بەندیخانەی ورمێ؛ ساڵێک لە ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی تێپەڕی
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، ساڵێک لە ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ٩٩، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ تێپەڕی.
▪️فارۆق سامانی برای فەرزاد سامانی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "٢٠ی بەفرانبار ساڵوەگەڕی دەسبەسەرکردنی براکەم و ساکار عەینییە کە ساڵی ڕابردوو لە شەپۆلێکی بەرینی دەسبەسەرکردنی چالاکان لەگەڵ زیاتر لە سەد چالاکی دیکەی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سنە، پیرانشار، سەردەشت، تاران، کەرەج و ... دەسبەسەر کراون، زۆربەی ئەو چالاکانە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و چەند هاووڵاتی لەوانە فەرزاد و ساکار هەنووکە لە بەندیخانەی ورمێدان.
▪️هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکانە لە ئێران بە گشتی بۆ پەیوەندییان لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ڕادەگەیندرێت کە لە زۆربەی کاتەکان تۆمەتگەلێکی ساختە و دوور لە ڕاستی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بەسەر هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو دەسەپێندرێت هەتاکوو زیاتر سەرکوت بکرێن".
▪️بە وتەی فارۆق سامانی، هەتا ئێستا هەواڵێک لە بەڕێوەچوونی دادگا بڵاو نەبووەتەوە، پارێزەرانی فەرزاد و ساکار وتوویانە کە دۆسیەی ناوبراوانیان خوێندووەتەوە و هیچ بەڵگەیەک و دێکۆمێنتێک لە دۆسیەکەدا سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو دوو هاووڵاتییە بوونی نییە و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە دۆست و نزیکانی فەرزاد و ساکاریان بە بیانووگەلێکی جۆراوجۆر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا لە مەهاباد بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
▪️ئەو چالاکە کوردە وتوویەتی: "دادوەر غوڵامی دادوەری لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد هەتا ئێستا لەبارەی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی دادگا ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵە و پارێزەرەکانی ساکار و فەرزاد نەداوە کە چەندین مانگە لە ڕێڕەوەکانی دادگای ئینقلاب چاوەڕێی دیتنی کەمێک داپەروەرین".
▪️شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی، پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.
▪️ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، تاقیکاریی کۆرۆنای ساکار عەینی، لە دابڕگەی بەندیخانەی ورمێ، ئەرێنی دەرچووە.
▪️ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، فەرزاد سامانی، خەڵکی مەهاباد لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
▪️ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.
▪️هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.
▪️هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.
▪️ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.
▪️هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.
No comments:
Post a Comment