دەستی دۆستایەتی بۆ ئیسرایل درێژ بکەن(
پێشنیارێک بۆ ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان)
لەوەتا کورد هەیە و مێژوی کورد نوسراوەتەوە
بە گشتی ئەم نەتەوە ماڵوێرانە دۆستێکی واهای نەبوە کە دۆستێکی بە تەواو مانا راستگۆ
و دڵسۆز و ستراتژی وەفادار بێ، هەرچی دۆستایەتی کوردی کردوە و لە سەر سفرەی کورد لەوەراوە
پاشان لە ژێرەوەدا وەک مار پیی وەداوە. پێموایە پێویست بە نمونەوە هینانەوە ناکات و
ئەگەریش بکات بە سەدان نمونە دەتوانین لە لاپەرەکانی مێژوی رەشی دۆستایەتی کورد و سێ
نەتەوەی داگیرکەر و بێ وەفا و دوژمن( تورک و فارس عارەب) دەربخەین.
کە سەیری نوسراوەکانی رۆژنامە نوس و سیاسەتڤان
و لێکۆلەری بیانی دەکەین کە سەردانی کوردستانیان کردوە بە گشتی لە سەر یەک شت کۆکن،
ئەویش سادە و ساکاری سەرکردە و خاوەن قسەکانی نەتەوەی کوردە و ئەوان دەڵێن کورد قەت
نەیتوانیوە دۆستێکی ستراتژی بە تەواو مانای هەبێت و پشتی پێ ببەستێتت، کورد پشتی بە
هەر کەس بەستبێت بە تایبەت سێ دراوسێ داگیرکەرەکەی خۆی ، لە کورت خایەن دا توشی شکست
هاتوە و ئەوەش سەیرە کە قەت نەبو جارێک دەرس لەو ئەزمونە وەرگرێت.
بە سەدان ساڵی تریش وڵاتی کوردستان ، چاوی
تەماعی تورک و فارس و عارەبی هەر لەسەرە ، ئەوە راستیەکە و دەبێ قەبوڵی بکەین، کەواتە
زۆر ئاسانە لێکدانەوەیەکەی، واتە ئەو سێ نەتەوە بۆ دۆستی ستراتژی کورد نابن و تەواو…
زۆربەی هەرە زۆری تیۆریسیێن و سیاسەتڤان و
دمراستی نەتەوەکەمان دوای زیاتر لە 2700 ساڵ بێ حکومەتی هەروا چاویان لە دەستی تورک
و فارس و عارەبە کە دەوڵەتی کوردیان بۆ دامەزرێنن! ئایا ئەوە بیرکردنەوەیەکی راستە
؟
دەڵێن هەر چوار دەورەوەمان فارس و تورک
عارەبە و هەر دەبێ لەگەڵ دراوسێان رێک کەوین ، راستە دەبێ لەگەڵ دراوسێ رێک کەوی بەڵام
بە مەمنونی وە نەک 2700 ساڵ دەستی دۆستایەتی و نیەت پاکیمان درێژ کردوە و ئێستاش هەر بە هیوای فرشتەی رزگارین لەو سێ نەتەوە
داگیرکەرە…
ئیسرایل وەک نمونە بۆ کوردستانی سەربەخۆ؛
وڵاتی ئیسرایل61 دامەزراوە ، چۆن دامەزرا؟ لە کوێ دامەزرا؟ چۆن چۆنی
دامەزرا؟ خەڵکەکانی لە کوێوە هاتون؟… خەڵکی ئیسرایل لە کۆشەو کەناری دنیاوە هاتون و
رێژەیەکی کەم نەبی زۆربەیان بە رەچەلەک خەڵکی ئەو ئاو و خاکە نین. لە بنەو پاڵی 21
وڵاتی عارەب هەر بە کەلەگایی دامەزرا. زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان کە موسوڵمانن بە جۆریک
لە چۆرەکان خۆیان بە دوژمنی دەزانن. ئەوە دەیبینین کە خەلکەکانی نەخوراویشن و ژیانیشیان
لە ژنیانی هەمو دوژمنەکانیان باشترە، ئایا ئیسرایل کاتی دامەزران پشتی بە دوژمنەکانی
بەست؟ بە عارەب و تورک و فارس؟…
ئێمەی کورد زۆربەی هەرە زۆرمان پەیرەوی
ئایینی ئیسلامین و دوژمنانی کورد لە ژێر ئالای ئیسلامەوە بە هەزاران و ملوێنان خیانەت
و کوشتن و برین و ئەنفال و شیمیاباران و قاتی و قریمان تێکەوتوە ،هەر ئەوەش بۆتە خاڵی
هاوبەشی ئێمەو دوژمنانمان کە قەت نەیهێشت دەولەتێکی کوردی لە سەر خاک و نیشتیمانی کوردان
بێتە دامەزراندن.بۆیە باسم لە ئایین کرد چونکە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی دابەزینی
هەستی ناسیۆنالیستی و نیشتیمان پەروەری بوە، لانی کەم لە 100 ساڵی رابردو دا… شۆرشەکانی
سەد ساڵی رابردو کوردستان بە گشتی زۆربەیان لە ژێر سێبەری رێبەری ئایینی دا بونە و
بۆیە قەت نەیتوانی داری ئازادی و رزگاری لێ شین بێت.
رێکخراو حیزبەکانی کوردی هەر بە ناو حیزب
یان لایەنیکی چەپ و ناسیۆ نالیستین ئەگەر نا قەت نەیانوێراوە ئەو بۆتانە بشکێنن و زۆر
لە خەت و نیشانی ئایینی دور کەونەو و هەر ئەوەش بۆتە مایەی کۆن بیر کردنەوە و لە دەوری
خۆ دا دەورلێدان.
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروی
هەمویان دێموکرات و کۆمەڵە چ گەرەکیان بێ و و چ گەرەکیان نەبێت ، لە لایەن کۆماری رەشی ئیسلامی ئێرانەوە بە خراپ و خیانەتکار و گروپی ترۆریستی و فلان و فیسال ناوزەد
کراون و دەشکرێن، ئەی خۆ ئەگەر دۆستی ئیسرایلیش بن لەوە زیاتریان لە سەر ناڵێن.
بەڵام ئەوەی راستیە ئەوەیە کە بە داخەوە
ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەلاتی کوردستان هیچ میتۆدێکی نوێ و کارامەیان پێ نیە بۆ درێژە دانی
خەبات لە رۆژهەلاتی کوردستان ئەوەی هەشە ریچکەی شەهیدان و گیانبەختکردوانی گەلی کوردە
و لە راستی دا ئەو حیزبانە بە نانی ئەوان وە ماون. ئەوەی کە لاوانی کورد ئێستاش لە
دەوری حیزبەکان کۆ دەکاتەوە کردەوەی ئێستایان نیە بەڵکو هەستی خۆرسکی ئازادی گەلی کوردە
و نازانن بۆ رزگاری پەنا بۆ کوی بەرن و ناچار رو لە حیزبەکان دەکەن و حیزبەکانیش ئاوا
لە چوارچیوەیەکی کۆن و پاسڤ دا دەیان هیڵنەوە…
دەڵین مار رقی لە سیرە ، بەڵام سیر لە بەر
دەرگای کونی مار شین دەبێت !؟ بە راستی ئەوە دەبێ ببێتە بنەمای سیاسەت کردن بۆ خەبات.
کۆماری ئیسلامی رقی لە هەر شتێک بێت دەبێ ئێمەی کورد کەیفمان پێ بێت ، نەک وەک ئێستا
کە ئامریکا و ئیسرایل بە ناو دوژمنی ئێرانن ، هەر چەند لە بنەوە سرت و خورتیان پێکەوە
هەیە بەلام گەلۆ ئێمە تەنانەت هونەری سرت و
خورتیشمان نیە! بە رۆژی روناک دژایەتی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی دەکەین لەوانەشە حیزبەکان
ئەگەر دەرفەتیان بۆ برەخسێ بە هیوای سازش بن لەگەڵ رەژیمی ئیسلامی و نەیان هەوێ پردی
پشت سەریان بروخێنن!
لەوەتا کۆماری ئیسلامی دروست بوە ئەوە ئالای
دژی ئیسرایلی دەست داوەتێ بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی! بەڵام چ بەرژەوەندیەک
بۆ کوردی تێدایە دژایەتی ئیسرایل و پشتگرتنی فلستین ؟ باشە بۆ دەبێ دوژمنی دوژمنەکانمان
دوژمنی ئێمە بن؟ حیزبی دێموکرات بە چەندین جار لە کۆنگرەکانی خۆی دا وەک هەولوێستی
رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی گەلی فلستین
دەربریوە کە بە بروای من هەلەیەکی گەورەی کردوە
، بۆ پشتیوانی لە گەلی فلستین دەکرێت بەلام پشتیوانی لە گەلی ئیسرایل نابێ بکرێت؟ بۆ فلستینیەکان لە کام کتێب دا، لە کام کۆنگرە و
کۆنفرانس دا بۆ یەک وشەش باسی کوردیان کردوە ؟
بۆ نابێ ئەوانەی بە ناهەق پشتیوانی لە فلستین
دەکەن ئەو پرسیارە لە خۆیان نەکەن کە بیست و چەند وڵاتی عارەبی لە دنیا دا هەن بۆ نابێ
ولاتێکی ئیسرایلیش هەبێ لەو دنیایەدا ؟ بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد کە حاکمانی عارەب
1400 ساڵە ناهێڵن سەر هەڵکەین کە بە سەر و گوێلاکمان دا دەکێشن.
لەبیرمان نەماوە ئەوکات کە سەدام باشوری
کوردستانی وێران دەکرد یاسر عەرەفات دەستی سەدامی ماچ دەکرد و بۆ جاریکیش مافی کوردی هەر بە خەیالیش دا نەدەهات
، هەر ئەو کاتانەش بۆ کە حیزبی دێموکرات لە پشت تریبونی کۆنگرەکانی بانگی اللە و اکبر
و دیفاع لە فلستین دەبیسترا ؟ بۆ؟ هەتاکو دڵێ کۆماری ئیسلامیمان نەرەنجاندبێ یان دۆستانی
عارەبمان لی زیز نەبن ؟
بەهەر حاڵ ئەوەی ئێستا رون و ئاشکرایە ئەگەر
خۆی لێ گێل نەکەین ، دۆستێکی باشە بۆ گەلی کورد جا بە هەر قیمەتێک بێت ، بە نەوت ،
بە خێر ، بە زێر ، یانیش بە فێل و فرت کە ئێمەی کورد ئەویش نازانین. تەنیا دۆستی ئیستراتیژی و بە هێز کە بە دەردی کورد بخوات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست
دەتوانی ئیسرایل بێت ئەگەر نا نە تورک و نە عارەب و نە فارس و …
بەرژەوەندیەکانی کورد و ئیسرایل لە چەند
خالی گرینگ دا یەکدەگرنەوە و هاوبەشن:
1. کورد و ئیسرایل لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا
هەردوکیان بە دوای دۆستێکی ئیستراتیژی و باش دا دەگەرین.
2.کورد و ئیسرایل هەردوکیان بە دوای ولاتی
سەربەخۆی نەتەوەیی دا دەگەرێن( هەرچەند ئیسرایل وەک دەوڵەت بە رەسمی ناسراوە) بەڵام،
دۆستایەتی ولاتێکی وەک کوردستان کە دەولەمەندە و دەتوانێ بەهێز بێ بۆ ئیسرایل ، تیری
کۆتایی ئیسرایلیەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر عارەب دا.
3. ئیسرایل لە کوردستان را دەتوانی دیدەبانی
بکات بە سەر رۆژهەڵاتی ناوەراست دا ، ئەو کات لە جیات ژەندرمە و پاسدار و عەسکەر با
سەرباز و مارێنزی ئیسرایلمان میوان بێ چ دەبێ ؟ کودیش ئەوکات هەناسەی لە جیگایەکی گەرم
را دیت و چاکە بە چاکە دەبێت.
4. ئیسرایل پێویستی بە مشتەری چەک و چۆل و بواری ئابوری هەیە و کوردیش پێویستی بە کریارێکی
باش هەیە بۆ نەوت و کانگا ژێر زەویەکان ، ئەانەش دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن هزاران سالە فارس و عارەب و تورک دەیبەن با چەند
ساڵیکیش جولەکە بیخۆن بزانین چی لێ شین دەبێت؟
ئەوە باس دەزانم کە ئەوانە کاری دەولەتن و ئێمەی کورد دەوڵەت نین
، بەلام سیاسەتی درێژخایەن نەبێ ئێمە زۆر درەنگ دەگەینە ئەو جێگایە کە دەمانهەوێت بۆیە
ئەگەر لایەنەکان کار لە سەر ئەو خالانە بکەن باشترە لە شەرە چەقەی بەینی خۆیان.
حکومەتی فیدرالی باشوری کوردستان ئەگەر
ئێستا قەراردادی نەوت و گازی لەگەڵ کۆمپانیا و وڵاتانی ئەوروپی نەبەستبا ، سەرکردەکانی
جوار گۆشەی دنیایە رویان لە هەولێر نەدەکر و
بەغداش لەبەر پیاوانی سیاسی هەولێر نەدەپارایەوە، ئەو حیسابەی ئێستا بۆ کورد
دەکرێ حیسابی ئابوریە نەک حیسابی چاوی رەش ، جا بۆیە ئەگەر ئیسرایلیش بزانێ بەرژەوەندیەکانی
لە کوردستان دەپاریزرێن و گارانتی دەکرێن بیر لە دۆستێکی لە کورد باشتر ناکاتەوە و ئەو کات کورد دەتوانێ گۆپال بە ئیسرایل دەست داتێ
بە دژی داگیرکەرانی کوردستان.
لە کۆتایی دا ئەوەش بڵیم کە بە خۆشیەوە
گەڵی کورد بە گشتی ئێستا باش لەوە تێگەیشتوە کە ئایین هیج دەردێک لە دەردەکانی کورد
دەوا ناکات جا بۆیە گەلی کورد کە فرە ئایینە و سیاسەتەکانی بە پێی بنەماکانی ئایینی
نین ، بۆ ئیسرایل خالێکی جێ سەرنج و تێرامانە چون دوژمنانی ئیسرایل زۆربەی هەرە زۆریان
دوژمنی ئاینین.
دەزگای دۆستایەتی ئیسرائیل کورد
No comments:
Post a Comment