بەوەى کە لە ڕێگەى یاسا و تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان نەهێڵن دۆخەکە بەم شێوەیە لە دەستیان دەربچێت.
▫️ سیناریۆى دووەم: یەکگرتنى هەموویان و ڕاکێشانى قەوارە سیاسییە شێعەکانى دیکە بۆ نێو خۆیان بۆ ئەوەى بەرەى شێعە گەورەتری و بەرفراوانتر بکەنەوە.
▫️ سیاریۆى سێیەم: لە جێبەجێنەبوونى هەردوو سیناریۆکەى پێشوو، شەڕ و ئاژاوە و تەقینەوە دروست بکەن و ببنە لەمپەر لە پێکهێنانى حکومەت و کابینەى نوێ کە خۆیانى تێدا باڵادەست نەبن.
▪️ قائانى لە کوردستان:
دواى مانەوەى شەوێک لە بەغدا، ئیسماعیل قائانى فەرماندەى گشتى سوپاى تیرۆرستى قودسى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامی، دەگاتە پارێزگاى سلێمانى و شەوێک لە هۆتێل ئاشوور دەمێنێتەوە و لەگەڵ نزیک و هاوپەیمانەکانى خۆى کۆ دەبێتەوە و لە کوردستانیش هەر یەک لە مەسکاریان فەرماندەى گشتى قەرارگەى ڕەمەزان و داناییفەر بەرپرسى سوپا و ڕاوێژکارى ئابوورى سەرکۆمارى لەگەڵە.
لە کۆبوونەوەکەى سلێمانى باسى دووبارە شکستەکانى هاوپەیمانەکانى دەکات لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق و دوو سیناریۆى یەکەم دەخاتەوە بەردەستیان بەڵام بەو جیاوازییەى کە دەڵێت "پێویستە خۆتان لە پارتى نزیک بکەنەوە وهەمان هاوپەیمانى درێژە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن ببنە پاشکۆ لە هەرێمى کوردستان و ناوەندى بڕیار".
پێشتر قائانى خۆى گەیاندووەتە شارى هەولێر پایتەختى هەرێمى کوردستان و ئێستاش خەریکە شاندەکەى لە سلێمانییەوە دەگەنە هەولێر تا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان وەک جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆ ببنەوە. ئەوەى ئاڤاتودەى زانیویەتى ئەوەیە کە "قائانى دەیهەوێت لە ڕێگەى پارتییەوە هاوپەیمانەکانى خۆى لە پاشکۆبوون و پەراوێزخستن دەربهێنێت و ڕێگە نەدات بەرەو لاوازى بچن" و لە بەرامبەر ئەمەشدا چەند پێشنیارێکى لە بەرژەوەندیی پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغدا پێیە لەوانەش پێدانى پۆستى سەرکۆمارى عێراقە بە پارتى کە پێشتر لە دەستى یەکێتى نیشتمانى کوردستاندابووە.
No comments:
Post a Comment